ناهۆشیاری لەسەردەمی هۆشیاریدا!

10/05/2021

كاروخ خۆشناو

لە سەروبەندی دروستبوونی زەمینەیەکی سیاسی لەبار و ئەتمۆسفێرێکی گونجاو بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرسە نیشتمانییەکانی وەک (دەستوور)، خەریکە خەڵکانێکی ناهۆشیار و کورتبین و نابەرپرس هەوڵدەدەن ئەم زەمینەیە تێکبدەن، ئەو هەوڵانەش بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ  یان ناڕاستەوخۆ دەچنە چوارچێوەی خزمەتکردن بە دوژمنانی کوردستان.

یەکێک لە خاڵە لاوازەکانی مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازی کوردستان بریتی بووە لە هەبوونی کەسانێک کە نانیان لە دروستکردنی ناتەباییدا بووە، بۆیە بە شێوەیەک برەویان بە گوتاری دووبەرەکی و لێکترازان داوە تاکو شەڕی نەگریسی ناوخۆی لێکەوتۆتەوە، لەم قۆناغەشدا خەڵکانێک هەن کە بە شێوازێکی زبر دەنووسن و قسە دەکەن، ئەم شێوازەش کاریگەری خراپی لێکەوتۆتەوە، بۆیە پێویستە ئەو خەڵکانە بەخۆداچوونەوەیەکی جدی بکەن و ئەو ڕاستیە بزانن کە لەم بارودۆخەدا کاتی ململانێی ناوخۆیی نییە، ئەرکی دەسەڵاتی باڵای حزبەکانیشە ڕێگا لەم جۆرە کەسانە بگرن، چونکە ئێستا لە هەمووکات زیاتر پێویستە بەرژەوەندییە باڵاکانی نیشتمان لە سەرووی بەرژەوەندی حزبەکانەوە بن، تاکو بتوانرێت لەم بارودۆخە هەستیارەدا قۆناغی ڕق و کینە تێپەڕێنین و بە هەوڵ و کۆششی هەموولایەک بەرەو تەواوکردنی پڕۆژەی (دەستوور) هەنگاو بنێین.

یەکێک لە خەسڵەتە گرنگەکانی کۆمەڵگا زیندووەکان بریتییە لە هەبوونی دەنگ و ڕەنگی جیاواز، کاتێک سەیری وڵاتانی پێشکەوتوو دەکەین، وێڕای ئەو هەموو جیاوازییانەی کە هەیانە، کەچی هەموویان بە شێوەیەکی ئاشتییانە دەژین و جیاوازییەکانیشیان بوونەتە هۆکارێکی بەهێز بۆ داهێنان و پێشکەوتن، نەک دواکەوتن و لێکترازان.

ئێمەی کوردیش دەبێت جیاوازییەکانی یەکتر (لە هەموو ڕوویێکەوە) قبوڵ بکەین، چونکە ناکرێت هەموومان بە یەک شێواز بیر بکەینەوە، بۆیە ڕێزگرتن لە جیاوازییەکانی یەکتر ئەرکی هەموولایەکمانە و بەم هۆیەشەوە دەتوانین پێشبکەوین و ئەم قۆناغە بەسەرکەوتوویی تێپەڕێنین.

لە دونیای ڕاستەقینە و دونیای سۆشیال میدیادا گفتوگۆکردن و بیروڕا گۆڕینەوە بە شێوازێکی هێمن و لەسەرخۆ، هونەرێکە کەم کەس پێی ئاشنا بوون، ئاستی پێشکەوتنی کۆمەڵگاکانیش لە کاتی گفتوگۆی تاکەکانیدا بە دیار دەکەوێت، لێرەدا پێویستە هەمیشە ئەو ڕاستیە بزانین کە لە کاتی توڕەبووندا عەقڵ غائیب دەبێت، بۆیە هەرکاتێک بە توڕەییەوە گفتوگۆ دەکەین، نە خۆمان لە خۆمان حاڵی دەبین، نە بەرامبەرەکانیشمان لێمان حاڵی دەبن.

لە کۆتاییدا دەڵێم مرۆڤە ئازا و ئازادەکان ئەو کەسانەن کە بە هێمنی گفتوگۆ دەکەن و خۆیان کۆنتڕۆڵ دەکەن و هیچکات خۆیان ناخزێننە ئاستێکی ناهۆشیار و نزم و نەخوازراو، بەڵکو هەمیشە خۆیان لە ئاستێکی بەرزی هۆشیاری و فەزایەکی ئارام و دوور لە فەوزا دەهێڵنەوە، بۆیە زۆر گرنگە لەم سەردەمەدا دەستەبژێرە ئازا و ئازادەکان گفتوگۆی ئارام و بنیاتنەر و هۆشیار ئەنجام بدەن، لە پێناوی ڕزگاربوون لە گێژاوی بێڕێزیکردن و گەیشتن بە ئاستێکی بەرزی گفتوگۆی عەقڵانی و تەندروست.