ئەمرۆ هەموو چاوەکان لەسەر واشنتن دەبن!

21/02/2021

كاروخ خۆشناو

دوای (18) مانگ لە کێشمەکێشمی هەڵبژادرن (جۆ بایدن) توانی سەربکەوێت بەسەر گەورە بازرگانی ئەمەریکی (دۆناڵد تره‌مپ) و ببێتە سەرۆکی ژمارە (46)ی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا.

 

بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە رێکكەوتی (2021/1/20) وەک ئەرکێکی دەستووری و نەریتێکی لەمێژینەی ئەمەریکا (جۆ بایدنی سەرۆکی هەڵبژێردراو) سوێندی ده‌ستووری بخوات و دەستبەکار بێت، ئەم رێوڕەسمە کە لە (دنیادا بێ وێنەیە) پێی دەگوترێت (Inauguration day)، ئەمە رێورەسمی ژمارە (58)مینی سوێند خواردنی سەرۆکی ئەمه‌ریکایە و لە بەشی رۆژئاوای (کاپیتۆڵ) یان کۆنگرێسی ئەمەریکادا بەڕێوەدەچێت، بە گوێرەی ماددەی دووی دەستووری ئەمه‌ریکا هەموو چوار ساڵ جارێک لەم رۆژەدا دەستاودەستکردنی ئاشتییانەی دەسەڵات دەکرێت.

بەڵام رێوڕەسمی ئەمجارە لە بارودۆخێکی ناهەمواری (سیاسی و ئابووری و تەندروستی و کۆمەڵاتی)دا ئەنجام دەدرێت، ئەمەش بە هۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و دابەشبوونی شەقامی ئەمه‌ریکی و ناڕەزایی لە دەرەنجامی هەڵبژاردنەکان و هەڵکوتانە سەر کۆنگرێس لە (6ی یەنایەر) لەلایەن لایەنگرانی تره‌مپ، ئەم فاکتەرانەی سەرەوە وای لە بەرپرسانی ئاسایشی واشنتن و (FBI) کردووە بۆ یەکەمجار لە مێژووی ئەمه‌ریکادا رێوشوێنێکی توندی ئاسایش بگرنەبەر، بەشێوەیەک (21) هەزار سەربازی گاردی نیشتیمانی لە حەرەمی کۆنگرێس بڵاوەی پێکراوە، بە جۆرێک (کۆنگرێس)ی ئەمه‌ریکا وەک سەربازگەیەکی گەورەی لێهاتووە، ئەمەش لە ترسی روودانی کاری نەخوازراو لە کاتی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمەکەدا، بەم هۆیەشەوە ژمارەیەکی دیاریکراو لە کارەکتەرە سیاسییەکان بەشداری رێوڕەسمەکە دەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا چاوەڕواندەکرێت هەرسێ سەرۆکی پێشوتری ئەمه‌ریکا (ئۆباما و کلنتن و بۆشی کوڕ) لەگەڵ بەشێک لە بەرپرسانی هەرسێ دەسەڵاتەکەی ئەمەریکا (یاسادانان، دادوەری، جێبەجێکردن) بەشداری بکەن، لە میانەی ئەم رێوڕەسمەدا بڕیارە (جۆ بایدن) بە گوێرەی بڕگەی (8)ی ماددەی (2) دەستووری ئەمه‌ریکا سوێندی دەستبەکاربوونی بخوات بەم شێوەیەی خوارەوە:

"سوێند دەخۆم کە بەوپەڕی دڵسۆزیمەوە ئەرکی سەرۆکایەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بگرمە ئەستۆ وە بەوپەڕی توانامەوە هەڵ بدەم بۆ پاراستن و جێبەجێ کردنی دەستوری ولایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا".

لە دوای ئەم سوێندەوە (جۆ بایدن) وەک (46) سەرۆکی ئەمه‌ریکا بە شێوەیەکی یاسایی دەسبەکار دەبێت و بۆ چوار ساڵ دەبێتە سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا. بە هۆی ناڕەزایی لە دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردن (دۆناڵد تره‌مپ) بڕیاریداوە بەشداری لە مەراسیمەکەدا نەکات. لە یەکەم رۆژی دەستبەکاربوونی (جۆ بایدن)دا چاوەڕواندەکرێت (12) بڕیار واژوو بکات، بە جۆرێک زۆربەی بڕیارەکان تایبەت دەبن بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی پێشووی (دۆناڵد تره‌مپ) لە ناویاندا:

1- دابینکردنی نزیکەی دوو تریلیۆن دۆلار بۆ قەرەبووی خەڵکی بێکار و زیانلێکەوتووانی پەتای کۆرۆنا.

2- بڕیاری بەستنی ماسک (بە شێوەیەکی ئیجباری) لە هەموو دام و دەزگاکانی ئەمه‌ریکا چونکە تاکو ئێستا زیاتر لە (400) هەزار هاووڵاتی ئەمه‌ریکی بە کۆڕۆنا گیانیان لەدەست داوە.

3- گەڕانەوەی ئەمه‌ریکا بۆ ناو رێکكەوتنامەی کەشوهەوای پاریس.

4- هەڵگرتنی قەدەغەی پێدانی ڤیزا بە هاووڵاتیانی شەش وڵاتی زۆرینه‌ موسڵمان. ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن بەشێکی بەرچاو لە سیاسەتەکانی (بایدن) جیاواز بن لە سیاسەتەکانی (تره‌مپ) بۆیە پێموایە بە هاتنی (بایدن) سەردەمێکی نوێ لە ئەمه‌ریکا دەست پێدەکات، بە جۆرێک (بایدن) لەگەڵ خۆیدا گۆڕانکاری گەورە بۆ (جیهان و رۆژهەلاتی ناوەڕاست) دەهێنێت، ئومێد دەکەین سەرکردایەتی سیاسی کوردستانیش خۆی ئامادە بکات بۆ ئەو گۆڕانکاریە گەورانە، تاکو بتوانێت سود لە دەرفەتەکان وەربگرێت و رووبەڕووی هەڕەشەکانیش بێتەوە.