واژوویەکی مێژوویی

29/04/2021

كاروخ خۆشناو

سەرۆکی ئەمەریکا (جۆ بایدن) لەیادی (106) ساڵەی کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکاندا واژوویەکی مێژوویی کرد و بە فەرمی کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکانی وەک (جینۆساید) ناساند.

لەم کۆمەڵکوژیەدا کە دەسەڵاتی عوسمانی لەماوەی جەنگی جیهانی یەکەم لە ساڵی (1915) نزیکەی (ملیۆن و نیوێک) ئەرمەنی جینۆسایدکردن، چاوەڕواندەکرێت ئەم واژووەی دوێنێی بایدن پەیوەندی نێوان تورکیا و ئەمەریکا بەرەو ئاڵۆزی زیاتر ببات.

ئەم هەنگاوەی بایدن لەدوای ئەوە دێت کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا (100) ئەندامی كۆنگرێس داوایان لە جۆ بایدن كرد تاوەکو كۆمەڵكوژیی ئەرمەنیەكان بە جینۆساید بناسێنێت، ئەم هەنگاوەش لە ژێر کاریگەری لۆبی ئەرمەنیدا ئەنجام درا، چونکە لۆبی ئەرمەنی دووەم بەهێزترین لۆبیە لەدوای لۆبی ئیسڕائیلی، بۆیە کاریگەریەکی بەهێزیان هەیە لەسەر ناوەندەکانی داڕشتنی بڕیاری ئەمریکا.

دەیان ساڵە لۆبی ئەرمەنی لە هەوڵێکی بێ وچاندان بۆ بە جینۆساید ناساندنی کۆمەڵکوژی ئەرمەنیەکان لەسەر ئاستی جیهان، تا ئێستا توانیویانە لە (40)دا وڵات سەرکەوتوو بن، ئەمڕۆش هەوڵەکەیان چڕ کردۆتەوە لەسەر سەرۆکی ئەمەریکا، دوای ئەوەی لە ساڵی (2019) سەرکەوتووانە هەردوو ئەنجوومەنی نوێنەران و پیرانی ئەمەریکا بە زۆرینەی دەنگ رووداوەكەیان بە جینۆساید ناساند، کەچی ئەوكات (دۆناڵد ترەمپ) واژووی لەسەر نەکرد چونكە تڕەمپ هاوڕێی ئەردۆغان بوو، بەڵام دوێنێ بایدن واژووی لەسەر کرد و مێژوویەکی زێڕینی بۆ خۆی و ئەرمەنیەکان نوسییەوە.

ئەم واژووەی دوێنێی بایدن كێشەی جۆراوجۆر بۆ توركیا دروست دەکات لە رووەكانی سیاسی و دیپلۆماسی و یاسایی و ئابوورییەوە، چونکە ئەو چیرۆكەی ئەرمەنیەكان هاوشێوەی (هۆڵۆكۆست)ی جووەكان دەبێت، واتە تورکیا هاوشێوەی ئەڵمانیا پابەند دەکات بە قەرەبۆکردنەوەی ئەرمەنیەکان و لەسەر ئاستی جیهانیش کاریگەری نەرینی لەسەر ناوبانگی تورکیا دروست دەکات، هەروەها بایدن بەم واژووەی دوێنێی پەیامی پابەندبوونی ئەمەریكای بە پرنسیپەکانی (مافەکانی مرۆڤ) بۆ هەموو جیهان دووپات بکاتەوە.

لەکۆتاییدا گرنگە ئێمەی کوردیش سوود لە ئەزموونی لۆبیکردنی (جوولەکە و ئەرمەنەكان) وەربگرین، تاکو بتوانین ئەو كارەساتانەی بەسەرماندا هاتوون (وەک ئەنفال و كیمیابارانی هەڵەبجە و وێرانكردنی گوندەكان و سیاسەتەكانی تەعریب و راگواستن و....هتد)

لەسەر ئاستی جیهان بە جینۆساید بناسێنین، بۆ ئەوەی پاڵپشتیەكی زیاتری نێودەوڵەتی بۆ پرسی کورد دەستەبەر بکەین، لەپێناو قەرەبووکردنەوەی (ماددی و مەعنەوی) خەڵکی کوردستان و ڕێگریکردن لە دووبارە بوونەوەی تاوانی جینۆساید بەرامبەر بە کورد و جولەکە و ئەرمەن و هەموو نەتەوەکانی تری جیهان.