سیناریۆکانی دوای کوژرانی باوکی ئەتۆمی ئێران!

29/11/2020

كاروخ خۆشناو

لەکاتێکدا تره‌مپ تەنها (50)رۆژی ماوە لە کۆشکی سپی، بەڵام ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کەوا تره‌مپ (گۆمی)رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بشڵەقێنێت ئینجا بڕوات، بەمەستی تاڵکردنی (مانگی هەنگوینی بایدن) لە کۆشکی سپی، بۆیە پێدەچێت ئەم ماوەیە (برداً و سلاماً) بەسەر ئێراندا تێ نەپەڕێت، چونکە تره‌مپ دوای دۆڕاندنی لە هەڵبژاردنەکاندا، هەموو هەوڵەکانی خۆی چڕ کردۆتەوە تاکو بتوانێت (ئەوەی بە نیاز بوو لە چوار ساڵی داهاتوودا بیکات، لەم ماوە کورتەی لەبەردەمیدا ماوە ئەنجامی بدات) هەر بۆ ئەم مەبەستەش (مایک پۆمپێیۆ)ی بە سەفەرێکی مه‌کۆکی ناردە ئەوروپا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

 

کوژرانی (موحسین فەخری زادە) گورزێکی تری کەمەرشکێن بوو بۆ بەرنامەی ئەتۆمی ئێران و کاریگەریی و لێکەوتەکانی کوژرانی ئەم زانا ئەتۆمیە لەسەر ئێران، هیچی کەمتر نابێت لە کورژانی (قاسم سولەیمانی) چونکە (فەخری زادە) بە گەورەترین عەقڵی ئەتۆمی ئێران و باوکی ئەتۆمی ئێران لەقەڵەم دەدرا، کوشتنەکەشی بەم شێوازە و لە نزیک تارانی پایتەخت، پرسیارگەلێکی زۆر دروست دەکەن سەبارەت بە ئاسایشی وڵاتی ئێران. ئەگەرچی لە ساڵی (2008)ـه‌وە ئه‌مه‌ریكا (فەخری زادە)ی خستبووە ناو لیستی ئەو بەرپرسە ئێرانیانەی كە سزا دراوەن و پارەكانیان بڵۆک كراوە، هەروەها (بنیامین نەته‌نیاهۆ)ی سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیلیش لە ساڵی (2018) دوای دزەپێکردنی زانیاریەکی بێ شومار لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی ئێران، بەروون و راشکاوی ناوی (فەخری زادە)ی هێنا و بەگەورەترین بەرپرسی بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانی ناوزەد کرد، لەگەڵ ئەوەشدا تاکو ئێستا بە فەرمی هیچ وڵاتێک بەرپرسیاریەتی ئەم کارەی لە ئەستۆ نەگرتووە، بەڵام ئێران هەر لە سەرەتاوە ئیسڕائیلی بە کوشتنەکە تۆمەتبار کرد، هەروەها رۆژنامەی (نیویۆرک تایمز)یش ئاماژەی بەوە کردووە کە ئیسڕائیل لە پشت کوشتنی (فەخری زادە)وە بووە. پرسیار لێرەدا ئەوەیە: ئایا سیناریۆکانی کاردانەوەی ئێران بەرامبەر بە کوژرانی (فەخری زادە) چۆن دەبن؟

بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە (سێ سیناریۆ) دەخەینەڕوو:

یەکەم/ تۆڵەی راستەوخۆ:

واتە کاردانەوەی ئێران بە شێوەیەکی راستەوخۆ دەبێت، هاوشێوەی تۆڵەکردنەوەی (قاسم سولەیمانی) ئەویش لەرێگای ئاراستەکردنی چەند مووشەکێکی بالیستیک بۆ سەر بنکە و بەرژەوەندییەکانی ئەمه‌ریکا و ئیسرائیل، بەڵام ئێران دەزانێت کەوا بەرگەی لێکەوتەکانی ئەم سیناریۆیە ناگرێت، چونکە روون و ئاشکرایە کەوا تره‌مپ لەم (50)رۆژەی ماویەتی لە کۆشکی سپی (لە بەهانەیەک دەگەڕێت) ئەگەر ئێران ئەم سیناریۆیە جێبەجێ بکات، ئەوکاتە تره‌مپ وەک ئەوەی (هەنگوینی لە دار دۆزیبێتەوە) بەهانەی پێویستی دەکەوێتە دەست بۆ گورز وەشاندن لە ئێران، لەرێگای ( فڕۆکەی B-52 و کەشتی فڕۆکەهەڵگر) کە لەم چەند رۆژەی رابردوو گەیشتوونەتە ناوچەیەکە.

دووەم/ تۆڵەی ناڕاستەوخۆ:

واتە کاردانەوەی ئێران بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دەبێت، لەرێگای پڕۆکزییەکانی (حەشدی شەعبی) لە عێراق هەروەها (حزب اللە) لە لوبنان بیەوێت هێرشی مووشەکی بکاتە سەر بنکە و بارەگاکانی ئەمه‌ریکا و ئیسرائیل، ئەم سینارۆیەش هەمان لێکەوتەی سیناریۆی یەکەمی دەبێت، بۆیە دوورە ئێران ئەم سیناریۆیەش جێبەجێ بکات.

سێیەم/ تۆڵە لەرێگای دروشمی بریقەدار:

لەوە دەچێت ئێران ئەم سیناریۆیە جێبەجێ بکات، چونکە کەمترین مەترسی و کەمترین زیان و لێکەوتەی دەبێت، هەروەها لە (40) ساڵی رابردووشدا ئێران هەمیشە گوتوویەتی (مەرگ بەر ئەمه‌ریکا و مەرگ بەر ئیسرائیل) بۆیە لەم کات و ساتەشدا لەوە دەچێت ئێران بۆ تۆڵەکردنەوەی (فەخری زادە) ئەم سیناریۆیە جێبەجێ بکات، ئەویش بەمەبەستی رازیکردنی شەقامی شیعە، چونکە (باری لاری ئابووری و ناهاوسەنگی هێز) وا دەکات کاردانەوەی ئێران لەوە زیاتر تێپەڕنەکات، بۆ ئەوەی بەهەر شێوەیەک بێت بەرگەی ئەم ماوەیە بگرێت کە (تره‌مپ) لە (کۆشکی سپی) ماویەتی، بە ئومێدی هاتنی (بایدن) و دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێ.

 

*سەرۆکی ئینستیتۆی توێژینەوەی (ئەمه‌ریکی-کوردی)