ئاسایشی هەرێم هێڵی سورە!

17/02/2021

كاروخ خۆشناو

یەکێک لە سامانە نیشتمانیەکانی (هەرێمی کوردستان) کە نکۆڵی لێ ناکرێت و سازشی لەسەر ناکرێت، بریتیە لەو پێگە سەقامگیرەی کە لەم (ناوچە پڕ لەکێشەیە)دا هەیەتی.

ئەو پێگە ئارامەی کە هەمیشە هەرێمی کوردستانی پێ جیاکراوەتەوە لە عێڕاقێکی ئاڵۆز و ناسەقامگیر، ئەم سامانە نیشتیمانیە هەمیشە جێگای شانازی خەڵکی کوردستان و نێردە دیپلۆماسیەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان بووە، چونکە لەژێر سایەی ئەم پێگە سەقامگیرەدا نەک تەنها خەڵکی کوردستان، بەڵکو سەدان هەزار ئاوارەی ناوەڕاست و خوارووی عێراق و پارچەکانی تری کوردستانیش حەواونەتەوە، بۆیە ئاسایشی هەرێم بەگشتی و ئاسایشی هەولێری پایتەخت بەتایبەتی هێڵی سورن، نابێت بە هیچ شێوەیەک ڕێگا بە هیچ گروپ و میلیشیایەک بدرێت لە (ژێر هەر ناو و ناونیشانێکدا بن) هەرێم بکەنە گۆڕەپانی ململانێی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی (هاوشێوەی بەغدا).

ئەمە چەند جارێکە هێرشی موشەکی دەکرێتە سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، ڕوون و ئاشکرایە کەوا ئەم هێرشانە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەلایەن ئێرانەوە ئەنجام دراون، بەڵام ئاماژەکان پێمان دەڵێن کەوا هێرشەکەی ئەم جارە ناڕاستەوخۆ لەلایەن پڕۆکزیەکانی ئێرانەوە ئەنجام دراوە، ئەویش بەمەبەستی گەیاندنی کۆمەڵێک پەیام، لەوانە:

1- هەوڵدان بۆ گەیاندنی پەیامێک کە (ھەولێر و كوردستان هاوشێوەی بەغدا و عێڕاق ناسەقامگیرن).

2- ناردنی پەیامێک بۆ (ئیدارەی بایدن) کەوا شیعەکان خوێنی (سولەیمانی و موهەندیس)یان لەبیر نەکردووە.

3- تێرکردن و ڕازیگردنی شەقامی شیعە بە مەبەستی (استهلاك المحلي) و ڕیکلامکردن و کۆکردنەوەی دەنگ بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەمانی عێڕاق.

4- تاقیکردنەوەی (ئیدارەی بایدن) تاکو بزانن تا چەند بەرگری لە هەرێم و وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمریکا دەکات.

5- فشارێکە بۆ سەر ئەمریكا تاکو گەمارۆ ئابوریەکانی سەر ئیران ھەڵبگرێت و بگەڕێتەوە ناو ڕێکەوتنی ئەتۆمی (5+1).

6- فشارێکی ئیرانە بۆ سەر هەرێم تاکو لە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دوور بکەوێتەوە، بەمەبەستی تێکدانی ئەم باڵانسەی کەوا هەرێم بە شێوەیەکی هاوسەنگ ڕایگرتووە لە نێوان ئەمریکا و ئێران.

7- پەیامێکی ئێرانە بۆ ئەمریكا کە دەتوانن لە ڕێگای پڕۆکزیەکانیانەوە لە هەموو شوێنێکی عێڕاق هێرش بکاتە سەر بەرژەوەندیەکان و هێزەکانی ئەمریکا، بە تایبەت کە ماوەیەکە لە میدیا جیهانیەکان باس لەوە دەكرێت كە باشترین و سەقامگیرترین و ئارامترین ئەلتەرناتیڤی ئەمریکا لە شوێنی (بەغدا) ڕەنگە هەولێر بێت.

دووبارە بوونەوەی هێرشە موشەکیەکان دەبێت ناچارمان بکات تاکو هەڵوەستیەک بکەین بۆ ئەنجامدانی چوار خاڵی گرنگ:

یەکەم: گرنگە هەرێم بە فەرمی داوا لە ئەمریکا بکات تاکو فشار لە حکومەتی عێڕاق بکات بۆ ئەوەی هێزەکانی حەشد لە سنوری هەرێم دووربخرێنەوە، چونکە لە ساڵی (2017) بە گڵۆپی سەوزی ئەمریکا هێزەکانی حەشد توانیان بێنە سنوری ناوچە دابڕێنراوەکانی هەرێم.

دووەم: گرنگە هەرێم داوا لە ئەمریکا بکات چۆن لە ڕێگای سیستەمی پاتریۆتەوە بنکە و بارەگاکانیان دەپارێزن ئەوهاش (خاک و خەڵکی) هەرێم لە هێرشی نەیارەکانیان بپارێزن، چونکە سەرەکیترین بەهانەی هێرشکردنی ئەم گروپانە بریتییە لە بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە هەرێم.

سێهەم: گرنگە هەرێم داوا لە نەتەوەیەکگرتووەکان بکات تاکو فشار لە عێڕاق بکات بۆ جێبەجێکردنی مادەی (140).

چوارەم: لەگەڵ ئەم سێ خاڵەی سەرەوەدا پێویستە سەرکردایەتی سیاسی کوردستان پەلە بکات لە پڕۆسەی ڕێکخستنەوە و یەک خستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، بەمەبەستی ئامادەباشی وەرگرتن بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هەڕەشەیەکی سەربازی و ئەمنی بۆ سەر خاک و خەڵکی هەرێمی کوردستان.