بۆچی ئاسوودەم بە هەموو رێکەوتنێک؟

03/03/2019

ئامانج هه‌رته‌لى

لە هەموو ڕێکەوتنێکدا هەموو ئەوانە ئاسوودە دەبن کە لەژێر شەقی سیاسیە بەرژەوەند پەرستەکاندان، ئەوەی ئاسوودەیە زۆربەی ئەوانەن کە لە هەموو جەنگێکدا قوربانین، ئەوانەش زۆرینەی کۆمەڵگا پێکدەهێنن. بۆیە ئەوانەی لە درووست بوونی ڕێکەوتنەکان زەرەرمەند دەبن، ئەوانەن کە بەرژەوەندیەکانیان بەرەو لاوازی دەچێت.
لەوەش مەترسیدارتر ئەوەیە کە حیزبەکان بەرژەوەندی زۆر گەورە بەیەکی بەستونەتەوە، وادەکات لەگەڵ بەستنی یەکێک لەو هێزانە لەگەڵ هێزێکی نوێ، هێزە هاوبەشە کۆنەکەی یەکسەر بێ گەڕانەوە بۆ هۆکار و ئامانجی ڕێکەوتنەکە دەکەوێتە بەشینەوەی تۆمەت و کەمکردنەوەی نرخی ئەم ڕێکەوتنەوە،  ڕەگەیاندنەکانی دەخاتەکار و تەشویشاتی گەورە درووست دەکات. ئەمەش وادەکات کۆمەڵگا لە بری ئاسوودەکردن و بەرەو ئارام بردنی. دۆخێک درووست دەکەن نەک لە گەڕەکێکدا بەڵکو لەناو هەندێک ماڵدا کێشەی گەورە درووست دەکەن.
لێدان لەلایەن هێزی ڕکەبەر لە ڕێکەوتن مەسەلەکە خەمی خەڵک نیە بەڵکو بەلێدان لەسەر بەرژەوەندیەکانی خۆی دەزانێت، وادەزانێت لەم ڕێکەوتنە بەرژەوەندیەکانی کەم دەکات، بۆیە بەناوی خەڵک و بەرژەوەندیەکانی خەڵکەوە هێرشی دەکاتە سەر، تاوەکو نیشانی جەماوری خۆی بدات ئەم ڕێکەوتنە ڕێکەوتنی پاراستنی بەرژەوەندی خۆیانە، هەرئەوەشە وادەکات زۆرینەی خەڵکی دەخاتە دوای خۆی و ماڵ و بازاڕ و پارک و شوێنە گشتیەکان بە خۆیانەوە سەرقاڵ دەکات.
ڕێکەوتنی ستراتیجی نیوان یەکێتی و پارتی هەرچەندە بوەهۆی ئارام کردنەوەی دۆخەکە، گرژی لەنێوان ئەم دووهێزەدا نەهێشت، تاڕادەیەک توانی خەڵکی هەردوولا بەئاسانی جموجۆڵ بکەن، بەڵام تا ئەمساتەش ئارامی تەوای بنیات نەنا، وەک ئەوەی بینیمان بەگرتنی کادرێکی پارتی، پارتی وەک کاردانەوە کادرێکی یەکێتی گرت، بەڵام ڕەنگە بۆزۆرینەی خەڵکی ئاسایی کەکاروباری ڕۆژانە بکەن ئاسای بوبێتەوە ئەم ڕێکەوتنە بوەهۆی دابەش کردنی هەمووشتێکی ئەم وڵاتە، بەپێی بەرژەوەندی خۆیان دابەشی دەکەن. بۆیەش هەرلایەکیان ڕێکەوتنێکی نوێ بکات لاکەی تر تۆمەت باردەکات بەخیانەت، لەکاتێکدا شەڕەکەیان لەترسی لەدەستدانی بەرژەوەندیەکانیانە.
ڕێکەوتنی گۆڕان و یەکێتی لە ئایاری ۲۰۱٦ یەکسەر پارتی بەهەڕەشە لەسەر خۆی زانی و دەستبەجێ کەوتە دژایەتی کردنی ئەم ڕێکەوتنە، وەک کودەتا دژی پارتی لەوساتەدا وەسفی کرد، هەرچەندە ئەو کات پارتی وەک دژایەتی خۆی لەقەڵەمدا. هەوادار و ئەندامانی خۆی هاندا دژی ڕێکەوتنەکە. ڕێکەوتنەکەی وەک دژایەتی کردنی خەڵکی کوردستان لەقەڵەمدا، بەڵام لەئەساسدا ئەم ڕێکەوتنە ڕێکەوتنێک نەبوو دژی پارتی و هیچ هێزێک بەڵکو ڕێکەوتنێک بوو لەبەرژەوەندی خەڵکی کوردستان، بەڵام پارتی بەدژی بەرژەوەندیەکانی خۆی بینی لەگەڵ یەکێتی، هەربۆیە یەکێتیش لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندیەکانی پاشەکشەی لەم ڕێکەوتنەکرد، ئەوەی لەم ڕێکەوتنە بەرجەستە بوو، ماوەیەک ئارامی خستە نێوان هەواداری هەردوو هێز، ئەگەر جێبەجێ کرابایە، ئێستا دۆخی هەرێم گۆڕانی گەورەی بەخۆوە دەبینی، بەڵام کاتێک جێبەجێ نەکرا ئەوا زەرەر مەندی ئەم ڕێکەوتنە خودی یەکێتی بوو، ئەگەر پشتگوێی نەخستبا ئەم ڕێکەوتنە ئەوا ئێستا یەکێتی داشی کارکردنی بەهێزتر دەبوو. هەربۆیەشە ئێستا یەکێتی دەرەنجامی ڕێکەوتنەکەی بۆ دەرکەوت. بۆیەش کەوتە دژایەتی ڕێکەوتنی گۆڕان و پارتی.|
هەروەها دوای ئەوەی ڕێکەوتنی گۆڕان و پارتی لە شووباتی ۲۰۱۹دا مۆرکرا، تەواوی تواکانی یەکێتی بەتەواوی کەناڵە فەرمی وسێبەرەکانی، کەوتە دژایەتی ئەم ڕێکەوتنە، چونکە دەیەوێت بەهەمان نەفەسی پارتی ئەم ڕێکەوتنە لەباربات، هەوادارنی خۆی و گۆڕان بکات بەگژیەکدا، ئەگەر یەکێتی یەک لەسەر سێی ڕێکەوتنەکەی جێ بەجێ بکردایە، ئێستا لەڕێگای سەرکردایەتی هاوبەش بەیەکەوە دانوسانیان دەکرد، بەڵام دژایەتی یەکێتی بۆ ئەم ڕێکەوتنە لەترسی لەدەستدانی بەرژەوەندیەکانیەتی نەوەک خزمەتی خەڵک، لەکاتێکدا ڕێکەوتنی گۆڕان و یەکێتی دەهێندەی ئەم ڕێکەوتنەی نێوان گۆڕان پارتی بەهێزبوو، لەبەر ئەوەی لەنێوان گۆڕان و یەکێتی سەرکردایەتی هاوبەش هەبوو، کەلەنێوان گۆڕان و پارتیدانیە. ئەگەر بێت و پارتیش وەک یەکێتی و پشت لەچاکسازی و ڕێکەوتن بکات، ئەوە بەرەنجامی خراپ ڕوویان تێدەکات.
بۆیە حەز بەڕێکەوتن دەکەم لەنێوان تەواوی لایەنەکان، چونکە لانی کەم ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی لەنێوان تاکەکان بەرهەم دەهێنت و پشێویش دەخاتە نێوان گرووپە بەرژەوەندی خوازەکان، ئاشتەوای کۆمەڵایەتی دەرفەتی لێک تێگەیشتن دەخوڵقێنێ بۆ ئەوەی تاکەکان بگەنە باوڕیەتی تەواو، بەڵام لە گەڵ درووست بوونی تەشەنوجاتی سیاسی نەک ڕاستیەکان وندەبن، بەڵکو لەبەر حەزی خۆ بەگەورە زانین ناشیانەوێت ڕاستیەکان ببینن و بە قسەی درۆ چەواشەکاریش خۆیان فریودەدەن، لەگەڵ ئەوەم هەموو هێزەکان واز لەبەرژەوەندی حیزبی بێنن و بۆماوەی تەنها دووساڵ ئەوانە دەسبخەنە دەستی یەک، دەردەکەوێت چ کۆمەڵگایەکی ئارام درووست دەبێت، ئاگای زانستی بۆ باردۆخی سیاسی کورد چەند بەرز دەبێت، هەر ئەوەشە وادەکات ئاسوودەبم بەهەموو ڕێکەونێک، کە ئارامی بۆ کۆمەڵگا درووست بکات. لەگەڵ بوونی ئارامیداخۆش گوزەرانیشدا سەرهەڵدەدات.