هەڵبژاردن بۆ چیە؟

16/01/2019

ئامانج هه‌رته‌لى

 کاتێک باس لەهەڵبژاردن دەکرێت لە هەموو جیهان بۆ ئەوەیە خەڵک نوێنەری خۆی بۆ چەند ساڵێک دیاری بکات تاوەکو لە ماوەی ئەو چەند ساڵەدا خزمەتی بکرێت. سەرەڕای ئەمەش ئاماژەیە بۆ گرنگی تاک لەم دەوڵەتەدا کە سەنگ و پێگەی خۆی هەیە لە بڕیاردان، لە چارەنوسی ژیانی خۆی و گەلەکەی کە بیەوێت بە کام ئاڕاستەیدا بیبات، کە زیاتر خزمەتکردن و بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگایەتی. لەهەمان کاتیشدا هەر زوو ئەو لایەنەی کە براوە بووە دەست دەکات بە دروستکردنی حوکمەت، لەماوەی ۱۰۰ ڕۆژدا تەواوی پلانی کارەکەی دەخاتە ڕۆژەڤەوە.

بەڵام ئێمە کە هەڵبژاردن دەکەین، نە بۆ خزمەتکردنە، نە بۆ خۆشگوزەرانیە، و نە تاک گرنگی و پێگەی خۆی هەیە لە کۆمەڵگای کوردیدا. هەڵبژاردن لە باشوری کوردستان بۆ چاوبەستەکی خەڵکی کوردستانە، بۆ ئەوەیە بە جیهانش بڵێن ئێمە گەلێکی دیموکراس خوازین و گوێ لە ڕای گەل دەگرین، گوێگرتن لە ڕای گەل ئەو کاتەیە کە لەکاتی خۆیدا هەڵبژاردن بکرێت و خزمەتی گەلی پێبکرێت، لە کەمترین ماوەشدا حکومەتی نوێ دەست بەکاربێت، پەرلەمانیش بکەوێتە سەر کارەکانی خۆی.

بەڵکو لە باشوری کوردستان پەرلەمان نه‌یتوانیووه‌ رۆڵی سەرەکی خۆی بگرێت، هاوشێوەی رژێمە شمولیەکانی ناوچەکە.سەرۆکی حکومەتێک لە پەرلەمان خۆی بەگەورەتر بزانیت، ئەبێ ئەمە چ پەرلەمانێک بێت؟ هەتا ئەم ساتەش باڵەخانە بۆ هەموو دامەزراوەیەک کرا، پەرلەمان نه‌بێت نەیتوانیووە بۆخۆی باڵەخانەیەک بکات، بەڵام بۆکرینی سەیارە و شت بۆ پەرلەمانتاران ئازایە، خۆشتی هێشتا لەباڵەخانەی حیزبی بەعسدا کاردەکات،  هەروەها بۆتە پارسەنگی هێز بەحکومەتێک، لەبری خزمەت و پێشەکش کردنی خزمەت گوزاری بۆتە بارێکی گران و دەزگایەکی رەزاقورس بەسەر میللەتەوە. بەبەڵگەی ئەوەی رۆژ لەدوای رۆژ باجی قورس دەخرێتە سەرخەڵک و نرخی شوتومەک و خزمەت گوزاری رۆژ لەدوای رۆژ لەگرانبوندایە لەسەر هاوڵاتیان، لەولاشەوەچەند ساڵێکە موچەی فەرمانبەران کەم کراوەتەوە، چەندین مانگیش پاشەکەوت کراوە و موچەش دواخراوە. پەرلەمان لەئاستیدا بێدەنگە.

ئەوە نزیکەی ١٠٠ رۆژە زیاترە هەڵبژاردن لەم هەرێمەدا کراوە، بەڵام ململانێی بەرژەوەندی حیزبی بۆتە رێگر لە پێکهێنانی حکومەت، باڵای حیزب لە سەروی هەموو یاسا و گەورەی تاکە لەم هەرێمە، بۆیە هەڵبژاردن لەگەمەیەک زیاتر هیچیترنیە، ئەم پێکنەهێنانی حکومەتە گاڵتە کردنە بە هەستی تاکی کورد، گەڵتەیە بەگەورەی باڵای شەهدان، ئەوانەی بەدڵێکی گەرمەوەبۆ نیشتیمانێک ئازاد و سەربەخۆ و خۆشگوزەران گیان بەخشی، ئەو هەموو خەڵکەی لەپێناو کوردایەتی دەیان جار ماڵ و موڵکیان سوتا، خۆراگری و بەرخودان و گرکانی ناخی ئەمانە راپەرینی بەهەم هێنا، بەڵام بەم جۆرە حکومەتە پاداشت و قەرەبویان دەکەنەوە.

هەڵبژاردن کاتێک نەتوانێت حکومەتێکی سەربەست دروست بکات، تامی ئەم  هەڵبژاردنە لە چیدایە؟ دوای هەڵبژاردن دروستبوونی حوکمەت بە دڵی وڵاتانی دراوسێ دابمەزرێت، واش لە لایەنەکان بکەن بەشداری بکەن بۆ ئەوەی ئەم ناشیرینیە لەسەر خۆتان لابەرن، هەڵبژاردن کاتێک گرنگی خۆی هەیە ببێتە خزمەتکاری هاونیشتمانیان، ببێتە هۆی هێنانەدی دەستەڵاتێکی دادپەروە و یەکسان، پێگەی نەتەوەکەت بەرزکاتەوە لەئاستی جیهان، بەڵام دوای هەموو هەڵبژاردنێک نەک ناتوانن حکومەت دروست بکەن، بەڵکو هەڵبژاردن دەکەنە خاڵیکی تری ناشیرین بەسەر گەلی کوردەوە.

ئاخر کەی رەوابووە تۆ هەڵبژاردن لەناوخۆی گەلەکەتدابکەیت و بەدڵی وڵاتانی ناوچەکە حکومەت دروست بکەی!! کێ بەقسەی دوژمنەکەی دەوڵاتداری دەکات لە کورد زیاتر؟ چەند ناشیرینە دوژمنان رنوێنیت بکەن حکومەت چۆن چۆنی دروستبکەی؟ ئاخر حکومەتێک بە دەستی دەوڵەتانی داگیرکەر بۆ گەلەکەت دروست بکەی بەرهەمەکەی ئەوەدەبێت کە ئێستاهەیە، جەندین جار دەبیستین لەدوای هەموو هەڵبژاردنێک ئێران یان تورکیا دەیانەوێت حکومەتی هەرێم زوو پێکبهێنرێت. ئەوە شەرمەیەکی گەلێک گەورەیە خۆتان خاوەنی قەرارنەبن و گاڵتە بەگەلەکەت بکەی، بۆیە کاتی ئەوەیە وازلەگاڵتەکردن بە گەل بهێنرێت، دەستبکرێت بە خزمەتکردنی گەلی کورد، تا خزمەت بەگەلی کوردنەکرێت بەپاڵپشتی دووژمنان لەوە بێ دەستەڵاتردەبن.

هەڵبژاردن لە باشوری کوردستان تەنها بۆ پرکردنی گیرفانی چەند کادرێکی باڵای حیزبە، بۆ گۆرینی هەندێک دەموچاوە، ئەگینا هەڵبژاردن لە باشوری کوردستان هیچ رۆڵیکی نەگێراوە لە گۆڕینی سیستەمی سیاسی و بەروەپێشچونی کۆمەڵگای کوردی و نەیتوانیوە خزمەتێکی بچوکیش لەو بوارەدا بکات.