"خۆرئاوای کوردستان ناکەوێت"

03/01/2019

ئامانج هه‌رته‌لى

دوای ئەوەی ڕەوشی سوریا لە بەهاری ساڵی ۲۰۱۱ تێک چوو،بەڵام هەر زوو کورد لەم بەشەی کوردستان کەوتە بەرخودان و توانی چەندین ناوچە بخاتە ژێر دەستەڵاتی خۆی، دوای ئەوە چەندین ڕێکخراوی ئیسلامی توندڕەو ڕەوشەکەیان قۆستەوە و کەوتنە گەشەکردن لە سوریا. تا لە دواجاردا داعش وەک ڕێکخراوێکی ئیسلامی تەیارکراو، بە خێرایەکی زۆر گەشەی فراوانی  کرد. بە تایبەتیش دوای گرتنی شاری موسڵ و دەستگرتنی بەسەر چەک و تەقەمەنی زۆردا لەم شارە. ئەمەش گەشەو توانای داعشی زیاتر کرد، بوە هۆی داگیرکردنی خاکێکی زۆر لە سوریا، بەڵام بە تایبەت ڕویان لەو ناوچانەکرد کە هێزە کوردیەکان تیایدا باڵا دەستبوون. بەرخودانی کوردان لە کۆبانێ کە تیایدا چەند مانگێکی خایاند و بوە هۆی سەرکەوتنێکی مەزن بۆ گەلی کورد، هەروەها توانی چۆک بە داعش و ئەو هێزانەش دابدات کە لە پشتی داعشەوە  بوون، ڕای گشتی جیهانی بهێنێتە جوڵە و ناچاری کردن پشگیری ئەم شۆڕشە کوردیە بکەن، ئەمەش تێروانینی جیهانی گۆڕی بە بەرامبەر بە دۆزی کورد، دەستیان دایە کۆمەک کردنیان، ئەم کۆمەک کردنە بووە هۆی ئەوەی دوژمنانی کورد ئارامیان لێهەڵبگیرێ و هەموو ڕێگایەک بگرنەبەر بۆ ئەوەی کورد بخەن، لە ناویشیانا دەوڵەتی تورک زیاتر لە هەموویان ئامانجی ئەوە بوو بەئەندازەی داعش جیهان لە دژی کورد هانبدات، بەڵام ئەم ئامانجەی سەری نەگرت.

ئەمەش وایکرد لە چەندین کەناڵەوە دەست بکات بە چالاکی دژی کورد، هەر لە هاوکاری ڕێکخراوی تیرۆریستی  داعشەوە بگرە لە پێدانی چەک و ناردنی داعش بۆ ناوچەکە، هەروەها تەنازولی زۆر گەورە بۆ هاوپەیمانانی شەڕی دژی داعش بۆ ئەوەی پشت لە کورد بکەن، دۆزی کوردیش لەگەڵ رێکخراوی تیرۆستی داعش بکاتە یەک پاکێج و لەدانیشتن و کۆنگرەکانی جەنگی دژی داعش تورکیا وەک یەک پاکێج مامەڵەیان لەگەڵ دۆزی کوردا دەکرد، بەڵام ئەوەی کوردی سەرخست تەنها هاوکاری هاوپەیمانان نەبوو، بەڵکو ئەو چوار پایە بوون کە ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا خستنیە بەردەم ساڵح موسلیم، لەگەڵ کاری سەرکەوتوی دبلۆماسیان کە بوونە قەڵایەکی بەهێز بۆ مانەوە و سەرکەوتنی کورد لە خۆرئاوای کوردستان.کە ئەمانەن:

یەکەم/ بوونی یەک هێزی چەکدار: هەر لەسەرەتاوە لە خۆرئاوای کوردستان فرە هێزیان ڕەتکردەوە، لەکاردانەوەی قبوڵ نەبونی فەرهێزی لە خۆرئاوای کوردستان  گرژی لەنێوان بەشێک لەو هێزانەی لەلایەن دەستی دەرەکیەوە دروستکرابوون، و مەشق و ڕاهێنانیان پێکرابوو ،بۆئەوەی بچنەوە خۆرئاوای کوردستان و هاوشێوەی هێزەکانی تر پەلاماری ئەو هێزە بدەن کە شەڕی داعش ئەکات دروست بوو. ئەمەش دوو ئامانجی لە پشت بوو،یەکەمیان بۆ لاوازکردنی ئەو هێزەی لەوێ پارێزگاری لە خۆرئاوای کوردستان دەکرد، دووەم بۆ دەسگرتن بەسەر کێڵگە نەوتیەکانی ناوچەکە. .بۆیە یه‌په‌گه‌ هەر زوو دوو هێزی ڕەتکردەوە، و فەرمانیدا هەرکەسێک دەیەوێت خەبات بکات دەتوانێت لە چوارچێوەی ئەو هێزانەدا خەبات بکات، سەرەڕای بوونی مەترسی دەرەکی  کە بەردەوام هەڕەشە دەکات لەسەر خۆرئاوای کوردستان، بەڵام ئەوان رێگایان  لە مەترسی ناوخۆیی گرت، ئەمەش وایکرد هەموویان بەهێزێکی یەکگرتوو ڕووبەڕوی دوژمنان ببنەوە

دووەم/بەشداریپێکردنی کەمینە نەتەوەکانی خۆرئاوای کوردستان لە بنیاتنان و بەشداری پێکردنی دەستەڵات، هەسەدە لە خۆرئاوای کوردستان کەمینەکانی تری وەک عەرەب و تورکمان و تەواوی گەلانی تریان وەک کارتۆن یاخود دوژمن سەیرنەکرد، بەڵکو وەک هاونیشتیمانی خۆیان سەیریان کرد، بەشێوەی یەکسان بەشداری شەڕ و دەستەڵاتیان پێکردن، ئەمە بووە هۆی یەکگرتوویی لە نێوانیاندا  بەم یەکگرتویەش ڕووبەڕوی دوژمنی هاوبەشیان بونەوە، ئەم هاوبەشیەش سەرنجی جیهانی بۆ خۆیان ڕاکێشا.

سێیەم/ کرانەوە بە ڕووی دەرەوەدا :هێزەکانی هەسەدە دوای ئەوەی شەڕی داعشیان دەکرد بەردەوام لەشەڕ دابوون خەریکی ئازادکردنی خاکی داگیرکراو بوون،بەڵام ئەمانە لە کاری دیبلۆماسیدا نەوەستان، بەڵکو چ لە بواری شەڕدا سەرنجی جیهانیان کێشکرد بەلای خۆیاندا، لەهەمان کاتیشدا  لە بواری  دیبلۆماسیدا کۆڵیان نەدا، هەرچەندە لە پێشتردا پێشینەی خراپیان  لەمەڕ دۆزی کورد  بینی بوو لە جیهانی دەرەوە، بەهۆی گەلەکۆمەکی لەگرتنی عبداللە ئۆجالان، بەڵام گفتوگۆ و کاری دیبلۆماسی خۆیان درێژە پێدا و بەردەوام بوون. ئەم بەردەوامیدان و نەوەستانە لەکاری دبلۆماسیدا وایکرد هەموو جیهان بە ڕووی کوردا بکرێتەوە، سەرەڕای ئەوەی لە عەفرین پشتیان لە قەزیەی کورد کرد و ڕادەستی تورکیایان کرد کاریگەری نەرێنی لەسەر سیاسەتی ڕوسیا جێهێشت لە ئاستی دەرەوەدا، بەڵام لە ئاستی ناوخۆ کاردانەوەی نەبوو، بە پێچەوانەوە دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا لە تویتێکدا ڕایگەیاند  کە هێزەکانی دەکێشێتەوە سەرەڕای ئەوەی کاردانەوەی جیهانی لێکەوتەوە، لەسەر ئاستی ناوخۆش کەوتە بەر باهۆزی ڕەخنە و دواجاریش چەندین کەسایەتی جیا جیا دەستیان لەکارکێشایەوە، کە باس دەکرێت نزیکەی ۲٥ بەرپرسی باڵا لە ناویاندا وەزیری بەرگری و نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا بۆ جەنگی دژی داعش هەیە، ئەمەشیان بەرەنجامی کرانەوەی هەسەدەیە بەروو جیهان و بە جیهانبوونی ڕۆڵی کوردە.

چوارەمیان/نەپچڕانی کەناڵی پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتی سوریا: ئەوەی جیهانی توشی سەرسامی کرد و خەونی گەورە ئەردۆگانی لەباربرد دوای ڕاگەیاندنی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە خۆرئاوای کوردستان، هێزەکانی هەسەدە داوایان لە  سوپای سوریا کرد بەمەبەستی پاراستنی سنورەکان لە داگیرکاری تورکیا وکۆمەڵکوژی گەلی کورد بەدەستی تورکیا بگەرێتەوە منبەج، بەهاتنی سوپای سوریا بۆ سنورەکان تورکیا توشی نیگەرانی کرد لەسەرێکەوە، لەسەرێکیتریش گۆشاری زیاتری لە نێو خۆی ئەمریکادا چڕتر کردەوە بۆ سەر ترامپ تاوەکو لەبریارەکەی پاشگەزبێتەوە، ئەمە نەک هەر جیهانی بەم بریارە قەلس کرد و کاردانەوەی بەدوای خۆداهێنا، بەڵکو ئەوڕێگریانەی بەردەم نەتەوەی کوردیشی لەناو دەوڵەتی سوریای نەهێشت مافە نەتەوەیەکانی کوردی چەسپاند، ئەکرێت ئەگەر کەناڵی دبلۆماسی گەشە پێبدەن خۆرئاوای کوردستان بکەنە بەهەرێمێکی سەربەخۆ بەڵام بەو مەرجەی لەسەر خاڵەکانی سەرەوە بەردەوام بن.

ئەم وەرچەرخانەی لەخۆرئاوا رەخساوە سەرکەوتوترە لە ئەزمونی باشوری کوردستان ئەوەی لە باشوری کوردستان روودەدات هەموو شتەکانی بەرەنجامی نەبوونی هێزیکی نیشتمانیە. نەبوونی ئەم هیزە یەکگرتوەش وایکردوە کەناڵی دبلۆماسی کورد لەسەر ئاستی جیهان لاواز بێت. هەردەوڵەتە بە پێی بەرژەوەندی خاوەن هێز مامەڵە لەگەڵه هەر هێزەکاندا بکات. بەرژەوەندی هێزە کەدابین بکات بەرژەوەندی نەتەوە لەکار بخات. بەڵام ئەگەر هێزی کورد خاوەنی یەک هێز و بڕیار بوایە ئەوە نەخیانەت ڕوویدەداو فەرمانیش تەنها لەیەک شوێن دەردەچوو کەسیش لەسەر بیرورای جیاواز سزا نەدەدرا.

کوردستانی خۆرئاوا دوای ئەم پلانگێریە لەلایەن ئۆردۆغان و ترامپەوە دژی کورستانی خۆرئاوە خرایە گەڕ بۆ ئەوەی بکەوێت، بەڵام لەبری خستنی خۆرئاوای کوردستان هەموو وڵاتان کەوتنە خۆیان بەمەبەستی داکۆکی کردن لەم بەشەی کوردستان بۆ ئەوەی نەکەوێت.  ئەمە تەنها لەبەر خودی کورد نیە بەڵکو لەبەر ئەوەی متمانە لەدەست نەدەن. کەمتمانەیان لەدەستدا چیتر کەس باوڕیان پێناکات. بەمەش دەدۆرێن بۆ ئەوەی لەدۆران رزگاریان بێت دەیانەوێت پشگیری کورد بکەن. ئێستا پێشبرکێیە لەسەر ئەوەی کێ دوای ئەمریکا متمانەی کورد بە دەست بهێنێ تاوەکو خۆی وەک زلهێز دەرخات. ئەم پێشبرکێکردنە لەسەر پاراستنی مافی کورد لە خۆرئاوا نیشانەی بەهێزی کوردە. بۆیە کورد ناکەوێت براوە دەبێت. دۆراوی سەرەکیش تورکیای فاشیست دەبێت.