سەرانی کورد وانەیەک لە تیموری لەنگ وەرگرن

02/07/2020

ئامانج هه‌رته‌لى

ئەوانەی دەیانەوێ بە گەورەیی بژین و بە گەورەیی بمێننەوە، دەتوانن وانەیەک لەم پیاوەی مێژوو وەربگرن و بزانن چۆن توانی ببێتە ئیمڕاتۆری جیهان.

 لە کورترین پێناسەدا تەیمور لەنگ بەم شێوەیە پێناسەکراوە ( شاو سوڵتان بەزێن و داگیرکەری جیهان) ئەم ناوبانگەی تەیموری لەنگ بە خۆپەرستی و بە ستەمکاری پەیدایدای نەکردوە،بەڵکو بە لەخۆ بوردەیی و خاکیەتی پەیدای کردوە، کاتێک تەیموری لەنگ باجی دەخرێتە سەر لەلایەن میر (بەڵخ)ەوە و دەبوایە هەمو هاونیشتمانیەکانیشی باج بدەن، بۆ دانی ئەم باجە تەیموری لەنگ لەجیاتی تەواوی هاونیشتمانیانی زێڕی ژنەکەی دەداتە باج، بەم شێوەیە یەکەم هەنگاوی ڕەزامەندی خەڵکەکەی بەدەستهێنا.

ئەگەر لەم هەنگاوەی تەیموری لەنگ وردبینەوە، تێدەگەین پیاوێکی گەورە بووە، گەورە بووە بەو ئەندازەی توانی ببێتە دەسەڵاتداری جیهان، ئەوکەسەی بیەوێت گەورە بژی و گەورە بمێنێتەوە و ببێتە وانەیەکیش بۆ ئەوانەی دەیانەوێت گەورە بیر بکەنەوە نابێت چاو چنۆک بن.

ئەگەر تەماشای سەرانی کورد بکەین خۆیان گەورە دەبینن، بەڵام چاوچنۆکن. هەرچی داهاتی ئەم وڵاتە هەیە، بە قەولی خۆیان ئاخنراوەتە ژێر زەمینەکان، یان بە قسەی بەرپرسی وڵاتانی جیهانی بانقەکانی جیهانیان پڕ کردوە.

ئەگەر تەماشای تەیموری لەنگ بکەین لە پێناوی بەدەستهێنانی دڵی خەڵک زێڕی ژنەکەی دەبەخشێ، بەرپرسانی هەرێمیش لەپێناوی خۆیان دەست بۆ موچە و گیرفانی خەڵک دەبەن و دڵی خەڵک دەڕەنجێنن.

 ئەگەر بەرپرسانی ئەم هەرێمە دەیانەوێت گەورە بژین، تا ئەم ساتەش کات درەنگ نەبوە، دەتوانن ئەو پارانەی بردویانە بهێنەوەو موچەی خەڵکی داماوی ئەم هەرێمەی پێبدەن، دڵی خەڵک ئاشت دەکەنەوە. پارەی پاشەکەوتکراویش دەگێڕنەوە. ئەمە هەنگاوی چاکسازی و مانەوەی خۆیان مسۆگەر دەکات، نەوەک چاکسازی لەسەر گیرفانی خەڵکی داماو، بە بڕینی موچەی خەڵک نە خۆشەویست دەبن، نە دەتوانن دڵی خەڵکیش بەدەستبێنن، بە ململانێی حیزبایەتی کە لە ۱۹٦٤ دەستان پێکردوە نایبەنەوە، بەڵکو دەیدۆڕێنن.

یەکێکیتر لەو کارانەی تەیموری لەنگی گەیاندا پۆپەی سەرکەوتن، بەڵگە میژویەکان ئەوەیان سەلماندوە، کاتێک سەربازەکان گەڕاونەتەوە شوێنەکانی خۆیان دسکەوتەکانی جەنگیان بە دیلەکان گواستۆتەوە، ئەمەش وایکردوە دوبەرەکی بخاتە ڕیزەکانی دوژمن، بەنمونە لەساڵی ۱۳۹۱ کاتێک بەسەر (تختمیش)دا سەردەکەوێت دیاری بەنرخ و گرانبەها بەسەر سەربازەکانیدا دابەش کردوە. ئەوە دەلالەتێکی ڕونە کە سەرکردەی گەورە هەمیشە، دەیەوێ دڵی گەلەکەی بەدەست بهێنێ بۆ ئەوەی بگاتە ترۆپک، ئەوەش بەحزمەتکردنی گەلەکەی دەبێت، بەڵام لەم هەرێمەی ئێمەدا، هەر سێکتەرێکی دەگری خەڵکەکەی لە سەربازێکی تەیموری لەنگ زیاتری بەخشیوەتە ئەم حکومەتە، هەروەهاخزمەتی گەورەی بە کۆمەڵگاکەی خۆی کردەوە، بەرپرسانی ئەم هەرێمە لە تەیموری لەنگ ناچن لە پاداشتکردنی خەڵکەکەی خۆیان، لەبری پاداشت کەوتونەتە سزادانیان بە بڕینی موچە لە پێناو خودی خۆیان.

بۆیە ئەو کەسەی لەم هەرێمە ئاڵای بەرپرسیاریەتی و خزمەتکردنی خەڵکی هەڵگرتوە، کاتی ئەوەیە دەست بۆ گیرفانی حیزبەکانیان ببەن، بۆ ئەوەی بیدەنەوە میللەت، ئەمە زێڕی ژنەکانیشیان نییە وەک تەیموری لەنگ، بەڵکو ئەوە مافی ئەوخەڵکەیە لەلاتان، ئەوە گەورەتان ناکات، دەریدەخات بچوکترتان دەکاتەو لەوەی خۆتان دەرخستوە.
بزانین کێتان دەبێتە تەیموری لەنگ و گەورەی و ناوناوبانگتان کیشوەرەکانی جیهان ببڕێ. ئەو بەهێز کیشوەرەکانی بڕی، ئەی ئێوە بەچی دەتوانن ئەوەبکەن؟