پێشەنگایەتی جیهانی نوێ بەچی دەکرێ؟

10/05/2021

ئامانج هه‌رته‌لى

ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا، لەکتێبی بەدەم ڕێگاوە گوڵچنین، بابەتی کۆمەڵناسی، نمونەی پیاوێکی گەورەی وەک مەولانە خالیدمان بۆ باسدەکات، کە بەهۆی گەڕان بەدوای زانستدا هەم شکۆی خۆی و شکۆی زانستیشی پاراستوە، لەوساوە تا ئێستا سەرمەشقە و تا دونیاش بمێنێ بەسەرمەشقی دەمێنێتەوە، بۆمان دەنوسێت: 
خالید شێوازێکی تایبەتی هەبوە لە کارەکەیدا، چۆتە هەرشارێک نەچۆتە دیوانی فەرمی فەرمانڕەواکان، بە دوای کاربەدەستی شارەکە و دەسەڵاتدارانی ناوچەکەدا نەگەڕاوە، بەڵکو چۆتە مزگەوت و مەدرەسە و ناوەندەکانی زانستی دینیی، پرسیاری زاناکانی ئەوێی کردوە و هەوڵیداوە بچێتە لایان، ناسیاویان لەگەڵ پەیدا بکا و گفتوگۆی فکریان لەگەڵ دابمەزرێنێ. 


 ئەوکاتەیە کە مامۆستا و زانایانی کورد، بەدوای زانست و گفتوگۆی زانستیەوە بوون، بەدوای مرۆڤی گەورە و زاناتر لەخۆیان گەڕان و  دورکەوتنەوە لە دەرباری بەرپرسان، بەوەش شکۆ و گەورەیی بۆ خۆیان و خوێندن دەگێڕنەوە، یەکێک لەو هۆکارانەی شکۆی مامۆستای شکاندوە، خوێندن گرنگی نەماوە وەستانی مامۆستایانی بەڕێزە لەدەرگای بارەگای حیزب و بەرپرسە نەخوێندەوارەکان، بۆ وەستەپێکردن و چەمینەوە بۆ کارێکی بچوک لەبەردەمیان، ئەوکات ئەوان لەبری ڕێز لە مامۆستایان، مامۆستایان دەدەنە بەرشەق وەک ئەوەی بینیمان. لەبری ئەوەی خزمەتیان بکات موچەی کەم دەکاتەوە و وای لێدەکات لەسەر شەقام بۆ دینارێک و لەبرسان فرمێسکی شەرمەزاری بڕێژێ. 


ڕەوانشاد چیرۆکی سەفەرەکەی مەولانە خالید بۆهیندستان لەگەڵ دەوێش محمدمان بۆ دەگێڕێتەوە؛ 
چیرۆکی یەکەم،
دەگێڕنەوە لەیەکێک لەشارەکانی خوراسان چۆتە ناوکۆمەڵێک خەڵکەوە، لێی پرسیون؛ ئاخۆ لە شارەکەیاندا کەسانی عالم و فازیل هەیە کە عیلم یان سەلاحیان هەبێ تا ئەم قسەیان لەگەڵ بکا، بەستایشەوە ناوی کەسێیان هێناوە.
مەلا خالید لە دەروێش محمدی هاوڕێی پرسیوە بچین بۆسەردانی یان نە؟ 
دەروێش محمد نەوەکو بکەوێتە ژێر کاریگەریی یەکێکەوە پەشیمانی بکاتەوە،  لەسەفەرەکەی وتویەتی؛
" تۆ کە پاشای عیلم و مەعریفەتی چ پێویستت بەوە هەیە لەگەڵ گەدایەکی بێ سەروپا قسە بکەی؟"
خالید لە ناو ئاپۆرەی خەڵکەکەدا لەگەنجێک دەپرسێ؛ 
تۆ دەڵێی چی؟ 
گەنجەکە لەوەڵامدا وتویەتی: 
" تۆ کەدڵت ئاوێنەی ئەنواری غەیبە، بەم هەمو فەزڵەوە ئەگەر بچیتە لای کەسێکی لە خۆت کەمتر چ عەیب و نوقسانیەکی تیادایە!"
خالید قسەی ئەو گەنجەی بەلاوە پەسند دەبێ، بەدەروێشی هاوڕێی دەڵێ: 
"  دەبو تۆ ئەو قسەیەت بکردایە، کە ئەو کردی." 

 سەرکەوتنی گەلەکەمان و دەرچونی لەم هەموو بێ سەروبەریە، بە کۆکی زانایان و مامۆستایانی بەڕێز دەبێت، بەوەی لە پێناو بوون بەمودیر و جێگری موودیر، بۆ ئەوەی کادرێکی نەخوێندەواری حیزبی پاڵپشتیان بکات لە پێوستەلە بەرپرس و بارەگای حیزبی دووربکەونەوە، بەوە شکۆ و مەزنێتیتان بۆ دەگەڕێتەوە، خوێندنیش دەوری خۆی دەبێت و نەوەیەکی  باش پەروەردە دەبێت  کە مل بۆ هەرچی ستەمکار هەیە نادات، شکستیش بەپلانی دووژمنان دەهێنێ، گەلەکەشمان پێشەنگایەتی جیهانێکی نوێ دەکات. بەڵام تا بەم نەفەسەی ئێستابێ، هەرچی زانکۆی گەورەی جیهانی هەیە لقی بهێنرێتە کوردستان، کۆمەڵگای کوردی لە زنجیری کۆیلایەتی ڕزگار نابێ.