دوای یەک سەدە لەم یاداشتە کورد چ سنورێکی تێپەڕاندوە؟

25/04/2021

ئامانج هه‌رته‌لى

نەسرولدەولەی قاجاری پاشای ئێران بۆ لۆرد کیرزنی بەریتانی لە ١٧ی تشیرنی دووەمی١٩١٧ لە یاداشتێکدا دەڵێ: ((سەبارەت بەکورد، بەسەر ژمارەیەکی زۆری خێڵ و هۆزدا دابەش بون، لەگەڵ یەکتری ناکۆکن، ئەم خێڵانە نەتەوە پێکناهێنن، هەروەها لەتوانای خێڵ دا نییە، یەکەیەکی سیاسی درووست بکا.٭))

هێشتا دووژمنانی کورد، لەم سیاسەتە لایان نەداوە، دوای یەک سەدە، هێشتا سەرانی کورد سنوری ئەوکاتیان تێنەپەڕاندوە، ئەم بیرو بۆچونە تائێستاش لەناو گەلانی دووژمن برەوی هەیە، بۆ ئەوەی لەخەبات و تێکۆشانی گەلی کوردی کەم بکەنەوە، وا لە جیهانی بگەیەنن کە کورد توانای دەوڵەتداری نییە، ناتوانێ ئیدارەی خۆی بدات، هەروەها کوردیش نەی توانیوە سنوری ئەم پڕوپاگەندانە ببەزێنێ و لەناوخۆدا یەک بگرێ، هەتا وڵاتانی جیهانیش گەیشتون بەم باوڕە کەوڵاتانی داگیرکەری کورد ڕاست بکەن و کورد توانای خۆبەڕێوبەری نییە.

ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا، لەڕوانگەی ئەم یاداشت و تێگەیشتنی بۆ بیروبۆچونی دوژمانی کورد، لەدوای ڕاپەڕینەوە چەندین هەوڵی زۆریدا بۆ ئەوەی خەونی گڵاوی دوژمنانی کورد لەگۆڕبنێ و بیرو بۆچونی وڵاتانی جیهانیش لەمەڕ ئەو قسەیەی دوژمنانی کورد بگۆڕێ، بەڵکو دوای هەوڵی زۆری لەگەڵ لایەنە سیاسیەکانی هەرێم بۆ درووست کردن و یەکەی سیاسی هەرێم نەگەیشتە ئەنجام، تا لەدرووست کردنی گۆڕاندا خۆی دۆزیەوە، بەئێستاشەوە گۆڕان لەسەر ئەو ڕێگایە دەڕوات کە ڕەوانشاد بناغەکەی داڕشتوە، دەیەوێت خەڵکی کوردستان لەم جۆرە عەقڵیەتە ڕزگاربکات، چونکە درووست کردنی بزووتنەوەی گۆڕان و ناونانی بە گۆڕان لەخۆیەوە نەبوە. دەیویست کۆتای بەم عەقڵیەتەبێنێ کە کورد ناتوانێ خۆی بەڕێوە ببات، پێویستە خەڵیش ئەو ڕاستە تێبگات، هۆشیاربێتەوە لەدواکەوتنی خێڵ و حیزبی بەرژەوەندی خواز و بگەڕێتەوە، دەستی هێزی نیشتمان پەروەر بگرێت.

هەروەها دوای ئەوەی لە هەرێم دەیانەوێ شکست بە پڕۆژەی ڕەوانشاد و گۆڕان بهێنن و ڕێگەی سەرکەوتنی لێبگرن، بۆ ئەوەی لەسەر ئەم هەنگاوانەی خۆیان بەردەوام نەبن، لەئەگەری پشت تێکردنی خەڵک لەگۆڕان، سەرنەکەوتنی خەونی گۆڕانکاری، ئەوکات ڕۆژئاوای کوردستان بتوانێ خەونی دوژمنانی کورد تێکبشکێنێ و نمونەیەکی جوانی دەسەڵات و خۆبەڕێوبەری نیشانی جیهان بدات، ئەگینا باشوری کوردستان بۆتە شوێنکی ناشیرینی دەسەڵاتی خۆبەڕێوبەری ئەگەر تەماشابکەین سی ساڵە کورد لە باشور خەریکی ئیدارەی خۆیەتی پاش سی ساڵ نەیتوانیوە هێزێکی نیشتمانی یەکگرتو پێکبهێنێ کە پارێزگاری لە قەوارەی هەرێم بکات، وەڵاتانی جیهان کەپارێزگاری لێدەکەن پێی دڵخۆشبن، وەک گوشارێک هێزەکانی هاوپەیمانان دوای کرد مووچەی لیواکانی سەر بەوەزارەتی پێشمەرگە بێلێبڕین بدات، بۆ ئەوەی هێزی پێشمەرگە لەهێزی پێشمەرگەی سەربەحیزب جیابکرێتەوە.

ئەوە یەکێک لەونمونانەی کە کورد لە توانی خۆی تێبپەڕێنێ لەخێڵەوە ناوی خۆی بگۆڕێ بۆ حیزب.

لەناو حیزبیشدا وەک ناسرولدەولە باسی دەکات هێشتا ناکۆکی قوڵ هەیە و لە ململانێ خوێناویدان، هەڕەشەی شەڕی براکوژی لەیەکتر دەکەن، کە ئەم ناکۆکیە لە زووەوە هەیە.

بۆ جارێکیش نەیاتوانی لەپێناو بەرژەوەندی کورد بەلای بنێن.

بەتێپەڕاندنی خێڵ بۆ حیزبی سیاسی توانیوەیانە یەکەیەکی سیاسی کلۆر درووست بکەن، لەگەڵ هەر لەرزەیەکی حیزبەکان لە کەوتندایە، هەر وەک چۆن بینیمان لەگەڵ دەستبردن بۆئەوەی دامەزراوەکان بە یاسایی بکرێن لەنمونەی سەرۆکایەتی هەرێم، پەرلەمانی کوردستانیان داخست، ئەمە نمونەیەکی زەقە بۆ سەلماندنی قسەی دووژمنانی کورد لەلایەن وڵاتانی جیهانی.

دوای سی ساڵ لەخۆ بەڕێوبەری تائێستا حیزبە مامەڵە بە داهاتەکانی وڵاتەوەدەکات، لە گومرگ و گرێبەستی نەوتی، تائێستا پەرلەمان و حیزبەکانی تری دەرەوەی ئەم دوو هێزە دەسەڵاتدارە نازانن گرێبەستی پەنجا ساڵە چییە؟

تائێستا دوای سی ساڵ لەم هەمو باج و گومرگ و فرۆشی نەوتە، ئەم یەکە سیاسیە چاوی لەبەغدایە پارەی بۆ بنێرێ تا مووچەی پێدابین بکات، لە توانای دانییە مووچە بەبێ لێبڕین دابین بکات.

هێشتا چاوی لەخەڵکە کۆمەکی بکات، کۆڵێک قەرزی گەورەشی خستۆتە سەر میللەت بێ ئەوەی میللەت بزانێ هی چیەو لەچیەوە هاتوە.

ئێوە نەتوانن یەکەیەکی سیاسی درووست بکەن، لەگەڵ هەرناکۆکیەکی سادەدا بەهەڕەشەی دووئیدارەی یەکتری بترسێن ئەوە چ کیانێکە تاکی کورد دڵخۆشبێ پێی؟

کە تۆزێک ڕەنگی میللەتی گرتبێ و لەڕەنگی حیزب تەجاوزی کردبێ، هەموو ڕۆژێ قەیرانێکی نوێش بخەنە ئەستۆی میللەت، لەولاشەوە شانازی بەدەوڵەت داری حیزبیەوە بکەن، بۆ حەقی دووژمنان نییە لەلای دۆستانمان بڵێن کورد توانای ئیدارەدانی خۆی نییە، پشتیان لە دۆست کردبێ و بە زەردەخەنەی دووژمنیش سەما بکەن.