پەردەکە لابرا

11/01/2020

سامانی وەستا بەكر

رۆژی یەکشەممە (٥/١/٢٠٢٠) کۆبونەوەیەکی گرنگی پەرلەمان ئەنجامدرا بەبێ بەشداری زۆرینەی هێزە سوننیەکان و کورد!
ئەو کۆبوونەوە نا ئاساییەی پەرلەمانی عێراق زیاتر بوو لە کۆبوونەوەیەکی دژە هەڵوێست و دەرکردنی بڕیارێک بۆ چۆڵکردنی عێراق لە هێزە بێگانەکان کە بە دیاری کراوی مەبەست ئەمریکا بوو لە تۆڵەی کوشتنی قاسمی سلێمانی.

کۆبوونەوەکەی ٥ی یەکی ڕۆژی یەک شەممە هەڵدانەوەی پەردە بوو لەسەر وێنە داپۆشراوەکەی عێراق، وێنەیەک هێندە ناشرین کێشراوە کە دوای سەدەیەک تا ئێستاش نیگار کێشيکەی (بەریتانیا) ئامادە نیە واژۆی خۆی لەسەر دابنێ و خۆی بکات بەخاونی ئەو هەڵە مێژووییە.

داڕشتنی نەخشەی پێکهاتەی عێراق هێندەی لە تابلۆیەکی خەیاڵی و فەنتاسی ئەچێ کە خودی نیگارکێشەکە خۆی نەبێ ئاستەمە کەسیتر لێی تێبگات نیو هێندە لە نەخشەیەکی ئەندازەیی هاوتەریب و یەکسان ناچێت.

کۆبوونەوەکەی ٥ی یەک پەردە لایان بوو لەسەر ئەو سیناریۆیەی کە پێش سەدەیەک بۆ (شانۆگەری عێراق) نوسراوە و لەو ڕۆژەیا بەشی یەکەم لە سێ بەشی سیناریۆکە پێشکەش کرا لەلایەن ڕەش پشۆشەکانەوە"شیعە" بەبێ ئامادەبوونی سپی پۆش "سوونە" و  ڕنگاڵە پۆشەکانەوە "کورد".

لەدوای ساڵی ٢٠٠٣وە هەر سێ پێکهاتە سەرەکیەکەی عێراق دانیان بەخۆدا گرتبوو وە نەیان ئەویست لەسەر هیچ بەرەیەک خۆیان یەکاڵاکەنەوە و خۆ ئەگەر لەبەر بەرژەوەندی کەسی و حیزبیشبێ وایان پیشان ئەیا کە بە یەک دووری لەنزیک هەر دوو بەرەی ئەمریکا و ئێرانەوە وەستان، بەڵام سەرەنجام ڕەوشەکە گەشتە ئاستێ کە چیتر نواندنی پشتی پەردە کاری پێنەکراو نمایش لەودیووی پەردەوە بە ئاشکرا کرا، خۆ ئەگەر نمایشەکە کورت و خێراش بووبێ بەڵام وەڵامێکی ڕاست و ڕاستەقینەی هەموو لایەکی یایەوە.

ئێستا هەڵگرانی ئاڵای ڕەش لەبەرەی ئێرانن و هەڵگرانی ئاڵای سپی و ڕانگاڵە ئەگەر لەبەرەی ئەمریکاش نەبن ئەوا لەبەرەی ئێران نین، ئەگەرچی لەترسی هەژموونی خوێناوی ئێران بەزارەکی شتێکی تریش بڵێن.

ئەڵبەتە دوای هەر دوو هێرشەکەی ئەمریکاو ئێران ناوچەکە بە ڕەوشێکی ناجێگیرا تێئەپەڕێ و زۆربەی وڵاتانی دراوسێ و هەرێمی و وڵاتانی زلهێزیش ترسی هەڵایسانی جەنگیان لا دروست بوو بوو، ئەگەرچی ئێستا ڕەوشەکە کەمێک ئارامترە و کاردانەوەکانی ئێران بەگوێرەی هەڕەشەکانی نەبوون.

لەدوای دەنگدانی تاک لایەنەی ئاڵا ڕەشەکان "شیعەکان" ترس لەوە دروست بووە کە ئەگەر پەستان بخرێتە سەر ئەمریکا تا عێراق جێبهێڵی ئەڵبەتە ئەمە بۆ ڕازی کردن و بەرژەوەندی ئێرانە ئەوا ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سزای ئابوری بەسەر عێراقا ئەسەپێنن کە ئەمە ترسێکی مەشروعە بەڵام نەگونجاو ناڕاست و تا ڕادەیەکیش ئاستەمە بۆ؟

ئابڵوقەی ئابوری نێودەوڵەتی وەک ئەوەی خرایە سەر رژێمەکەی سەدام، لە ئێستادا ناخرێتە سەر عێراق، چونکە عێراق هیچ تاوانێکی نێودەوڵەتی(وەک داگیرکردنی کوەیت)ئەنجام نەیاوە، جیا لەوەی ئابلوقەی نێودەوڵەتی بریاری ئەنجومەنی ئاسایشی ئەوێ، ئەوەی باسئەکرێت فوتێکردنێکی زۆری ئیعلامییە و گەورە کراوە.
سەبارەت بەوەی ئەمریکا بەتەنها خۆی سزا بخاتە سەر عێراق، پێویستی بە بریاری ترامپ و پەسەندێتی کۆنگرێسە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئایا پاساوەکانی بریارێکی لەو شیوەیە ئاسانە بۆ ئەمریکا کە خۆی بە خاوەنی عێراقی دوای سەدام حسێن ئەزانێت، واقعەکە جیایە لەو پروپاگەندە زۆرەی وایکردوە خەڵک بترسێ.

پاشان ئەمریاکا وانەهاتۆتە عێراقەوە کە لە کورت مەودایا ئەو وڵاتە بەجێبهێڵێ و کاتێکیش هاتە عێراق و ڕەوای بە داگیرکردن و هەڵوەشانەوەی سوپای عێراقدا پرسی بە کەس نەکرد تا ئێستا گوێ بۆ بڕیارێک نەک یاساش کە لە تەنها یەک پێکهاتەی عێراقەوە دەرچووە بگرێ، یان گوێ بۆ سەرۆک وەزیرانێکی کاربەڕکەر بگرێت، خۆ ئەگەر پەستانەکان زۆربن دوور نیە جارێکیتر دەست بخاتەوە ناو کاروباری عێراق و هاوکێشەکە بەلایەکی ترا بگۆڕێ و عێراق بگێڕێتەوە بۆ سەردەمی ئنتدابی عەسکەری و کەسێکی توندوڕەو گوێڕایەڵی خۆیان بکاتە سەردارو بەڕێوەبەری عێراق هەر لەبەر ئەو هۆکارەش شیعەکانیش ئەمە باش ئەزانن و پێ زیاتر لەبەڕەکەی خۆیان ڕاناکێشن.

لەلایەکی ترەوە، بڕیاری هەڵوەشانەوەی ڕێککەوتنامەی ستراتیجی نێوان عێراق و ئەمەریکا لەدەستەڵاتی حکومەتدایە نەک پەرلەمان، حکومەتی ئێستای عێراقیش حکومەتی کاربەڕێکەرەو دەستەڵاتی ئەوەی نیە. ئەمە جگە لەوەی بەپێی بەندەکانی ڕێکەوتنامەکە، دوای داواکاری لایەنێکی ڕێککەوتنامەکە بۆ هەڵوەشانەوە، دەبێت بەنوسراو پێشکەشی بەرامبەرەکەی بکات و ساڵێکی پێویستە بۆ جێبەجێکردن.

داوای چونە دەرەوەی سوپای ئەمەریکا لەپەرلەمانی عێراق کە داوایەکی "شیعیە" لەکاتێکدا کـە ئەو 7 سەربازگە ئەمەریکیەی لەعێراقدا هەن، هەموویان لەناوچەی سوونی و باکورن و هیچیان لەباشووری عێراق نین. دوو گرنگترین سەربازگەی ئەمەریکی کەبریتین لە سەربازگەی عین الاسد و الحبانیە لەڕوومادین، سەربازگەی ئاسمانی البلد لە تـکریتە، سەربازگەی تاجی لە بەغدایە، سەربازگەی گەیارە لەموسڵە و سەربازگەی کەیوەن K1 لەکەرکوکە. ئەمە جگە لەوەی 5 سەربازگەکانی تری مەشق و ڕاهێنانی سوپای ئەمەریکی لەئەتروش و هەریر و هەولێرن.

زانیاری هەیە کە ئەمریکا پێنچ بنکەی سەربازگەیتر لە هەرێمی کوردستان ئەکاتەوە لە سلێمانی، هەڵەبجە، لەباشوری هەلێر، یەکێکیش نزیک فرۆکەخانەی هەولێر، مەخمور و حەریریش هەروەک چۆن ژمارەی سەربازەکانی لە ٤٥٠ سەربازەوە بۆ ٢٠٠٠ دوو هەزار سەرباز بەرزئەکاتەوانێ، هەرووەها گەورەترین کۆنسوڵخانە لەسەر ڕێگەی هەوڵیر شەقڵاوە لەسەر ٥١ دۆنم دروست ئەکات کە لە ٥ی تەموزی ٢٠١٨وە بەردی بناغەکەی دانراوە بڕیارە ساڵێ ٢٠٢٢ تەوابێت بەڵام ئەمریکیەکان شەویان خستۆتە سەر ڕۆژ تا پێشتر لەو بەروارە تەوابێ و بە تێچووی بە تێچووی ٧٩٥ ملیۆن دۆلار.
ئەم کارانەو چەندین هۆکاری تریش ڕژد لەسەر ئەوە ئەکەنەوانێ کە ئەمریکا دەست لە عێراق هەڵناگرێ جا شیوازی مانەوەکەیان ئەکرێ گۆڕانکاری بەسەرابێ بەڵام ئەوەی گرنگه هەر ئەمێنەوانێ و ئێرانیش زراوی لەوە تۆقیوە.

ئەڵبەتە لە هەر گۆڕانکاریەکی ڕامیاری و جیۆپۆلێتیکیا هەندێ گۆڕانکاری یەتە ئاراوە خراپ بۆ لایەک و لە بەرژەوەندی هەندێک و سود بۆلایەکیتر، ئەوەی لێرەیا گرنگە ئاماژەکان بۆ ئەوە ئەچن کە کوشتنی قاسم سلێمانی و دەرکردنی بڕیارێكی تاک لایەنانەی شیعەکان لە بەرژەوەندی ئێران بۆ دەرکردنی ئەمریکا لەسەر خاکی عێراق سوودی کوردی تیابێ هەڵبەتە ئەگەر کورد یاریزانێکی کارامەو زرت و وریابێ و بتوانێ ڕاهێنەرێکی باش بۆ تیمەکەی دەستنیشان بکات!

لەدوای بڕیارەکەی پەرلەمانەوە سونەکانی عێراق کە زیاتر بە عەرەبی نەتەوەی و هەندێکیشیان شۆڤێنی ناسراون و هەمیشە لەگەڵ یەک پارچەیی خاکی عێراقا بوون ئێستا زۆر بەجدی خەریكی خۆ کۆکردنەوەن و نوێنەرانی هەر سێ شاری موسڵ کە دووەمین گەورە شاری عێراقە لە ڕووی ژمارەی دانیشتوانەوە، لەگەڵ تکریت و ئەنبار کە لەڕووی ڕووبەرەوە گەورەترین شاری عێراقە، ئەیانەوێ هەرێمێکی سەربەخۆ هاوشێوەی هەرێمی کوردستان دروست بکەن و هەر هەرێمی کوردستانیش بە نمونە وەرەگرن کە لە هەندێ ڕووەوە لە عێراق سەقامگیرترو بەشێک لە خزمەتگوزارییەکان باشترن.
بێگومان دروست بوونی هەر هەرێمێکی نوێ لە عێراق لەبەرژەوەندی هەرێمی کوردستان و دیموکراسی عێراقە، ئەمە جگە لە چەسپاندنی فیدراڵی لە عێراقا و پاشان ڕکابەری پۆزۆتیڤی نێوان هەرێمەکان لە ڕووی پێشکەش کردنی باشترین خزمەتگوزاریەوە.

خۆ ئەگەر ئەو هەرێمەی لە موسڵ و تکریت و ئەنبار پێکئەهێنرێ سەربگرێت و ببێتە ئەمری واقیع ئەوا یەکەم هەنگاوی سەرەتایی و دابەش بوونی عێراقە بۆ هەر سێ هەرێمی کوردستان و سونەستان و شیعەستان و لەوەوە دوا چیتر وڵاتێک بەناوی عێراقەوە ئەبێت بە مێژوو.

ئەوەی لێرەیا جێی سەرنجە ئایا کورد دەستی کردووە بە ئامادەکاری و  بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە؟ ئایا کورد تیمی دەستبەکاری پێکهێناوە بۆ هەر گۆڕانکارییەک کە لە داهاتووا ڕوبات؟