مخۆرکەی ناوخۆ - بەشی دووەم

27/06/2020

سامانی وەستا بەكر

چەندایەتی و چۆنایەتی دوو چەمکی جیاوازن هەریەکەیان گرنگی خۆی هەیە بەڵام بۆ کاری حیزبی ئەبێت بەجۆرێکی تر لێی بڕوانرێت، بەجۆرێک گرنگە وە ئەبێت حیزب لەناو کادێر و ئەدامەکانیدا تەنها گرنگی بە چۆنایەتی بدات و پشت بکاتە چەندایەتی، تا بتوانێت کادێر و ئەندامێک دروست بکات کە توانای بەڕێوەبردنی هەبێت.

کاری حیزبە گرنگی بە چەندایەتی بدات تەنها لەکاتی هەڵبژاردندا تا زۆرترین دەنگ کۆبکاتەوە لەڕێی ئەو چۆنایەتییەی کە لەناو خودی حیزبدا سازو ئامادەی کردوون، بەمەرجێک ئەوە نەکرێت بە پیشە و هەمیشە حیزب لە هەوڵی کۆکردنەوەی زۆرترین ژمارەدا نەبێ.

ئەو چۆنایەتییەش نا کە وەک ئەوەی لە حیزبە باڵا دەستەکانی زۆنی زەرد و سەوز ئەبینرێت کە زۆربەی هەرە زۆری چینی نوخبە و ڕۆشنبیر و بیرمەند و کاربەدەستی باڵا و قەڵەم بەدەست و دادوەر ....هتد یان کردووە بە حیزبی و جا لەڕێی بڕینی مووچەوە بێت یان پلەوپۆست وایان لێکردوون بە موو لە فرمانی حیزبەکانیان لانایەن، بەجۆرێک نوخبە و بیرمەندی حیزبی هیچ جیاوازییەکیان نەماوە لەگەڵ عەوامی حیزبییدا و هەردوولایان هەر شینی هەریسەکە ئەکەن و تاکە ئامنجیان ڕازی کردنی دەسەڵاتاداران و بالە جیاوازەکانی حیزبە.

کاتێک کە بیرمەند و نوخبە و قەڵەم بەدەست کرد بە حیزبی ئیتر بیر ئەوەستێ و عەقڵی بە دیکتاتۆر بوون لەدایک ئەبێت و خێڵ و خێزان و بنەماڵە و تاک ئەبن بە گوندە.
کاتێکیش دادوەر و داواکاری گشتی و پلەباڵا و بەڕێوەبەر بکرێن بە حیزبی ئیتر یاسا جێبەجێ ناکرێت و لەبری دەستوری وڵات پەیڕەو پرۆگرامی حیزبی بەسەر خەڵکیدا ئەسەپێنرێت.

ئەو قەیرانە ئابوری و بارگرانییەی ئێستا حکومەتی هەرێمی تێکەوتووە بەرەنجامی گرنگی دانە بە "چەندایەتی". هەردوو حیزبی دەسەڵات هەزاران بندیوار و گەندەڵ و کادێری وەهمیان لە خۆیان  کۆکردۆتەوە و بە مووچە و ئیمتیاز ڕایان گرتوون تا لەکاتی هەڵبژاردنا دەنگیان بدەنێ و لە کۆڕ و کۆبوونەوەکانیاندا هۆڵەکانیان پێ پڕبکەنەوە.
ساڵانی ١٩٧٤-١٩٧٥یش هەروابوو، ئەگەر پلان هەبووایە و هێندە گرنگی بە چەندایەتی نەدرایە و خەڵکی بە لێشاو نەچوونایەتە دەرەوە بۆ ناو ڕێزی شۆڕش، ئەوا ئەو پاشەگەردانییەی لێ دروست نەئەبوو. مەخابن ئێستاش هەمان تاس و هەمان حەمام حیزب تەنها گرنگی بە چەندایەتی ئەدا و هەر لەبەر ئەوەش سوپایەک لە بندیوار و بەکاربەری بەرسێبەریان لە خۆیان کۆکردۆتەوەو حکومەتیان لە هەڵوەشان و نسکۆ نزیک کردۆتەوە.

مەسعود بەرزانی سەبارەت بە سەردەمی شۆڕشی ئەیلول ئەڵێت "هەموومان تووشی لەخۆبایی بوون بوو بووین، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ گیانی شۆڕشگێڕیمان لەدەستئەدا. لەجیاتی ئەوەی سود لەو سەرکەوتنە وەربگرین و ڕێکخستنی پارتی بچەسپێنین لەناو جەماوەر، دەرگای بەرەڵلایی و فەوزا کرایەوە و شتی ئەساسی کە بۆ هەر شۆڕشێک پێویستە لەبیرچوو".

ئەوە قسەی کەسێکە کە لە ساڵی ١٩٩١وە  زۆرترین دەسەڵاتی هەبووە و ١٢ ساڵ بە فەرمی و چەندین ساڵیش بە نافەرمی سەرۆکی هەرێم و دەسەڵاتی یەکەم بووە، کەچی سودی تەنانەت لەخودی یاداشتەکانی خۆشی نەبینیووە ئەو پاشەگەردانی و بێسەروبەرییەی کە ئێستا لە هەرێم هەیە زۆر لەو فەوزا و بەڕەڵڵاییەی ئەو کات خراپترە، مەخابن ئەم نەیتوانیوە حیزبەکەی و ئەدامەکانی بەجۆرێک پەروەردە بکات کە گیانی شۆڕشگێڕییان تیا بچێنرێت و لەڕێی کار و خزمەتگوزارییەوە شوێن پێقایم بکەن نەک ڕێگایتر، پەند لە مێژوویەک وەرگرن کە خودی خۆی سەرزەنشت و لۆمەی ئەکات.

ئەگەر پەروەردەی شۆڕشگێرانە گرنگی پێبدرێ، ئەوا هیچ کاتێک هیچ بزوتنەوە و حیزبێک بەجارێک ناکەوێتە باوەشی دوژمنەوە، مەخابن لە ئێستادا نەک پەروەردەی دروست بوونی نیە بەڵکو حیزب بە مەبەست وا ئەکات کە کادێرەکانی تەواو داماڵرێن لە پەروەردەی دروستی نەتەوایەتی و کۆمەلایەتیش تەنها لەبەر ئەوەی هەمیشە وەک داردەستێک بەکاربهێرێن بۆ لێدان و شکانی لایەنی بەرامبەر.

سامی عەبدول ڕەحمان ئەڵێت "دەزگاکانمان توانای بەڕێوەبردن و سازدانی ئەو بەهرە تازانەی بەشی زۆری ئەو خەڵکەی نەبوو کە تازە هاتبوونە نێو شۆڕشەوە" ئەی ئێستا چێ؟ ئێستاش حکومەت توانای سود وەرگرتنی لەو هەموو تواناو وزەیە نیە کە لە هەرێمدا بوونی هەیە بەڵکو لەبری ئەوە بەشێکی زۆری کردووە بە مووچەخۆری بێکارو کادێری کۆیلەو دنگدەری کوێرو عەوامێکی سەرڕاوەشێنەر.

بڵاوبوونەوەی بیرۆکراتییەت و زۆربوونی ناوچەی دەسەڵات بوو بوو بە بەشێکی باو لەناو پارتیدا، جرجیس فەتحوڵا سەبارەت بە لێپرسراواوانی ئەو ڕۆژگارانە پ.د.ک سەردەمی ئەیلول ئەڵێت "چ گاڵتە جاری کەر بازاڕێ بو، هەمووی هەر گەمەکردن بوو، شتێ نەبوو ناوی مافی گەل وپارتی بوون. هەرگیز شتی وانەبوو نە دەنگی هەبوو نە ڕەنگ". ئەی ئێستا چی؟ ئێستا زۆربەی سێکتەرەکان هەر پەکی کەوتووە لە بێ پارەی بێ خزمەتگوزاری، خۆ ئەگەر کارێکیش بکرێت ڕۆتین و بیرۆکراتییەت و مەرکەزییەتی دەسەڵات و نەبوونی لامەرکەزییەت لە بڕیاردان نادادپەروەری و چەوسانەوەی ناوچەی و تۆڵەی حیزبایەتی بە ڕوونی بەکارەکانی دەسەڵاتەوە ئەبینرێت.

ئەو دەم بیروباوەڕی ئەندامانی سەرکرایەتی پ.د.ک ڕۆژ بە ڕۆژ کزتر و لاوازتر ئەبوو و پەیوەندیان لەگەڵ بارزانیدا زیاتر مۆرکی شوێن کەوتەیی وەرەگرت. بەداخەوە ئێستاش وایە ئەندامانی سەرکردایەتی هەر حیزبێک بگری زۆرترین وەلائیان بۆ سەرۆکی حیزب و خێزانی حاکم دەسەڵات هەیە و زۆرێکیان وێڕای ئەوەی تەمەنی خانەنشینیان بە زیادەوە تێپەراندووە کەچی ئامادەن لەژێر سەرکردایەتی کوڕ و برازای سەرۆکەکانیاندا کۆبنەوە و فەرمان وەرگرن و تەنها و تەنها کاریان ئەوەیە تا گوێی قەبر پلە و پۆستەکانیان جێنەهێڵن، بگرە هەندێکیان کەس نازانێ ماوە یان مردوو بەڵام هەر ئەندام مەکتەب سیاسی و خاوەن کورسییە. کاری دووەمیشیان هێنانی کوڕەکانیانە بۆ سەری کورسییەکەی خۆیان، خۆ ئەگەر یەکێک تەماشای ئەم حیزبانە بکات ئەوا بە ئاسانی لە کرداری "بۆماوە"ی لە زانستی زیندەوەرزانی تەواو تێئەگات کە چۆن "بۆماوەزانی" لەنێوان زیندەوەرەکاندا ئەگوێزرێتەوە.

لە شۆڕشی ئەیلولا ئەندامانی سەرکردایەتی و مەکتەب سیاسی پارتی لەنێو خۆیاندا پەیوەندییەکی باشیان نەبوو، هەریەکەیان دژی ئەوی دیکەیان بوو، تەڵەیان بۆ یەکتری دائەنا، دژی یەکتری پیلانیان ئەگێڕا.

مەخابن ئێستا ئەم کلتورە زۆر بەزەقتر گەڕاوەتەوە ناو حیزبە کوردییەکان هەر لە دوای ساڵی ١٩٩١وە زۆر بە ئاسانی هەست بەوە ئەکرێ کە جگە لەوەی هیچ دوو حیزبێک ئەگەر بەرژەوەندی مادی لێدەرکەی دانوویان بەیەکەوە ناکوڵێت، بەڵکو کار گەشتۆتە ئەوەی کە سیخوڕ لەناو یەک ئەچێنن و و کار لەسەر ئەوە ئەکەن کە هەر حیزبێک لەناو خۆیا کرم هەڵبهێنێت و پەرت بێ ‌هەڵوەشێتەوە یان لاواز بێت تا ئاستی نەمانی کاریگەری لەسەر ڕووداوەکان.

خاڵێک کە زۆر گرنگەو هیچ بایەخێکی پێنەدراوە لەناو حیزب و دەسەڵاتیشدا ئەوەیە کە هەوڵبدرێت "سەرکردە" دروست بکرێ نەک "سەرۆک". ئەوەی ئەبینرێت هەمیشە ئەوانەی ئەگەنە ترۆپکی دەسەڵاتی حیزب یان کەسی سێیەم و بەرەو سەر لە هەوڵی ئەوەدان کە ببن بە سەرۆک و کارە گرنگەکەیان لەبیر ئەکەن کە سەرکرادایەتییە.

ئاخر سەرۆکەکان هەمیشە فێرن فەرمان بکەن و بێنە سەر حازری بە پێچەوانەی سەرکردەکان کە هەمیشە لەکارو فرمان و بریار لەگەڵ هەموواندا ئەدەن. سەرۆکەکان کاریان ئەوەیە ئەوەی باشبێت بۆ خۆیانی ئەچنەوە و چینەکانی خوار خۆیان بۆ سەرکەوتنی خۆیان بەکار ئەهێنن بە پێچەوانەی سەرکردەکانەوە کە هەموو شتێک بەهاوبەشی ئەبیت و تواناکانیان بۆ سەرکەوتنی گشتی ئەخەنە کار.

کۆکراوەی هەڵەی گرنگیدان بە چەندایەتی ئەم هەرێمەی ئێستای لێ دروست بووە کە ڕەنگە وێنەی ئەم لە هیچ شوێنێک نەدۆزرێتەوە، پاش ٢٨ ساڵ حوکمڕانی قاسەیەکی بەتاڵ و تاڵانکراو، میلەتێکی برسی و زەلیلکراوی مووچە، حکومەتێکی دەستبەتاڵ کە لە توانییدا نییە بەبێ هاوکاری بەغدا مووچەی یەک مانگ دابین بکات، سەرکردایەتی و دەسەڵاتێکی کڕاو لەلایەن دراوسێکانەوە، گروپێکی حوکمڕانی دۆڕاو بەجۆرێک کە لە حوکمڕانی و بەڕیوەبردنی عێراقدا نەک هیچ ڕۆڵیكیان نەماوە بگرە بەغدا داوای ڕادەستکردنی تەواوی تای تەرازوی هەرێمیان لیئەکات بە داهاتوو سنورو زەوی ئاسمانەوە  لەبەرامبەر دابینکردنی مووچەی مانگانەدا کە ئەشبێت گیرای بکەن.

لە داهاتووشدا کاریان کاری هەردوو "مەجلسی یەتنفیذی و تەشریعی"یەکەی پێش ساڵی ١٩٩١ ئەبێ ئەگەر کاروابڕوات و خۆیان لەو سوپا بەرخۆرو کارنەکەرە پاكنەکەنەوە و شکۆ بۆ تاکی کورد نەگێڕنەوە.