"٤ + ١" باکور، باشور، ڕۆژهەڵات، ڕۆژئاوا + کوردستانی سوور.

01/10/2020

سامانی وەستا بەكر

ئەگەرچی کوردستانی سوور لە ئێستایا جوگرافیەکی دابڕاوە لە کوردستانی گەورە بەڵام ئەوە ناگەیەنێ کە دانیشتوانی ئەو ناوچەیە کوردی ڕەسەنن بە یەزیدی و موسوڵمانەکانیشەوە وە شانازی بە کورد بوونی خۆیانەوە ئەکەن و هەمیشە و بێ وچان لە هەوڵی پاراستنی ناسنامەی کوردی خۆیانان تا ئێستاش بەردەوامن و چەندین جار هەوڵی دروستکردنی وڵاتێکی سەربەخۆیان بۆ کورد یاوەو مەخابن بەرژوەندی و نەتەوەخوازی وڵاتانی ناوچەکە ئەو هەڵانەی لەبار بردووە.


ئویەزدی کوردستان، کوردستانی سوور، کۆماری ئارتساخدا، پارچەی پێنجەمی کوردستان، ئەو پارچەیەی کوردستان کە هیچ گرنگی پێنایرێ لەلایەن کوردانی چوار پارچەکەی ترەوە نە سیاسیەکان و نە ڕۆشنبیر و بیرمەندانیش. ئەو کۆمارەی لەسەردەستی لینین دامەزرێنراو لەسەر دەستی ستالینی دیکتاتۆر هەڵوەشێنرایەوە بە ڕێکەوتن لەگەڵ کەمال ئەتاتورکی نەتەوەپەرست.


کوردستانی سوور یەکەمین هەرێمی کوردستان کە لەلایەن یەکێتی سۆڤیەتەوە دانیپیانرا، کوردستانی سوور ئەو ناوچانە ئەگرێتەوە کە نزیکی ھەرێمی ناگۆرنی کاراباخی سەر ئازربایجانە وە ھاوسنوری ئەرمینیا و جۆرجیا و ئازەربایجانە، رووبەرەکەی  6210کم٢.


پێشگرتن بە شەڕی بەردەوامی ئازەری و ئەرمەنەکان بۆ یەکیەتی سۆڤیەت مەحاڵ بوو، لەوکاتەیا بە بڕیاری یەکیەتی سۆڤیەت لیژنەیەک پێکهات بۆ لێکۆڵینەوە لەپرسی کورد لەو ناوچەیە، ویستیان هەرێمێکی ناوبەند دروست بکەن، ئەو هەرێمە لە دوو ڕووەوە بۆ سۆڤیەت سودی هەبوو:


یەکەم، ئەبوو بەناوبەنێک لە نێوان ئەرمەن و ئازەرەکان و کۆتای بە ئاڵۆزەکانی ئەوان ئەهێنا.


دووەم، هەوڵێک بوو بۆ ڕاکێشانی سۆزی کورد، بەتایبەت لەو کاتەیا کە کوردەکان بەهۆی پەیمانی سیڤەری ساڵی ١٩٢٠ لە ئینگلیزەکان نزیک بووبوونەوە.


ساڵی ١٩٢٢ لیژنەیەک پێکهات بۆ لێکۆڵینەوە لەپرسی کورد لەو ناوچەیە، ویستیان لە کوردەکانی نیشتەجێی ئەوێ یەکەیەکی کارگێڕی دروست بکەن لەژێر کۆنترۆڵ و هەیمەنەی خۆیان، لەوکاتەیا هەردوو ناوچەی کورنشینی "جوانشێر" کە ناوەندەکەی "کڵبەجاڕ" بوو، لەگەڵ ناوچەی " زەنگەزوو" کە ناوەندەکەی "لاچین" بوو یەکیگرت.
بە بڕیاری کۆمیتەی "١"ی ڕێکخستنی پارتی کۆمۆنیست لە ٧-٧-١٩٢٣ لەسەر ڕوبەری "٥٢٠٠" کیلۆمەتر چوارگۆشە هەرێمێک دروستکراو ناونرا "هەرێمی کوردستانی سوور" کە پێکەئەهات لەناوچەکانی " كەڵبەجاڕ، کەرەباخ، کوباتلی، زەنگلیان، کورتولی، پیتچەناس، ئاگابادیر، لاچین، دەیجولان، دیلیجان و کەراکیش"، پایتەختەکەی شاری "ئەبدالیار" بوو کە دواتر ناوکەی گۆڕا بۆ لاچین.


ساڵی ١٩٢٦ جارێکیتر ناوچەکە ڕێکخرایەوە بەوجۆرە " کەڵباجاڕ، لاچین، زەنگلیان و کوباتلی"، بەهۆی نەبوونی یەکەی ئیداری و بەڕێوەبردن لە ناوچەی "لاچین" زۆربەی بارەگاکانیان بردە "شوشێ".


بەهۆی ئەوەی لە کوردستانی سوردا هیچ باڵەخانەیەکی گونجاو نەبوو بۆ ڕاپەڕاندنی کاروباری دەوڵەتی، بۆیە ناوەندی هەموو دام و دەزگا فەرمییەکانی هەرێمەکە لە شاری شوشێ بوون. ئەوەی هەر ئەو دەمە بووە مایەی پرسیار لای زۆر کەس لکاندنی ناوچەی قوبادلی بوو بە هەرێمی کوردستانەوە، چونکە ٩٨،٩% دانیشتوانی ئازەری بوون و ١% تریشی ئەرمەن بوون، واتا هیچ کوردی لێ نەئەژیا، یەکەکانی دیکەی هەرێمەکە ڕێژەی کورد تیانا نزیکی سەد لە سەد بوو و بەم شیوەیە بوو:
کەرەکیشڵاک ٩٩،٧%، کەلبەجار ٩٩،٨%، قوتورلی ٩٩،٩%، کوردحاجی ٩٨،٦% و مورادخانلی ٩٨،٢% دانیشتوانیان کورد بوون.


 بە بۆچوونی توێژەری ئەرمەنی "داڤید بابایان" ئەمە بۆ ئەوە کرا ڕێژەی کورد لە کوردستانی سور لە ١٠٠% کەم بکرێتەوە بۆ ٧٣% دانیشتوان. قەوارەیەکی سیاسی لە سەر خاکی ئازربایجان کە سەد لە سەدی دانیشتوانی کورد بن مایەی نیگەرانی بوو بۆ کاربەدەستانی وڵات، ئەوان بیریان دوور ئەڕۆیشت و ئەیانزانی ئەمە ڕۆژێک یەت ببێتە بەردی بناغەی کۆمارێکی کوردی یا دەوڵەتێکی کوردی سەربەخۆ.


 هەر بە پێی ئەو نووسەرە ئەرمەنییە ناونانی ئەم یەکەیە بە کوردستان ترسێکی گەورەی خستبووە دڵییانەوە، چونکە ناوی هەرێمەکە لە گەڵ ناوی ئەتنیکی کوردا یەکی ئەگرتەوە، لە کاتێکدا هیچ هەرێمێکی دیکە لە ئازەربایجان لە سەر بنەمای ئەتنیکی ناوی نەنرابوو.


بەر لە هەر شتێک سەیرکردنی کورد بە چاوێکی نزم و پێناسەکردنیان بە کۆچەر، نەخوێنەوار و دواکەوتوو. وایان لە زۆر کورد کرد شەرم لە کوردێتی خۆیان بکەن و هەوڵبەن ناسنامەی ڕاستەقینەی خۆیان بشارنەوە. ڕۆژنامەی (زاریا ڤاستۆکە)ی قەفقاز هەر لەو کاتەیا و لە ساڵی ١٩٢٩ باسی لە تواندنەوەی کورد لە کوردستانی سور لە سەر دەستی ئازەرییەکان کردووە.


  پێی ئەچێ ئەمە خەسڵەتێکی گشتی هەموو میللەتە تورک زمانەکان بێت لە هەر شوێنێک بن، تورکی تورکیا لەم بوارەیا پێشەنگ و ڕێ نیشاندەرە، ئازەریش چ ئەوانەی ڕووسیا و چ ئەوانەی ئێرانیش بەهەمان شێوە لە کورد ئەڕوانن و هەڵس و کەوتیان لە گەڵدا ئەکەن، تەنانەت کەمینەیەکی لاوازی بێدەرەتانی وەکو تورکمانەکانی عیراقیش بەهەمان چاو سەیری کورد ئەکەن.


بە هۆی ئەم سیاسەتانەوە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ژمارەی کورد لە ئازربایجان لە کەمی ئەکرد، لە کاتێکا لە سەردەمانی کوردستانی سوورا ژمارەی کورد لە ئازربایجان ٤٨ هەزار کەس بوو،کە تەنها ١٧% کوردییان ئەزانی، لە ساڵی ١٩٣٧ ژمارەیان بۆ ١٠،٨٠٠ کەس دابەزی و دوو ساڵ دوای ئەوە، واتە لە ساڵی ١٩٣٩ بوو بە ٦ هەزار و لە ساڵی ١٩٥٩ تەنها ١٥٠٠ کورد هەبوو، لە ساڵی ١٩٧٩ نەمانی کورد لە ئازربایجان ڕاگەیاندرا.


 بە پێی پرۆفیسۆر هەسراتیان ئەبوایە لەو ساڵەدا ژمارەی کورد لە ئازربایجان بەلای کەمەوە ٢٠٠ هەزار کەس بوایە. ئەمە لە کاتێکا ژمارەی کوردانی ئەرمەنستان و گورجستان لەو ماوەیە سێ جار و نیو بۆ چوار جار زیای کردبوو.


  کوردانی ئازربایجان شیعە مەزهەب بوون و ئەمەش وای لێئەکردن فێری ئازەری و فارسی بن بۆ ئەوەی ڕێوڕەسمە ئاینییەکان جێبەجێ بکەن، لە کاتێکدا کوردانی نەخچوان سوننە مەزهەب بوون. نەخوێنەواری دەورێکی باڵای بینی لە تواندنەوەی کوردانی ئازربایجانا، لە نزیکەی ٥٠ هەزار کوردی ئازربایجان تەنها ١٧٥٦ یان خوێندەواریان هەبوو و تەنها ١٠ کەسیان شتێکیان لە بارەی ڕێزمانی کوردییەوە ئەزانی.


کاتێک نووسەران باس لە هۆ و هۆکاری دامەزراندنی کوردستانی سوور ئەکەن، دید و بۆچوونی ناکۆک و سەیر و سەمەرە ئەخەنە ڕوو.
بۆ نووسەرانی ئەرمەن ئەمە هەوڵێکی ئازەرییەکان بوو بۆ بەکارهێنانی کورد لە دژی ئەرمەن و دابڕاندنی هەرێمی نەگۆڕنە – قەرەباخ لە ئەرمەنستان. لە هەمان کاتا هەوڵی مۆسکۆ بوو بۆ لەنێوبردنی دوا پێگەی سەربەخۆیی ئەرمەن لە ناوجە چیاییەکانی باشوری قەفقاز. بۆ ئازەرییەکانیش کوردستانی سوور ئامێرێک بوو بە دەست مۆسکۆوە بۆ ئەوەی ئازەرییەکان ناچار بکات گوێڕایەڵ و ملکەچی بن لە بوارەکانی نەوت و پەیوەندی لە گەڵ تورکیا و جیهانی تورکیدا.


 کوردستانی سوور ٨٥ % سەرچاوە ئاوییەکانی ئازەربایجانیشی گرتبووە خۆی، هۆیەکی دیکەی مەترسی و نیگەرانی دەسەڵاتدارانی ئازەر بوو لەم هەرێمە. بۆ مۆسکۆش ئەبوایە کوردستانی سور ڕێگر بێت لە بەریەککەوتنی ئازەری و ئەرمەنەکان، دەروازەیەکیش بێت بۆ گەیاندنی پەیامی شۆڕشی ئوکتۆبەر و کۆمۆنیزم بە کوردانی ڕۆژهەڵاتی نزیک.
بەپێی سەرژمێرییەکان ساڵی ١٩٢٦ ژمارەی دانیشتوانی هەرێمەکە ٥١٤٠٠ کەس بووە، لەو ژمارەیە ٣٧١٨٠کەس کورد بوون، دواتر لەڕووی ئیداریەوە هەندێ ناوچەی ئازەری خرایە سەر هەرێمەکە بە مەبەستی کەمکردنی ڕێژەی کورد لەو ناوچەیە، چونکە تا ئەهات کوردەکان بەهێزتر ئەبوون.


کوردستانی سوور بەژمانی کرمانجی ژوورو ئەدوان و زمانی خوێندن لە خوێندنگەگانیانا بە دیالێکتی کرمانی بوو، شێوازی نوسینی کوردەکان بە "ئەلف و بێ"ی کوردی لاتینی بوو، کە ساڵی ١٩١٧ "عەرەب شامیلۆڤ" ناسراو بە "عەرەبی شەمۆ" و "ئیمارۆ کۆلۆف" دایان نابوو.


ساڵی ١٩٢٩ لەسەر داوای تورکیا ناوچەی "قەرەباخ" لە کورد سەنرایەوە و دابەشکرا بەسەر ئەرمەن و ئەزەرییەکانا، ئەمەش شەڕێکی خوێناوی بەدوای خۆیا هێنا.
ساڵی ١٩٢٩ ئەوکاتەی ستالین سەرۆکایەتی یەکێتی سۆڤیەتی ئەکرد لەپێناو تێکنەچووی پەیوەندی لەگەڵ تورکیا و ئێران، بەناوی ڕێکخستن هەرێمەکەی هەڵوەشانەوە و کردی بە بەشێک لە ئازربایجان.


ساڵی ١٩٣٠ جارێکیتر کوردەکان سەریان هەڵایەوە و هەرێمەکەیان بەناوچەیەکی زۆر زیاترەوە دامەزرانەوە، بەڵام هەر لەسەرەتاوە بە بەرنامەیەک هەوڵدرا کە هەرێمەکە کۆتای پێبێت، بەشێک لەبەرنامەکە بریتی بوو لە:


یەکەم، کردنی کەسێکی ئازەری بەسەرۆکی هەرێمەکە بەناوی "حاجێف".


دووەم، ڕاگواستنی کوردەکان "هاوشێوەی تەعریب و تەتریک" لە هەندێک ناوچە و نیشتەجێکردنی ئازەریەکان تیایا نمونەی ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکانی دەرەوەی هەرێمی باشوری کوردستان.


سێیەم، لکاندنی ناوچەکان بە جۆرێک لەهەر شوێنێک کورد زۆرینە بووایە ناوچەیەکی غەیرە کوردیان پێوەئەلکان تا زۆرینەی ڕێژەی کورد کەمبێتەوە، نمونەی ئەوەی بەسەر کەرکوک هێنرا کە زۆربەی ناوچە کوردییەکانی لێدابڕێنراو لکێنرا بە سلێمانی و بەشیكیشی بە دیالە و تکریتەوە.


چوراەم، کارکردن لەسەر پەرتکردنی کورد لەسەر بیر و باوەڕ، ئازەرییەکان کوردانی موسڵمانیان بەلای خۆیانا ڕائەکێشا و لەبەرامبەریشا کوردە ئێزیدیەکان لە ئەرمەنیەکان نزیک ئەبوونەوانێ.


کوردەکان لە ساڵی ١٩٣٠ توانیان لە بواری کلتور و خوێندن و ڕۆژنامەوانییا بە بەراورد بە نەتەوەکانیتر پێشکەوتنی بەرچاو بەخۆوە ببینن. ڕۆژنامەی "ڕێیا تازە"یان دەرکرد کە تا ئێستا بەتەمەنترین ڕۆژنامەی کوردییە، ڕادیۆی "یەریڤان"یان دەمەزران و دەستی بە پەخشی بەرنامەکانی کرد بە زمانی کوردی و لەپاڵ زمانی کوردییا زمانەکانی تریش بوونی هەبوو.


دوای ئەمە یەکێک لە دڕندەترین دیکتاتۆرەکانی مێژوو "ستالین" کە هەمیشە کاری بۆ پەرتەوازە کردنی کەمینەکانی قەفقاس بوو زۆر دڕندانە سیاسەتی پاکتاوی نەژادی بەرامبەر کوردەکان پەیڕەو کرد، لە داخستنی خوێندنگەو ڕۆژنامە تا ڕادیۆ و پاشان ڕاگواستنی کورد لە ناوچەکانیان.


لە ماوەی شەڕی دووەمی جیهانی و بە دیاریكراوی لە ساڵی 1944 دا، دووبارە سۆڤیەتییەكان بەزۆرەملێ كوردەكانیان كۆچپێكرد بۆ جۆرجیا و ئەرمینیا و بیابانی كازاخستان و ئۆزباكستان و قیرقیزستان و توركمانستان، ئەمجارەیان بە پاساوی (ئاری) بوونی كوردەكان ئەوەیان كرد، كە هەمان نەژ‌ادی ئەڵمانەكانە، سەرباری ئەوەی چەندەها گەنجی كورد لە بەرەكانی شەڕی دژ بە نازییەكان شەڕیان ئەكرد.


لە هەمان كاتیشا توركەكان هاوپەیمانی نازییەكان بوون، بۆیە هێشتا ڕوون نییە بۆچی ستالین لە كوردەكان توڕە بوو و بە زۆرەملێ و لە زستانێكی سارددا، كۆچیپێكردن.
ساڵی ١٩٤٤ بە بڕیاری ستالین هەرچی کوردی ئەرمینیا و جۆرجیا هەبوو بەزەبری هێز ڕاگوێزران بۆ کازاخستان و ئۆزبەکستان، تەواوی پرۆسەی ڕاگواستنەکە بە فارگۆن و شەمەندەنەفەری داخراو بەڕێوە ئەچوو، زۆرێک لە خەڵک لەناو شەمەنەفەری گواستنەوەی ئاژەڵابوون، لەو کاتەیا بەشێکی زۆری مناڵی بچوک و پیرەکان مردن، هەر لە وێستگەکانی شەمەنەفەرا بە بەفر دایان ئەپۆشین.


نادر نادیڤ وەک کەسێکی ناو شەمەنەفەری ڕاگواستنەوەکە ئەڵێت "یەکەم فارگۆنی ڕاگواستنی کوردەکان ساڵی ١٩٣٧ بوو، دوای گەیشتنمان بە کازاخستان خێمەیان بەسەرا دابەشکردین و لە بیابانە بەستووەیا خێمەمان هەڵا، لە یەکێک لە شەوەکانا دەزگای هەواڵگری یەکێتی سۆڤیەت "کەی جی بی" هات و تەواوی ئەوانەی کە تەمەنیان لە بیست ساڵ زیاتر بوو بردیانن و بۆ هەمیشەش نەگەڕانەوە "ئەنفال" بەڵام بە ڕوسی! دواتر زانرا کە لە ناوچەی "شمکینت" لە باشوری کازاخستان "نمونەی بیابانەکانی سعودیە" دوای کۆمەڵکوژی بە خاک سپێردراون.


ئەوە یەکەم پرۆسەی ئەنفالی کورد بوو لەژێر دەستی یەکێتی سۆڤیەت، دوور نیە تورک و فارس و عەرەب ئەمە لە یەکێتی سۆڤیەت فێرنەبووبن و پاشان دووبارە و چەن بارە بەسەر کوردا جێبەجێیان کردەوانێ و تا ئێستاش کۆتای پێنەهاتووە.


دوای ساڵی ١٩٦٠ سێیەم هەوڵی دامەزراندنەوەی کوردستانی سوور هەبوو لەلایەن "محەمەد بابائێف" بەڵام ئەویش شکستی هێنا.


ساڵی ١٩٨٨ جەنگی "ناگۆڕنۆ کەراباخ" لەنێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا دەستی پێکرد، بەهۆی ئەو جەنگەوە زیاتر لە سەد و پەنجا هەزار کوردی تر ڕاگوێزران. دوای ئەو جەنگەی نێوان ئەرمینیا  و ئازەربایجان "نیکیتا گۆرباچۆف" بڕیاری دروستکردنەوەی هەرێمی کوردستانی سوور ئەیات لە نێوانیانا، لە ئایاری ساڵی ١٩٩١ گۆرباچۆف بە فەرمی بە سەرۆکی ئازەربایجان بە "مۆتالیبۆف" ئەڵێت پێویستە لە ماوەی دوو مانگا ئۆتۆنۆمی کوردستانی سوور ڕابگەیەنرێت، بۆ بەرگری لەوە سەرۆکی ئەوکاتەی تورکیا "دیمیریل" "حەیدەر عەلیەڤ"ی بانگهێشتکرد بۆ ئەنکەرە و ١٠٠ ملیۆن دۆلاری پێبەخشی بۆ کڕینی سەرکردەکانی ئازەری و ڕازیکردنیان نە دەرکردنی کورد لەو ناوچەیەیا، بەڵام زۆری نەبرد جەنگی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان سەری هەڵایەوە.


ساڵی ١٩٩٢ بە سەرۆکایەتی "وەکیل مستەفا ئێڤ" هەرێمی کوردستانی سوور ڕاگەیەنرا ، بەڵام بەهۆی نەبوونی پشتیوانی و دژایەتی کردنی ئازەری و ئەرمەنیەکان ئەویش لەبارچوو وە دواتر مستەفا ئێڤ ئاوارەی وڵاتی ئیتالیا بوو و داوای مافی پەنابەریەتی کرد تا بەرواری ١٩-٤-٢٠١٩ لە تاراوگەو لە ئاوارەییا کۆچی دوایی کرد.


وەکیل موستەفایەڤ کێیە؟


وەکیل موستەفایەڤ لە ساڵی ١٩٣٨ لە وڵاتی ئۆزبەکستان لە شاری سەمەرقەند لە دایک بوو. موستەفایەڤ یەکێک لە کوردەکانی جەلالی بوو کە لە لایەن ستالین بە زۆر کۆچیان بۆ ئۆزبەکستان پێ کرا و لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا بەژداری سوپای ڕووس بوو.


لە ساڵەکانی ١٩٥٥ تا ٦٣ لە ناو سوپای سووری سۆڤیەت بوو، لە ساڵی ١٩٦٧ کۆلیژی یاسای تەواو کرد. لە ساڵی ١٩٩٢ دامەزراندی کۆماری کوردی لاچینی ڕایگەیاند بەڵام لە هەمان ساڵ هەڵوەشایەوە.

هۆزە كوردییەكانی كازاخستان
هۆزی بروكە كە ئەبێت بە دوو بەشەوە: یەكەم "بشكە" كە زۆرینەیان خوێندەوار و خاوەن بڕوانامەی بەرز و باڵان وەك ئەكادیمیك "نادر كریموڤیچ" كە زانایەكی گەوەری بواری نەوتە و زۆر خەڵاتی جیهانی بەدەستهێناوە وەك خەڵاتی ناپلیۆن، هەروەها حرمەت و كەسانی دیكەش. دووەم "قركه"‌ كە زۆرینەیان نەخوێندەوارن و كەسانی دیاریان لێ هەڵنەكەوتووە و پێشیان ئەڵێن كوردەكانی قەوقاز. هەروەها هۆزی دیكەش وەك جەلالیە، مرتفە، میلیە، ئێزدییەكان، زۆرینەیان ئەڵێن كە داب و نەریتی كوردییان بیرنەچۆتەوە، زۆرینەی ژنەكانیان نەخوێندەوارن و تەنها كەمینەیەكیان خوێندنیان تەواو كردووە، ئەوان لە تەمەنێكی بچوكدا شوو ئەكەن، بۆیە خوێندن تەواو ناكەن.