نێرگز لەچیەوە ھاتووە؟

20/03/2021

سامانی وەستا بەكر

به‌بۆنه‌ی ته‌مه‌نی کورتی ده‌رکه‌وتنی گوڵی جوان و بۆن خۆشی سروشتیی نێرگس له‌کوردستان بەگرنگم زانی ئەم بابەتە جارێکیتر پبڵاوکەمەوە بڵاوکەمەوە کە چەن ساڵێک پێش ئێستاوو بڵاومکردەوە.

نێرگز گوڵێکی سەلکی بەھارەی بۆنخۆش و دڵبەرە.
ناوەڕاستی زەردەو گەڵاکانی ده‌ره‌وه‌شی وردو سپین، نێرگز لەسەرەتای کەژ (وەرز)ی بەھار بەشێوەیەکی خۆڕسک لەدۆڵ و شوێنە ساردەکانی کوردستان یٔەڕوێت.

ئەو پانتاییانەی کە گوڵە نێرگزی زۆری تێدا یٔەڕوێت و زەرد یٔەچێتەوە، پێییٔەوترێت نێرگزەجاڕ.

نێرگز نزیکەی دوو ھەفتە ئەمێنێتەوە، ناوەکەی  کوردیەکی زۆر کۆنەو لەپەھلەویەوە ماوەتەوە nargis، نەرگییس، بەفارسییش پێی ئەڵێن نەرگیس کە هەر لە کوردییە کۆنەکەوە وەگێراوە.

نالی ئەڵێ:
(هێند مونته‌زیری تۆ بوو، هه‌تا چاوی سپی بوو... نه‌رگس، که‌ له‌سه‌ر یه‌ک قه‌ده‌م و دیده‌ چه‌قی بوو).
وا دەریٔەکەوێت کە بەشی یەکەمی ناوەکە (نەر) لە (نێرک) یان بەزمانی کۆن نەر- ھاتبێت کە بریتیە لەسەلکی گوڵەکە لەژێر زەویا، واتا پێکھاتەی ئێتیمۆلۆژی ناوەکە کوردی بوون و ڕەسەنی ناوەکە دەرئەخات.

Narkissos
ھاوکات ناوی نێرگز لەزمانەکانی دیکەی دنیایا زۆر بەچڕی تێکەڵ بەمیتۆلۆژیای گرێکی بووە، کۆنترین زمانی هیندۆیٔۆروپییش کە ناوی نێرگزی تیایا تۆمار کرابێت گرێکیە.
بۆ یەکەمینجار لەکارەکانی ھۆمێرۆسدا، ناوەکە بە شێوەی narkissos، نەرکیسسۆس ھاتووە. وشه‌که‌، لە ڕووی زمانەوە، واتا گوڵی (نارکیس).

واتا نارکیس لە ناوە گرێکیەکە، وەک ناوی شوێن و مەڵبەندێک ھاتووە.


لە چاو گرێکی کۆنا گۆکردنی ناوی گوڵەکە نەختێک گۆڕاوە و، بریتیە لە narkiss نەرکیس، کە لە شێوە پەھلەویەکەوە نزیکە وە ناوەکە ھەرلە ڕێی گرێکیەوە چۆتە ناو زمانەکانی تریشەوە.


بە لاتینی narciss، نەرسیس. لە فەرەنسی و یٔەلمانی narcisse، نەرسیس. لەزمانە ئەوروپییەکانی تریش هه‌ر ھاوشێوەیە.

چیرۆکی Narkissos


لە میتۆلۆژیای گرێکیدا ھاتووە کە نەرکیسۆس کوڕێکی گەنجی جوانکیلە بووە، یٔەو کە بۆ یەکەمین جار وێنەی خۆی لە یٔاوی کانیاوێکدا یٔەبینێتەوە‌ یه‌کسه‌ر شەیدای وێنەکەی خۆی یٔەبێت، کوڕەکە له‌ شوێنی خۆی به‌نج یٔه‌بێت و تا نزیک بوونەوە لە  مەرگ بەدیار وێنەکەی خۆیەوە یٔەحەپەسێ، پاشان له‌ لێواری کانیاوه‌که‌یا دایٔەنیشێ و واز لە ھەموو شتێک یٔەھێنێت.

نەرکیسۆس دوای مردنی هه‌ر له‌ هه‌مان شوێن یٔەبێت بەو  گوڵە.


دیارە گرێکی بوونی ناوەکەش گونجاوە، بەتایبەت گەر یٔەوە بزانین کە وشەی گرێکی narkosis، نەرکۆسیس، کە بۆ بەنج کردن بەکاریەت لە ناوی نێرگزەوە نزیکە و واتاکەشی گونجاوە کە بریتیە لە بێ ھەستبوون، سست بوون یان لە پەل و پۆکەوتن.

گه‌ر سه‌رنج بەینە‌ دێڕە شیعره‌که‌ی نالی له‌سه‌ره‌وه‌، یٔاماژه‌ به‌وه‌ یٔه‌کات که‌ نێرگز له‌ چاوه‌ڕاونی خۆشه‌ویسته‌که‌یا هێنده‌ له‌سه‌ر پێ و  چاو له‌ ڕێ وه‌ستاو بووە تا چاوی سپی داهاتووەو و له‌ شوێنی خۆشیا چه‌قییوە به‌ واتای له‌ جوڵه‌ که‌وت و مرد.


یٔه‌مه‌ گومانی یٔه‌وه‌م لا دروست یٔه‌کات، که‌ نالی داستانی نێرگزی یۆنانی بیستووه‌ یان خوێندۆته‌وه‌، یاخود داستانێکی هاوشێوه‌ش لای یٔێمه‌ش هه‌بووه‌ و نالی یٔاماژه‌ی پێ کردووه‌.


به‌ ڕاستی هه‌موو میتۆلۆژیای مه‌رگی نێرگزی، له‌م دێڕە شیعرییە جوانه‌یا کۆکردۆته‌وه‌. سه‌یر بکه‌ن، هه‌ر نالی یٔەڵێ:


(یٔەو چاو غەزالە، فەتەراتی سەرو ماڵە... یٔەو نەرگسە کاڵە، نە منی ھێشت و نە کاڵا).


ناوی نێرگز بە شێوەی (نرجس، نەرجس) چۆتە زمانی عەرەبیشەوە، بەڵام ڕوون و یٔاشکرایە کە لە کوردی وەریان گرتووە چونکە لەزۆربەی ناوچەکانی یٔەوانا یٔەم گوڵە ناڕوێ.