مخۆرکەی ناوخۆ- بەشی چوارەم

01/08/2020

سامانی وەستا بەكر

فەرامۆش کردنی کۆمەڵایەتی دەرەنجامی خەتەرناکی لێئەکەوێتەوە و لادانی کۆمەڵگە لە بەها جوان و گرنگ و پیرۆزەکان بەدوای خۆیا ئەهێنێ، بەجۆرێک لە ئێستایا قەزییەی کورد و کورستان پێ بەپێ و ووردە ووردە ناوەرۆکە کۆمەڵایەتی و ڕامیاری و مێژوویەکەی خۆی و پاڵپشتی پێویستی چینە جیاوازەکانی کۆمەڵەگەی لەدەستداوە.

پێویست بوو ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١، وەک ڕاپەڕینی گەلێکی ژێردەستەکراو لە هەموو هەل و مەرجێکا بەپیی توانا بۆ بەدیهێنانی قوڵترین ئاڵوگۆڕی کۆمەڵایەتی و دابینکردنی ماف و بەرژەوەندییە رەواکانی چینە جیاوازەکان و ئاواتەکانی تێبکۆشایە.
لەدوای راپەڕینەوە ئەبوو ڕێفۆرمی کۆمەڵایەتی قوڵ و جدی لە ڕەگو و ڕێشەوە لە کوردستان دەستپێبکات و بکرێ، بەڵام نەک هەر نەکرا بەڵکو کۆمەڵگە دابەش و داتەپیو کرا.

پەروەردە:
سەبارەت بە بەرنامەی پەروەردە و فێرکردنیش وەک پێویست هەنگاو نەنرا ، ئاخر کردنەوەی زانکۆی زۆر هیچ سودێک بە پەروەردەی کۆمەڵگە ناگەیەنێ ئەگەر لە باخچەو خوێندنگا سەرەتاییەکانەوە دەست بە چاکسازی پەروەردەی دروست و زانستی نەکرێت.

هێنانی زمانی بێگانە بەتایبەتی گرنگیدان بە زمانی ئنگلیزی وەک زمانێکی ستاندەری جیهانی کارێکی باشە بەڵام گرنگتر ئەوەیە کە فێرخواز بە پەروەردەیەکی کۆمەڵایەتی دروست و زمانی دایک ڕەوانی و زارەوەکانی گۆش بکرێ و ئاشنا بێت بە کلتور و نەریتە جیاوازو چوونەیەکەکانی خودی کۆمەڵگەکەی خۆی.

هیچ گرنگی بە دروست کردنی زمانێکی ستاندەری کوردی نەدرا کە لە هەموو پێویستییەکانی تر بۆ گەلێکی ژێردەستەی وەک کورد پێویستە چونکە زمانی هاوبەش بۆ ئاخاوتن و نوسین هۆکارێکی گرنگە ڕەوانەوەی زۆربەی بەربەستەکانی لێکتێگەشتن بە بەربرستی ڕامیاریشەوە.

زانینی زمانی دوژمنەکەت گرنگە، بەلام بەمەرجێک نەبێتە جیگرەوەی زمانی خۆت یان وشەکانیان ببنە ڕەوانی سادە و ساکار کە جێ بە وشە کوردییەکان لێژکەن تا ئەو ئاستەی ووشە خانەخوێکان نامۆ و ناحەز دەرکەون.

کاری زانکۆ لێکۆڵینەوە و داهێنان و چارەسەرە، ئێ خۆ ئەگەر ئەمەی نەکرد ئەو زانکۆ نیە بەڵکو دەزگایە بۆ بەرهەمهێنانی بڕوانامە "شهادة". کەواتە زۆری زانکۆکان هیچ سودکی ئەوتۆی بە کۆمەڵگە نەگایانووە، ناشاردێتەوە بەشێكی زۆری بەڵگەنامە و بڕوانامەی بەتایبەتی بەپرسە کورد و عێراقییەکان لە زانکۆکانی دەرەوە بە پارە کڕاون و کە خودی زانکۆکەو کەسایەتییەکەش هیچ سودێکی بە کۆمەڵگە نەگەیانووە جگە لە بارگرانی، ئێ ئەگەر زانکۆ ناوخۆییەکانیش لێکۆڵینەوەو داهێنان و چارەسەر پێشکەش نەکەن هەر هەمان بارگرانین بەسەر شانی کۆمەڵگەو ئابورییە داڕووخاوەکەیەوە.

پەروەردەی کۆمەڵایەتی:
گرنگییان بە لایەنە کۆمەڵایەتییەکان پێویستییەک وئاڵانگارییەکی حەتمی بوو ئەبوو گرنگی پێ بیرایە، چونکە خەڵکی چەندین ساڵ بوو لەژیر دەستی بێگانەیا پەروەردە ئەکرا. پەروەردەیەکی ئیسلامی بە عەقڵیەتی عەرەبی شۆڤینی و گرنگیدەر بە میژوویەک کە دوورە نزیک پیویست نەبوو بۆ تاکی کورد، پەروەردەیەک تا ئاستی لەبیربردنەوە و سڕینەوەی میژوو، کەلتور، داب ونەریت، زمان، جوگرافیا و لایەنەکانی تریش کاری لەسەر تاکی کورد ئەکرد.

مناڵی کورد لەسەر ناسینی سەرکردە مێژووی و بەناو شۆڕشگێری عەرەب و کەسایەتییە ناسراوەکانیان و پیاوانی ئاینی و فەرماندە سەبازی و نوسەر و شاعیرانی عەرەب پەروەردە ئەکران.

مێژووی ئیسلام بەهەڵە بۆ کورد ئەگێرایەوە و تا ئاستێک ئەوانەی کە زۆرترین کوشتار و خۆێن ڕیژیان بەرامبەر کورد کردبوو ئەکران بە قارەمان و ڕزگارکەر بە هیچ جۆرێک باس لە ئازار و تاڵاوە نەئەکرا کە دەرخواردی کوردیان درابوو، بە هیچ جۆرێک باس لەوە نەئەکرا کە کورد لەپێناو ناسنامەی نەتەوایەتی و کەسایەتی کوردی و ئاینزای تایبەت بەخۆیا جەنگاوە نەک نەتەوەیەکی خەڵکێکی مولحید و کافر وەک ئەوەی تا ئێستاش دیندارانی ئیسلام لە ناویشیانا بەشێکی زۆری موسڵمانی کوردیش باسەکرێ.


نەخوێنەواریی:
پێشتر کێشەی کۆمەڵگە نەخوێندەواری بوو کە ئێستا تا ئاستێک کەمی کردووە، بەڵام ئەبێ بپرسرێ ئایا جیاوازی چییە لە نێوان نەخوێندەواری ئەو کات و خوێندەواری ئێستادا؟
هەمووان ئەزانن کێشەی نەخوێندەواری چیە، بەکورتی نەخوێندەوار زانست و زانیاری وەک پویست پێناگاو هەندێ جار ئاستی بیرکردنەوەی نزم ئەبێت. بەڵام خۆ زۆری و بۆریش هەروەک کەمەکە وایە، ئێستا مخۆرکەی زانیاری زۆرو بۆری هەڵە مێشکی کۆمەڵگەی هەڵکۆڵیوەو ڕۆژانە چەندین زانیاری نادروست و هەڵە دەرخواردی مێشکی خەڵکی خوێنەوار ئەدرێ، ئێ خۆ نەزانینی ئەو زانیاریانە لە زانینی باشترە.

پرۆژە:
پرۆژەیەک کە تێچووەکەی لە تێچووی ستاندەری جیهانی چەندین جار گرانتر بێت و کوالیتی چەندین جار لە ستاندەری جیهانی خراپتربێت نەبوونی لە بوونی باشترە، ئاخر بڕی پارەی دیاریکراو بۆ هەر پرۆژەیەک سەرسوڕهێنەوە بەرامبەر ستاندەری جیهانی و لەوەش سەمەرەتر بۆ هەر پرۆژەیەک دووجار یان زیاتر بودجەی بۆدابین ئەکرێ و دیارنامێنێ و کاتێکیش جێبەجێئەکرێ لەپاش ماوەیەکی زۆرکەم نۆژەن ئەکرێتەوە و ئەشکرێ بە منەت و بە خەڵکی ئەفرۆشرێتەوە وەک شەقامی ١٠٠ مەتری سلێماینی بە نمونە.

ئەو پرۆژانە بوونەتە هۆکارێک بۆ دزیکردن و دیزە بەدەرخوونەکردنی پارەیەکی زۆر، بۆیە واباشترە کە ئەو پرۆژانە هەر نەبن و لەبری ئەوەی کە چەندین جار بودجەیان بۆ دیاری کرێ و دیارنەمێنێ و بچێتە گیرفانی دەسەڵاتدارە بێ ویژدان و بازرگانە چاوچنۆکەکانەوە، بۆیە باشترە پارەکەی بدرێ بە مووچە و خەڵک لەو نەهامەتییە ڕزگارکرێ کە بۆی دروستکراوە.

تەندروستی:
لایەنی تەندروستی بۆ بازرگانی نیە. پێشتر لەهەر شارێک چەند نەخۆشخانەیەکی کەم هەبوون و بەشی پێداویستییەکانی کۆمەڵگە و چارەسەرو دەرمان دابینکردنیشیان ئەکرد، ئێستا تەندروستی مرۆڤ بووە بە باشترین کاڵا بۆ دەسەڵاتدارەکان کە هەر خودی خۆشیان بازرگانە چاوچنۆکەکانن، ئێ خۆ نەخورادن و بەکارنەهێنانی دەرمانی بەسەرچوو زیانبەخش باشترە لە بەکار‌هێنانی چونکوم لایەنی کەم ئەزانی کێشەکەو چییە نەک بۆ ڕیش بچێت و سمێڵیش بنێیتە بانی.

کاریگەرترین چارەسەر بۆ کەسی نەخۆش لایەنی دەروونیە، مەخابن کەسی نەخۆش نەک هەر چارەسەری تەندروست و گونجاو دەرمانی کوالیتی بەرز و دروست وەرناگرێ بەڵکو لەبەر ئەوەی کە متمانەی بە چارەسەرساز نیە و دڵنیایە ئەم ئەبێ بە کاڵا ئەویش بە بازرگانێکی چاوچنۆک ئیتر دەروونی بەتەواوەتی ئەشێوێ و هیچ سودێکی ئەوتۆ وەرناگرێ.

کەسی بیمارو نەخۆش ئەبێ جارێ بیری لای گیرفانیبێ ئەگەر بەشی گیرفانی دڕاوی بەشێک لە نەخۆشخانە تایبەت و پزیشکە بازرگان و دەرمانخانە تایبەتەکانی خۆیانی تیایە یان نا بەو جۆرەش لایەنی دەروونی هێندە ماندوو ئەبێ کە کاردانەوەیەکی ئەتۆی بەرامبەر ئەو چارەسەرە نەبێ کە بۆی ئەکرێ.

موڵکداریی:
ئەبوو گرنگی بە موڵکیداری زەوی زاری کشتوکاڵی و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی لادێکان بداریە، بەڵام نەک هەر نەکرا بەڵکو بەشی هەرە زۆری زەوی و زاری لادێ و شاریش کرا بە موڵک و باخی بەرپرس و دەستڕۆشتووەکان بۆ ڕازی کردنیان و لادێ نشینانیش بەناچاری ملی ڕێیان بەرەو شارو تاراوگە گرتە بەر، دەرەبەگەکانی دوای ڕاپەڕین بوونە سن و کوللە و نەک هەر لە بەرووبوومی جوتیارانیاندا بەڵکو شارو لادێشیان کرد بە بیابانی تەخت بۆ ئارەزووە تایبەت و نەخۆشەکانی خۆیان.

جیاوازی چینایەتی:
ئەو جیاوزازییەی کەوتۆتە نێوان چینی دەسەڵاتدار و سەرمایەدار و سەرۆک و سەرۆکەکانەو وەک دووری ئاسمان و زەویە، نمونەی ماڵی سەرۆکی هەرێم  کە کەم وێنەیە لە داگیرکاری موڵکی گشتییدا، ماڵی کۆسرەت ڕەسوڵ لە سلێمانی کە گردێکی بەرفراوان و بەرینی لە موڵکی گشتی داگیکردووە، ماڵی سەرۆکی پارتی و چەندین نمونەی تر تەنها بە جیاوازی پارێزگاری سلێمانی کە ژیانێکی سادە و تێکەڵ بە خەڵک بەڕیەکات و تا ئێستا خۆی لە چینی پرۆلیتاریا و مامناوەند جیانەکردۆتەوە.

جیاوازییەکی چینایەتی زۆر لە نێوان بەرپرسە باڵاکان و چینی مام ناوەند و پرۆلیتاریا بەجۆرێکە کە ناتوانن لەوە تێبگەن کە خەڵکی لە ژەمی خواردن ئەگرنەوە تا پێداویستییەکانی تری ژیان دابین بکەن بەڵام بەرپرسەکان بۆ بەسەربردنی چەند ساتێکی خۆش هەزاران دۆلار لە موڵکی گشتی ئەیەن بەبادا.

ئەو هۆکارانەی کە لە وتارەکانی پێشووا باسکران تا ئێستا بوونەتە هۆکاری ئەوەی کە خەڵکی ڕۆژ لە دوایی ڕۆژ بڕوای بە کوردایەتی و ڕاپەڕین و شۆڕش نەمێنێ و ئامادەنەبێ جارێکیتر لە پێناوییدا قوربانی بدات، تەنانەت لە بارودۆخێکی وەک ئێستاشدا کە قوت و مووچەی لێ زەوت کراوە و کەمترین خزمەتگوزاری و پێداویستییەکانی ژیانی لەبەردەستدانیە لەترسی ئەوەی کە نەک ئەمانە بڕۆن و لەمان خراپتر دەسەڵات وەرگرن، ئاخر لە ١٩٩١کدا دیکتاتۆرێکیان ڕاونا بەڵام چەندین دزو دیکتاتۆر هاتنە شوێنی.
ئێستا دوور لە ئایدۆلۆژیا لە ڕووی سیاسی و جەماوەریشەوە تاکی کوردی هێندە ماندووە تەنانەت متمانەی بە توانا خۆییەکانی خود نەماوە، بۆیە گرنگە کار لەسەر بنیاتنانەوەی خود بکرێ و خەمی ڕۆشنبیر باری کۆمەڵایەتی خەڵک بێت نەک خۆ ناساندن.