لەنێو چنگی خۆتانە و پێی ناگەن

27/08/2020

سامانی وەستا بەكر

خۆشبەختی و هۆشیاری دوو چەمکن کە ئاوێتە و تەواوکەری یەکن، ئەکرێ هۆشیاربیت و خۆشبەخت نەبیت، بەڵام تا ئاستێکی زۆر سەختە خۆشبەخت بیت و هۆشیارنەبیت، کەواتە لێرەوە ئەگەینە ئەو ڕاستییەی بۆ بەدەستاهێنانی ژیانێکی باشتر و خۆشبەختی پێویستە هۆشیاربیت.


هۆشیاری کۆمەڵگە و هۆشیاری تاک ئەو سەرچاویەن کە ژیانێکی شایستەتر دەستبەر دەکات و ئازادی بیر و یەکسانی کۆمەڵایەتی و ڕیزگرتنی خود و بەرامبەر خود ئەچەسپێنێت. هەر لە ڕێگەی هۆشیارییەوە ڕێسا و یاسایەک دەستەبەربکرێ کە وەک مردن کەس لێی بێبەش نابێ.


پرسیار: بۆ خۆشبەختنین؟
وەڵام: چونکە هۆشیار نین.
پ: کەی خۆشبەختەبین؟
و: کە هۆشیار بووین.
پ: ئەکرێ بەبێ هۆشیاری خۆشبەخت بین؟
و: خۆت ماندوو مەکە.
پ: کەوایە ئەبێ چی بکەین؟
و: بگەڕێ بەدوای سەرچاوەکانی خۆشبەختییدا و هۆشیاری بگرە بە ئامانج و هەوڵبدە تا تێبگەیت.
پ: کەی تێئەگەم و چۆن تێبگەم؟
وەڵام: هەرکاتێك توانیت بیرو بیرکردنەوەت ئازادبکەیت و فکرت ڕۆشنکەیت.
پ: چۆن ڕۆشنبیرببین؟
و: بە هەوڵدان و گەڕان بەدوای سەرچاوەی زانیارییەکاندا.
پ: ئەبێ ڕۆژی چەند بخوێنینەوە تا ڕۆشبیربین؟
و: ڕۆشنبیری پەیوەست نیە بە خوێنەوەی زۆرەوە بەڵکو پەیوەستە بە نوێخوازییه‌وە.
پ: کەواتە کەسی ڕۆشنبیر کێیە؟
و: کەسی ڕۆشنبیر ئەو کەسەیە کە هەمیشە خۆی نوێ ئەکاتەوە و ڕازی نابێت ئەمڕۆی لە دوێنێ بچێ و سبەینێشی کۆپی ئەمڕۆ بێ بەڵام ئەبێ ئەمڕۆی باشترینبێت.
پ: کەواتە پێویست ناکات بخوێنینەوە؟
و: (خوێنەوە) و (گویگرتن) و (تەماشاکردن) سێ سەرچاوەی هەرە گرنگن بۆ خۆ پڕ چەککردن بە زانیاری و دوانەکەوتن لە ڕەوتی خوڵاوەی ڕەوڕەوەی ژیان.
پ: کەوابێ پیویست ناکات بدوێین؟
و: بەبێ دووا نکەس نازانێ چۆن بیردەکەینەوە.
پ: کەی بدوێین؟
و: کاتێ بدوێ کە بەباشی تێگەشتبی.
پ: باشترین کات بۆ قسە کردن چ کاتێکە؟
و: ئەو کاتەیە کە هەمووان بە تا مەزرۆییەوە چاوڕوانبن کە گوێت بۆ بگرن.
پ: چی بکەین تا ئەوانی تر گوێمان بۆ بگرن؟
و: بە متمانە دروست کردن لە ڕێگەی پاک-بێژی، ڕاست-بێژی وکورت-بێژی.
پ: لە کاتی دووان ئاخاوتندا گرنگی بەچی بەین؟
و: گرنگی بە ناوەرۆکی باسەکەبە نەک بە دەنگ بەرزکردنەوە چونکە "نمەی باران گوڵەکان ئاودارو بۆنخۆشەکات نەک شەست و ڕەهێڵە".
پ: کەی کاریگەر ئەبین؟
و: لەسەر هەموو ڕووداو پێشهاتێک مەدوێ ئەگەر کاریگەریت نەبێ لەسەری، بەڵام کاتێ لەسەر ڕووداو پێشهاتێک دوایت هەوڵبدە کاریگەریی خۆت و شوێن پەنجەت بەجێبهێڵە.
پ: ئەو شتە چیە کە کاریگەر ئەبین لەسەری؟
و: ئەو شتەیە کە زۆری لەسەر ئەزانیت و تیایدا قاڵی.
پ: کێ لە هەموو شتێ ئەزانێ؟
و: کەس لە هەموو شتێ نازانێ بەڵام ئەکرێ لە شتێکدا لە هەموو شتێ بزانێ.
پ: ئەوەی شتەی من ئەیزانم چی ئەگۆڕێ؟
و: کۆی تواناکانی تر و ئەو بەشەی تۆش ئەیزانی زۆر شت ئەگۆڕێ، "گەورەترین ده‌رگاکان بە کلیلە بچوکەکان ئەکرێنەوە بۆیە دوورنیە ئەوەی تۆ ئەیزانی کلیلەکەبێ".
پ: ئەکرێ لە هەموو گۆڕانێکا بەشداربم؟
و: مەرج نیە بتوانی هەموو شتێک بگۆڕیت بەڵام گرنگە هەموو ئەوەی لە تواناتایە بەکاریبهێنی تا گۆڕانکاری بکەیت.
پ: کەواتە گۆڕانکاریی بە زیرەکەکان ئەکرێت؟
و: زیرەکی بە تەنها بەس نیە بەڵکو گۆڕانکاری بەوانە ئەکرێت کە مێشک و ئەقڵیان بە باشی بۆ باشە بەکارئەهێنن.
پ: زیرەکی چییە؟
و: زیرەکی ئەو شتە نیە کە ئەیزانیت و درکی پێئەکەیت چونکە زانست و مەعریفە دیاریكراوە و ئەوەیە کە ئێستا ئەیزانیت بەڵکو زیرەکی ئەو خەیاڵەیه‌ کە هەوڵ ئەیەیت پێی بگەیت و بێ ماندووبوون ووچانی بۆ ئەکەیت.
پ: کێ زیرەکترە؟
و: زیرەکی پێوەری نیە بەڵام هەموو ئەوانەی ڕۆژانە خۆیان نوێ ئەکەنەوە و توانایان هەیە بگۆڕێن بەرەو باشتر، زیرەکن. لە کۆنا ووتوویانە ئەوەی "لە پشتی ئەسپ و بەردەمی گا ڕانەوەستێ و لە جاهیلیش نزیک نەکەوێتەوە زیرەکە".


پرۆفیسپرو زانای چینی "لاوتسو" ئەڵێ (چاودێری بیرکردنەوەکانی من مەکە چونکە ئەبن بە ووشە، بەڵام چاودێری ووشەکانی خۆت بکە چونکە ئەبن بە کردار، چاودێری کردارەکان بکە چونکە ئەبن بەخوو، چاودێری خووەکان بکە چونکە ئەبن بە کەسایەتیت، لە کۆتایشا چاودێری کەسایەتیت بکە چونکە دواڕۆژ دیاری ئەکات).


ئەگەر خۆشبەختی لە فرۆشگاکان بفرۆشرایە ئەوا گومانی تیانیە کە سەرەی بۆ ئەگیراو بە گراترین نرخیش ئەکڕا، بەڵام مرۆڤەکان درک بەوە ناکەن کە خۆشبەختی لەنێوان چنگ و دەستی خۆیانایە و پێی ناگەن!