مخۆرکەی ناوخۆ

10/06/2020

سامانی وەستا بەكر


کاتێک بڕیاری هەڵوەشانەوەی شۆڕشی ئەیلول درا، ئەو کاتە شۆڕشەکە لە چوارچێوەی ڕووبەڕوو بوونەوەی حکومەت بەرامبەر هێزێکی سیاسی یاخی یان بەرهەڵستکار تێپەڕیبوو وە چووبووە چوارچێوەی جەنگێکی نەتەوەییەوە و لە ئاستی جیهانا شۆڕشی ئەیلول شەڕی حکومەتێک بوو دژ بە نەتەوەیەک.


شەڕی ساڵانی ١٩٧٤-١٩٧٥ لە نێوان حکومەتی عێراق و شۆڕشی کوردستانا، کەوتە سنورێکی ئەوەنە فراوانەوە کە بوو بە شەڕی گەلی کورد و حکومەتی عێراق، ئەمە ڕاستییەک بوو کە تەنانەت دەسەڵاتدارانی عێراقیش نەیانەتوانی خۆیان لەو ڕاستییە لایەن و هیچ لێکانەوەیەکی ترییشی هەڵنەئەگرت.


سەدام حسێن دیکتاتۆری پێشووی عێراق لە باسی هەڵوەشانەوەی پەیماننامەی جەزائیر لە ١٧ی ئەیلولی ١٩٨٠یا دانی پیائەنێ و ئەڵێ (جەنگەکە گران و سەخت بوو، هێزی چەکداری زیاتر لە ١٦ هەزار پێکراوی لە نێوان شەهید و برینارا لەدەست چوو، سەرجەمی پێکراوەکان لە جەنگا لە نێوان سەرباز و هاوڵاتییا نزیکەی ٦٠ هەزار پێکراو بوو لە نێوان شەهید و کوژراو و بریناردا).


هەر لە شوێنێکی ترا سەدام سەبارەت بەخراپی بارودۆخی دەوڵەتی عێراق کە بەهۆی شۆڕشی کوردستانەوە تووشی هاتبوو ئەڵێت (کار گەشتبووە پلەیەکی ترسناک، کاتێک پێداویستییە بنچینەییەکانمان بە تایبەتی چەکی یەکلاکەرەوەمان بەرەو کەمی ئەچوو، جبەخانەی تۆپی قورسمان لە تەواوبوونا بوو، لە بۆمبا قورسەکانی چەکی ئاسمانی تەنیا سێ دانەمان مابوو).


حیزبی شیوعی ئەوکاتە لەبەرەدابوو لەگەڵ بەعسا هاوبەشی حوکم بوو، چەکدارەکانی لەپاڵ سوپای عێراقدا دژی شۆڕشی کورد شەڕیان ئەکرد. وە لە ڕۆژنامەکانیشیانا (طریق الشعب، فکر الجدید، بیری نوێ)دا سەرکرایەتی شۆڕسیان بە دارودەستەی ئیمپریالیزم و کۆنەپەرست دائەنا و بە (جیب العمیل) ناویان ئەبردن، ستایشی حزبی بەعس و دەسکەوتەکانیان ئەکرد و پێیان وابوو حزبی بەعس عێراق بەرەو سۆسیالیزم ئەبات.


دوای ڕێکەوتننامەی ١١ی ئازاری ١٩٧٠ و چورا ساڵ نەشەڕ نەئاشتی لە کوردستانا، لە ئەنجامی مل نەدانی حکومەتی عێراق بۆ مافەکانی کورد و داننەنان و پێیاداندا لە نیسانی ١٩٧٤ەوە شەڕ بەگەرمی لە کوردستانا دەستی پێکردەوە. نزیکەی هەموو کوردی باشور لەژیر ئاڵای بارزنییا کۆبونەوەو دژی ڕژێمی بەعس وەستان، تەنانەت "قیادەی مەرکەزی حزبی شیوعی عێراق"یش ئەو باڵەی کە لە "حشع" جیابووبووەوە، جگە لە "هەرێمی کوردستانی حیزبی شیوعی عێراق" و ژمارەیەکی کەمی کورد نەبێ لەپاڵ شۆڕشا نەبوون.


کەسێکی ئەوتۆ هاوکاری بەعسی نەئەکرد، شەڕی ئەمجارە لەچاو قۆناغەکانی پێشووا لە هەمووکات گەرمتر و سەخت تر بوو. پشتیوانی کوردیش لەشۆڕشەکەیا لەچاو قۆناغەکانی پێشووترا لە هەموو کات فراوانتر بوو، سەدان هەزار کەس چوونە ناو ڕیزی شۆڕشەکەوە، لەوانە سەدان ئەفسەر، مامۆستای زانکۆو قوتابخانەکان، ئەندازیار، پزیشک، پارێزەر، پلە باڵاو....هتد


شۆڕش فەشەلی هێناو تاوانەکەی کرا بە ملی ڕێکەوتنامەی جەزائیرا، کە لە ڕاستییا ئەو ڕێکەوتنەی نێوان سەدام حسێن و شای ئێران تاکە هۆکاری نسکۆی شۆڕشەکە نەبوو بەڵکو ئەوە دیارترینی بوو بەڵام هۆکار و مخۆرکەی ناوخۆ ئەو پەتایە بوو کە شۆڕشی لەبنەوە هەڵەتەکان و دەمار دەمار ئەیبڕی. مەخابن ئێستاش ئەو مخۆرکە ناوخۆیە دەماری حوکمڕانی کورد ئەبڕێتەوە.


سەرکردایەتی شۆڕشی ئەیلول لەگەڵ ئەوەشا کە جەماوەرێکی فراوانی هەبوو، بەڵام هەروەک بزوتنەوە کوردایەتییە چەکدارەکانی پێش خۆی پێگەیەکی چینایەتی خێڵەکی پێوە دیاربوو، مەخابن ئێستاش وایە چینایەتی و خێڵەکی و بنەماڵە و خێزان و تاک پێگەی دیاری حیزب و دەسەڵات و حکومەتیشە.


بەدرێژای تەمەنی چورادە ساڵەی شۆڕش، پارتی لەبواری ڕێکخستن و پەروەردەکردنی کادرا سەرکەوتوو نەبوو هەروەک چۆن خۆی بەهیچ تیۆرێکی کۆمەڵایەتییەوە نەبەستبۆوە و تا ڕادەیەکی زۆر پراگماتی بوو، مەخابن ئێستاش لەناو کۆی حیزبەکانی باشورا هەروایە.


کەموکوڕیی ڕۆشنبیری و تێگەیشتن لە سیاسەت لای زۆربەی کادرەکان دیاردەیەکی ئاشکرا بوو، تەنانەت نزمی ئاستی ڕۆشنبیری لەنێو ڕیزەکانی شۆڕشا هیچ جۆرە خۆراکێکی ڕوناکبیری لەنێوانا نەمابوو، و شۆڕش لەبواری ڕێکخستن و کلتورییا هەڵوەشابۆوە و خۆشیان درکیان بەم ڕاستییە کردبوو. مەخابن ئێستاش نەک هەروایە بەڵکو حیزب خۆی هاندەر و پاڵپشتە تا سوپایەک لە کادێری ناوشیارو کۆیلە و مووچەخۆری بێبەرهەم دروست بکات تا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هێرش بکەنە سەر هەر کەس و ڕێکخراوێک کە قسە لە بەرژەوەندی گشتی و دژ بە بەرژەوەندی تایبەتی حیزب و بنەماڵە و سەرکردەکانیان بکەن.


بارزانی باوک هەر لە دامەزرانی پارتییەوە سەرۆکی پ.د.ک بوو بەلام باوەڕی بە میکانیزمی کاری حیزب و دەسەڵات شۆڕکردنەوە بۆ خوارەوە نەبوو، ئەیویست خۆی کۆنترۆڵی تەواوی حیزب بکات بەڵام پاش بەیانی ئازاری ١٩٧٠ کە ئیدی حیزب ڕۆڵی بەرچاوی بینی و جڵەوی کارەکانی گرتەدەست، بۆ پاراستنی دەسەڵاتی خۆی هەردوو کوڕەکەی ئیدریس و مەسعود بارزانی هێنایە ناو حیزب و کران بە ئەندامی مەکتەب سیاسی، ئیتر لە دوای ئەمەوە تا ئێستاش ئەمە بووە بە کلتور بۆ هەموو حیزب و سەرکردەکان کە تاکە خەون و خەیاڵیان بووە بەوەی کە کوڕو برا و کەسەکانی خۆیان بێنە پێشەوە و ببن بە شوێنگرەوەی خۆیان.


سەبارەت بە سەردەمی شۆڕشی ئەیلول کاک مەسعود باش بۆی چووە کە ووتوویەتی "نابێ گلەیی لە پرۆگرام و پەیڕەوی ناوخۆی پارتی بکەین، بەڵکو ئەبێ گلەیی لە خۆمان بکەین چونکە ئەو پرۆگرام و پەیڕەوە جێبەجێ نەئەکرا". مەخابن ئێستاش هەروایە کۆی حیزبەکان پەیڕەو پرۆگرامی باشیان هەیە بەڵام تەنها نوسراوە و پەیڕەو ناکرێ، کۆمەڵێ حیزبی سۆسیال دیموکراتی چەکدار و دیموکراتی دیکتاتۆرو لیبڕاڵی ئاژاوەچی و چەپی سەرمایەدار و دینداری بێ دین و مۆدێنخوازی کۆنەپەرست...هتد بوونی هەیە.

 

پەیسەر بەرپرس نیە لە بۆچوونە تایبەتەكانی نووسەر