کە زۆر هات قەواڵە بەتاڵە

18/10/2020

سامانی وەستا بەكر


سوتاندنی لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری "باغی داد" بغداد و چەن سەرنجێک.


گومان هەڵناگرێ کە زۆرینەی عەرەب وە لە ناویشیانا عەرەبی عێراق و سوریا کورد بە هاوبەش و داروسێ و خاوەن خاک و ماف نابینن، بەڵکو لەبری ئەوە کورد وەک دوژمن و ژێردەستە و بگرە کۆچەر و داگیرکار تەماشا ئەکەن، لەوەش زیاتر لە کاتێکا کە زۆرینەی کورد خەڵکی باوەڕدار و موسڵمانن کەچی ئەوان نەک کورد بە برای دینی ئەژمار ناکەن بەڵکو بە لە دین لادەرو تێکەڵەیەک لە زۆرینەیەکی جنۆکە و کەمینەیەکی مرۆڤ تەماشای کورد ئەکەن.


ئەوان کە کورد بە "کرد" ئەخوێنەوە هەر بە "کرد"یش "أکراد" سەیری ئەکەن. "أکراد" لای ئەوان بە هەموو هۆز و تیرانە ئەوترێ کە کۆچەر و بێ خاک و ناونیشان بوون.
"کردات" واتە "أبعد"  واتە دوورخراوە، وە " أكراد " واتە "المبعدین" واتە دوورخراوەکان. (الأكراد كُرِد من أرضهم) ئەم دەستەواژەیە لای زۆرێکی عەرەب لە ناویشیانا نوخبە و ڕۆشنبیر و نیرمەندەکانیشیانا باوە، کە مەبەستیانە ناوی کورد لە ناو دابماڵن و بیکەن بە کردار واتە "الفعل"  بە واتایەکی تر ئەیانەوێ پێناسەی ناوی کورد بگۆڕن بۆ کۆمەڵی خەڵکی خێڵەکی و هۆز و کۆچەری کە هیچ ناونیشانێکیان نیە لە مێژووا ، لەو ناوچەیەی کە لای کورد بە کوردستانی گەورە ناسراوە شتێک نەبووە بەناوی کورد بەڵکو ناوی کورد ناو نیە و "فعل"ە.


بەڵکو ووشەی کورد لە "کرد یان أکراد"وە وەرگیراوە کە لای عەرەب بە واتای "المبعدین" یەت بەوەش ئەیانەوێ بڵێن ناوی کورد ووشەیەکی عەرەبیە و بە کۆمەڵێ خەڵک وتراوە کە لە دوای ساڵی ١٥٠٨ تا ١٦٢٣لەو ناوچانەی کە ئێستا پێی ئەوترێ کوردستانی گەورە جێگیر بوون کاتێک کە لە زێدی خۆیان دەرکراون یان دوورخراونەتەوە کە ئەمەش بە واتای سڕینەوەی مێژووی چەند هەزارەی کورد و داماڵینی لە زێدی خۆی یەت.


ئەم بیرە توندڕەوە شۆڤێنییە سەرەتا لەناو سوریا سەڕی هەڵا، سەرەتاکەی لێکۆڵەری دکتۆر (الباحث الدکتور بهجت القبیسي) کەوتە جوڵاندنی ئەم بابەتە و بەخێرای بەناو زۆرێکی عەرەبی ناوچەکەیا بڵاوبۆوە.


خاوەنی ئەم بیرو بۆچوونانە بەجۆرێک کار ئەکەن لەسەر سڕینەوەی کورد لەناوچەکە کە زۆر لەوەی لە عێراق ئەکرێ دژوارتر و ناحەزترە. ئەوەی لە عێراق ئەکرێ تەعریب کردنی ناوچە کوردییەکانە لەڕێگەی هاوردەکردنی عەرەب بۆ ئەو ناوچانە پاشان سڕینەوەی ناوە کوردییەکەی و فەرزکردنی ناوێکی عەرەبی لەبری و پاشان کردنی عەرەب بە زۆرینە و کورد بە کەمیینە.


بەڵام ئەوەی کە لە سوریا ئەکرێ زۆر لەوە دژوارترە، ئەمان سەرەتا کارەکەن بۆ شێواندنی مێژووی کورد لەوناچەیە و پاشان سڕینەوەی بە تەواوەتی، واتا پێش ئەوەی دەستبکرێ بە تەعریب کردنی ناوچەکە و گۆڕینی ناو و دیمۆگرافیاکەی، دەست ئەخرێتە ناو مێژووەکەی، تا کارێک بکەن خەڵکی ناوچەکە توانای بەرگرییان لە خاکی مێژووی و بۆماوەیی خۆیان نەمێنێ کە گوایە ئەمانە هاوردە و کۆچەرن و زێدی ئەوان نیە.


بۆ نمونە ئەڵێن "سەرێ کانێ" ناوێکی کۆنی سوری سریانی ئارامییە کە پێی وتراوە "ریش عینا" ئەمەش بۆ نزیک کردنەوەی لە ناوی "رأس العین" ئەو ناوەی کە هەر ناوە کوردییەکەیە "سەرێ کانێ" ڕاستەو خۆ عەرەب وەتەنی "حرفيًا" وەرگێڕاوە بۆ عەرەبی.


زۆر لەوەش زیاتر ئەڕۆن و ئەڵێن کانتۆنی عەفرین ناوێکی مێژووی عەرەبی سوریە و ئینکاری ناوە کوردییەکەی ئەکەن "ئەفرین" کە سەرچاوی ناوەکە کوردییە و ئەبێتە "ئاوەڕێ، یان ئاوی لافاو"، کە سەرچاوەو چاوگی ناوەکە بەم جۆرەیە "ئاڤڕێ، بۆ عەڤڕێ و عەڤڕێن و عەفرین" بەڵام لەگەڵ ئەوەی کە زۆرینەی خەڵکەکەی بەڕێژەی %٩٥ی کوردن و زۆرینەی زۆریان عەرەبی نازانن بەڵام هەر ئینکاری کورد ئەکەن لەو ناوچەیە. یان ئەڵێن قامیشلۆ کە ئەوان پێی ئەڵێن قامیشلي ناوێکی تورکیە و کوردی نیە و درێژکراوەی شاری "نصیبین"ە و زۆر نمونەی تریش.


ئەمەوێ بڵێم هیچ کارێکی سەیر نیە کە بارەگای حیزبێکی کوردی لە شارێکی مێژووی کوردا بسوتێنرێ، بەڵکو ئەوەی کە سەیرە ئەوەیە کە چۆن تا ئێستا بارەگاو شوێنەکانیتریش نەسوتێنراون لەکاتێکا کە بەچڕی کار لەسەر سڕینەوە و هەڵکێشانی ڕەگی مێژووی کورد نەک لە "باغی داد" بەڵکو لە کۆی ئەو زەییەیا ئەکرێ کە لە مێژووا بە میزۆپۆتامیا و ئێستاش بە کوردستان ناسراوە.


ئەگەر لە دیوە مێژوویەکەی بگەڕێین و چاویش لە هەڵەی مێژووی خودی کورد بپۆشین و کورد بە ستەم لێکراو و بەشخواردوو دابنێین، بەڵام کاتێ باسی دیوە سیاسیەکەی بکەین ناتوانین چاو لە هەڵە زەقەکانی کورد بپۆشین، ئەگەر واز لە هەموو ڕووداوەکانی تر بێنین و تەنها باس لە سوتاندنی لقی پێنجی پارتی کوردستان بکەین لە "باغی داد" ئەوا:


حیزبە سیاسیەکانی کوردستان لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە نەیانتوانیووە کارێک بکەن کە ئاشتەوای و نیەت پاکی و لێکتێگەشتنێکی هاوبەش لە نێوان کورد و پێکهاتەکانی تری عێراقا بێنە ئاراوە.


ئەمان چوونە ناو پرۆسەی سیاسی عێراق بۆ بنیاتنانەوەی ئەو عێراقەی کە ئەنفال و هەڵەبجە و ڕاگواستنی بارزانییەکان و تەعرین کردنی بە کورد کردبوو پێش ساڵی ٢٠٠٣، عێراقێک کە ئەمان بەهێزترین حیزب بوون بەراورد بە حیزبە عێراقییەکانی تر و هێزی پێشمەرگەی نیمچە ڕێکخراو و ئابوری و داو دەزگای حکومی و نیمچە دەوڵەتێکیان لەبەردەستا بوو.


١٧ ساڵ کارکردنی ئەمان لە پرۆسەی سیاسی دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس و هەرەس هێنانی ئەوەی پێی ئەوترا دەوڵەتی عێراق بەجۆرێک بووە کە کوردییان لە زوڵم لێکراوە بۆ زاڵم گۆڕی لە چاوی پێکهاتە غەیرە کوردییەکانی تری عێراقا.


ئەمان خۆیان وەک "قەراسنەکان" بە خەڵکی عێراق ناسان، لە چاوی عێراقییەکانا ئەمان بوون بە بزن مژەو خوێنیان لە جەستەی عێراقا نەهێشتووە.


لەلای خەلکی عێراق حیزبە کوردییەکان تەنها بۆ بەرژەوەندی ئابوری خۆیان لەوێن و کاریان تەنها دادۆشینی عێراق و دروست کردنی کۆشک و تەلاری ناوازەو بەفێڕۆیانی سامانی عێراقە لەڕێی بەکرێ گرتنی خانووبەرە و بارەگای حیزبی و گەشت کردن بە فڕۆکەی تایبەت و گەڕان وڕیزی کەژاوەی ئۆتۆمۆبیلەکانیان و ژمارە بێ شوماری پاسەوان و شەوە سورەکانیانە.


"ئەوەی خۆم بۆ خۆم، ئەوەی تۆش ئەخۆم" ئەو پەندەیە کە کت و مت بەباڵای حیزبە کوردییە باڵا دەست و دەسەڵاتدارەکانی کوردستان لە عێراق بڕاوە.


ئاخر ئەوان ئەبینن کە نەوتی هەرێمی کوردستان هەرزان فرۆش ئەکرێ و داهاتی ناوخۆی و فرۆکەخانە و خاڵە سنورییەکان هەمووی دیزە بەدەرخۆنە ئەکرێ و فلسێکی ناگەڕێتەوە باخەڵی حکومەتی ناوەند، بەردەوام لێژانی دەسەڵاتی هەرێم لە ناوەندەو داوای شایستە داراییەکانی ئەکات و کەم تا زۆر بۆشی ئەچیتە سەر، لە کاتێکا عێراق بە خراپترین بارودۆخی ئابوری خۆیا تێئەپەڕێ و بانکەکانی بەتاڵ و وڵات لە مایەپووچی نزیک ئەبێتەوانێ و فەرمانبەر و مووچەخۆر مافی خۆیان پێنایرێ، بەڵام بەرپرسانی هەرێم مێش میوانیان نیە وسوورن لەسەر چاوڕاوکردن لەگەڵ ناوەند و ئامادەنین بۆ ڕێکەوتنێک کە لۆژیک تیا سەروەربێ.


ئەو هۆکارانەی سەرەوە لەپاڵ ڕقی نەتەوە پەرستی و شۆڤێنیەت لای هەندێک کەس، هەمووی پێکەوە کۆئەبێتەوە و لەفرسەتێکا لەسەر لێدوانی بەرپرسێکی سیاسی حیزبی و وەزیرێکی پێشووی عێراق کە لەسەر بەهەدەردانی داهاتی وڵات لەکارەکەی دوورخراوەتەوە ئەبێتە ئاگرو لەبارەگای حیزبێک بەرئەیرێت، مەخابن ئاڵای کوردستانیش کە نوێنەرایەتی چەندین ملیۆن کوردئەکا دائەگیرێ و سوکایەتی پێئەکرێ و ئەسوتێنرێ.


هەموو کات وتراوە بارەگا و لۆکاڵی حیزبی هیچ ماهییەتێکی نیە، با چۆڵکرێن کاتێک خەڵکی ڕقی نادادی و توڕەی خۆیان جا لەبەر هەر هۆکارێک بێت لەوێیا دائەمركێنەوانێ، ئەوەی گرنگە ئەوەیە خوێن نەڕێژێ و مرۆڤ لە دارو بەرد و پەرۆ و وێنەکان بە بەهاتر تەماشا کرێن و فیشەک جەستەی ماندوویان شەقار نەکات، ئەگەر هەڵەش کرابێ و دەسترێژی ناڕەواش کرابێتە سەر شوێنێک ئەوا با ڕێگا یاساییەکان بگیرێتە بەرلەبری تەقە کردن.


ئەوەی ئازای دڵی تاکی کوردییا لەهەر شوێنێک سوتاندنی خودی بارەگاکە نیە، هەرچەنە ئازاربەخشە هەر شوێنێک نوێنەرایەتی کوردی تیابکرێ بێ ڕێزی پێبکرێ، بەڵام سوتاندنی لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان لە باغی داد ئەوەی بیری تاکی کورد هێنایەوە کە:


کە حیزبی کوردی چیتر ئەو هێزە نیە نەک بتوانێ پارێزگاری لە بەرژەوەندی و ناسنامەی کورد بکات لە ناوەند بەڵکو خودی خۆشی بۆ ناپارێزرێ.


ئەوەی سەلماند کە تاکی عەرەب تا ئێستاش دڵی بەرامبەر کورد پاک نیە و هەر فرسەتێکی بۆ هەڵکەوێ لە داهاتووا سەری کورد پان ئەکاتەوە.


ئەکرێ لە داهاتووا تەعریب و ئەنفال و کۆمەڵکوژی و ئەمنە سورەکە دووبارەبنەوە.


تاکی عەرەب کوردی وەک هاوبەش و هاوشان بێ قبوڵ نیە وئەو تۆی وەک ژێردەستە و هاوڵاتی پلە دوو ئەوێ.


حیزبی کوردی لە دەرەوەی خاکی هەرێم زۆر دیموکراتە " ڕێوی و بێ دەسەڵات "ە، بەڵام لەناوخۆ دیکتاتۆر "شێر و چنگ وەشین"ە.


کورد هەڕەشە و  ئاڵاکەی  بەیداخێکی شەیتانیی و کەیسەکەشی بی بەهایە لای قین لە دڵ و شۆڤێنییەکان ئەگەر نەڵێین زۆرینەی عەرەب.


ئەگەر دوور لە هەستی نەتەوایەتیش تەماشای بابەتەکە بکرێ و بە بێلایەنی لێی بڕوانرێ، ئەبێ دان بەوەیا بنرێ کە خەڵکی ناوڕاست و باشوری عێراق خەڵکێکی زیندوون وئامادەن بۆ بەگژاچوونەوە.


سەرەنجام "کە زۆر هات قەواڵە بەتاڵە" کاتێ کە برسێتی بوو بە هەڕەشەی جدی.