بۆچی زمانه‌كه‌مان به‌ ئامانج ده‌گرن؟

18/08/2020

سامانی وەستا بەكر

پەروەردە و فێڕ کردن واتا رێکخستنی رەفتای مرۆڤ بۆ ئامانجێکی مەبەست. زمانیش کلیلی گەشتنە بە مەبەست، جا ئەگەر ئەتەوێ نەتەوەیەک لەناوبەری زمانەکەی بکە بە ئامانج.


خۆ ئەکرێ پێچەوانەکەشی ڕاستبێ، واتا حیزب و دەسەڵاتی کوردی هەر چوار پارچەی کوردستان ئەیانتوانی وە ئێستاش ئەتوانن زمانێکی کوردی ستاندەر بۆ هەر چورا پارچەو هەموو کوردێک لە هەرشوێنێک بێت بکەن بە مەبەست و لایەنیکەم بۆ فەوتان و لەناوبردنی کورد و کلتور و خاک و زمانەکەشی بەتایبەت لەو شوێنانەی کە بە فارسی کردن و تەعریب و تەتریک هەوڵی دابڕان و داگیرکردنی خاکی کوردستان ئەیرێت.


خۆ پاریزی خۆ بە زیندووی هێشتنەوە لە ڕێی کارکردن بۆ زمانێکی ستاندەری کوردی یەکێكە لە ڕێگا سانایانەی کە بەبێ خوێن ڕشتن و شەڕ و ئاژاوە ئەتوانرێ دژایەتی هەر هەوڵێکی داگیرکاری و بچوکردنەوەی کورد و خاکەکەی بکات.


پەرورەردە: مێژووی پەروەردە بۆ سەردەمی کۆن ئەگەڕێتەوە و سەردەمێک خوێندن تەنیا بۆ کەسانی ئەشراف و دەوڵەمەند بوو، پاشان هێدی هێدی بوو بە پێویستییەکی هەر گرنگی مرۆڤ بۆ دەستەبەرکردنی کۆمەڵگەیەکی هۆشیارتر.


ئەوەی کە ئەڵێن پەوەردە و ڕاهێنان لە ئاستێکی تەمەنا دەست پێ ئەکات دیاریکراو نیە، چونکە مرۆڤ لە سەرەتای ژیانیەوە واتا لەو ڕۆژەوە لە سگی دایکیا “کۆرپەلە”یە پەروەردە ئەکرێت، بۆیە زانای پەروەردە “ئارنۆلد گزل” ئەڵێت “ڕووداوەکانی قۆناغی دووگیانیی دایک لە سەر منداڵ لە نێو سکیا کەمتر نییە لە ژیانی ڕاستەقینە.
لە سەرەتایا هەندێک جار ڕیگری لە پەروەردەو فیرگاکان کراوە، چونکوم باوڕیان وابووە کە فێرگەو قوتابخانەکان ڕیگری لە بیرکردنەوە ئەکەن، مرۆڤ تەنیا فێری شتێک ئەبێت کە فێر ئەکرێت و ڕێگای بیرکردنەوەی لێ ئەگیرێت و ناتوانێت بە مرۆڤ بوونی خۆی بگات، ئەوەش تەنیا بیرێکە زیاتر لە چوارچێوەی پەروەردەی ڕەهایا خۆی ئەگونجێنێت و زیاتر باس لە مرۆڤی ئازاد ئەکات.


پەروەردە و فێرکردن: دوو وشەی گرێیراو پێویستی یەکترن و هیچیان  بە تەنیا واتا نایات. مرۆڤ کاتێک ئەتوانی یەکێکیان بە کار بێنی و باسی لێوە بکا کە مەبەستەکەی جیاواز بێت، بۆ نموونە تۆ مەیموونێک ڕائەهێنی کە ئەگەر مۆزت یایە بە قسەت بکات، بەڵام پەروەردەی ناکەی کە دزیی مۆز بکات، بە گشتی زۆر جار فێرکردن پێش پەروەرش ئەکەوێ و هەندێجاریش بە پێچەوانە.


مامۆستا: ئەوەی کە خەڵک بە گشتی ئەیبێنێ ئەرکی مامۆستا نیە، مامۆستا نابێ تەنیا وانه بڵێتەوە و تەواو؛ بەڵکو مامۆستا ئەبێ خاوەنی کۆمەڵێک تایبەتمەندیی مرۆیی بێت کە بتوانێت فێرخواز ڕێنوێنی بکات بۆ داهاتووی ژیان، فێری باوەڕ بەخۆبوونی بکات، فێری بیرکردنەوەی بکات، فێری کاری بکات و زۆر شتی دیکەش.
مامۆستایش پیشەیە وەک هەر پیشەیەکی ئاساییتر، بەواتایەکیتر مامۆستاش پیشەوەرێکە و ئەبێ لە بەرامبەر ئەو ئەرکەی لەسەر شانێتی و جێبەجێی ئەکات بڕێک پارە یان مووچەیەکی مانگانەی بیرێتێ "هەڵبەتە باسی مووچەی هەرێمی کوردستان ناکەین" بۆیە نابێ مامۆستا پیرۆز کرێ بەڵکو ئەبێ وە گرنگە بەجێگەیاندنی ئەو ئەرکەی بۆی دیاری کراوە و کاتێ وەک خۆی جێبەجێکا لە پەروەردەو فێرکردن بە پیرۆز تەماشا بکرێ نەک خۆی.


سزا یان تەمێ کردن: ڕاستتر بوو بوترایە "ئاگادار کردنەوە یان وەبیرهێنانەوە"، بەڵام لە قوتابخانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و وڵاتە تازە پێگەشتووەکانا زیاتر بۆ شکاندنی کەسایەتی قوتابی کەڵکی لێ وەرئەگیڕێت. تەمێ یان سزا هیچ کاریگەرییەکی باشی نیە، چونکە قوتابی تەنیا کاتێک ئەو کارەی کە لە سەری سزا یراوە نایکات کە سزادەر واتا مامۆستای لێ دیارە ئەگەرنا دواتر هەر ئەیکات. سزا کاردانەوەی نێگەتیڤی دەروونی، جەستەیی، بێ باوەڕی، توندخۆیی، توندوتیژی، سەرکێشی، زمان زبری و زۆر کاردانەوەی سلبی و خراپ لە سەر قوتابی دائەنێت.


خەڵات: بوونی خەڵات ڕاستەوخۆ لە فێرگەکانا باش نیە چونکە کاتێک فێرخوازێک لە سەر بەجێهێننانی ئەرکی سەرشانی خوێندن خەڵات ئەکرێت، فێرخوازیتر وا هەست دەکەن ئەوان هیچ نازانن یان جیاکاری کراوە و بەو جۆرەش هەندێ جار یان ڕق لەو فێرگەیە هەڵەگرن یان هەر لە خوێندن تەوەلائەبن و ناگەڕێنەوە سەری.


لە ڕاستییا هیچ کەسێ تەمەڵ نیە بەڵکو زۆربەی کات ئەوە ئەو ژینگەیەیە کە فێرخوازەکەی لێوە هاتووە ئەو مامەڵە ناتەندروستەی فێرگەو جیاکاریەیە کە هەندێ مامۆستا ئەیکەن و پلەبەندی کۆمەڵایەتی و هەندی فاکتەریتر فێرخوازی زیرەک وتەمەڵ دروست ئەکات.


کاتێ فێرخوازێک کە لە ژینگەیەکی خێزانی نا تەندروست و بارێکی ئابوری داڕوخاو هەژار و ناوچەیەکی دوور لە زانست و نەخوێندەوارو پەستانی دەروونی چورادەورەوە ساڵەکانی خوێندن بەڕێئەکات ناکرێ بەراورد بکرێ بە فێرخوازێک کە کە هەموو ئەو شتانەی پێچەوانەیە، چونکوم ئەبێتە هۆکاری ئەوەی کە ئەو فێرخوازە دووجار هەست بە نابەرابەری و نادادی بکات و بەوجۆرەش لەبری کەسێکی خوێندەوارو هەڵگری زانست دوور نیە کەسێکی توندوتیژ یان لایەنی کەم دوور لە زانستی لێبەرهەمبێت و کاریگەری خراپ و نەرێنی لەسەر پاشماوەی تەمەنی دائەنێت.


بۆیە گرنگە لەبری خەڵات و جیاکاری فێرگەکان و ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە و دەزگا پەروەردەییەکان لەباری دەروونی و ژینگەی فێرخوازەکان بکۆڵنەوە  کە ئەمەیان ڕێگە ڕاست و دوور مەوداترەکەیە نەک خەڵات کردنی بەشێک لە فێرخوازەکان کە ئەمەیان هەڵبژاردنی ڕیگە ئاسان و ناڕاستەکەیە.


تاقیکردنەوە: تاقیکردنەوەی فێرخوازان و جیاکردنەوەی تەمەڵ لە زیرەک کارێکی گەمژانەیە، نابێ بیری لێبکرێتەوە، ئەگەر مەبەست ئەوەبێ منداڵەکان بلیمەت و داهێنەر و زیندوو بن، ئەوا نابێ تاقیکردنەوە بەشێک بێت لە پرۆسەی پەروەردە. تاقیکردنەوە خۆی لە خۆیا سزایە و کوشتنی بەهرەی فێرخوازانە، ترس و لەرزی  ناو هۆڵەکانی تاقیکردنەوە کوشندەیە و عەقڵ پەک ئەخات.


ئەی چۆن بزانین فێرخوازان فێر بوون و سودیان وەرگرتووە؟ یان قووڵتر بڕوانین و بپرسین، بە نیازی ئەوەی کە چۆن چۆنی فێرخوازان بگەنە سەر وەدیهێنانی خەون و ئاواتەکانیان. وەڵامی ئاسان ئەوەیە، کە مامۆستاکان رۆژانە فێرخوازەکان ئەبینن، هەمیشە پرسیار و سۆراغ و گەڕان بۆ چارەسەریی گرفت و کێشە و نهێنییەکانی ناو زانستە مرۆیی و سروشتییەکان لەناو تاقیگاکان و کتێبخانەکاندا فەراهەمە و بە هاوئاهەنگیی کۆی فێرخوازان، لەپاڵ رێنمایی زیرەکانەی مامۆستاکان، لە رێگەی دیالۆک و هاوکارکردنی  یەکتری و هاندانی رۆحی هەرەوەزی هیچ کار و هاوکێشە و گرفتێکی زانستی نامێنێت چارەسەر نەکرێت. ئەرکی مامۆستاکان تۆمارکردنی سەرنج و تێبینییەکانە بۆ پەرەپێدان بە پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن.

 

کۆی تۆماری سەرنج و کۆمێنت و تێبینییەکانی مامۆستایان دەبن بە پێوەر کە بڕیار بەن بەدرێژایی ئەو ساڵە قوتابییان بەتێکڕایی بۆیان هەیە بازبەن و بپەڕنەوە بۆ قۆناغێکی سەرووتر یان هەندێکیان کەمێک کاتی زیاتریان ئەوێت بۆ ئەوەی ئەو توانا و بەهرە شاراوانەی کە هەیانە  بە پشوودرێژیی بدۆزرێنەوە، چونکە لێرەیا مەرجە بزانین کە کەموکوڕی لە لای  پەروەردەکارانە، کە نەیانتوانیوە بزانن هەر یەکێک لەو فێرخوازانە لە کام بوارا بەهرەمەندن، ئەگەرنا هیچ فێرخوازێک تەمەڵ و ئەویتریان زیرەک نیە بەڵکو تاکە جیاوازی نێوانیان گرنگییانی مامۆستا و پەروەردکارە تا درک بەو پێویستییانە بکات کە هەر یەکێکیان پێویستیانە چ لە کات و چ ڕێنوێنی..... هتد.

شکست و سەرکەوتن: لە راستیا نە کەس هەیە سەرکەوتوو بێت، نە کەسیش هەیە دۆڕاو بێت، هەڵەیە بوترێ فێرخوازێک کەوتووە و ئەویکەیان دەرچووە. گەر وەک گرفت و کێشە سەیری بکەین ترسناکە، تەنیا راستییەک کە مەرجە بیزانین ئەوەیە "چەند فێرخوازێک کاتێکی زیاتریان ئەوێت بۆ تێگەیشتن و پێگەیشتن، چونکە بیر و زەینیان کەمێک سستترە، ژمارەیەکی تریش زۆر خێرا زانیارییەکان وەرئەگرن و شیکاریان بۆ ئەکەن".


وشەکانی وەک "کەوتن و شکست و دۆڕان و ساقیت، تەمەڵ، کەوتوو، دەرنەچوو، مانەوە....هتد" هەستێکی زۆر ناشیرین و کەمی و خۆبەکەم زانین لە لای فێرخواز دروست ئەکات، گرێ و نائارامی دەروونی کوشندە لە ناخی فێرخوازا ئەچێنێ و ئاسان سارێژ نابێت. لە هەمان کاتیشا بیرۆکە و ئایدیای سەرکەوتن ئەبێت بە مایەی پۆز و فووتێکردن و خۆنواندن، ئەبێتە مایەی فیز و کەش و فش و خۆ بە زیرەکتر و زاڵتر و لێوەشاوەتر و مەزنتر و باڵاتر.... هتد.

زۆربەی کات لەناو پەروەردەیەکی ناتەندروست، کە بناغەی لەسەر ململانێ و پێشبڕکێ و بردنەوە و دۆڕان و سەرکەوتن و ژێرکەوتن دانرابێت، ڕێگەیەکە کە فێرخوازێک خۆی لە هاوپۆلەکەی کەمتر و نزمتر و دەبەنگتر ببینێت کە ئەمە هەڵەیە و وانییە، چونکە هەر یەکێک خۆی لەخۆیا تاقانە و دەگمەنە، بە تەنیا خەونی تایبەت ئەبینێت، هیچ کاتێک پێویستی بە خۆ بەراوردکردن نییە لەگەڵ ئەوانیترا، چونکە ئەکرێت هەر یەکێک ئەو بلیمەتە بێت کە ئەوەنەی نەماوە لەدایک بێت.

کەواتە تاقیکردنەوە و ئەزمون کردن وەک پرۆسەیەکی سزائامێز و سەرچاوەی گەمەی سەرکەوتن و ژێرکەوتن و ململانێ بە شێوە کۆنە باوەکەی لەم سەردەمەیا  جێگەی نابێتەوە، چونکە وا ئەکات ئێستا و هەنووکە هێچ بایەخی نەبێت لە پێناو بردنەوەی ئایندە و داهاتوو، کە جۆرێکە لە خۆفریودان، چونکە هیچ ئایندەیەک و داهاتوویەکی پرشنگ و ڕۆشن و ئومێدبەخش نایەنێتە کایەوە، لە رێگەی تاقیکردنەوەیەک کە بێجگە لە غەمگینی و ترس و تەریقی و دڵشکان و سووکایەتی بە فێرخواز هیچیتر نییە.


هەنووکە هەرچییەک ئەکرێ  ئەبێت بە هەنگاوێکی یەکلاییکەرەوە بۆ ئایندە، بە مەرجێک کە گەڕان و پشکنین بێت بۆ دۆزینەوەی بەهرە و وزە و توانا شاراوەکان، نەک تاقیکردنەوەی وشک و برنگ و دوور لە پەیامی مەزنی پەروەردە، بە هێنانەوەی پێنج یان شەش پرسیار لە کۆتایی ساڵا، بۆ جیاکردنەوەی "سەرکەوتووەکان و دۆڕاوەکان"، کە ئەوپەڕی گەمژەیی و دڵڕەقی و کات کوشتن و بەهرەکوشتنە.


ئاخر ناکرێت بەدرێژایی ساڵانێکی دوور و درێژ لەسەر تەختەڕەقەکان دابنیشیت، لە قۆناغی کۆتایی بۆ هەر وانەیەک و بابەتێک چەند پرسیارێکی بە ژمارە کەم چارەنووسی فێرخواز دیاری بکات. ئەمڕۆ بە دەیەها شێواز و میکانیزم هەن بۆ دیاریکردن و دڵنیابوون لەوەی کە  پەروەردەکار و شارەزا بتوانین وزە و توانا و بەهرە شاراوەکانی فێرخوازان بدۆزنەوە، ناکرێت تاقیکردنەوە و نمرەی بەرز بکرێ بە پێوانەی دەرچوون و دەرنەچوون.

کلتوور لە کۆمەڵگایا تا ڕادەیەک گرنگە کە دابینکردنی دیموکراسی، ئەوە منداڵەی کە لە ژینگەیەکی تەندروست و کۆمەڵگەیەکی هاوسەنگ و یەکسان پەروەردە بکرێت و  لە قوتابخانە فێڕبێت دەنگی ناڕەزایەتی هەڵبڕێت و سەر دانەواندن فێر نەبێت، لەبری ئەوە فێڕی مەنتق بێت و بیر بکاتەوە بێگومان تاکێکی ناوازەی لێبەرهەم ئەهێنرێ جا دواتر ئەگەر لە ئەزمون و تاقیکردنەوەکانا نمرەیەکی بەرزیش بەدەست نەهێنێ هەر تاکێکی بەسود ئەبێ بۆ کۆمەڵگە.


خوێندن و خوێندوە پرسێکی زۆر گرنگە بۆ کۆمەڵگا، بۆ خوێندنەوە ئەبێ فەزای تایبەت هەبێت، ناکرێ و نەگونجاوە کرێکار و ڕەنجبەرێک رۆژ تا ئێوارە ماندووبێت و هەرچی ووزەو توانای هەیە لە کاری سەخت و قورسا سەرفیکات و دواتر بێ کتێب بخێوێنێتەوە و چاوڕێکەی هاوکاری فێرخوازی ماڵەکەی یان مناڵکەی بکات چونکە هیچ تاقەت و توانایەکی پێنەماوە، بۆیە گرنگە لەبری ئەزمون و تاقیکردنەوە گرنگی بە ژینگەو خێزان و گۆمەڵگەو باری دەروونی فێرخواز بیرێت و بەدوای بەهرەو بلیمەتی شاراوەی فێرخوازا بگەڕێن و نەک چەندین فێرخواز بەپلەی بەرز کۆتای بە ئەزموونی خوێندن بێنن بەڵام هیچ بەرهەم و داهێنانێک پێشکەش بە کۆمەڵگە نەکەن.