هەرێمی کوردستان و ڕاڕایی کشانەوەی ئەمریکا

28/11/2021

د. سه‌ردار عه‌زیز

پرسی کشانەوەی ئەمریکا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەتا بێت زیاتر لە کردارەوە نزیک دەبێتەوە. ئەم پرسە زیاتر لە دەیەیەکە لە ئارادایە. سەرجەم بەڵگە حکومییەکانی دەوڵەتی ئەمریکا هەوڵیان داوە دۆخی پەیوەندی ئەمریکا لە گەڵ عێراق و پرۆسەکەی لە داهاتودا ڕوون بکەنەوە. ئەم ڕوداوە، ڕوداوێکی هاکەزایی نیە، بەڵکو دەرئەنجامی پرۆسەیەکی ئالۆز و چەندین جەنگ و لە سەروی هەمویەوە کۆتایی قۆناغێکە لە سەردەمی سیاسەتی نێوەدەوڵەتی.

لە چەند سەدەی ڕابوردودا، سیستەمی نێودەوڵەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سەر کۆڵەکەیەکی سەرەکی بونیادنرابوو، ئەویش دەستوەردانی زلهێزەکانی ڕۆژئاوا. کشانەوە یان کەمبونەوەی بایەخی ئەمریکا بۆ ناوچەکە و نەبونی هێزێکی سەربەخۆی ئەوروپی ڕەنگە گۆڕانکاری گەورە بە سەر ناوچەکەدا بهێنێت لە چەندین ڕوەوە. ئایا دەبێتە مایەی نەمان یان لاوازبونی ڕۆژئاوا و جێگرتنەوەی بە هێزی ئیقلیمی و نیمچە زلهێزی وەک چین و ڕوسیا؟ ئایا پاش ئەم سیستەمەی ئێستای جیهان چ جۆرە سیستەمێک جێگای دەگرێتەوە، هێشتا مایەی مشتومڕێکی زۆرە. ئایا دەگەڕێینەوە بۆ مۆدێلی جەنگی سارد و جوت-جەمسەریی، ئایا فرە جەمسەری دێتە ئاراوە؟ ئایا دونیا زیاتر دەبێت بە هەرێمی region جوداو لە هەر هەرێمێکدا وڵاتێک دەبێتە زلهێز؟ یان وەک ڕیتچارد هاس دەڵێت دونیا دەبێتە بێ--جەمسەر[1]. هەموو ئەم دیدانە ڕەنگە بڕێکیان ڕاست بن، بەڵام پێش هەموو شتێک ئاماژەیە بۆ چەند خاڵێکی گرنگ:

یەکەم، ئەم سیستەمە جیهانییە کە هەیە گۆرانکاریی بە سەردادێت.


دووەم، سیستەمی جێگرەوە هەندێک لە خەسڵەتەکانی دیارن، بەڵام بە گشتی نازانرێت چۆنە.

سێیەم، ڕەنگە لە میانەی گواستنەوە لە سیستەمی ئێستادا بۆ سیستەمی نوێ قۆناغێکی درێژی پڕ لە پشێویی لە ئاستی دونیادا بێتە ئاراوە.

ئەوەی لێرەدا بۆ ئێمە جێگای بایەخە ئەم گریمانەیەیە: سیستەمی جیهانی دەگۆڕێت، لە میانەی ئەم گۆڕانەدا، ئەمریکا لە دونیادا پێگە و شێوازی مامەڵەی دەگۆڕێت. یەکێک لە ئەو گۆڕانکارییانە ئەوەیە کە ئەمریکا وەها دەبینێت کە بونی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ شێوازی ئێستای رێگرە لە ئەوەی کە بتوانێت لە نێو سیستەمی نوێدا ڕۆڵێکی کاریگەر ببینێت.
لەم بابەتەدا هەوڵ دەدەم لە ڕێگای وەڵامی چەند پرسیارێکی سادەوە، بەڵام جەوهەریی، لایەنە جیاوازەکانی ئەم پرسە و کاریگەری لە سەر کوردستان باس بکەم.

ئایا ئەمریکا دەکشێتەوە؟
ئەو پرسیارە سەختەی کە ڕوبەری نەک نوخبەی سیاسی کورد، بەڵکو هەموو خەڵکی سادەی ناوچەکە دەبێتەوە، ئەوەیە کە ئایا ئەمریکا دەکشێتەوە؟ چونکە زۆرینەی خەڵک حەز بە ئەم کشانەوەیە ناکەن، ئەوا وەڵامەکەی بە نەخێر دەدەنەوە، یان هەوڵ دەدەن کە بەهانە بدۆزنە کە وەڵامەکەی نەخێرە. بەڵام سیاسەتی نێودەوڵەتی و ڕەفتاری زلهێزەکان لە سەر ئەم بنەمایانە بەڕێوە ناچێت. هەنگاوی یەکەم دەبێت پرسی مانەوە یان کشانەوەی ئەمریکا لە هەموو ڕەهەندە دەروونییەکانی داببڕین.
پرسی کشانەوەی ئەمریکا دەگەرێتەوە بۆ سەرۆک بۆش لە سایەی ڕێککەوتنێکدا بە ناوی ڕێککەوتنی دۆخی هێزەکان Status of Forces agreement 2008, لە ساڵی ٢٠٠٨دا. پاشان ئۆباما لە ساڵی ٢٠١١ جێبەجێی کرد. ئۆباما دژە شەڕبوو، خواستی ئەوەبوو کە سوپا بکشێنێتەوە. لە پێناوی ئەمەدا، پشتیوانی مالکیی کرد لە بەرامبەر عەلاویدا بۆ بون بە سەرۆک وەزیران. ئەمریکاییەکان پاش دروست نەبونی حکومەت بۆ شەش مانگ پشویان نەما و بڕیاریاندا پشتیوانی مالیکی بکەن بۆ مانەوە، وەک ئێما سکای[2] باسی دەکات. جم ماتییەس دژ بە کشانەوە بوو، بەڵام ئۆباما سوربوو لە سەری. ئەم کشانەوەیە پاشان بە هۆکاری سەرهەڵدانی داعش لێکدرایەوە، لە لایەن ڕەخنەگرانی ئۆباماوە[3]. لە سەردەمی ترەمپدا ئێمە بەڵگەنامەیەکی گرنگمان لە بەردەستدا ئەویش National Defense Strategy (NDS] ستراتیژیەتی بەرگری نیشتمانییە، کە جم ماتییەس سەرپەرشتی دەکات. لە ئەم بڵاوکراوە فەرمییەدا، کە تەنها پوختەیەکی بڵاوکراوەتەوە، ئێمە وەرچەرخانێک دەبینین لە بایەخی ئەمریکا. ئەمریکا بۆ یەکەمجار لێرەدا بە فەرمی باس لە ڕوبەڕوبونەوەی چین و ڕوسیا دەکات. بەڵام بڵاوکراوەکەی پەنتاگۆن بە هیچ جۆرێک باس لە ئالۆزی عێراق ناکات. [4]

لە ئێستادا تەواو دۆخەکە جیاوازە. ئەمریکا، بە خواستی هەردوو پارتی سیاسی لە وڵاتدا لە پرۆسەی کەمکردنەوەی ڕۆڵ و پێگەیەتی لە تەواوی ناوچەکەدا. هەرچەندە کۆمارییەکان پێیان باشە ئەمریکا هەژەمۆنیەتی بمێنێتەوە، بەڵام دیموکراتەکان بە تەواوی لە گەڵ دیپلۆماسییەتدان، وەک لێکۆڵەر و دیپلۆماتی فەرەنسی Charles Thépaut لە دوا کتێبیدا ئاماژەی پێدەدات[5]. ئەم ڕێچکەیە ئەوەمان پێدەڵێت کە هەرچەندە پرۆسەی کشانەوە ئاسان و دەستوبرد و بێ کێشە نیە بەڵام وەرچەرخان لە هەڵوێستی ئەمریکادا ڕویداوە و پرۆسەی کشانەوە لە ئارادایە. دیارە کشانەوە خۆی چەند ئاستێکە. وەک ڕاپۆرتی کۆمەڵێک لێکۆڵەری خانەی بیری ڕاند [6] پۆلێنیان کردوە، دەکرێت ئەمریکا بە کشانەوەی سنوردار هەستێت، وەک هشێتنەوەی بڕێکی کەم سەرباز لە گەڵ هاریکاریی ئینتلیجێنسی و ڕاوێژکاریی، یان کشانەوە، بەڵام هێشتنەوەی ڕاوێژکار و گۆڕینەوەی زانیاری و پشتیوانی ئاسمانی. (لە دانوستانی عێراقییەکان لە گەڵ ئەمریکادا، ئەوان زۆر پاڕاونەتەوە لە ئەمریکا بۆ هێشتنەوەی هارکاریی ئینتلیجێنسی و ئاسمانی، چونکە بەبێ ئەوانە سوپاسی عێراق ناتوانێت بە کارەکانی هەستێت). لە هەمانکاتدا دەکرێت عێراق و ئەمریکا بگەنە قۆناغی disengagement کە یانی کۆتایی هێنان بە هەموو پەیوەندی و هاریکارییەک لە نێوانیدا.

دیارە دوای ئەو قەیرانەی لە ئەنجامی کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان ڕویدا، ئەمریکا بە هەمان شێوە ناکشێتەوە لە ناوچەکە، بەڵکو لە پرۆسەیەکی هەنگاو بە هەنگاوی لە سەرخۆی کار لە سەر کشانەوە دەکات. لە ئێستادا ئەمریکا ئەم پرۆسەیەی دەستی پێکردوە.

کەمێک تیورە: ئایا ڕۆڵی ئەمریکا لە ناوچەکەدا چیە؟

کەس گومانی نیە و پێویستی بە بەڵگە هێنانەوە نیە کە ئەمریکا ڕۆڵێکی بەرچاوی هەیە لە ناوچەکەدا و لە پەیوەست بە کوردەوە، یەکەمجارە لە مێژودا، ئەمریکا هێندە بە چڕی و بەرفروانی لە زیاتر لە پارچەیەکی کوردستان ڕۆڵ ببینێت. ئەمریکا لە باشور، ڕۆژئاڤا هەروەها بە شێوازی ناڕاستەوخۆ و چەند هەوڵێکی کەمیش بە ڕاستەوخۆ لە باکور ڕۆڵی هەبوە. بە پێی گێڕانەوە جەنگیز چاندار، ئەمریکا داوای ئاشتی نەوان کورد و تورکی کردوە لە ٢٠١٦ لە کاتی سەردانی سەرۆکی تورکیا بۆ ئەو وڵاتە، بەڵام ئەوان وەڵامیان نەبووە. ئەمریکا لە بەرامبەر ئەمەدا ئامادەبوە هاوکاری دارایی و ئابوری تورکیا بکات[7]. ئەم ڕۆڵە بەرفراوانەی ئەمریکا، بە پێی تیورەی ڕۆڵ بە هەژەمۆن لە قەڵەم دەدرێت. بە پێی کینس پۆلاک:
ئەمریکا لە ناوچەکە، لە میانەی سیستەمێکی تاک جەمسەریدا، ڕۆڵی پاراستنی بینیوە لە گەڵ دابینکەری ئاسایشی، گەرەنتوری سەقامگیری، پەرەپێدەری دیموکراسی، نێوانگیری لە نێوان عەرەب و ئیسرائیل. لە سەروی ئەمانەوە ئەوە ئەمریکا بوە هاوسەنگی لە نێوان دەسەڵاتە هەرێمیەکاندا ڕاگرتوە. هەروەها نەیهێشتوە کەس ڕێگری لە بەردەوامی ڕۆشتنی نەوت بکات. هەموو ئەمانە پێکەوە، وەهای لە ئەمریکا کردبوو کە هەژەمۆنێکی ڕاستەقینە بێت لە ناوچەکە.[8] بەم پێیە پشتکردنی ئەمریکا بە ناوچەکە هەموو ئەو ڕۆڵانەی وەک ئەکتەرێکی دەرەکی هەیبوو لە دابینکردنی ئەندازیاری ئاسایشی ناوچەکە لە دەست دەدەن.

ئایا پاڵنەرەکانی پرۆسەی کشانەوە کشانەوە چین و چۆن بەڕێوە دەچێت؟
کۆمەڵێک پاڵنەری زۆر هەن بۆ کشانەوەی ئەمریکا لە ناوچەکە، لەوانە: گۆڕانی خواستی سیاسی لە ناوەوەی ئەمریکا. زۆرینەی خەڵکی ئەمریکا لە گەڵ ئەودان کە قۆناغی نێودەوڵەتی یان ئەنتەرناشناڵەزم لە سیاسەتی ئەمریکییدا کۆتایی پێبهێنرێت. هەرچەندە ئەمە بە تەواوی مانای گۆشەگیریی نیە ،isolationism وەک ڕیتچارد هاس دەڵێت هەبونی گرژی لە گەڵ چیندا رێگرە لە دروستبونی گۆشەگیریی لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادا[9]. کێبڕکێ لە گەڵ چیندا ڕەنگە پاڵنەری سەرەکی هۆکاری ناوخۆیی بێت، چونکە توێژێکی بەرفراوانی کرێکاری ئەمریکی بێکاریی و خراپبونی دۆخی کاریان ئەخەنە ئەستۆی چین. لە سەروی ئەمەوە پرسی کۆرۆنا و هەروەها لاوازبونی ئەمریکا بە شێوەیەکی ڕێژەیی لە ئاستی جیهاندا. ئێستا چین لە هەر سێ بنەماکانی هێزدا، کە خۆی لە دیموگرافیا، ئابوری لە گەڵ سەربازیدا، دەخوازێت شان لە شانی ئەمریکا بدات. هەروەها تەنها چینە لە نێو وڵاتانی تری دونیادا، کە خاوەنی ئەم سێ خەسڵەتەی هێزە، دوای ئەمریکا[10]. هەڵکشانی چین و لاوازبونی ئەمریکا و ترسی لە لاوازبونی زیاتری پاڵنەری سەرەکییە. بەڵام کۆمەڵێک هۆکاری تریش هەن کە پەیوەستن بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خۆیەوە.

یەکەم، ئەمریکا چیدی ئاسایشی وزەی پشت بە وزەی کەنداو نابەستێت. ئاسایشی وزە دوو بنەمای هەیە: یەکەم، بەردەوامی هەبونی سەرچاوەی وزە، دووەم نرخی گونجاو. لە ڕابوردودا ئەمریکا بۆ مەیسەرکردنی ئەم دوو بنەمایەی ئاسایشی وزە پشتی بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبەست، لە ئێستادا چیدی ئەمە پێویست نیە. دووەم، شکستی ئەمریکا لە پرۆژەکانی و دەستوەردانی لە ناوچەکە. ئەم شکستە تەنها ئەوەندە نەبوو کە ئەمریکا نەتوانێت بگاتە ئامانجەکانی بەڵکو زیانێکی زۆری لە ئەمریکا گەیاند، نەک تەنها لە ئاستی ئابوری و مرۆییدا، بەڵکو هەروەها لە ئاستی سومعە و دەرفەتدان بە ئەوانیتر بۆ ئەوەی بەبێ ڕکەبەر هەڵبکشێن، چین بۆ نمونە. شەڕی دژە تیرۆری ئەمریکی دیارییەکی بەنرخ بوو بۆ چین.
بەم پێیە کاتێک ئەمریکا لە چەند دەیەی ڕابوردودا فۆکەسێکی زۆری خستبوە سەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئێستا هەوڵ دەدات ئەو فۆکەسە بگوێزێتەوە ڕۆژهەڵاتی دوور و هەوڵی سنوردارکردنی چین دەدات. ئەم گواستنەوەی فۆکەسە بە مانای کەمکردن و لاوازکردنی ئەو هاوکاریی و دەزگایانە دێت کە تایبەت بوون بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە لایەن ئەمریکاوە. ئەم جێگۆڕکێییە، دەبێتە هۆکاری گۆرانی ڕیشەیی ئەندازیاری ئاسایش و پەیوەندی وڵاتان و ململانێی هێزەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

پێشتر کاتێک ئەمریکا لە سەردەمی ئۆبامادا هەوڵی کشانەوەی دا، داعش ناچاری کرد جارێکی تر ئەمریکا بگەڕێتەوە ناوچەکە. وەک لە دیدارێکیدا لە گەڵ گۆڤاری ئەتلانتیک، ئۆباما دەڵێت، هەر دەتەوێت ئەو ناوچەیە بەجێبهێڵیت، هەرزوو ناچارت دەکات بۆی بگەڕێیتەوە[11]. ئەم خەسڵەتەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یەکێکە لە بنەمای ئەو ئارگومێنتانەی کە بەکاردەهێنرێت بۆ ئارگومێنتی ئەگەری نەکشانەوە.

بەڵام هەستێکی بەرفروان هەیە لە ئەمریکا کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر لە قەدوباڵای خۆی بایەخی پێدراوە[12].
ئەمریکا چۆن دەکشێتەوە؟

ئەمریکا لە پرۆسەیەکی کوتوپڕدا ناکشێتەوە. بەڵکو لە پرۆسەیەکی هەنگاو بە هەنگاودا بایەخ و توانا و هێز و ئامرازەکانی دەگوێزێتەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی دوور. لێرەدا پرسیارێک دێتە ئاراوە، ئایا لە میانەی کێبڕکێ لە گەڵ چین و روسیادا، ئەمریکا پێویستی بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نیە؟ بە گشتی نەخێر. چین نایەوێت ئەندازیاریی ئاسایشی خۆی هەبێت و بە سەر ناوچەکەیدا بیسەپێنێت. ڕوسیاش توانای سنوردارە. چین وەها دەردەکەوێت کە لە ئاستی هەرێمیدا، ئامادەبێت گرژی دروست بکات و پەنا بۆ هێزی ڕەق بەرێت، بەڵام لە ئاستی جیهاندا زیاتر بە دوای خۆ بە دوور گرتن دەگەڕێت لە بەکارهێنانی هێز.
لە ئێستادا ئەمریکا، وەک چاودێرێک لە واشنتۆنەوە پێی گوتم، لە پرۆسەی وەستانی هەموو خەرجی و کارەکانیەتی کە خۆی لە پرۆژەکانی مۆنیتەرینگ و چاودێری و پەرەدان بە کولتور و زمان و چەندین بواری تردا دەبینێتەوە. ئەم کارانە لە واشنتۆن و ڕۆژهەڵاتی ناوەراست بەڕێوە دەچوو، هەمووی لە وەستاندایە. وەستانی ئەمانە دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە ئەمریکا زانیاری و ئامراز و ڕۆڵی لە ناوچەکەدا کەمبێتەوە. وەک کەسێکی بە ئاگا لە خانەیەکی بیر لە واشنتۆنەوە پێی ووتم، لە ئێستادا هیچ کارو چالاکییەکی کەسێکی وەک برێت مەکگۆرک نابینن، کە بەرپرسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە.
بە هاتنی بایدن، دەستوبرد بڕیاری ئەوەدرا کە لە پەنتاگۆن[13] تاسک فۆرسێکی تایبەت یان هێزێکی کاری تایبەت بە چین بکرێتەوە بە سەرپەرشتیاری Ely Ratner, کە یاریدەدەری تایبەتی وەزیری بەرگرییە. کەواتە ئێمە لە هەناو پرۆسەی جێگۆڕکێی فۆکەسی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکاداین.
بە کشانەوە چی ڕودەدات؟
بە گۆڕانی فۆکەسی ئەمریکا و جێگۆڕکێی هێزەکانی گۆرانکاری جیاواز لە جێگای جیاواز لە دونیادا رودەدات. ئەوەی جێگای بایەخی ئێمەیە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. ئێمە دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەمجۆرە دەبینین، پاش لاوازبونی ڕۆڵی ئەمریکا.

یەکەم، ئەمریکا، بە شێوازی دوور، پەیوەندی دەبێت لە گەڵ ناوچەکەدا، مانەوەی ئەمریکا وەک زلهێزێک لە ئاستی جیهاندا، هەوڵی یاریکردن دەدات لە ئاستی جیهاندا، هەروەها وەک ڕەفتاری زلهێز یان دەسەڵاتداری مەزن پێمان دەڵێت، یەکێک لە خەسڵەتە سەرەکیەکانی زلهێزبون ئەوەیە کە ڕێگری بکات لە سەرهەڵدانی زلهێزی تر لە دونیادا. بەم پێیە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست بە تەواوی پشتگوێ ناخرێت. کورد دەتوانێت سود لە ئەم دۆخە ببینێت.

دووەم، کشانەوە یان بێبایەخ بونی ناوچەکە بۆ ئەمریکا، هەموو هێزەکانی تری ناوچەکە و دەوروبەری دەخاتە دۆخێکی وەهاوە کە لە خۆیان بپرسن: لە ئەنجامی کشانەوەدا چی بەرهەم دێت؟ ئایا ئەوەی بەرهەم دێت سود و مەترسییەکانی بۆ من کامانەن؟ ئەمەش بوەتە مایەی دڵەڕاوکێی و جوڵە و سەرکێشی و ترس بۆ هەموو ئەکتەرەکانی ناوچەکە.
سێیەم، لە ئەنجامی سەرهەڵدانی سود و مەترسی وڵاتان دەکەونە جوڵە. یەکەم خەسڵەتی ئەم جوڵەیە ئەوەیە کە کێبڕکێ و بەریەککەوتن و هەوڵی دروستکردنی هاوپەیمانی و فشار و نیمچە شەڕ دێتە ئاراوە. ئەوەی تایبەتە بە کوردستانەوە چەند ئەکتەرێک ڕۆڵ دەبینن: تورکیا و ئێران، بە شێوەی ڕاستەوخۆ. چین بە زۆر شێواز جگە لە سەربازیی و ئاسایشیی. یەکێتی ئەوروپا وەک یەکەیەک و هەروەها وەک تاک وڵات هەوڵی دروستکردنی کاریگەری دەدەن، بە تایبەتی فەرەنسا و بەریتانیا، کە هەریەکەیان بە دوای ڕۆڵی تایبەتیدا دەگەڕێن لە دونیادا.

چوارهەم، وڵاتانی ناوچەکە، ئەوانەی کە کێشەکانیان گەورەنیە، هەوڵی ئەوە ئەدەن کە هیوری بکەنەوە یان چارەسەری بکەن، وەک لە نێوان دوو جەمسەری عەرەبی لە کەنداو دەیبینین، کە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە عێراقی سونییەوە هەیە. وەک لە ململانێی خەنجەر و حەلبوسیدا بینیمان.

پێنجەم، هێز و توانا و سەروەریی وێستڤیلیایی دەبنەوە بە بنەما، لە بڕی ئازادی و مافی مرۆڤ و دیموکراسی. ئەمە بە زەقی لە ئەو هەموو ئەو هەوڵانەدا دەبینین لە ماوەی رابوردودا دران بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندی لە گەڵ ڕژێمی ئەسەددا. تەنانەت ئەمریکا ڕێگر نەبوو لەوەی کە هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە ئەو هەنگاوە هەڵهێنن: نمونە، پەیوەندی ئوردون و سوریا.

عێراق پاش کشانەوەی ئەمریکا
وەک لە ناو سیاسییە عەرەبە عێراقییەکاندا باوە، عێراق وڵاتێکە خاوەن سەروەرییەکی نوقسانە. ئەم کەمییەی سەروەریی بۆخۆی مانای ئەوەدەدات کە عێراق سەروەریی نیە. ئەم خیتابی سەروەرییە، ئامانج لێی ئەوەنیە کە عێراق خاوەن سەروەری بێت بەڵکو پێش هەموو شتێک دروشمێکی سیاسییە. هەروەها بە هۆی کاریگەری خیتابی ئێرانییەوە، سەروەری لە دۆخێکی یاسایی، هێزدارییەوە گۆڕاوە بۆ دۆخێکی دەرونی. وەک لە پرۆژەکەی محمد بحر العلوم دا دیارە، چەمکی سەروەریی زیاتر بەرامبەر ئەمریکا بەکاردێت، بە تێگەیشتن و ڕوانگەیەکی ئێرانی. بەڵام تێگەیشتنی عێراقییەکان هەرچۆنێک بێت بۆ سەروەریی، عێراق کێشەی سەروەریی هەیە لە زۆر ڕوەوە. دیارە سەروەری ڕەهەند و بەشی زۆرە، بەڵام زۆربەی پێناسەکان، پێناسەی بونی سەروەریی دەکەن و کاتێک کە هەیە: چۆنە، چۆن پیادە دەبێت، بە تایبەتی لە ئەدەبیاتی ڕەخنەی پۆستمۆدرێندا، کە بە گشتی دەگەڕێنەوە بۆ پێناسە بە ناوبانگەکەی کارل شمت[14]. شمت سەروەری وەها پێناسە دەکات کە بریتییە لە بونی توانای ڕاگەیاندنی دۆخی عورفی، یان بونی توانای پەکخستنی یاسا بە یاسایەک لە پێناو لابردنی هەموو ڕێگرە یاساییەکان و بونی سەروەری بە سەروەری بێ ڕێگریی.

نەمانی سەروەری عێراق لە ئەنجامی هەڵوەشانی بنەماکانی دەوڵەتە لە عێراقدا. ئەم دۆخە تەنها پەیوەست نیە بە عێراقەوە، بەڵکو بەشێکی کاریگەری سیستەمی هەرێمایەتی و ئەو دۆخەی کە پێی دەوترێت نەبونی دەسەڵاتی عەرەبی لە ناوچەکەدا هێندەی تر چڕ دەبێتەوە. ئەگەر گۆڕینی ڕۆڵی ئەمریکا کاریگەری لە سەر هەموان هەبێت ئەوا کاریگەری لە سەر عێراق لە هەموان زیاتر دەبێت لە بەر دوو هۆکاری زەق: یەکەم، عێراق ئەگەری ئەوەی تیادایە کە ببێتە هێزێکی هەرێمی، هێزە هەرێمیەکانی تر ئەم رۆڵەیان پێ باش نیە. دووەم، بە هۆی نەبون یان نوقسانی سەروەرییەوە، پاڵنەر لای ئەوانیتر دروست دەکات هەتا زیاتر دەستوەردان لە ناو عێراقدا بکەن، بە تایبەتی پاش گۆڕینی ڕۆڵی ئەمریکا لە ناوچەکە.
هەردوو ئێران و تورکیا، هەوڵ دەدەن کە هەمان رەفتار بکەن و لە هەناو عێراقدا کێبڕکێ بکەن. هەردوو ناوچەی دابراو، بەفەریان بە دەوری سنوری خۆیان دروست کردوە. هەردوو هەوڵی بە دەستهێنانی دەسکەلای ناوەکی دەدەن. هەردوو دەیانەوێت زۆرترین سود لە دۆخی دارایی و داڕمانی ئابوری عێراق ببینن. بە گۆڕانی ڕۆڵی ئەمریکا ئەم دۆخ و یاری و پلانانە چڕتر دەبنەوە.

دەبێت کورد چی بکات؟
یەکەم، دەبێت کورد لە چەندین سەرچاوەی جیاوازەوە، هەوڵی تێگەیشتنی چۆنێتی گۆڕانی ڕۆڵی ئەمریکا بدات لە ناوچەکە. لە هەمانکاتدا چەندایەتی، جۆری بەڕێوەچونی پرۆسەکە گرنگە. دەبێت کورد فێری ئەوەبێت کە زیاتر لە یەک سەرچاوەوە زانیاری وەربگرێت و پرۆسێسی بکات.

دووەم، بە دەستهێنانی زانیاری دەربارەی ترس و نیاز و هەوڵی ئەکتەرەکانی تر لە ناوچەکەدا، هەروەها ئەو ئەکتەرە نێودەوڵەتییانەی تر، کە هەوڵی ئەوەیان هەیە کە سودێک لە گۆڕانی ڕۆڵی ئەمریکا ببینین لە ناوچەکە. ئەم ئەکتەرانە جیاوازن و بەرژەوەندی و پلانەکانیان جیاوازە. بۆیە ئەگەری ئەوە هەیە کە ڕکەبەری و هاوپەیمانی جیاواز بەرهەم بهێنێت.
سێیەم، باشبونی پەیوەندی لە گەڵ بەغدادا. گەرچی عێراق خۆی دەبێتە گۆڕەپانی ململانێ، بەڵام بۆ کورد گرنگە ئەو بەرەیە بەکارنەیەت دژی.
چوارهەم، چین زیاتر لە ئەمریکا سودمەندە لە ئەو ئەندازیارییە ئاسایشییەی کە لە لایەن ئەمریکاوە دابین دەکرێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بۆیە ئەگەری هەیە، لە بەر بنەمای پەیوەندی نێوان چین و ئەمریکا، ئەمریکا دەستبەرداری ئەو ئەندازیارییە ئاسایشییە ببێت، هەتا چین یان نەتوانێت لێی سودمەندبێت یان ناچاربێت هەتا خۆی هەوڵی دابینکردنی بدات، کە کارێکی سەخت و پڕ تێچون و قەیراناوییە. دەتوانرێت سود لە دۆخی ناسەقامگیریی ئاسایش وەربگرێت، بەڵام ڕنەگ زیانی زیاتر بێت، ئەگەر ئامادەکاری بۆ نەکرێت.

پێنجەم، ئەمریکا ڕۆڵی دەمێنێت لە ناوچەکەدا، ئایا کورد چۆن دەتوانێت سود لە ئەو ڕۆڵە ببینێت، لێرەدا بە تەواوی لە سەر توانای خۆڕێکخستن و خۆ-نوێکردنەوە و خۆ گونجان وەستاوە، لە بوارەکانی سەربازی و ئینتلیجێنسی لە گەڵ ئابوریدا.


[1] Richard Haass (2008), https://www.foreignaffairs.com/articles/unit- ed-states/2008-05-03/age-nonpolarity
[2] Sky, Emma, (2016) The Unraveling: High Hopes and Missed Opportunities in Iraq, Public Affairs
[3] Ryan N. Mannina (2018) How the 2011 US Troop Withdrawal from Iraq Led to the Rise of ISIS, https://smallwarsjournal.com/.../how-2011-us-troop...
[4] National Defense Strategy (NDS) 2018 https://dod.defense.gov/.../2018-National-Defense...
[5] Charles Thépaut ٢٠٢١ A Vanishing West in the Middle East The Recent History of U.S.-Europe Cooperation in the Regionct 19, 2021
[6] https://www.rand.org/.../persp.../PE300/PE362/RAND_PE362.pdf
[7] CENGIZ ÇANDAR 2020 Turkey’s Mission Impossible:War and Peace with the Kurds
[8] Kenneth M. Pollack, ‘U.S. Policy toward a Turbulent Middle East,’ Brookings (blog), 24 March 2015, https://www.brookings.edu/.../u-s-policy-toward-a.../.
[9] https://www.foreignaffairs.com/.../biden-trump-age...
[10] https://www.brookings.edu/.../china-and-the-return-of.../
[11] https://www.theatlantic.com/.../obama-doctrine.../424281/
[12] https://www.cato.org/.../blueprint-getting-out-middle-east
[13] https://www.defense.gov/.../biden-announces-dod-china.../
[14] Carl Schmitt Political Theology: Four Chapters on the Concept of Sovereignty, university Chicago press.