سەما لەسەردەمی بازاڕدا

06/05/2021

د. سه‌ردار عه‌زیز

لەشەقامی سەهۆڵەکە کچ و کوڕێکی لاو لەبەردەم کۆمەڵێک گەنجدا بەمۆدێلێکی رۆژئاوایی سەما دەکەن. ئەگەر ئێمە لەسەردەمی چاودێریدا نەژیاینایە، سەردەمی کامیراو گەیاندن و پاشان بەکاڵاکردن و بەبازاڕکردنی ئەوا ئەگەری زۆربوو ئەو روداۆکە تەنها لە ئەو پانتاییەدا بمایەتەوەو تەشەنەی نەکردایە. وەک شوشانە زوبۆف بەووردی لەکتێبی سەرمایەداری چاودیریدا بۆمان باس دەکات، ئێمە لەسەردەمێکدا دەژین کە بەوپەڕی ووردی چاودێری دەکرێین و پاشان ئەو چاودێرییە دەخرێتە خزمەتی بازاڕەوە. کاتێک دیمەنەکە تەشەنەی کرد خێرا کۆمەڵگاو بەرەکانی سەنگەریان لەیەکگرت. بۆ ئاسانکاری دوو بەرە ئاماژە پێدەدەین، بەرەی ئیسلامی، کە جیاوازە لەموسوڵمانان، لەگەڵ بەرەی عەلمانی کەناوێکە بۆ ئاماژەپێدراوێکی لێڵ. ئەم پۆلێنکارییە بەهیچ شیوەیەک لەئاستی زانستی و کۆمەڵناسیدا تەواونیە، بەڵام بۆ مەبەستی ئاسانکاری بەکاری دەبەین.  ئەم دوو بەرەیە هەریەکەو خیتاب و چەمک و خەم و فیکری خۆی هەیە. بەڵام ئێمە لێرەدا کەمێک ئاڵتۆسێرییانە بیردەکەینەوە، کەدەڵێت لەپشت هەموو ململانێیەکی فیکرییەوە، ململانێیەکی سیاسی بوونی هەیە. بەقسەی ئاڵتۆسێر، ئامانج سیاسەتە نەک فیکر، فیکر خزمەتکارو داردەستی سیاسەتە. لەم روانگەیەوە ئەوەی دەوترێت، ئەوەی دەردەبڕدرێت، ئەوەی مشتومڕی لەسەر دەکرێت، لەئەنجامدا ئامانجەکەی بەدەستهێنانی دەسەڵاتە بەشێوازە جیاوازەکانی. دەسەڵات وەک کورسی، داهات، پێگە، پۆست، ناوبانگ، نوێنەرایەتیکردن، بوون بەدەمڕاست، قسەکەرو زۆر شێوازی تر. چەمکی عەلمانی یان بەرەی عەلمانی بەرە لاوازەکەیە. هۆکارەکانی ئەم لاوازییە زۆرن. نەبونی پاشخانی مەعریفی لەنێو جەماوەردا، نەبونی بیرمەندی تایبەت و قوڵ بەئەو بوارە، نەبونی سەرچاوەی بەردەست لەو بوارەدا. لەهەمانکاتدا نامۆبون و ناڕونی ئەم چەمک و دونیابینی عەلمانی، نەک لەکوردستان بەڵکو تەنانەت لەڕۆژئاواش. ئیسلامییەکان، کە ئیسلامی سیاسیین، ئێستا بوەتە بەشێک لەڕۆژەڤیان، کەهەر روداوێکی بچکۆلە لەهەرکوێیەک روبدات ئەوا بستێکی بەقەرز نادەن و بەوپەڕی توانایانەوە دەیقۆزنەوە. ئەم قۆزتنەوەیە بەهەڵە لە لایەن بەرەی عەلمانییەوە لێکدەدرێتەوە. (دیارە خۆی بەگشتی هەڵەیە بەرەیەک یان کەسێک عەلمانی بێت، بەڵکو دەکرێت کەسێک یان بەرەیەک بڕوای بەعەلمانیەت هەبێت، چونکە لەتوانای کەس و بەرەدانیە کەعەلمانی بێت. عەلمانی بون تەنها لەتوانای دەوڵەتدایە) بەرەی عەلمانی کوردی وەها خۆی پۆلێن دەکات کەپێشکەوتوە، لەپێشەوەیە. ئەم دیدە زۆر مارکسیانەیەو هەتا ئاستێکی زۆریش رەگەزپەرستیانەیە. پۆلێنکردنی کۆمەڵگا بۆ پێشکەوتوو و دواکەوتوو، بەمانای ئەوە دێت کەزەمەن لەسەر هێڵێک دەڕوات لەدواکەوتووییەوە بۆ یوتوپیا، یان ئەوپەڕی باشیی. ئەم تێگەیشتنە بۆ زەمەن قەیراناوییە. دیارە چەمکی عەلمانی خۆی چەمکێکە راستەوخۆ پەیوەندی بەپۆلێنکاری زەمەنەوە هەیە. سێکویلاریس یانی زەمەنی دونیایی لەبەرامبەر زەمەنی نادونیایی یان ئەودونیایی یان زەمەنی ناکۆتا. دیارە کاتناسی بوارێکی قسە لەسەر نەکراوە لەدونیای ئێمەدا بەتایبەتی ئێستا کاتی مرۆیی لەژێر پرسیاری گەورەدایە لەبەرامبەر کاتەکانی تر، وەک کاتی سروشتی یان کاتی قوڵ، بەڵام لەم سەرئێشەیە بە دوورتان دەگرم لێرەدا. ئەم پۆلێنکارییە مارکسییە بەشێکە لەئەو پرۆسەی لەمرۆڤخستنە، کە بنەمای کۆمەڵێک زۆر لەجینۆسایدی داڕشتوە لەدونیادا. بەم پێیە قەیرانی عەلمانی کوردی لەسەرەتادا ئەوەیە کەزەمەنی خۆی ناناسێت، لەسەردەمی خۆیدا ناژی، شەڕەکانی شەڕی خۆی نیە. ئەوەی لەهەموو تراژیدیترە، ئەوەیە کە عەلمانی کوردی بەرهەمی ئیسلامی سیاسی کوردییە لەئێستادا. عەلمانی بەدەرپۆقاندنی وەک بەرەیەک و ناونانی وەک بێدین، لەلایەن ئیسلامییەکانەوە، بۆ ئەوەیە ئەو دوژمنە پێویستە بەرهەمبهێنن کە بەشێکی ئێجگار سەرەکییە لەپرۆسەی کۆنترۆڵکردنی گشتدا. بەبێ بونی عەلمانی وەک بەربەری، ناتوانرێت ئەم کارە بکرێت. لێرەدا دەقە شیعرێکی شاعیری گەورەی یونانی کۆنستەنتین کاڤافی کە ناوی لە چاوەڕوانی بەربەرییەکاندایە، شایانی خوێندنەوەیە. ئەوەی جێگای سەرنجە بێتوانایی بەرەی عەلمانییەکانە لە بەئاگابوون لەئەوەی کەچۆن کۆنسیوم دەکرێن لەلایەن ئیسلامییەکانەوە، چۆن دەکرێن بەئەو بەربەرەییەی کەپێویستە بۆ ئەوەی دەسەڵاتی ئەوان بەرجەستە بێت. عەلمانییەکان نەک هەر بێئاگان، بەڵکو لەباوشی ئیسلامییەکاندا سەما دەکەن کاتێک بەزمانێکی ناکۆمەڵایەتی و دۆگمایانە دیدی خۆیان دەردەبڕن، کەئەو جۆرە دەربڕینەیە کەئیسلامییەکان دەیانەوێت. کاتێک لەفەیسبوک نووسیم لەم سەمایەدا “عەلمانییەکان” لەباوەشی ئیسلامییەکاندان، بۆ هەندێک مایەی ناڕەزایی بوو. هەستمکرد بڕێکی زۆری مۆرەکردن لەدەربڕینەکە لەڕەهەندی ماسکیولینیتی دەربڕینەکەوەیە، ئەوەی لەباوەشە، مێینەیە. ئەوەی لەباوەش دەگرێت نێرینیەیە. هێشتا زمانی سیکسی ئێمە زمانی جەنگی پیاوە بەسەر جەستەی مێینەدا، نەک زمانی خۆشەویستی. زمانی خۆشەویستی کوردی، جگە لەئەوە کە زمانێکی نەخۆشە، بەڵام لەسەروی هەموویەوە زمانێکی نێرینیەیە کەپەیوەندی لەگەڵ ئەویتری مێینەدا جۆرێکە لەزاڵبون، ئازاردان، لاقەکردن. بۆیە عەلمانیش هەر لەهەناو زمانی دینیدایە. نەک زمانی مرۆیی.
 گەمەی ئیسلامییەکان چییە؟ ئەگەر چەند چەمکێک لەخیتابی ئیسلامییەکان هەڵاوێریین، بەڕوونی چەند مەبەستێکمان بۆ روون دەبێتەوە. ئیسلامییەکان باس لەئادابی گشتی دەکەن، باس لەهەست و سۆزی زۆرینە دەکەن، باس لەپیرۆزییەکانی موسوڵمانان دەکەن. لەڕێگای ئەم چەمکانەوە، ئیسلامییەکان کە کەمینەیەکی کەمی دونیای ئێمەن، دەیانەوێت ببن بەنوێنەری موسوڵمانان کەزۆرینەی دونیای ئێمەن. دەیانەوێت خۆیان وەک پاریزەری هەست و سۆزو پیرۆزییەکان و ئادابی گشتی لەقەڵەم بدەن. ئەم پێگەیە خواستێکی ئاینی نیە، بە جێگەیاندنی داوایەکی خودانیە، بەڵکو خواستێکی سیاسییە. ئەم خواستە سیاسییە لەوەدا خۆی دەبینێتەوە کەگشتێک هەیە، کە موسوڵمانانن، ئەم گشتە لەبەردەم مەترسیدایە، لەلایەن عەلمانییەکانەوە، کە وەک بەربەرییەکانی ناو کایەی دەسەڵاتەکان دەبینرێن، لەسەردەمی رۆمانەوە، هەتا ئەمرۆ، ئیسلامییەکان دەیانەوێت زۆرینە لەم ئەم گورگانە بپارێزن. دیارە چەمکی بەربەریی و گورگ چەمکی تاسەر ئیسقان فەلسەفین. گورگ ئاماژەیە بۆ بوونی مەترسی و پێویست بوونی شوان بۆ مەڕەکان. ئەوەی میشێل فۆکۆ لەپاستەریزیمدا کاری لەسەر دەکات. ئیسلامییەکان لەم گەمەیەدا براوەن. چونکە زۆرینە دەترسن. ئەوەی ئەم ترسەی قوڵکردوەتەوە خێزانە. گەر لەدەربڕینی خەڵكی بنواڕێت هەمیشە تارمایی خێزان لەدەربڕینەکانیاندا ئامادەیە.
خێزان چیەو چ جۆرە پانتاییەکە، جێگای مشتومڕی زۆرە لەبواری ئاین و فیکر و فەلسەفە و بوارەکانی تردا. حەزدەکەم لەداهاتودا قسەیەکی لەسەر بکەم، بەتایبەتی لەچوارچێوەی ئەمڕۆ ئەمریکادا، کە خێزان و چۆنێتی خێزان و پەیوەندی خێزان و دەسەڵات بوەتە کایەیەکی سیاسی زەق. بەکورتی لە کتێبەکەی ئینجلسەوە، خێزانی پیرۆز، چەپ دیدێکی رەخنەیی هەیە بۆ خێزان. لەبەرامبەردا پارێزەرەکان خێزان وەها دەبینن کەپانتاییەکە دەبێت دەوڵەت لێی دووربێت. ئەم دوو بەرەیە لەدونیادا لەکات و زەمەنی جیاوازدا بەجۆری جیاواز بەرجەستەبووە. دونیای ئێمە بەئاگایی و بێئاگایی لە سەر هەمان ئاواز دەخوێنێت. گەر تەماشای کۆی کارەکانی شێرزاد حەسەن بکەیت هەموو ناڵینە بەدەست باوکێکەوە، کە دیکتاتۆرانە لەسەروی هەرەمی خێزانەوەیە. ئایا ئەو سەمایە لەسەردەمی کامیرادا بەشێکە لەئازادی؟ هەتا عەلمانییەکان بیکەن بەپرسی خۆیان. بەڕای من نەخێر. یەکێک لە قەیرانە میتۆدۆلۆجییەکانی عەلمانییەکان ئەوەیە کە روداوو چەمک لەیەکتر ناکەنەوە. نازانن چۆن لەڕوداوەوە بڕۆن بۆ تیورەو لەتیورەوە بێنەوە بۆ ڕووداو. هەموو سەمایەک بەشێک نیە لەسەمای ئایدیال، بەڵکو دەکرێت کردارێکی پرۆڤۆکەتیڤ بیت، کردارێکی ورژێنەر، لەپێناوی کارو کاسبیدا. یان لە پێناو تیلەیەکدا لەسەردەمی بازاڕدا. تیلە بوارێکی ترە کە ئێمە بەردەوام پیادەی دەکەین و هەتا ئێستا بۆ چرکەیەکیش لەسەری کڕ نەبوویین. تیلە، بەتایبەتی لەفەلسەفەی فەرەنسیدا بوارێکی چڕە. لەسارتەرەوە هەتا لاکان. بەڵام با فەرەنسییەکان لەئەولاوە بوەستن، چونکە بیری فەرەنسی لەهەرزەیی و هەڵەشەییدا پانتاییەکی زۆری دونیای هەرزەکاری مەعریفی ئێمەی پێکهێناوە. سەما لەسەردەمی بازاڕدا رەنگە بۆ تیلەکەیەک بێت لە پەیجێک، یوتوبێک، ئەو تیلەیەش سپۆنسەرەکەی بازاڕبێت. یانی بەرهەمهێنانەوەی لەپانتایی بازاڕدا، بەئەو فێڵەی کەئەمە لەش و لارێکی جوانە، ورە بیبینەو لەگەڵیشیدا ئەم کاڵایانە ببینە. سەمای سەردەمی بازاڕ، چ بازاڕی کاڵاو سەرمایەداری، چ بازاڕی سیاسەت و دەسەڵات، دەربڕین نیە لەئازادی. ئازادی چەمکێکی ئێجگار ئاڵۆزە کە بەرجەستەبونی هەمیشە سنورداربووە لەپێناو ئازادنەبووندا. ئازادی هەمیشە یانی نایەکسانی، بێبەریی بوون. هەموو ئەمانە پێمان دەڵێن کەدەبێت ئێمە بەئەم هەموو ئەکتەرە موزەیەفە فریو نەخۆین. ساتی سیاسی ئێمە، ساتی گەیشتی دیموکراسییە بەمانا فراوانەکەی. ئەگەر پرۆسەی بەدیموکراسی بوونی ئێمە، کۆمەڵگا ئێمە پەرتبکات بۆ بەرەی دژ بەیەک، لەفۆرمی شوناسدا خۆیان رێکبخەن، ئەوا ئێمە نابین بەخاوەن دیموکراسی. رێکخستنی شوناسی یان ناسنامەیی ئەو جۆرە رێکخستنەیە کەهاتنە دەرەوە لێی ئەستەمە. جۆرێکە لەتیرەگەرێتی. دیموکراسی بەرجەستە نابێت کاتێک بەرژەوەندی و دیدە جیاوازەکان خۆیان وەک ناسنامە بەرجەستە بکەن و لەململانێیەکی ئەزەلیدابن لەگەڵ دەرەوەی خۆیان. لێرەدا دانوستان و لەیەکگەیشتن و بەرژەوەندی گشتی و سازش و زۆر خەسڵەتی تر نایەنە بوون کەپێویستن بۆ بەرجەستەبوونی حوکمڕانی.