ئیبراهیمیزم

25/03/2021

د. سه‌ردار عه‌زیز

ئیبراهیمیزم وەک جووڵانەوەیەکی فرەئاست لەنەوەدەکانەوە لەگەشەکردندایە، بەڵام پاش یانزەی سێپتەمبەر بەگوڕ بووەوە، پاش شکستی بە دیموکراسیکردنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەپیادەکردندایە.

ئەم پرۆژەیە ناوی ئیبراهیمیزم نیە، بەڵکو ناوی خێزانی ئیبراهیمە یان ئیبراهیمییەتە، بەڵام من لێرەدا بەئیبراهیمیزم ناوی دەبەم، خۆتان دەزانن یزم، وەک پاشگرێک بۆ ئایدۆلۆژیایە.

بەهۆی تێکەڵی ئایین و سیاسەت و جیوپۆلەتیک لەم پرۆژەیەدا، بۆیە منیش وەک جوڵانەوەیەکی ئایینی/سیاسی/جیوپۆلەتیکی دەیبینم نەک تەنها ئایینی.

بەلام لەسەرووی هەموویەوە، پرۆژەی دروستکردنی حەقایەتێکی نوێیە لەکۆمەڵێک حەکایەتی کۆن.

ئیبراهیم کەسایەتییەکی تایبەتە.

لەهەرسێ ئایینە ئاسمانییەکاندا هەمان پێگەی هەیە، هەرچەندە هیچ بەڵگەیەکی ئارکۆلۆژی بۆ بوونی ئیبراهیم لەئارادا نیە، بەڵام لەدەقە ئایینیەکاندا ئامادەییەکی گرنگی هەیە.

بەگشتی دوو شوێن دیاریکراوە بۆ لەدایکبوونی، ئور لەباشوری عێراق لەگەڵ ئورفە لەباکوری کوردستان.

بەهەبوونی ئامادەیی و گرنگی لەهەرسێ ئایینە ئاسمانییەکاندا، جولەکە، مەسیحی لەگەڵ ئیسلام، ئایا ئیبراهیم دەتوانرێت بکرێت بە بنەمای کۆکردنەوەی ئەم سێ ئایینە؟

ئەم پرسیارە کرۆکی پرۆژەیەکی فرەلایەنی زانکۆی هارڤاردە لەقوتابخانەی دیڤینیتی. Harvard Divinity School (HDS). پرۆژەکە هەرچەندە چەند ساڵێکە لەئارادایە بەڵام هەنگاوەکانی کەمتر سیاسیین، بەتایبەت بەئاشکرا.

پرۆژەی سەرەکی لەئاستی کەلتوریی و گەشتیارییەوە دەستپێدەکات بەدەسپێشخەریی رێڕەوی ئیبراهیم abraham hicks وەک دەزانرێت ئیبراهیم کۆچەر بووە و بەزۆرێک لەناوچەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئەمڕۆدا سەفەری کردووە. ئەوانەی لەپرۆژەکەدا کاردەکەن لەهەوڵی ئەوەدان کە نەخشەی ناوچەکە لە رووی ئایینی و ئاستی باوەڕ و کەلتورو ململانێکانەوە بکێشن.

ئەمەش لەڕێگای میتۆدە جیاوازەکانی ئیتنۆلۆجی و ئەنترۆپۆلۆجییەوە دەکەن.

سەرەتا پرسیار بۆ پرۆژەیەکی وەها ئەوەیە کە ئایا ئیبراهیم چەندێک لەئێستای ژیانی رۆژانەی خەڵکیدا ئامادەیە؟

بەپێی دەرئەنجامی تووێژینەوەکانیان ئیبراهیم ئامادەییەکی ئەوتۆ نیە، لای خەڵکی ناوچەکە.

کەمێک پاشخان لەکتێبی The Family of Abraham: Jewish, Christian, and Muslim Interpretations خێزانی ئیبراهیم: راڤەکانی جولەکەو مەسیحی و موسوڵمانان کە کارۆل باکۆس لەساڵی ٢٠١٤ نووسیویەتی و لەزانکۆی هارڤارد لەچاپدراوە، سەرەتای بەکارهێنانی چەمکی ئایینەکانی ئیبراهیم دەگەڕێنێتەوە بۆ موسوڵماناسی فەرەنسی ناسراو لوی ماسینیون، چەمکی ئایینە ئیبراهیمییەکان لەڕووی گونجاویی کەلتوریی و سیاسییەوە باشترە لەچەمکی یەکتاپەرستەکان یان ئایینە ئاسمانییەکان.

بەکارهێنانی ئیبراهیم بەئامانجی جەختکردنەوەیە لەسەر هاوبەشێتیی نێوان ئەم ئایینانەیە.

ئەمە وەرچەرخانێکی پارادیمییە لەنێوان ئایینی ئیبراهیم و ئایینە ئیبراهیمییەکان.

بەکارهێنانی ئایینەکان لەبری ئایین، وەرچەرخانێکی عەلمانییە.

لەسەردەمی ژینگەی فیکریی ئایینیدا تەنها یەک ئایین خۆی بە ئایینی ئیبراهیمی دەزانی یان لە قەڵەمدەدات، وەک جۆرێک لەڕەسەنایەتی، بەڵام بە ئیبراهیمی لەقەڵەمدانی هەرسێ ئایینەکە، کۆتاییهێنانە بەپرسی رەسەنایەتی یان ئۆپۆنتیسیتی بەکارهێنانی ئایینەکان لەبری ئایین، وەرچەرخانێکی عەلمانییە.

لەسەردەمی ژینگەی فیکریی ئایینیدا تەنها یەک ئایین خۆی بە ئایینی ئیبراهیمی دەزانی یان لە قەڵەمدەدات، وەک جۆرێک لەڕەسەنایەتی، بەڵام بە ئیبراهیمی لەقەڵەمدانی هەرسێ ئایینەکە، کۆتاییهێنانە بەپرسی رەسەنایەتی یان ئۆپۆنتیسیتی، بەڵکو یەکسانکردنی هەموو ئایینەکانە، لەپێناو داڕشتنی بنەمایەکی نوێ لەپێناو ئامانجی نوێدا، کەجودایە لەئامانجی ئایینی.

ئێمە دەزانین رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خاڵی کۆکەرەوەی نیە، بەڵکو ئەوەی هەیەتی ژمارەیەکی زۆرە لەخاڵی پەرتەوازەیی.

ئەم پەرتەوازەییە بەهاتنی سەردەمی مۆدێرنە هێندەی تر تۆختربووەتەوە، چونکە پەرتەوازەیی ئایینی و ئیتنی و کەلتوریی و قەوارەیی و ئابوریی هەموو بوون بەهۆکاری چالاکی پەرتبوون.

لێرەدا دوو بوار بەتایبەتی گرنگن.

یەکەم کۆتایی سیاسەتی مۆدرێن یان لەڕاستیدا خیتابی مۆدرێن.

دووەم، کۆتایی نیزامی دەوڵەت نەتەوەی دەستکرد.

لەسەد ساڵی رابردوودا هەوڵی زۆر لەئارادا بووە بۆ دروستکردنی یەکەی سیاسی دەستکرد، وەک زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە.

خەسڵەتی هەرە سەرەکی ئەم یەکە سیاسییانە ناسەقامگیریی ناوەکی و دەرەکی بووە. ئەم ناسەقامگیرییانە خۆی لەشێوازی کودەتا، راپەڕین، شۆڕش، داڕمان، شەڕ، شەڕی ناوخۆو زۆر دیاردەی تردا بینیوەتەوە.

هەموو ئەمانە وەهای کردوە کەهەمیشە ئەوانیتر دەستوەردان بکەن، چونکە ناسەقامگیری دەرفەتی رەخساندووە، لەهەمانکاتدا مەترسیشی دروستکردووە.

یەکێک لەدەرئەنجامەکانی ئەم دۆخە ئەوەیە کە سیاسەت وەک کردارێکی کۆمەڵایەتی نابینرێت لەناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵکو زیاتر وەک ململانێی هێزەکان و دەستوەردان بۆ جەنگ و بەرژەوەندی دەبینرێت.

دەرئەنجامی ئەمەش ئەوەیە هەرشتێک بەناوی سیاسەتەوە پێشنیار بکرێت، ئەوا جێگای سڵەمینەوەو گومانە لای خەڵکی.

دووەم خەسڵەت، کە دەرئەنجامی یەکەمە، کۆتایی نیزامی دەوڵەت نەتەوەی دروستکراوە لەناوچەکەدا، دەوڵەتە دروستکراوەکانی ناوچەکە کەدەوڵەتی خاکی یان تیرەتۆریین، لەهەوڵی ئەوەدابوون کەنەتەوە بۆ خۆیان بونیادبنین، لەڕێگای توندوتیژی بێسنور هەتا ئاستی جینۆساید، بەڵام ئەم پرۆژەی بونیادنی نەتەوە بۆ دەوڵەت لەسەر بنەمای دەوڵەت شکستی هێناوە.

نە خەڵکی ناو پانتایی ئەم وڵاتانە بوون بەهەڵگری شوناسی ئەو وڵاتە دەستکردانە، نە ئەو وڵاتانە ئەوەندە بەهێزبوون کە بتوانن ئاسایشی خۆیان دابین بکەن.

دەوڵەتی تیرەتۆریی بۆ ناوەوە بەهێزە و بۆ دەرەوە لاواز، ئەمەش مایەی ناسەقامگیریی فرە ئاستە. لە هەناو دوکەڵی ئەم هەموو ئاڵۆزییانەدا ئایا دەتوانرێت یەکەیەکی هاوبەش لەناوچەکەدا بدۆزرێتەوە؟

ئیبراهیم وەک ئەم یەکەیە دەبینرێت. خەسڵەتەکانی ئیبراهیم چین، کە وەهای لێدەکات جیاوازبێت لەئەوانیتر؟

یەکەم، ئیبراهیم یان ئیبراهیمیزم چەمکێکی نوێ نیە بۆ ناوچەکە، بەڵکو کۆنترین چەمکە، کە کۆمەڵێک خەسڵەتی تایبەت لەخۆی دەگرێت، وەک کۆکردنەوەی جیاوازییەکان، هەبوونی رەگێکی ئایینی جودا لەسیاسی و فەلسەفی.

مێژووی نوێی ناوچەکە دەریدەخەن کە خەڵکی ئەم ناوچەیە بەئاسانی ناتوانن یان نایانەوێت چەمکی سیاسی و فەلسەفی نوێ قبوڵ بکەن.

دووەم، ئیبراهیم وەک چەمکێک رەنگە ببێتە بەدیلی نیزامی دەوڵەتی تیرەتۆریی و دەوڵەتی نەتەوە.

ئەم نیزامە یەکەیەکی گەورەتر دروست دەکات کەڕەنگە بەرگەی مانەوەی زیاتربێت. ئەگەر سەرکەوتوبێت ئەوا ئەو بۆشاییە کەمدەکاتەوە کەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ نەیبووە، ئەویش هێزێکی هەژمۆنە.

بەپێی رایمۆن ئارۆن، یەکێک لەبنەماکانی هەبوونی ئاشتی لەئاستی نێودەوڵەتیدا بوونی هێزێکی باڵادەستە. سێیەم، ئیبراهیم رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی نزیک تێکەڵ دەکات.

ئەمەش لەئاستی سیاسەتی باڵادا گرنگە، چونکە پێکەوەگرێدانی ناوچەکە بەڕۆژئاواوە، دەبێتە رێگر لەبەردەم شارستانیەتەکانی تردا، بەتایبەتی کۆنفۆشیوسی چینی و هەتا ئاستێک ئۆرسەدۆکسی روسی. چوارەم، کرانەوە بەرامبەر ئیسرائیل. ئەم هۆکارە کەهەتابێت زیاتر واقیعی دەبێت، بەتایبەتی پاش رێککەوتنی ئەبراهام لەنیوان وڵاتانی کەنداوو ئیسرائیلدا.

ئیسرائیل لەم رێکخستنە نوێیەدا تەنها لایەنی جولەکە نیە، بەڵکو لایەنی بان-مۆدێرنە کە دابینکەری هەموو تەکنەلۆجیا نوێکانە کەوەها دەکات، ئەم یەکەیە سەرباری بوونی شوناسێکی زۆر کۆن، خاوەن تەکنەلۆجیاو ئامرازی نوێش بێت.

لای قوتابخانە کۆنەکەی عەرەبە ناسیونالیستەکان ئەم پرۆژەیە هەنگاوێکە بۆ نەک ئاساییکردنەوەی ئیسرائیل لەناوچەکە، بەڵکو بەکردنی بەکۆڵەکەی سەقامگیریی و زانیاری و زانست دەبینرێت.

بۆیە عەرەب پان-ناسیونالیستەکان وەهای دەبینن کە تەنها لەخزمەتی ئیسرائیلدایە. بێگومان بەهێز، لەهەناو هەر یەکەیەدا زۆرترین قازانج دەکات بنەمای ئایینی/سیاسی، یەکێکە لەو کۆمەڵە پرۆژانەی تر کە لەناوچەکەدا بەڕێوەدەچن. پرۆژەی پێکەوەگرێدانی بۆری غاز، پرۆژەی تایفییەت، پرۆژەی باڵادەستی تورکی لەئەنجامی شکستی هەموو ئەوانیترو کشانەوەی ئەمریکا، پرۆژەی یەک پشتێنە یەک رێگای چینی. .

ئایا کورد چۆن دەبێت لە ئەم پرۆژەیە تێبگات و مامەڵەی لەگەڵدا بکات؟

کاتێک لە فەیسبوکەکەم پرسیاری ئەوەم کرد ئایا ئیبراهیم کۆمان دەکاتەوە؟

مەبەستم لەپرسیارەکە ئەوەبوو کە، ئایا هەتا چەندێک ئەم پرۆژەیە لەناو کورددا ناسراوە، لەهەمانکاتدا هاوڕێیانم چۆن ئەم هەوڵە دەبینن؟؟ وەک لەوەڵامەکاندا دیاربوو، ئاگاییەکی ئەوتو لەم پرسە لەئارادا نەبوو.

لەهەمانکاتدا بەشی زۆری ئەوانەی بەسوپاسەوە وەڵامیان دابووەوە، ئیبراهیمیان وەک کەسایەتیەکی ئایینی دەبینی، نەک وەک ئایینی هەناو چوارچێوەی عەلمانی. ئەمڕۆ ئێمە لەسەردەمێکداین کە ئایین چیدی وەک پارادایمێکی سەربەخۆ بوونی نیە، بەڵکو ئایین وەک بەشێک لەدونیای عەلمانی بوونی هەیە.

پرۆژەی ئیبراهیم بۆ ڕێکخستنی نیزامی ناوچەکە لەسەر بنەمای ئایینی/سیاسی، یەکێکە لەو کۆمەڵە پرۆژانەی تر کە لەناوچەکەدا بەڕێوەدەچن.

پرۆژەی پێکەوەگرێدانی بۆری غاز، پرۆژەی تایفییەت، پرۆژەی باڵادەستی تورکی لەئەنجامی شکستی هەموو ئەوانیترو کشانەوەی ئەمریکا، پرۆژەی یەک پشتێنە یەک رێگای چینی. پرۆژەی ئیبراهیم بۆ کورد سودو زیانیشی هەیە. لەسوودەکانی دروستکردنی کۆمەڵێک یەکەی فیدڕاڵی لەناوچەکە لەبری دەوڵەت. ئەمە ئەگەری هەیە ببێتە هۆکاری دروستبوونی چەند یەکەیەکی فیدڕاڵی کوردی هاوشان بەیەکەکانی تر.

ئەوەی ئاماژەی بە ئەم پرۆژەی فیدڕاڵییە کردووە، زاواکەی دۆناڵد ترەمپ، جێرارد کۆشنێر بوو.

لەلایەکی ترەوە دروستبوونی یەکەی گەورە کورد لەهەناو خۆیدا قوت دەدات.

ئایا ئەم پرۆژەیە چەندێک خەیاڵییەو چەندێک واقیعیی ئەوە پرسێکی ترە.

بەڵام لەئاستی ئینتلێکچواڵیدا بەشێکە لەوێناکردنی ناوچەکە، لەلایەن زلهێزەکان و هەندێک لەیاریکەرو ئەکتەرەکانی ناوچەکەوە.

ئێمە دەبێت بەووردی چاودێری بکەین.

سەردانەکەی پاپا، بەئامانجی ئەوەبێت یان نا، بەڵام راستەوخۆ دەچێتە خزمەتی ئەم پرۆژەیەوە لەدوو ئاستدا، ئاستی یەکەم، زیندوکردنەوەی ئیبراهیم، ئاستی دووەم، هەوڵدان بۆ لەیەکترنزیکبوونەوەی ئایینەکان.