رامان لەکامپەینی هەڵبژاردن

07/10/2021

د. سه‌ردار عه‌زیز





رۆژانی پێشوو لەهەولێرەوە تا سلێمانی و گەرمیان هاتم، وێنەکان دیمەنێکی بانگەشەییان دروستکردووە، بەڵام کەشەکە هەتا ئاستێکی زۆر بێ گیانە. پۆستەرەکان بێ پەیامن، وێنەیەکی گەورە و ژمارەیەک و هیچی تر. ئەو پەیامانەش کە بینیم هەڵگری ناواخنێکی وەها نەبوون. وەها دیارە کە سیاسەت جۆرێکە لەنمایش، لە بینین نەک لەگفتوگۆ. بەڵام کرۆکی کەمپەین پەیوەندیگرتنە. لە نمایشدا پەیوەندی ناگیرێت، بەڵام سەرنج رادەکێشرێت یان ئاگایی دەدرێت. 


وەها دیارە ئێمە بەبێ ئەوەی مۆدرێن بین، هەڵدراوینەتە ناو دونیای پۆستمۆدێرنە. لەمۆدێرنەدا نووسراو شێوازی دەربڕین و گوزارشت بوو، لەپۆستمۆدێرنەدا وێنا، ئیمج.  ئەم بێدەنگییە، بێ پەیامییە، بێ ناواخنە، دەرخەری دۆخی سیاسی ئێمەیە، کە توانای گفتوگۆی نەماوە یان هیچی نەماوە بۆ وتن. گەر وێنەی کاندید گەورەترین پانتایی پۆستەر داگیر دەکات، ئەوا ئەم سیستەمە نوێیەی هەڵبژاردن، هێندەی تر کەمپەین دەکاتە پرسێکی شەخسی. ئامانجی ئەم سیستەمە نوێیە ئەوەیە کە حەکایەتە گەورەکان کۆتایی پێبهێنێت و کاندید بکاتە کەسایەتییەک کە نوێنەرایەتی ناوچەیەکی سنوردار و خەڵکێکی دیاریکراو بکات و خەمەکانی ئەوان، خەمە بچکۆلەکانیان بکاتە مژاری سیاسی.


لەئەدەبیاتی تایبەتی دونیای نوێنەرایەتیدا ئەم جۆرە بە دیلیگەیت ناسراوە، کە جیاوازە لە ترستیی. ترەستیی، کەسی نوێنەری خۆی لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنەکان و تێگەیشتنەکانی خۆی بڕیار دەدات، بەڵام دیلیگەیت، گەیەنەری خەمی ئەوانیترە.  ئامانجی ئەم وەرچەرخانە لە جۆری نوێنەرایەتی لەسیستەمی نوێدا ئەوەیە کە حەکایەتە گەورەکان لەعێراقدا حەکایەتی کینە و خوێنڕشتن و پەرتبونن، بەڵام سەرباری ئەوە، ئەم وەرچەرخانە رووینەداوە، چونکە ئەگەر رێساکە گۆڕاوە، بەڵام ئەکتەرەکان نەگۆڕاون.
 لە دۆخێکی وەهادا چاوەڕێ دەکرا کە سەربەخۆکان خاوەن وردە حەکایەت بن. بەڵام سەربەخۆکان بەگشتی سێ بەشن، ئەوانەی لە حزبەکانیان تەرا بوون، ئەوانەی کە حزبیین، لە گەڵ ئەوانەی کە نوێن. ئەوانەی کە پێشتر ئەندام بوو و هەوڵدەدەن جاری دووەم ببنەوە بە ئەندام، تەنها دروشمی بەردەوامبوونیان داناوە، کە دروشمێکی نیمچە مردووە.  بەگشتی دووبارە کاندیدبوون لەناو ژینگەی سیاسی کوردستان و کۆمەڵگادا بەکارێکی باش نابینرێت.


هۆکاری سەرەکی ئەمەش ئەوەیە کە بوون بەئەندام پەرلەمان وەها دەبینرێت کە کارێکی ئابوری یان پارە پەیداکردن بێت نەک کارێکی سیاسی و نوێنەرایەتی و حوکمداری. بۆیە پرسی ئەزمون و قاڵبون هێندە بە هێند وەرناگیرێت. دەگمەنە لە دونیادا ئەندام پەرلەمان زۆرینەیان تەنها یەک خول بن. ئەگەر کەسێک تەنها یەک خول ئەندام بێت ئیتر هیچ پاڵنەرێکی نیە بۆ ئەوەی فێربێت، ئەزمون وەربگرێت، خەمی دەرچوونەوە بخوات. لەئەدەبیاتی نوێنەرایەتیدا، تاکە پاڵنەری راستەقینەی هەموو ئەندامێک ئەوەیە کە چۆن دەربچێتەوە، کاتێک ئەم پاڵنەرە نامێنێت ئەوا رەفتارە جیاواز دەبێت.  بەڵام هەموو ئەمانە لەکەشی بازاڕی سیاسییدا بەڕێوە دەچن.


ئەم بە بازاڕبوونەی سیاسەت، لێرەدا مەبەستم لەبازاڕ چەمکی بازاڕیی نیە، بەڵکو مەبەستم مارکێتە، وەها دەکات کەکۆمەڵگا و سیستەم و حکومەت و دەوڵەت هەموو ببن بە کاڵا. بە داخەوە خەڵکی ئاسایی بەئاگایی و بێ ئاگایی راستەوخۆ لەم پرسەدا بەشدارن. زۆرینەی خەڵک کاتێک باس لەسیاسەت دەکەن ئابورییانە دەدوێن، چەمکەکانی وەک سودمەندبون، موچە، موچەخۆر، گەندەڵی هەموو دەرخەری ئەو راستییەن کە پارە یان ئابوری کرۆکی سیاسەتە نەک بەهاکانی تر .


 دیارە جوداکردنەوەی سیاسەت و ئابوری هەڵەیە. ئەمە هەڵەیەکە کە نیولیبرال و مارکسییەکان بە یەکسانی دەیکەن. کەسێک کە هاوکاریمان دەکات بۆ ئەوەی لەجودانەبوونی ئەم دوو پرسە تێبگەین، ئابوریناسی گەورە کارل پۆلانییە.  ئابوری و سیاسەت لەیەکتر جودانین و نابێت وەک دوو نەیار ببینرێن. بەڵکو دەبێت لە کایەی گشتیدا تێهەڵکێش بکرێن. سیاسەت بۆ بەڕێوەبردنی ئابورییە بۆ سودی گشتی.


ئابوریش توانابەخشە بە سیاسەت بۆ سودی گشتی.  زاڵبونی پارە، وەهایکردوە کە ئایدۆلۆژیا، دونیابینی، هاودیدی چیدی بوونی نەماوە لە ناو کایەی پارتە سیاسییەکاندا. بزوتنەوەیەکی وەک نەوەی نوێ، بۆ نموونە، چونکە خاوەن هیچ کام لە ئەم خەسڵەتانە نیە، بۆ خۆ پاراستن لەوەی کە ئەندامەکانیان هەڵنەوەرێن وەک پارتەکانی تر بووە بە بزوتنەوەیەکی خێزانی و بەئاستێک شەرم دەکەن لەهەڵواسینی وێنای کاندیدەکانیان.  لەم بانگەشەیەدا بەگشتی دوو هەقایەت زاڵن. هەقایەتێکیان یەکڕیزی و موچە و خزمەتگوزاری لەچەمکەکانین، کۆمەڵە چەمکێک کە خواستی گشتییە، لەئێستادا، بەڵام پێی وایە بە هاوکاری لەگەڵ بەغدادا فەراهەم دەبن. هەقایەتی دووەم، کە هەقایەتی پارتییە، پێگەی پارتی و پێگەی کوردستان پێکەوە دەبەستێت: بەهێزبوونی پارتی یەکسانە بە بەهێزبونی کوردستان. ئەم هەقایەتە، زیاتر رکەبەریی و دیدی ئاسایشی بەسەریدا زاڵە. لەکاتێکدا لە ناواخنی هەردوو حەکایەتەکەدا روونە کە پاش هەڵبژاردن لەبەغدا دەچنە یەک ریزەوە، بەڵام ئێستا بۆ تاکتیکی هەڵبژاردن لە نەیارێتییەکی کاتیدان. ئەم نەیارێتییە کار لەسەر ختۆکەدانی دەمارەکانی شەڕی ناوخۆی کوردی دەدا. بەڵام رەنگە دوا وەنەوزی بێت.


 بێگومان کورد پێویستی بە هێزە لەبەغدا، بەڵام بەرهەمهێنانی هێز تەنها بەمیتۆدە تەقلیدییەکان نابێت.  کاندید لەم بانگەشەیەدا خەسڵەتێکی جوداتری هەیە. بە گشتی لەکوردستان و عێراقیشدا، کەسایەتی سیاسی گەورە بەشێک نین لە پرۆسەی هەڵبژاردن. ئایا ئەمە لەترسی ئەوەیە کە دەنگی کەم دەهێنن یان سیستەمی هەڵبژاردنەکە کە سنورداریان دەکات بەناوچەیەکی بچووک، وەهایان لێدەکات چیدی دەنگە فەلەکییەکان نەهێنن و کاریزمای خۆیانی لەسەر بونیاد بنین لەبەرچاوی هەوادارانیان. رەنگە زیانی ئەم سیستەمە لەئەوەدابێت کە هێندە زیاتر پەرلەمان پڕ دەکات لەکادیری ناوەندنی کەدەسەڵات و پێگەو توانای کەمترەو هێندەی تری سەرۆکی حزبەکان زاڵتر دەکات. داڕێژەرانی فیکرەی یاسا نوێیەکە لەوەدا هەڵەبوون کە وەهایان وێناکردووە کە پەرلەمان خاوەن سەروەریی و دەسەڵاتی راستەقینەیە. بەڵام لەسایەی چەکدا ئەمە جگە لەخۆشخەیاڵییەک هیچی تر نیە. 


چەند رۆژێک لەمەوپێش لەسلێمانی لە گەڵ شۆفێری تاکسییەکدا کەوتمە گفتوگۆ. کابرای شۆفێر جاران دەنگدەری کۆمەڵ بوو، بەڵام ئێستا دەنگی نەدەدا بەئەوان چونکە باوەڕی وەها بوو کە کۆمەڵ بەرەو ئەوە دەڕوات کە قۆرخکرابێت. دەیگوت ناتوانێت دەنگ بدات بەهیچ کام لە حزبە عەلمانییەکان.


ئەوەی جێگای سەرنجە کە چۆن کۆمەڵ توانیویەتی ئەم ئەفسانەی عەلمانی و ئیسلامییە بەکاربەرێت بۆ لە قەفەس نانی هەوادارانی. کاتێک پێم گوت، ئەگەر دین لەسیاسەت جودا نەبوایەتەوە لەئەوروپا، زانست بەرهەم نەدەهات، دەسەڵاتەکانی تر وەک دەوڵەتی مەدەنی و خوێندەواریی بۆ هەمووان بوونی نەدەبوو، تۆش ئێستا نە ماشینت هەبوو، نە رێگاوبان. لەوەڵامدا وتی ئاینی ئەوان جیاوازە لەئاینی ئێمە. ئایینەکان رەنگە لەناوەڕۆکدا جیاوازبن، بەڵام لە بونیاد و کردارو پیادەکردنی دەسەڵاتدا هەمویان هاوشێوەن.  بەگشتی شەقامەکان هێمنن، ئەگەر وێناکان لاببەی هێندە هەست ناکەی کە رۆژانی بانگەشەیە. ئەم بێدەنگییە لە پشتییەوە چەمکێک هەیە کە بایکۆتە. بایکۆت کردەیەکی سیاسییە و چەمکێکی ئینگلیزییە کە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی نوزەدە، بۆ کەسایەتی چارڵس بۆیکۆت، لە ئایرلەندای سەردەمی کۆلۆنیالی بەریتانیدا. بایکۆتکردن هیچ نیە جگە لەپاشەکشە و جۆرێک لەخەمۆکی سیاسی. هاتنەدەرەوە لەکایەی سیاسەت هیچ دەسەڵاتێک بەمرۆڤەکان نابەخشێت. بەڵکو لەدۆخێکی وەک کوردستان و عێراقدا زیاتر خاوەن دەسەڵاتە تەقلیدییەکان دەهێڵێتەوە.


ئەمە لەکاتێکدا دەنگدان مانای ئەوەنیە کەدەبێتە مایەی هیچ گۆڕانکارییەکی خێرا، بەتایبەتی لەدۆخێکدا کەئەکتەرەکان بەدباوەڕن. لەدۆخێکی سیاسی وەک کوردستاندا، مرۆڤ بەهیچ نەکردن نابێت بەخاوەن هیچ. هەمیشە لەهەموو هەڵبژاردنێکدا بایکۆت بوونی هەبووە، بەڵام تەنها مۆدەیەکی پایزیی ماوە کورتەو هیچی لێ سەوز نابێت.