شایەتەکانی پوتین

18/11/2018

د. سه‌ردار عه‌زیز

ڤیتالی مانیسکی تۆزێک وورگنە. ئینگلیزییەکەی دوکەڵ ئەکات. لە نەوەی شەستەکانە. لە گەڵ هاتنی پوتین بۆ دەسەڵات، لە یەکەم هەڵبژاردنی پوتین ڕادەسپێردرێت بە ئەنجامدانی فلیمی دۆکیومێتەری دەربارەی پوتین وەک پروپاگەندە بۆ ئەو. دۆکیومێنتی شایەتەکانی پوتین بەشێکە لەو پرۆسەیە.
هەموو شتێک لە کریسمسی ١٩٩٩ دا دەگۆڕێت، کاتێک کاتێک بۆریس یلتسن بڕیاری وازهێنان دەدات و پوتین ڕادەسپێرێت بە سەرپەرشتیکردنی حکومەتێکی کار بەڕێوەبەر هەتا هەڵبژاردنی داهاتوو، کە چەند مانگێک پاش ئەوە ئەنجامدرا. پوتین پۆستەکە دەقۆزێتەوە و بانگەشەیەکی باش دەکات، دەچێتە هەموو جێگاکان، سەردانی تایبەت و سیمبولی گەورە دەکات، بۆ لای کەسایەتی، کارگە، شار. هەرە دیاریان سەردانیەتی لە گەڵ تۆنی بلێردا بۆ پیترسبۆرگ.

بەڵا ڤیتالی پێمان دەڵێت کەمپەینی پوتین لە ساتەوەختێکی تایبەتەوە دەست پێدەکات، کاتێک ئەو تەقینەیەوەیەک لە یەکێک لە باڵەخانەکانی شاری مۆسکۆدا رێکدەخات کە خەڵكی ئاسایی تیادا دەژین. پاش ئەنجامدانی تەقینەوەکە دەچێتە شوێنی تەقینەوەکە و وەک کەسێکی خەمخۆر و بەهێز خۆی دەردەخات. ئامانج لە ئەمە، یەکەم، ناساندیەتی بە خەڵكی، دووەم، گەیاندنی پەیام کە دۆخەکە ترسناکە، سێیەم، هەرچەندە دۆخەکە وەها بەڵام کەسێک بەڕێوەیە کە دەتوانێت ئیدارەی بکات. بە کورتی ترس بەرهەم بهێنە بۆ ئەوەی خەڵك بڕوا بهێنن کە بوونی کەسێکی بەهێز پێویستە.

پوتین لە ماوەیەکی کورتدا جەماوەرەکەی لە ٢٪ دەبێتە نزیکەی ٥٠٪. هاوتەریب بە ئەمە ئێمە لە دۆکیومێتەرییەکەدا زۆر لە نزیکەوە، ناو ماڵی یڵتسن دەبینین. یەکێک لەو خەسڵەتانەی کە لە سەردەمی دەسەڵاتی یلتسندا هاتەوە ناو سیاسەتی روسی خێزان بوو. وەک کوردێک تێدەگەیت کە خێزان چی دەکات لە سیاسەت.

وەک هەموو نمایشەکانی دەسەڵات زۆربەی کات لە دەوری مێزی نانخواردن و خواردنەوە و گفتوگۆ و تەماشای تەلەفزیونە. ئەمانە هەموو خەسڵەتی دەسەڵاتن لە کۆن و لە ئێستادا. پوتین سەردەکەوێت بە نزیکەی ٥٠٪ لە هەڵبژاردنەکاندا. ئایا پوتین چیدەکات، لە یەکێک لە سەردانەکانیدا بۆ لای مامۆستا کۆنەکەی مێردی مامۆستاکە، بە پوتین دەڵێت، سەرۆک وەک باخەوان وەهایە، دەبێت هەمیشە چاوی لە باخەکەی بێت و ئەو گیاو و گۆڵانە بژارکات کە زیادەن. پوتین بە دەم زەردەخەنەیەکەوە دەڵێت، ئێمەش ئەوە ئامانجمانە بەڵام جارێ با شەرعیەتی هەڵبژاردن بە دەستبهێنین.

پوتین لە شەوی سەرکەوتندا لە دەوری مێزێکی پڕ خۆراک و پڕ شەراب لە گەڵ کەسە نزیکەکانیدا کۆدەبێتەوە، چاوەنواڕی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکانە. پاسان ڤاتالی پێمان دەڵێت، جگە لە میدڤێدڤ، هیچ کەسێکی تر لەوانە کە لە دەوری ئەو میزەبوون ئێستا نەماون لە گەڵ پوتیندا، یان کوژراون، دوورخراونەتەوە یان پەراوێزخراون. تەنانەی لودمێلای ژنیشی کە پوتین تەڵاقی دا. 

دۆکیومێتەرییەک پوتینمان لە نزیکەوە پێدەناسێنێت. ئەو کەسێکی ئاساییە، زمانی جەستەی هاوتا نیە لە گەڵ نیازیدا. لە هەڵسوکەوتیدا وەک کەسێکی ئاسایی دەردەکەوێت، ئەوە نەبێت کاتێک کە کەسێک ئاگای لە خۆی نیە، ئەو تیلەیەکی سیخوڕیانەی بۆی هەیە. کە جۆرێکە لە چاودێری بۆ ناسینەوە و هەڵسەنگاندنی کەسەکان.
دۆکیومێنتەکە پاش ئەوە هەموو خەسڵەتەکانی دەسەڵات و گومان و فشار و تەنهابوونی زیاتری پوتینمان بۆ دەردەخات. وەک درێدا دەڵێت سەروەر ئاژەڵێکی تەنهایە. دیارە بێگومان تەنهایانەش دونیا دەبینێت.
لێرەدا چەند خەسڵەتێکی دیکتاتۆربوون باس دەکەم بۆ ئەوەی لەوە زیاتر درێژی پێنەدەم.
بۆ من ترەمپ دیکتاتۆرێکی ئاسایی بوو. دیکتاتۆر کۆمەڵێک خەسڵەتی هەیە:

یەکەم، کە دێتە سەر دەسەڵات هەموو ئەو کەسانەی لە گەڵیدا هاتوون لە ناویان دەبات، ئەوەی سەددامتان لە یادە کە هاوار دەکات، اطلع. ئەمە بە ئامانجی ئەوەی کە هیچ کەسێکی تر هەمان شەرعیەت و مێژوو و پێگەی نەبێت. خۆی بێت و خۆی.

دووەم، بە تەنها هێشتنەوەی خۆی، دیکتاتۆر پەیامی ئەوە دەدات کە کەس هەتا سەر نیە خۆی نەبێت، هەموو ئەوانی تر دێن و دەچن. ئەمە سیفەتێکی خوداییە کە دیکتاتۆر عەشقیەتی. دیکتاتۆر خۆی بە خودایەکی بچکۆلە دەبینێت. دیارە خودا لە خەیاڵدانی مرۆڤەکان و ئاینەکاندا.

سێیەم، دیکتاتۆر بە دوورخستنەوە و بەردەوام گۆڕینی کەسەکان لە هەناوی هەموو ئەوانەی کە لە دەورین بارێکی دەرونی وەها دەهێنێتە ئاراوە، کە بە هەرکەسێک ووترا بڕۆ دەبێت بڕوات.

چوارهەم، پوتین لە سەرەتادا هەندێک کاری باش دەکات، چینێک لە کۆمەڵگای روسی لە خۆی ڕازی دەکات، ئەو کەلتورە درێژە پێدەدات کە لە قەیسەر و ستالین دا بەردەوامی هەیە. بەمەش پیویستی بەوەیە کە بەهێز دەرکەوێت و کار بۆ ئەوە بکات کە روسیا بگەڕێنێتەوە نیو شانۆی نێودەوڵەتی. سیاسەتی دەرەوە هەمیشە پانتاییەکی ئاسانە بۆ زاڵبون بە سەر کێشەکانی ناوەوە. ئێستا لە کەسی ماکرۆندا دەیبینین. ماکرۆن لە ناو فەرەنسا بەرەو رسوابوون دەچێت، بەڵام بۆ ئەوەی خۆی رزگارکات دێت مل لە ملی ترەمپ ئەدات، هەتا لە ناوەوە بڵێن سەرۆکێکی بەهێزە.

پێنجەم، کاتێک لە ٢٠١٢ پوتین پەیامی ئەوە دەگەیەنێت کە ئەو لەو کەسانە نیە بروات، ئەوا دەوڵەت دەبێت بە ئەو. نەیاری ئەو دەبێتە دوژمن دەوڵەت. ئەوەی پوتین نایخوازێت لە روسیا جێگەی نابێتەوە. وەک دەرهێنەری ئەم دۆکیومێنتەرییە.