بایدن و ئەردۆگان: پاش دیدار

15/06/2021

د. سه‌ردار عه‌زیز

لە بەر ئەوەی درامایەکی زۆر لە نێوان ئەمریکا و تورکیادا ڕویداوە لە ماوەی چەند ساڵی رابوردودا، دیداری بایدن و ئەردۆگان هێندە فۆکەسی خرابوە سەر، پرسە سەرەکیەکان لە بیر کرابوون.
بایەخدان بە وێنە و کات و چی وترا و چی نەوترا، بە کوردییەکەی ووتی ووتی، مەگەر زۆر بە ووردی لە میانە پرۆسیەکی خیتابی و ئاگایی ووردا هەڵسەنگێندرێت ئەگینا هێندە سودی نابێت.
قەیرانێکی گەورە هەیە لە پرۆسەی تێگەیشتنی کورددا، گوایە ئەگەر هەواڵێک یان درامایەک دابڕێژیت بەو جۆرە کە دەتەوێت، ئەوا دونیا وەهای لێدێت. ئەمە یاریی خۆ خافڵکردنە.
دیدارەکە وەها دەردەکەوێت کە هیچ شتێکی گەورەی تیادا ڕونەدابێت. کاتێک بایدن بە ڕۆژنامەنوسانی گوت دیدارێکی باش بوو، هەر زوو لێی پەشیمان بوەوە و وتی هیچم نەگوتوە.
کرۆکی پرسەکە ئەمەیە:
ساڵانێکی زۆر تورکیایەک هەبوو کە هەرگیز لە فەرمانی ئەمریکا دەرنەدەچوو. ئەم تورکیایە لە جێگایەکی گرنگدابوو، ئەمریکا زۆر پێویستی پێ بوو. ئێستا ئەو تورکیایە گۆڕاوە و مەرج نیە هەمیشە بەو جۆرە مامەڵە بکات کە ئەمریکا و ناتۆ دەخوازن.
ئەم وەرچەرخانە بۆ کورد گرنگە. یەکەم قەیران ئەم بۆشاییە دروستی دەکات ئەوەیە، ئەگەر تورکیا هاوپەیمانێک نیە کە هەمیشە بەبێ مەرج بەپیر داخوازییەکانەوە بێت، ئەوا ئەمریکا دەبێت ئەو بۆشاییە پڕ بکاتەوە کە لە ئەنجامی هاوکاریی نەکردنی تورکیا دروست بوە. 
ئایا کورد دەتوانێت ئەم بۆشاییە پڕ بکاتەوە؟ ئایا تورکیا دەهێڵێت کورد ئەم بۆشاییە پڕ بکەنەوە؟ کاتێک تیمی سی ئای ئەی دێن بۆ کوردستان لە ساڵی ٢٠٠٢ بۆ زەمینەسازی بۆ هێرشی ئەمریکا بۆ عێراق، بەبێ ئەوەی بیر لە تورکیا بکەنەوە پەیمان بە کورد دەدەن کە چەکی کاریگەرییان پێبدەن، بەڵام کاتێک دەیانەوێت بریارەکە جێبەجێبکەن، دەستوبرد ڕوبەڕوی تورکیا دەبنەوە وەک ڕێگر.
کەواتە ئەمریکا ئەگەر بیەوێت سود لە کورد ببینێت بۆ ئەوەی ئەو بۆشاییەی پێ پڕبکاتەوە، ئەوا دەبێت لە گەڵ تورکیادا بکەوێتە رکەبەرییەکی سنوردار یان سازش بکات.
ئەم هاوکێشەیە هەتا ئێستا نەک بۆ ڕۆژئاڤا، بەڵکو بۆ باشوریش ئاسان نەبوە. ئەم بنەمایەیە پەیوەندی کورد لە گەڵ هێزەکانی باشور و ڕۆژئاڤا و تەنانەت پەکەکەش دادەڕێژێت.
هێزە کوردییەکان لە بڕی ئەوەی ئاسانکاری بکەن و سود لەم دەرفەتە زێڕینە وەربگرن، زیاتر سەرقاڵی شەڕی یەکتر و خیتابی ئەفسوناویی و تێنەگەیشتن لە واقیع و بێتوانایی لە مامەڵەکردن لە گەڵ واقیعدا.
کورد بە گشتی لە وەهمی ئەوەدا دەژی کە پلان و پیلان و دیدی نەگۆڕ لە ئارادایە. بەڵام میتۆدۆلۆجی سیاسەت لە سەر ئەو بنەمایە داڕێژراوە، کاتێک هەنگاوێک دەنرێت، ئەوەی بە دەست دێت یان لە دەست دەدرێت لە ئەنجامی ئەو هەنگاوە، دەبێتە بنەمای هەنگاوی داهاتوو. کەواتە ئێمە ڕێگامان لە بەردەمدا نیە، ئەوەی هەمانە هەنگاوەکانن، کە پاشان ڕێگا دروست دەکەن. بۆیە ئەگەر هەنگاوەکان لە دەست بدەیت ناتوانیت ڕێگا بە دەست بهێنیت. 
هەردوو بایدن و ئەردۆگان دەیانزانی دیدارەکە ڕوکەشە. پێش ئەوەی سەفەر بکات بۆ برۆکسل تورکیا لە گەڵ چیندا ڕێکەوتنێکی گەورەی دارایی ئەنجامدا. ئەوەی پێشبینی دەکرێت ئەوەیە کە ڕەنگە هەردوو لا جۆرێک چاوپۆشی لە یەکتر بکەن، ئەمریکا لە بواری ڕۆکێتەکان و تورکیا لە بواری ڕۆژئاڤا. بەڵام چونکە تەنها چاوپۆشییە ئەوا لە میدیادا ناوترێت. هەردوو سەرۆک وەها بیر دەکەنەوە کە کات لە بەرژەوەندییانە. لە هەمانکاتدا لە میانەی خیتابی گشتی بەهێزکردنەوەی ناتۆ و پەیوەندی ئەتلانتیک ڕەنگە بایدن زمانی پۆزەتیف بەکاربەرێت کە مەرج نیە کرداری پۆزەتیفی بە دوادابێت.