عەلمانۆفۆبیا / ئیسلامۆفۆبیا

23/02/2021

د. سه‌ردار عه‌زیز

چەمکی ئیسلامۆفۆبیا دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لەسەدەیەک لەمەوپێش لەڕۆژئاوا.

بەکورتی یانی ترس لەئیسلام. ترس یان فۆبیا، زۆرجار یانی هەستێکی ناعەقڵانی. بەم پێیە ئیسلامۆفۆبیا یانی هەبونی ترس، یان دروستکردنی ترس لەسەر بنەمای هەڵە، لەبەرامبەر ئیسلامدا.

ئەم پرۆسەی هەڵەو ترسە ئاڵۆزە و لەشێوازی جیاوازدا دەردەکەوێت، بۆ نموونە گشتاندن، جۆرێکە لەترس.

بەجەوهەرکردن، کە یانی بڵێیت ئەمە کرۆکی ئیسلامە، ئەمەش جۆرێکە لەکورتکردنەوەو سنوربەندکردن، کەهەڵەیە. هەروەها لەشێوازی زۆر زەقتردا دەردەکەوێت وەک بوختان، درۆ، کینە. هەموو ئەمانە بۆیە روودەدەن چونکە ململانێی سیاسی هەیە لەنێوان ئیسلام و ئەو هێزانەی تر کە رکەبەری ئیسلام دەکەن. ئەمە بەگشتی وەها دەردەکەوێت کە لەڕۆژئاوا پیادە دەکرێت بەڵام هەندێک لێکۆڵەر بڕوایان وەهایە کەهەندێک رژێمی سیاسی کۆمەڵگا ئیسلامییەکان، زۆر لەئەوانیتر ئیسلامۆ فۆبیاترن. 

لەم مێژوو و رووداوانەوە بۆمان دەردەکەوێت کەئیسلامۆفۆبیا میتۆدێکە بۆ ترساندنی خەڵک لەئیسلام. زۆرجار ئەم ترساندنە هەڵەیەو بۆ ئامانجی سیاسی بەکاردێت. بەکورتی ئیسلامۆفۆبیا پروپاگەندەیە دژ بەئیسلام. بەم پێیە ئیسلامۆفۆبیا هەڵەیە، چونکە لەپانتایی عەقڵدا روونادات، بەڵکو لەپانتایی دەروون و سایکۆلۆجیادا بەڕێوەدەچێت.

ئیدوارد سەعید وەک رەخنەگرێکی رۆژئاواو داکۆکیکەرێکی رۆژهەڵات، هێڵێکی درێژبووە لەنێوان دژە سامیەت و ئیسلامۆفۆبیادا دەبینێت لەڕۆژئاوا.

بۆنی موسڵمان بەجولەکەی جاران، یەکێکە لەخیتابەکانی ئەمڕۆی ئیسلامییەکان لەئەوروپا.

بەپشتبەستن بەم پاشخانە دەتوانین قسە لەدژە عەلمانیەت یان عەلمانۆفۆبیا بکەین لەکۆمەڵگای ئێمەدا.

چەمکی عەلمانیەت یان سیکیولەر چەمکێکی نوێیە لەدونیای ئێمەدا. دەتوانین بڵێین مێژووی عەلمانیەت و مێژووی ئیسلامی سیاسی هەمان مێژووە. دیارە دەبێت پەیوەندی ئیسلامی سیاسی و عەلمانیەت، لەگەڵ ئیسلام و عەلمانیەتدا جودا بکەینەوە.

بەگشتی لەهەردوولاوە، چ لای ئەوانەی کەخۆیان بەعەلمانی دەزانن و چ لای ئەوانەی کەخۆیان بەئیسلامی دەزانن، شەڕێک لەئارادایە. بەم پێیە لەدونیای ئێمەدا ململانێیەک لەنێوان ئیسلام و عەلمانیەتدا نیە، بەڵکو ململانێیەک لەنێوان ئیسلامی سیاسی و عەلمانیەتدا هەیە. ئیسلامی سیاسی هەوڵ دەدات کە خۆی بکات بە ئیسلام، ببێت بە نوێنەری ئیسلام. بەڵام ئەم هەوڵە سنوردارە. چونکە هێزە ئیسلامییەکان لە هەناو خۆیاندا لە کێبڕکێیەکی زۆردان بۆ دەسەڵات و داهاتی زیاتر، هەروەها ناتوانن یەکتری قبوڵ بکەن. چونکە کرۆکی هەر هێزێک لە سەر فرەیی نییە، بەڵکو لەسەر تاکێتییە.

بەو مانایە هەموو گروپێکی ئیسلامی خۆی بەتەنها بەڕاست دەزانێت، هەر کاتێکیش دەسەڵاتی هەبێت، پێش عەلمانیەکان، ئیسلامیەکانی تر پەراوێز دەخات.  بەم پێیە عەلمانیەت هەیە، لەهەمانکاتدا بەرهەمهێنراوە. بەمانایەکی تر کەسێک هەیە کەخۆی بە عەلمانی لەقەڵەم ئەدات و تێگەیشتنی تایبەتی خۆی هەیە بۆ عەلمانی. بەڵام لەهەمانکاتدا عەلمانیەتێکیش هەیە لەخەیاڵی ئیسلامییەکاندا، وەک نەیارێک یان دژێک.

ئەم دژە بە کافر، بێ ئەخلاق و زۆر شتی تر ناوزەد دەکرێت. ئەم ناونان و بە گروپکردن و بە دژکردن و بەبێئەخلاقکردن و بە کافرکردنە هەموو پرۆسەو بانگەشەی سیاسین، لەپێناو ناوزڕاندن و ناشیرینکردن و نابوتکردنی ئەویتر. نەک وەک شەڕی نێوان چاک و خراپ، بەڵکو وەک پرۆسەی کۆنترۆڵکردنی ئاگایی و خەیاڵی خەڵکی و بەکارهێنانیان بۆ مەبەستی سیاسی.

بۆ نموونە هێزێکی ئیسلامی، کە لەناو پرۆسەی سیاسییدایە، هێزەکەی تر بەعەلمانی و خراپ و کافر ناودەبات. بەڵام لەهەمانکاتدا جگە لەهەندێک رەفتاری تاکەکەسیی و سادە نەبێت هیچ جیاوازییەک لەنێوان هەردوولادا نابینرێت. ئەمە قەیرانێکی لۆجیکی دروست دەکات: ئایا چۆن دەبێت دوو گروپ کە لەزۆر شتدا وەک یەک بن، لەهەمانکاتدا، یەکێکیان خۆی بەموسوڵمان و باش لەقەڵەم بدات و ئەویتریان کافر و خراپ؟

کەواتە بانگەشەی دژە عەلمانی بانگەشەیەکی سیاسیییە لەپێناو دروستکردنی ترس و دوژمن و نەیار لای لایەنگرانی پارت و گروپە سیاسییەکان لەپێناو بەدەستهێنانی دەسەڵاتدا.

ئەمە هەمان ئەو پرۆسە و کارانەیە کەئیسلامیەکان گلەیی لێدەکەن لە جێگاکانی تر، کاتێک بەرامبەر ئیسلام دەکرێت. کەواتە ئەگەر بە تیرۆرکردنی ئیسلام و گشتاندنی ئیسلام وەک دژ ئافرەت و دژە مناڵ و دژە ئاژەڵ و دژە سروشت هەڵە بێت بە هەمانشێوە کردنی عەلمانی بە گروپ و بە کافر و بە بێئەخلاق هەڵەیە.

قەیرانی هەرە گەورەی ئەم پرۆسەیە ئەوەیە کە ناعەقڵانیە. ناعەقڵانی بەمانای ئەوەی کە لەمێژوو ناڕوانێت، لەواقیع ناڕوانێت، لەڕەفتاری کەس و گروپەکان ناڕوانێت، بەڵکو لەپرۆسەیەکی خیتابی پڕوپاگەندەییدا خەریکی دوژمن دروستکردن و ترساندن و گشتاندن و بوختان و فۆبیایە. 

ئیسلامی سیاسی، هەموو ئیسلام نیە. هەر هەوڵێکیشی بۆ بوون بەهەموو ئیسلام و کردنی حەقایەتی خۆی بەتاکە حەقایەکی ئیسلام، دەرخەری جەنگێکی ناوخۆیی گەورەیە لەهەناو ئیسلام و ئیسلامی سیاسییدا. لەڕاستیدا ئیسلامی سیاسی لەزۆر رووەوە ڕەوتێکی عەلمانییە. 

نەک لەبەرئەوەی کە لەپەرچەکردارو ترسی عەلمانیەتدا دروستبووە، بەڵکو لەمیانەی رکەبەریدا، هەمان رێساو خیتاب‌و ئامرازو فۆرمیولای عەلمانییەکان بەکاردەهێنێت. بۆ نموونە بڕوابوونی بەدیموکراسی، هەرچەندە تاکتیکانیە. کەوەها دەکات بڕوابوون و تاکتیکەکەش رەفتارێکی میکیاڤیلیانەی سیاسی دوور لەئەخلاق بێت. هەوڵی نوێنەرایەتی کردەیەکی عەلمانیە. ئەم هەوڵە دروستکردنی ئامرازی دەسەڵاتیی دونیاخوازیانەیە، نەک خوداپەروەریی. کەواتە ئەوەی لەئارادایە شەڕی سیاسییە، کە کرۆکەکەی بەرژەوەندییە. پەرتکردنی کۆمەڵگاو دروستکردنی نەیاری وەهمی و بەئاینیکردنی جیاوازییەکان کۆمەڵێ رەفتارن کەهەرگیز دەرئەنجامی باشیان نابێت.

یەکێک لەئارگومێنتە سەرەکیەکانی پێداویستبوونی عەلمانیەت ئەوەیە کەجیاوازی دیدی سیاسی نەبێت هۆکاری کافرو موسوڵمانبوون. بەڵکو جیاوازبوونە لەسەر بەڕێوەچوونی کاروباری دونیایی. ئەم جیاکارییەیە کەعەلمانیەت دەکات پێویست. بەئاسانی دەتوانرێت دەقە ئیسلامیەکان بەم ئاراستەیەدا راڤە بکرێت.  عەلمانیەت بەڕێگای جیاوازو شەپۆلی جیاواز بۆ کۆمەڵگای ئێمە دێت. ئەم وەرچەرخانە ئاساییە کە یارو نەیاری هەبێت.

چەمکەکانی وەک یەکسانی ژن و پیاو، کاتێک بەرجەستە دەبێت، لەکۆمەڵگایەکی تەقلیدیدا، بەدڵنیاییەوە بەبێ کێشە نابێت. ئەمە جۆری کارو پانتایی کارکردن و پەیوەندیی و خێزان دەگۆڕێت. بەشاربوونی کۆمەڵگای ئێمەو کارکردنی هەردوو ژن و پیاو، بەناچاری عەلمانیەت دەهێنێتە ناو پانتاییە تایبەتەکان و گرژی زۆر دروست دەکات، بەتایبەتی لەپانتایی خێزاندا. خێزان جیهانی ئیسلامی سیاسییە. خێزان وەک نەگۆڕێکی هەمیشەیی.

بەئاستێک دەتوانین بڵێین کەخێزان وەک یەکەیەکی سروشتی دەبینرێت لای ئیسلامی سیاسی. چۆن کرێکار پاڵەوانی چیرۆکی مارکسەو بورژوا دوژمنەکەیەتی. خێزانیش یەکەی سەرەکی ئیسلامی سیاسییە، لەوێوە دەیەوێت کۆمەڵگاو تاکەکان کۆنتۆڵ بکات. دیارە ئیسلام دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمێک کەدەوڵەت بەم شێوەی ئێستا لەوورد و درشتی ژیان دەستوەردانی نەکردووە، ئەوەی پێی دەوترێت بایو پۆلەتیک بوونی نەبووە.  دیارە خێزان لەهەناو بونیادو ئاگایی ئەواندا، بە گشتی لەسیستەمێکی پلەبەندیدا رێکخراوە کە باوک لەسەرەوەیە. ئەوانیتر بەدوایدا دێن.

ئەمە هەتا ئاستێکی زۆر کرۆکی سیستەمی سیاسی خێزانی ئێمەشە. یان پاترۆمۆنیالیزم. ئەمە دژ بەبەها مۆدرێنەکانی وەک هاووڵاتی، ماف، یەکسانی، ئازادی، ئۆتۆنۆمییە، بەمانا کانتییەکەی.  جۆری سیستەمی ئابوری کاریگەری راستەوخۆی هەیە لەسەر عەلمانی بوونی کەس و خێزانەکان. ئێمە لەدونیایەکدا دەژین کەچیدی سەردەمی ئاین وەک سیستەمێکی گشتگیر تیایدا کۆتایی هاتووە.

چیدی بواری پزیشکی ئاینی نیە، بواری گەردوونناسی ئایینی نیە، بواری دەرمانسازی ئایینی نیە، بواری تەکنەلۆجیا ئایینی نیە، بواری کشتوکاڵ ئایینی نیە، بواری پەیوەندییەکان ئایینی نیە، بواری ژینگە و تەندروستی ئایینی نیە. ئەوەی ماوەتەوە بواری ئەخلاقە. لەبواری ئەخلاقیشدا ئایین تەنگی پێهەڵچنراوە، چونکە لەدونیادا ئەخلاقی مرۆیی هەتابێت زیاتر و زیاتر مرۆیی دەبێت.

بەو مانایە ئەوە مرۆڤە لەسەنتەری ئەخلاقی مرۆڤدایە. ئەمە بە زەقی لەبواری ژینگەدا دەبینین کاتێک مرۆڤ ناچارە ئاڵنگاری بۆ ئەو هایراکییە دروستبکات کەسروشت و ئاژەڵ و گەردون لەخزمەتی مرۆڤدا دەبینێتەوە. دونیا بۆ مرۆڤ دروست نەکراوە. مرۆڤ لەدونیادایە.  کاتێک مرۆڤ چووە سەر مانگ، ئەوەی زیاتر بۆی روونبوەوە بچوکی خۆی بوو لەگەردوندا. وێنەی زەوی لەمانگەوە، ئەو پەیامەی گەیاندا کەئەم هەسارەیە لاوازو بچووکە لەهەناو سیستەمی ناکۆتای گەردووندا، بۆیە مرۆڤ دەبێت خۆی خەمی زەوی بخوات وەک ماڵی خۆی و زەوی ناکۆتانیە و دەکرێت پیس بێت، وێران بێت. 

عەلمانیەت بەگشتی لەبواری سیاسەتدا لەدونیای ئێمەدا لەقەیراندایە. ئەوانەی بانگەشەی عەلمانیەتیان کردووە لەڕابردودا، لەڕوانگەی ئایدۆلۆژیایەکەوە کردوویانە. ئەم ئایدەلۆژیایە مرۆڤ ناوەندەکەی نەبووە. بەڵکو جۆرێک لەمرۆڤ یان توێژێک لەمرۆڤ کرۆکیەتی. زانست کرۆکی نەبووە. چەندین دەیەی رابردوو ئەزمونی ئەوەی پێداین کە ئایین ناتوانێت سیاسەت بکات لەدونیای ئەمڕۆدا. کرۆکی ئەم پرسە لەقەیرانێکی بونیادی گەورەدایە، ئەویش خۆی لە یەک بەرامبەر فرەدا دەبینێتەوە. بەمانایەکی تر، دووبارە بەرامبەر گۆڕاو. 

لەبەناو شۆڕشی ئێرانییەوە، ئایین گەڕایەوە بواری گشتی، لەدەوربەری ئێمەدا. ئەمڕۆ زۆربەری زۆری ئێرانییەکان، نەک هەر نایانەوێت لەژێر سایەی سیستەمێک و رژێمێکی ئایینیدا بژین، بەڵکو بەزۆری وازیان لەئایینەکە خۆشی هێناوە. ئەمە بۆ هەموو وڵاتە ئایینیەکانی تریش راستە کەڕژێمی سیاسی و ئەخلاقییان لەقەیراندایە، دەکرێت سعودیەو تورکیا وەک دوو نموونە وەربگرین.

ئەمە لەهەمانکاتدا دەرخەری قەیرانێکی ترە کاتێک ئایین و دەوڵەت نەتەوە لەیەکتر مارە دەکرێن. ئایا دەکرێت لە هەمانکاتدا ئایینیانە و دەوڵەت نەتەوەییانە بیربکەینەوە؟ ئەمە لەهەموو وڵاتە ئیسلامییەکانی وەک ئەندەنوسیا، مالیزیا، پاکستان، ئێران، تورکیا، سعودیەو زۆر وڵاتی تردا بەڕێوە دەچێت. بۆ نموونە دوژمنی دەوڵەت دەبێتە دوژمنی ئاین. ئەمە لەئێران و تورکیا بەزەقی دژ بەکورد دەبینین.

  دیارە گەرانەوەی ئایین، مەحاڵ نیە، بەڵام هەمیشە لەسایەی زانست و مرۆڤدا دەبێت.

ئەم دیاردەیە لەئەمریکا بەزەقی دەبینین. بەهۆکاری ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی، بازرگانییەکی گەورە بە ئایینەوە دەکرێت لەئەمریکا. چل ملیون کەس بڕوایان وەهایە کەچیرۆکی ئینجیلی بۆ لێکدانەوە دونیا راستە. بەڵام بەگشتی ئەمانە ژیانێکی سێکیولار دەژین . ئەمەش لەدونیای ئێمەدا بەزەقی دەگوزەرێت. باڵاپۆشی ئافرەتان مانای ئەخلاق و بێئەخلاقی نیە.

هەزاران ساڵە مرۆڤی کورد بەو شێوەیە جل ناپۆشێت. دایکی زۆرینەمان بەو جۆرە جل لەبەر ناکات. ئەمە مانای ئەوەنیە کە ئەخلاقی نیە. باڵاپۆشی هیچ پەیوەندی بە ئایین و ئەخلاقەوە نیە، بەڵکو پرۆسەیەکی سیاسیە. ئەوەی ئەو جلانە دەپۆشێت، پێش ئەوەی پەیامی ئەخلاق و باوەڕمان پێبدات، پەیامی ئەندامێتی گروپێک یان حزبێکی سیاسی تایبەتمان پێدەدات.

بۆیە بەڕوونی ئەو کەسانە ئامرازی ئایدۆلۆژیین، نەک خەڵکانی ئەخلاقدار لەدەریایەکی بێئەخلاقدا.  ئاین دەکرێت زۆر بەسودبێت، بۆ تاک و بۆ کۆمەڵگاش. ئاین پاڵنەری کاری خۆبەخشییە.

کۆکەرەوەی مرۆڤەکان لەدەورەی بەهاو باوەڕو ریتچواڵ. دیارە ئەم باوەڕو بەهایانە بەدوور لەتوندڕەویی و تەکفیریی و خۆ بەباڵا زانین. ژیانی ئاینی ئاسانە.

رۆژ و ساڵەکان پڕن لەڕوداۆکەی بچووک، کە وەها دەکەن مرۆڤ لە بۆشایی و بەتاڵی ڕزگاری بێت. ئایین دەکرێت پارێزەری مرۆڤ بێت لەنەخۆشیییە مۆدێرنەکان، وەک خەمۆکی، خۆکوژی، تەنیایی و بێمانایی. بەڵام ئایینی سیاسی ئەمانە دەستەبەرناکات.