قەیرانی ڕۆژنامە لە سەردەمی پاش ڕاستیدا

03/11/2021

د. سه‌ردار عه‌زیز

لە هاوڕێیانم پرسی لە فەیس بوک، بۆچی ڕۆژنامەی کاغەز لە کوردستان مرد؟ زیاتر لە سەد بەرێز وەڵامیان دایەوە. ژمارەی زۆری وەڵامەکان، نیشانەی ئەوە بوو کە پرسەکە جێگای بایەخە. لە هەمانکاتدا دەرخەری ئەوەبوو کە ڕۆژنامەی کاغەز نەک لە قەیراندایە بەڵکو لە مردن نزیک بوەتەوە.

تەمەنی ڕۆژنامەی کاغەز لە کوردستان زۆر کورتە. لێرەدا دەبێت ناوی ڕۆژنامە، یان مەبەست لە ڕۆژنامە بە ووردی دیاری بکرێت. هەموو بەشداربوان بەبێ ناوهێنان، لەوەدا کۆکبون کە مەبەست لە ڕۆژنامە ڕۆژنامەی ئەهلییە. بەم پێیە دەکرێت بوترێت کە، ئەوەی پێی دەوترێت ڕۆژنامەی حیزبی، بەلای بەشداربوانەوە وەک ڕۆژنامە لە قەڵەم نادرێت بەڵکو زیاتر وەک ئۆرگانێکی حیزبی دەبینرێت. کاتێک ڕۆژنامە ئۆرگانی حیزبییە، ئەوا ناوەندێک نیە لە نێوان خەڵک و دەسەڵاتدا، کاری پشکنین و بە دوادچونی ئەو پرسانە نیە کە حیزب و دەسەڵات پێی قەڵس دەبن، بەڵکو زیاتر کاری پۆشین و بریقاندن و دەرخستنی هەندێک ڕووی تایبەتە.

ئەگەر هەوڵی پۆلێنی وەڵامەکان بکەن دەبینین بە سەر چەند پۆلێنێکی تایبەتدا بەش دەبن. پۆلێنکاری یەکەم دەکرێت بوترێت کاریگەری فەیس-بوک یان سۆشیال میدیایە. ئەم کاریگەرییە ڕونە. دیاردەیەکی هەتا ئاستێکی زۆر جیهانییە لە بڕی کوردستانی. بەڵام ئەگەر لە دونیادا سوشیال میدیا یان ئینتەرنێت، ڕۆژنامە وەها لێدەکات کە ناچاربێت جێگۆڕکێ بکات، ئەوا لە کوردستان دەیکوژێت. پۆلێنی دووەم، دەربارەی کەسایەتی ڕۆژنامەنوسان و پەیوەندییان لە گەڵ دەسەڵاتدا. کۆمێنتاران وەهایان دەبینی کە ڕۆژنامەی ئەهلی و نوسەرانی سەربەخۆییان لە دەستداوە. پۆلێنێکی تر پەیوەست بوو بە باری دارایی و سەختی دابینکردنی خەرجی. لە هەمانکاتدا زۆرێک ئاماژەیان بە نوبونی خوێنەر دابوو لە کۆمەڵگای کوردیدا. دیارە هەموو ئەمانە ڕاستن. بەڵام هەڵشانو. داکشانی ڕۆژنامەی ئەهلی چیرۆکێکی فرە توێژی ئالۆزترە.

ڕۆژنامەی ئەهلی لە سەرەتای دروستبونیەوە شوناسێکی بۆخۆی دروستکرد کە جۆرێک بێت لە ئۆپۆزسیون. ئەم شوناسە ڕوبەڕوی کۆمەڵێک ئالەنگاریی کردەوە. ڕۆژنامە لە هڵگرتنی شوناسێکی وەهادا چیدی لەوە دەکەوێت کە کارەکانی تری بکات، بە تایبەتی لە کۆمەڵگایەکی نیمچە دیموکراسی وەک کوردستاندا. لە دۆخێکی وەهادا ناتوانێت نوسەرەوەی مێژوی ئێستا بێت. بەرهەمهێنی مەعریفەبێت، پانتاییەک بێت بۆ دەرکەوتنی پرسەکان و گەیاندنی. ڕۆژنامەم پێویستی بە دونیابینییە، نەک تەنها بە شوناس. دیارە بێگومان شوناس خۆی بەرهەم دێت، بەڵام نابێت بە کرۆک.

دیارە گەشەی ڕۆژنامەی ئەهلی هاوتایە لە گەڵ پرۆسەی دیموکراتیزەبونی کۆمەڵگای ئێمە کە ڕۆژئاوا پشتیوانی دەکرد. ڕۆژنامە بە ئاگایی و بێ ئاگایی بوو بوو یان کرابو بە بەشێک لەم پرسە. چەندێک توانی ڕۆڵ ببینێت، ئەوە پرسێکی ترە. هاوشێوەییەک هەیە لێرەدا لە گەڵ هەڵکشان و داکشانی کۆمەڵگای مەدەنیدا.

دیارە هۆکارێک هەیە کە کەم باسی لێوە دەکرێت ئەویش گۆڕانی چێژ و زەوقە. دەبێت ئەم پرسە بۆردۆییانە ببینین. بە پێی بۆردیو چێژ و زەوق بەرهەمی دەسەڵات و توێژەکانی کۆمەڵگان، لە گەڵ یەک و لە بەرامبەر یەکتردا.

ڕۆژنامە لە کۆمەڵگا نەخوێنەرەکاندا ژیانێکی کوللەمەرگی بەڕێدەکات. بونی ڕۆژنامە بە گشتی پەیوەستە بۆ کۆمەڵێک بنەمای ترەوە، بە خوێندەواری راستەقینە، بە بایەخدان بە بواری گشتی، بە تەنگەوەچون و فزوڵیەت، بەڵام لە سەروی هەمویەوە بە هەوڵدان بۆ دروستکردنی پانتاییەک بۆ گفتوگۆ و گۆڕینەوەی ڕاوبۆچون.

ڕۆژنامە لە کوردستان بە گشتی چەند کێشەیەکی سەرەکی هەیە: یەکەم، کێشەی خوێنەر، دووەم، کێشەی دارایی، کە ڕاستەوخۆ پەیوەستن، سێیەم، کێشەی کوالیتی. بێگومان کەرتی ڕۆژنامەگەری کوردی هەموو ئەم قەیرانانەی هەیە. بەڵام ئەگەر بمانەوێت بە شێوەیەکی بەرفراوانتر وێنای بکەین، بۆ من قەیرانی نەبونی مۆدێرنەیە و زاڵبونی پۆستمۆدێرنەیە. وەک ڕۆلان پارت دەڵێت: وەرچەرخانە لە پیتەوە بۆ وێنە. لە چاپخانەوە بۆ سینەما. ئەم پرسی نەبونی مۆدێرنەو زاڵبونی پۆستمۆدێرنە لە داهاتودا زیاتر پەرەی پێدەدەم.

 هەموو ئەمانە لە ناو کایەیەکی تری وەک سیستەمی سیاسی و ئابوریدا دەگوزەرێن. ڕۆژنامە وەک دیموکراسی وەهایە، دیارە ڕۆژنامەو دیموکراسی لە زۆر ڕوەوە یەکتر تەواوکەرن، بەڵام لە خەسڵەتێکی تایبەتدا لە یەک دەچن ئەویش ناسکی یان لاوازییانە. دیموکراسی ئەگەر بە تەنگیەوە نەچیت زۆر خێرا دەبێت بە دیماگۆجی (گەوجاندنی گشتی). ئەگەر دیموکراسی یانی دەسەڵاتی خەڵک؛ ئەوا دیماگۆجی یانی فریودانی خەڵک. بە هەمانشێوە، ڕۆژنامە لە پانتاییەکەوە بۆ ئازادی دەربڕین زۆر بە خێڕا دەبێتە پانتاییەک بۆ سەرکوتکردنی دەربڕین یان چەواشەکاری. ڕاگرتنی ئەم هاوسەنگییە زیندویەتی کۆمەڵگای دەوێت. ڕۆژنامەنوسی دیاری ڕۆژنامەی گاردیان جۆرج مۆنبۆیت لە ساڵی ٢٠٠٩ لە بارەی قەیرانی ڕۆژنامە لۆکاڵییەکانی بەریتانیەوە دەنوسێت: بۆ ساڵانێکە ئەم ڕۆژنامە ناوخۆییانە دوژمنێکی بەهێزی دیموکراسیین، پشتیوانی لە دەسەڵاتداران دەکەن، بە خراپی نوێنەرایەتی بژاردەی دیموکراسی دەکەن. ئەم دەستنیشانکردنانە بۆ زۆر ڕۆژنامەی کوردستانش ڕاستن.

لێرەدا هاوسەنگیەکی هەستیار لە ئارادایە، ئایا چۆن پانتاییەک دروست بکرێت کە لە ژێر چەپۆکی بەهێزەکاندا نەبێت؟ بەهێزەکان چیدی، بەهێزە تەقلیدییەکان نین، بەڵکو بەهێزی چەک و بەهێزی پارە، هەردوو لە هاوپەیمانییەکی عاشقانەدان بۆ ئاراستەکردن قسەکردن. ئەمڕۆ ئێمە لە دونیایەکی تەواو جودادا دەژین. زانستی Cognitive linguistics   

نەک تەنها لە بواری بازاڕ و کاڵافرۆشی و ریکلامدا بەکاردێت بەڵکو بە هەمانشێوە لە بواری ئاراستەکردنی هۆشی مرۆڤەکاندا بەکاردێت. خوێندنەوەی بیرمەندێکی وەک جۆرج لاکۆف گرنگە لەم بوارەدا. مرۆڤ بە گشتی کۆیلەی نەستیەتی. نزیکەی ٩٨% ئاگایی مرۆڤ نەستی بەڕێوەی دەبات. زمانەوانی کۆگنیتیف  دەزانێت چۆن ئاراستەی ئەم بوارە بکات لە ڕێگای زمانەوە. خاوەندارێتی وشەکان، دەبێتە خاوەندارێتی ئایدیاکان. خاوەندارێتی ئایدیاکانە دەبێتە هۆی خاوەندارێتی بەهاکان. خاوەندارێتی بەهاکان مرۆڤەکان کۆنترۆڵ دەکات. دیارە لە کوردستان بە ئاگاییەکی باڵاوە ئەمە بەڕێوە ناچێت، بەڵام زۆر بەڕونی دەبینین چۆن بەها کۆمەڵایەتی و مرۆڤایەتی و سروشتییەکان لە داڕماندان.

پرسی نەمانی ڕۆژنامەی کاغەز لە هەمانکاتدا یانی نەمانی ڕۆژنامە بە گشتی.

بێگومان قەیرانی ڕۆژنامەی کاغەز قەیرانێکی جیهانییە. هەندێک لە هاوڕێیانم لە ڕاپرسییەکەی فەیسبوکدا، وەڵامیان بۆ مەرگی ڕۆژنامەی کاغەز، وشەی دیجیتاڵ بوو. بێگومان گەشەی تەکنەلۆجی و فراوانبونی پانتاییەکی پەیوەندییکردن و دەربڕین کاریگەری ڕاستەوخۆیان لە سەر ئەم بوارە هەبوە. بەڵام کۆمەڵگای ئێمە ئەوەنیە کە خوێندنەوەی لە کاغەزەوە گواستبێتەوە بۆ ئەلیکترۆنی، بەڵکو لە میانی ئەم گواستنەوەیەدا زۆر خەسڵەتی ڕۆژنامەوانی مردوە.

میدیای ئەلیکترۆنی لە سەر هەست و نەست کار دەکات. هەمیشە ئاراستەکراو و حازر بەدەستە. کاتێک بوار دەدات بە کەسەکان بۆ ئەوەی جنێو بدەن، کەسەکان هەست بە دەرویەک دەکەن بۆ دامرکاندنەوە. بەڵام لە هەمانکاتدا ئاراستە دەکرێن و بەهاکانیان هەڵدەوەرێت.

ڕۆژنامە لە دونیادا کاریگەری گەورەیان  لە سەر زۆر بواری کۆمەڵگا و سیاسەت هەیە. لە گەڵ گەشەی پۆپیولیزم و توشی قەیرانبونی دیموکراسی، ڕۆژنامەش توشی قەیران بوە. کاری یەکەمی پۆپیولیزم ئەوەیە کە گومان بخاتە سەر نوخبە و شارەزایان، هەتا زەمینە بسازێنێت بۆ ئەوەی هەموو ڕایەک وەک یەک یەکسان بێت. پرسی ئەوەی ئایا شارەزا و نەشارەزا وەک یەکن، پرسێکی کۆنە. قُلْ هَلْ يَسْتَوِي الَّذِينَ يَعْلَمُونَ وَالَّذِينَ لَا يَعْلَمُونَ.

کەواتە هۆکارەکانی شکستی ڕۆژنامەی کاغەز و سەرتاپا کەرتی ڕۆژنامەوانی لە کوردستانی عێراق، دەکرێت وەک کۆدەردێک ببینرێن. پاڵنەری سەرەکی ئەم کۆدەردە، جۆری سیستەمی سیاسی و ئابورییە. کە پێکەوە، نەک بوار نادەن بە بونی ڕۆژنامەی ئەهلی بەڵکو ئاماجیان ئەوەیە کە رێگریی لێبکرێت.

هەبونی ڕۆژنامەی جیدی، لە ئێستادا زیاتر لە هەموو کاتێکی تر پێویستترە لە کوردستاندا، چونکە دەزگا چاودێرییەکانی وەک پەرلەمان و هەروەها میدیا گەورەکان وەک تەلەفزیونەکان هەر یەکە و لە خزمەتی لایەنێکی سیاسی و ئەجیندایەکی تایبەتدایە.