نەفرەتی بێدەوڵەتیی!

25/05/2021

د. سه‌ردار عه‌زیز

بەرزو ئەلیاسی بەچەند ساڵێکی کەم، پێش ئەوەی پێی دەوترێت شۆڕشی ئێرانی، لەپادەشتی شاخی داڵەهۆدا لەنزیک سەرپێڵی زەهاو هاتووەتە دونیاوە. لەپاش شۆڕش و هەڵگیرسانی جەنگی عێراق-ئێران، بەرزو لەوڵاتی خۆی هەڵدەکنرێت و لەبیابانێکی تەلبەند لەڕۆژئاوای عێراق دەگیرسێتەوە. لەژیانی هەموو مرۆڤێکدا ساتەوەختێک هەیە، بەئاگایی و بێئاگایی، کە دیدی ئەو کەسە بۆ دونیا تیایدا لەقاڵبدەدرێت، ئۆردگای ئەڵتاش بۆ بەرزو ئەو ساتەوەخت و جێگایەیە. لەوێ بەرزو هەست بەبێ وڵاتی خۆی دەکات، هەستێک کە هەتا ئەمڕۆ بەشێکی گەورەی دونیابینی ئەو دادەڕێژێت، سەرباری ژیانی زیاتر لەچەندین دەیە لەوڵاتی سوید. ئێستا بەرزو مامۆستای زانکۆیە.


دەوڵەتی فەلەستینی لەزۆر لەناوەندە جیهانییەکاندا وەک هەنگاوێکی پۆزەتیف و سەقامگیرکەر بۆ ناوچەکە دەبینرێت. بەڵام لەپرسی کورددا دۆخەکە بەپێچەوانەیە، ناوی دەوڵەتی کوردی وەک مایەی ناسەقامگیریی ناوچەکە ناودەبرێت. بەم پێیە گێڕانەوەکانی هەردوو پرسەکە تەواو پێچەوانەن


دواین کتێبی ئەو دەربارەی ئەزمونی بێدەوڵەتی و بەئەویتربونی سیاسییە. Narratives of Statelessness and Political Otherness: Kurdish and Palestinian Experiences ئەم کتێبەی بەرزو بەمزوانە بەزمانی ئینگلیزی لەخانەی وەشانی بەناوبانگی پالگرەیڤ بڵاودەبێتەوە. بەرزو بۆ ئەوەی پرسەکەی زیاتر روون بکاتەوە، لەنێوان گەلی فەلەستینی و گەلی کورددا، وەک دوو گەلی بێدەوڵەت لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەرواورد دەکات. میتۆدی بەراوردکاری لەدونیای کوردیدا بوونی نیە، ئەو جۆرە بەراوردکارییەی کە بوونی هەیە هیچ پەیوەندی بەبەرهەمهێنانی زانست و ئەکادیمیاوە نیە. لەمیانەی بەراوردی نیوان کوردو فەلەستینییەکان ئەوەی جێگای سەرنجە شێوازی وێناکردنیەتی. دەوڵەتی فەلەستینی لەزۆر لەناوەندە جیهانییەکاندا وەک هەنگاوێکی پۆزەتیف و سەقامگیرکەر بۆ ناوچەکە دەبینرێت. بەڵام لەپرسی کورددا دۆخەکە بەپێچەوانەیە، ناوی دەوڵەتی کوردی وەک مایەی ناسەقامگیریی ناوچەکە ناودەبرێت. بەم پێیە گێڕانەوەکانی هەردوو پرسەکە تەواو پێچەوانەن. هۆکارەکانی ئەمە زۆرن.


ئەم دوو دیدە زاڵە کاریگەریی لەسەر دەرونی مرۆڤ کوردو فەلەستینی داناوە. ئەوەی لەپرسی فەلەستیندا هەیە ئەوەیە کە ئایا چارەسەری پرسەکە لەڕێگای یەک دەوڵەتەوەیە یان دوو دەوڵەت؟ بوونی دەوڵەت لەکرۆکی چارەسەرەکەدا بەتەواوی پێچەوانەی ئەو چارەسەرانەیە کە بۆ پرسی کورد پێشنیار دەکرێت. بەڕەوا نەبینی دەوڵەت بۆ کورد، کاریگەری لەسەر دۆخی دەرونی زۆر کوردیش کردووە بەوەی دەترسن ناوی دەوڵەت بهێنن. ئەمە جۆرێکە لەگەیشتن بەئامانج، لەلایەن نکوڵیکەران لەدەوڵەتەوە. لەهەمانکاتدا جیاوازی تری زۆر هەیە لەنێوان هەردوو پرسەکەدا، بۆ نموونە زۆربەی موسوڵمانان پرسی بێدەوڵەتی فەلەستینییەکان وەک پرسی موسوڵمان دەبینێت، بەڵام پرسی کورد نەک هەر بەپرسی موسوڵمان نابینرێت بەڵکو وەک دژ بەموسوڵمان دەبینرێت. جێگای سەرنجە کە هاوشێوەییەک هەیە لەنێوان ئەم دیدەو دیدی چەپەکان بۆ پرسی کورد. بەلای زۆرێک لەچەپەوە پرسی کورد پرسێکی ناسیونالیستییەو لەخزمەت ئیمپریالیزمدایە. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ دژایەتی فیکریی و سیاسیی رەوتی چەپ لەگەڵ بیری ناسیونالیزمداو هەوڵدان بۆ نابوتکردن و ناشیرینکردنی ئەو جۆرە بیرکردنەوەیە. ئەم قەیرانە فیکریی و ئەخلاقیەی چەپ کورد باجەکەی دەدات، بەڵام بۆ چەپ هەمیشە سەرکەوتنی ئایدۆلۆژی گرنگترە لەئازاری ئەوانیتر. بێدەوڵەتی پرسێکی پشتگوێخراوە لەئاستی ئەکادیمی و ناوەندەکانی لێکۆڵینەوەدا. بەفەرمی ژمارەی خەڵکانی بێدەوڵەت لەدونیادا تەنها بەچەند ملیونێک لەقەڵەم دەدرێن.


دیارە کورد وەک خەڵکێکی بێدەوڵەت لەقەڵەم نادرێن چونکە هاووڵاتی وڵاتێکن، گەرچی لەهەناو ئەو وڵاتەدا خەڵکانی بێماف بن. بەم پێیە یەکێک لەچارەسەرەکانی بێدەوڵەتی هاووڵاتی بوون و مافە. بەڵام بەرزو ئەم شێوازە لەتێگەیشتن لەپرسی کورد بەهەڵە دەزانێت و کورد وەک گەلێکی بێدەوڵەت لەقەڵەم دەدات. بێدەوڵەتی تەنها بێبەریبون نیە لەهەبونی کۆمەڵێک دەزگا، بەڵکو لەهەموو ئاستێکی ژیانی کەسەکاندا رەنگدانەوەی هەیە. ئەم پرسە تەنانەت بەئەوەش چارەسەر نابێت کاتێک کورد دەبنە هاووڵاتی وڵاتێکی تر، جیاواز لەوڵاتانی ناوچەکە، بۆ نموونە لەئەوروپا و ئەمریکا. مانەوەی کاریگەریی بێدەوڵەتی کورد لەسەر تاکی کورد لەدەرەوەی کوردستان بۆ خۆی ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە پرسی هاووڵاتیبوون چارەسی بێدەوڵەتی ناکات. لای هەندێک بێدەوڵەتی لەدونیای دەوڵەتدا جۆرێکە لەپەشۆکان trauma. تراوما ئەو جۆرە پەشۆکانەیە کە کاتێک تاک بەدەستیەوە دەناڵێنێت هێندە قوڵ و کاریگەر و گەورەیە کە ناتوانێت بەرگەی بگرێت. بەڵگەش بۆ ئەمە ئەوەیە کە ئەو خەڵکانەی کە بەرزو دیداری لەگەڵدا کردوون بۆ کتێبەکەی هەمویان هاووڵاتی وڵاتێکی ترن لەدەرەوەی زێدی خۆیان، بەڵام هێشتا کاریگەریی بێدەوڵەتی بەزەقی لەسەریان دیارە.


هەرئەمەشە هۆکاری ئەوەیە کەیەکێك لە سەختترین پرسیارەکان کە لەمرۆڤی کورد بکرێت، لەدەرەوەی زێدی خۆی، ئەوەیە کە خەڵكی کوێیە؟ کاتێک خەڵکی لەکەسێک دەپرسن کە خەڵكی کوێی، ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە دەبێت هەموو کەسێک خەڵکی شوێنێک بێت و ناکرێت هیچ کەسێک خەڵكی هیچ کوێ نەبێت. ئەمەش هەروەها ئاماژەیە بۆ زاڵبونی سیستەمی دەوڵەت بەسەر رێکخستنی جیهان و سیستەمی نیشتەجێبوونی مرۆڤ لەسەر گۆی زەوی. لەکاتی پرسیاری ئەوەی ئایا خەڵكی کوێی؟ دەکرێت بڵێیت خەڵکی وڵاتی دووەمم، بەڵام زۆرێک لە خەڵک بۆ ئەو مەبەستە پرسیار ناکەن و ئەو جۆرە وەڵامانە وەک گاڵتە مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت. لە بیرم دێت نزیکەی پانزە ساڵ لەمەوپیش لەڤییەنا بووم، کە خەڵکی لێیان دەپرسیم خەڵکی کوێم، چەند جارێک بۆ خۆشی وتم، ئایرلەندیم، بەڵام زۆرجار خەڵكی لەقاقای پێکەنینی دەداو دەیانگوت کوا قژت سورنیە. بێدەوڵەتی کێشە بۆ بوونی ماف و هاووڵاتیبوونیش دروستدەکات. کەسێک کە ئەزمونی ئەمەی کردووە و کاری فەلسەفی لەسەر کردووە هانا ئارێنتە. ئارێنت لەکۆمێنتی لەسەر دیدێکی ئیدمۆند بێرک، لەسەردەمی شۆرشی فەرەنسیدا کاتێک باس لەمافی پیاو یان مرۆڤ دەکرێت، ئەو دەڵێت مرۆڤ بوونی نیە، ئەوەی هەیە کەسی ئینگلیزی یان کەسی فەرەنسییە، ئینگلشمان، فڕینچمان. هەبوونی ماف وەک ئینگلیزێک باشترە لەمافێکی ئەبستراکی مرۆڤی.


ئەم دیدە دەرخەری ئەوەیە کە ئەوەی کەتەنها مرۆڤە، کەسێکی بێ پشت و پەناو بێ لانکەو لەئەنجامدا بێمافە. ئارێنت جەخت لەسەر ئەم دیدە دەکات، تەنها مرۆڤبوون مایەی لاوازی و دەربەدەری و نەبوونی ئاسایش و بێمافییە. هەر لەم روانگەیەوەیە کە ئارێنت رەخنە لەمافی مرۆڤ دەگرێت کە مافی ئەندامانی دەوڵەتە، نەک مرۆڤ. لەڕاستیدا ئەوەی پێویستی بەمافە، ئەو کەسەیە کە بێدەوڵەت یان دەوڵەتی خۆی دەیچەوسێنێتەوە، مافی مرۆڤ ناتوانێت هیچی بۆ دابین بکات. ئەمەشە پاشخانی ئەوەی داڕێژاوە کە بێدەوڵەتی لای کەسێکی وەک مایکڵ ئەگناتێف بوونە لەدۆزەخێکی مۆدێرندا. بۆیە هەمیشە کاتێک باس لەمرۆڤی بێدەوڵەت دەکرێت، هەرگیز وەک هاوتای مرۆڤەکانی تر باس ناکرێت، بەڵکو هەمیشە هەوڵدەدرێت کە لەژێر باڵ و سایەی مرۆڤە خاوەن دەوڵەتەکاندا جێگایەکی بۆ بکرێتەوە. بەڵام مرۆڤ نابێتە مرۆڤ لەسایەی مرۆڤێکی تردا، بەڵکو مەرجی بوون و سەربەخۆیی بوونیەتی بەخاوەن هێز و سەروەریی خۆی. بێدەوڵەتی هەر تەنها مافەکان لەمرۆڤەکان ناسێنێتەوە بەڵکو مرۆڤەکان دەکاتە بوونەوەری نامرۆیی.


لەسیستەمی ئەو وڵاتانەی کە کوردستانیان دابەشکردووە مرۆڤی کورد وەک نەفرەتلێکراوێکی جێگای مەترسی و تۆقاندن دەبینرێت. بەتیرۆریستکردنی مرۆڤی کورد، مانای ئەوەیە کە ئەم مرۆڤە خاوەن هیچ بەهاو ئایدیاو ئاگایی و خەسڵەتی مرۆڤبوون نیە. وەک تیری ئیگلتۆن باسی دەکات تیرۆریست یانی بەتاڵبون لەئایدیا، لەپرس و بوون بەکەسێک کە تەنها دەتۆقێنێت لەپێناو تۆقاندن. بەم پێیە تیرۆریست ئەو کەسەیە کە تەنها دەبێت رووبەڕووی مەرگ ببێتەوە، هیچ شتێکی نیە هەتا گوێی لێبگیرێت یان دانوستانی لەگەڵدا بکرێت. ئەمە باڵاترین شێوازی لەمرۆڤخستنە.


لەمرۆڤخستن پرۆسەیەکی چەند قۆناغییە، کەتیایدا مرۆڤ لەدوا قۆناغیدا دەگاتە ئاستی ئاژەڵێکی دڕندە. لەدوا چاپتەردا کتێبەکە قسە لەسەر قسەنەکردن لە سەر بێدەوڵەت دەکات. لەدونیای ئەکادیمی ئەمڕۆدا دۆخی بێدەوڵەتیی ئەوەندە جێگای بایەخ نیە، وەک جودیت باتلەر دەڵێت ئەوە پرسێکی ساڵانی هەشتاکان بوو، ئێستا هیچ شتێکی سەرنجڕاکێش نیە لەبارەوەیە بووترێت. ئەمە جۆرێکە لەتاوانبارکردنی ئەکادیمیا. دیارە ئەکادیمیا لەسەر بنەمای گرنگی و مرۆیی و رەوایی و دادپەروەری هەڵناسوڕێت. پاڵنەری هەرە سەرەکی ئەکادیمیا هێزو بازاڕە. سی ساڵ لەمەوپێش بەدەگمەن چیناسێکت لەدونیادا دەبینی، ئەمڕۆ کەم زانکۆ هەیە لەدونیادا چین بابەتی لێکۆڵینەوەیان نەبێت. ئەمەش بۆ پرسی کورد راستە. پێش دروستبوونی حکومەتی هەرێم، کورد دڵخۆش دەبوون ئەگەر لەڕۆژنامەیەکدا ناویان بهاتایە. هەرچەندە دۆخی کوردی ئێستا لەقۆناغێکی هەستیاردایە. کتێبەکەی بەرزو لەچەندین لایەنەوە جێگای بایەخ و سەرنجە. بۆچی دوو پرسی هاوشێوەی وەک کوردو فەلەستین، کە بەشێوازی جیاواز بێدەوڵەت بوون، مامەڵەکردن لەگەڵیاندا جودایە؟ ئەم پرسە لەساتەوەختی ئێستادا کە زۆرێک کورد سۆزیان بۆ فەلەستینی هەیە، جێگای سەرنجە. لە هەمانکاتدا پرسی ئەوەی ئایا چ جۆرە مرۆڤێکی کاتێک بێدەوڵەتی لەناو کایەی دەوڵەتدا، وەڵامی ئەم پرسیارە رەنگە چەمکی بان-ی ئەگامبین بۆی گونجاوبێت. بان بەمانای فەرامۆشکراو، بەڵام ئازادنەکراو دێت. هەروەها وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایا دەوڵەت چارەسەرە، بێگومان دیدی ئایدیالیزم نەخێر، چونکە هەموو دەوڵەتێک بریتیە لە پرۆسەی رێکخستنی گروپێک لەخەڵك لەپانتاییەکدا بۆ بەرهەمهێنانی هێز، ئەم هێزە مەرج نیە هەمیشە لەپێناو چاکەدا بەکارببرێت. بەڵام ئەڵتەرناتیڤی بێدەوڵتی لەدەستدانی هەموو خەسڵەتەکانی مرۆڤبوونە.