چۆن پێشوازی پاپا بکرێت لە هەولێر؟

06/03/2021

د. سه‌ردار عه‌زیز

هاتنی پاپا بۆ هەولێر، دەبێت وەک ساتەوەختێکی ڕوداویی ببینرێت.

ئەم ساتەوەختە ئەو کاتە نائاساییەیە کە چاوی کامیرا و دونیا دەکەوێتە سەر ماڵی ئێمە.

چاوی کامیرا لە دونیای ئەمڕۆدا زێدە گرنگە.

کورد کاتێک لە کۆڕەوەکەدا لە زێدی خۆی هەڵهات، بەختی هەبوو کە سەردەمی CNN بوو.

ئەمە لە دونیای پەیوەندی نێودەوڵەتیدا بە کاریگەریی سی ئێن ئێن ناسراوە.

کاریگەری سی ئێن ئێن کۆمەڵگای نێودەوڵەتی وروژان.

ئەمە لە ئەنفالدا روینەدا چونکە سەردەمێکی تر بوو.

لە مێژودا هەموو ئامێرێکی تەکنەلۆجی پەیوەندی ڕاستەوخۆ و کاریگەری هەبوە لە سەر جۆری سیاسەت.

کاتێک نیکسۆن و کێند بۆ یەکەمجار لە تەلەفزیون دیبەیتیان کرد، هەموو لێکۆڵەرەوان لە سەر ئەوە کۆکن کە ئەگەر لە تەلفزیون نەبوایە ئەوا نیکسۆن براوەبوو.

بەڵام چونکە کێنەدی گەنج و قۆزبوو، تەلەفزیون لە بەرژەوەندی بوو.

بە گشتی کورد گەلێکی نائامادە و نەبینراوە لە دونیادا.

زوو زوو گوێبیستی ئەوە دەبیت کە کورد گلەیی دەکەن لەوەی کاتێک بیانییەک دەبینن لە جێگایەکی تر و لە وەڵامی پرسیاری خەڵکی کوێی، دەبێت ڕۆستەم و زۆرابێکی بۆ بڕێسن هەتا تێدەگات کوردستان لە کوێیە.

هاتنی پاپا بۆ هەولێر ئەو ساتە دەگمەنەیە.

نازانم جگە لە نوێژی یاریگاکە چیتر ڕوئەدات، بەڵام دەبێت ئەمانە ڕوبدات:

یەکەم، ناساندنی ڕابوردوی ئێمە.

ئەگەر هەولێر دەیەوێت ببێت بە پایتەختی هەموان، ئەوا دەبێت جێگای ڕەنگدانەوەی هەموان بێت.

ئەمە مانای ئەوەنیە هەموو بەرپرسێکی کوردی ماڵێکی زەبەلاحی لە هەولێر هەبێت، بەڵکو مۆزەخانە، ماڵی تایبەت بە کەلتور، شوێنی یادەوەریی و زۆر شوێنی تر هەبێت کە پیشەسازی یادەوەری بسازێنێت. ئەمە گرنگی شارسازی دەردەخات بە کردنی بە پانتاییەکی پڕ لە جوانی کراوە بۆ هەموان.

کاتێک پاپا بە هەولێردا دەڕوات دەبێت ئەندازەسازی و پەیکەرەکان ڕەنگدانەوەی دونیا و کەلتوری ئێمە بن.

دووەم، دەبێت کورد بە هەموو ڕەنگ و پێکهاتە و جیاوازییەکانیەوە ڕەنگاڵەیەکی وەها دروست بکەن کە دەوڵەمەندی و چڕی ئەم شوناسە بناسێنێت.

کێشەی کورد لە دونیادا وەک کەمینەیەکی پەراویزیی ئەوەیە کە نازانرێت چەندێک دەوڵەمەندە لە ڕوی کەلتور و شوناس و مێژوەوە.

سێ، بێگومان ساتەوەختەکە ساتەوەختی کریستیانەکانە، بەڵام دەبێت ئەوە پێشان بدرێت کە ئەوان لە گەڵ کێدا دەژین و چۆن دەژین.

چوار، نابێت روداوەکە ببێت بە ڕوداوی نمایشی کەسایەتی سیاسی.

بەڵام ئەگەر بکرێتە ساتەوەختێک بۆ دروستکردنی ئاشتی ڕاستەقینەی لە ماڵی کوردیدا ساتەوەختێکی باشە.

پێنج، هەتا ئەمڕۆ، لە ناو پرۆسەی دەوڵەت نەتەوەی پاش ڕوخانی عوسمانییەکان، ئێمە تەنها لە ساتەوەختی قەیران سەر دەردەهێنین.

ئەمە ڕوداوێکی دەگمەنە کە دەکرێت لە ساتەوەختی ئاشتیشدا سەرەتاتکێیەک لە گەڵ دونیادا بکەین. بەڵام پێویستی بە قۆزتنەوەی دەرفەتەکە هەیە.