ئایا پرۆگرامی رێکخراوە مرۆییەکان دامەزراوە بینادەکات؟

28/02/2020

لاوک سەلاح

لە پاش جەنگ قسەیەکی زۆر سەبارەت بە دامەزراندنەوەی دەزگا و بیناکردنی توانا و تواناسازی و حوکمڕانی باش و لامەرکەزیەت و گەشەسەندنی رێکخراوەیی دەکرێت، هەروەها هەوڵێکی زۆریش دەدرێت ئەم زاراوانە بخرێنە ناو رەوتێکی گەشەسەندنی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی کە شیاو بێت لەگەڵ دۆخە سیاسییەکە، بەڵام بەداخەوە کەم جار هەوڵەکان مەبەست دەپێکن، رەنگە لە بەرنەبوونی بودجەی تەرخانکراو بێت یان کەمی لێهاتووی و کارامەیی کارگێری و ئیداری بێت یان کەڵەکەبوونی گرفتە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان بێت کە وا دەکات دیمەنە سیاسییەکە  ئالۆز بێت و تەمەنێکی دیکە بخوازیت بۆ دۆزینەوەی چارەسەر یان، بە راشکاوی، هۆکارەکە گەندەڵییەکی دیاریکراو بێت.

لە سەرەتایی نەوەدەکانەوە تا ئێستا یارمەتی فریاگوزاری و مرۆیی کۆڵەکەیەکی زیندووی پەرەپێدانی کۆمەڵگەی ئێمە بووە، لانی کەم، لە کاتی قڕوقاتی و لە سەردەمی جەنگ و نەهامەتی و نەبوونیدا. زۆرجاریش کاری کاریگەر بووە لەسەر ئیرادەی سیاسی. ئەم نووسینە حوکمدان نییە لەوەی گوزەشت، لەو ئەزموونە پەرشوبڵاوەی تا ئێستا بەردەوامە، بەڵکو پێداچوونەوە و شیکردنەوەیەکی کورت و پوختە بۆ ئەوەی بزانین چی روویدا؟ ئایا دەکرێت لە ئاییندەدا باشتر بین؟


کارکردن لەسەر ئەو چەمکانەی سەرەوە، بیناکردنەوەی دیوارێکی بێ گیان و بێ خوێن نییە، نووسینەوەی کتێبێک نییە کە لە مێژوویەکی خوازراوەوە وەرگیرابێت، دامەزراندنەوەی دەزگا، بەرهەمهێنانەوەی مەعریفەیەکی سیاسی خۆماڵییە، ئەگەر وا نەبێت زۆر بە ئاسانی دەبێتە زانیارییەکی رێبوارانە. هەر بۆیە، ئێمە هێشتا لە دەستنیشانکردنی چوارچێوەی ئەو کاردەداین و دەبێت وریا بین سەرکێشانە نەکەوینە تەڵەی وردەکاریەکانی ئەو شەکەتی و وێرانەیەی کە پاش کۆتایهاتنی جەنگ رووبەروومان دەبێتەوە.

ئەزموونێک و فۆرمێکی تایبەتی لە یارمەتیدانی مرۆیی و فریاگوزاری لە پشتمانەوەیە، بەداخەوە وەک هەموو شتەکانی دیکە بواری نووسینەوەیان نەبووە، دڵنیام هەر رێکخراوێک تۆمارێکی بۆ خۆی هەڵچنیوە بەڵام دڵنیانیم دەزگایەکی نیشتمانی ئەو ئەزموونانەی بە بەڵگە کردبێت بۆ سوود وەرگرتن لە ئەزموون و دارشتنەوەی لە قاڵبێکی دیکەدا.  

لە عێراقدا گرفت ئەوە نییە کە بودجە نییە یاخود وڵاتەکە وەک هەر وڵاتێکی ئەفەریقی ئالەنگاری دارایی هەیە. لەم وڵاتەدا گرفت نەبوونی ژینگەیەکی سیاسی دروست بووە بۆ پیادەکردنی ئەو چەمکە سەرەکیانەی کە کۆڵەکەی دامەزراندنی دەزگان. ژینگەی سیاسی بە ئەکتەری جیاواز جیاواز تەنراوە بۆ یەک مەبەست کە ئەویش کۆنترۆڵکردنی سەرچاوە داراییەکانە، ئەکتەرە سیاسییەکان شەری بە وەکالەت بۆ شوێنی دیکە دەکەن و باجی زامنکردنی پشتگیری خۆیان دەدەن. لە کاتێکدا لە هەرێمی کوردستان ئەکتەرە سیاسییەکان ئەو توانایەیان نەبووە و نییە و لەو ئاستە فراوانەی ئەواندا نەبوون هەمان رەفتاری سیاسییان هەبێت، بێگومان گرفتی دیکە هەبووە کە دەبێت لە بۆنەیەکی دیکەدا باسیان لێوە بکەین. گرفتەکانی ژینگەی سیاسی کوردستان گەشەسەندنی دەزگا نەبووە، وەک ئەوەی لە عێراقدا هەبووە، بەڵکو دامەزراندنی دەزگا بووە لە سفرەوە. بەداخەوە فۆرمەکانی ئەم دامودەزگایانە لە هەردوو ژینگەکەدا، نە لە نەخشە رێگایەکی ئەکادیمیانەوە سەرچاوەی گرتووە، نە لە سوود وەرگرتن بووە لە لێکۆڵینەوەیەکی ستراتیژی، ئەوەی بووە، ئەوەی لەسەر ئەرزی واقیع کە هەبووە لەسەر ئاستی پراکتیک، ئەزموونی رێکخراوە دەوڵەتییەکان بووە کە رژانە کوردستان وهەریەکە بە گوێرەی پێشینی خۆی کاریان دەکرد. ئەو رێکخراوانە کاریان لە ناو ژینگە سیاسییەکەدا کردووە، خۆیان دەگونجاند، ئەوان کاریان لە سەر گۆرینی ژینگە سیاسییەکە نەکردووە، ئەمە کاری ئەوان نەبووە، با لە یادمان بێت دامەزراندنی دەزگا خۆی چالاکییەکی سیاسییە کۆمەڵگە خۆی دەبێت خاوەنی بێت.

چەمکی لامەرکەزیەت، بۆ نموونە، وەک ئامرازێکی گەشەسەندن بەکار نەهاتووە، بەڵکو بۆ دڵنیابوون لە ئەنجامدانی پرۆسەی سەربازیی بووە، هەوڵێک بووە بۆ بەخشینی بەهایەکی دیموکراسی بە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان. لە کاتێکدا ئەم چەمکە دەبێت ببێتە کۆڵەکەیەکی پتەوی دامەزراندنی سیستمی فیدرالیەت و دابەشکردنی دەستەڵاتی سیاسی و ئابووری و ئیداری لە عێراقدا و دواتر بەشێک بێت لە پەرەسەندنی سیاسی بە شێوەیەکی گشتی. بێگومان ئەم کارە ئیشی دەوێت!

پرسیاری سەرەکی ئەم نووسینە کە بە دوای وەڵامدا دەگەرێت؛ بۆ ئاییندە، چۆن بتوانین کاری رێکخراوە مرۆییەکان بکەینە بەشێک لە پلانێکی نیشتمانی سەرتاسەر؟ چۆن کارە باو و کلاسیکییەکانی ئەم رێکخراوانە وەک راهێنان و تواناسازی و میکانیزم و رێکاری کارکردن و سەرچاوەی مرۆیی بگوازرێنەوە بۆ پانتاییەکی فراوانتری کەرتی گشتی و بە پێی پێویست و توانا یارمەتی فراوانی هەیکەلی ئیداری و کارکردن بدات. ئەم پرسیارە پێویستی بە نەخشەرێگایەکی ماراسۆنی هەیە کە رەنگە وەزارەتی پلاندانان پێگەی شیاوی دارشتنی ئەو نەخشەیە بێت.