کۆتایی دووهەمین "دە"ساڵی سەدەیەک

21/12/2019

لاوک سەلاح

لەچەند رۆژی داهاتوودا ساڵی ۲٠۱۹ کۆتایی دێت و پێدەنێینە ۲٠۲٠. بەمە دە ساڵی دیکە لە سەدەی بیست و یەک تەواو دەبێت.
دە ساڵەکە، هەر لە سەرەتایی ساڵی ۲٠۱٠، بە قەیران و بەستەڵەکی ئابووری دەستیپێکرد و  بە توورەیی سیاسی و جەنگ و ماڵوێرانی و کاولکردنی زیاتر کۆتایی هات. زۆربەی ساڵانی ئەم دە ساڵە یان قەیرانی کوشندەی ئابووری بوون یان تارمایی قەیرانی دارایی باڵی بەسەردا کێشابوو کە دواجار بووە مایەی دروستبوونی تەوژمێکی چڕ لە توندرەوی لە هەڵسوکەوتی سیاسی دەوڵەتان و فیکری سیاسی دامەزراوە رەسمییەکان لەسەرتاپا جیهاندا. بێگومان لە پاڵ کێشە سیاسییەکان چەندان کێشەی دیکەی جۆراجۆری وەک کێشەکانی ژینگە و پەنابەران و کۆچبەری و توندوتیژی کۆمەڵایەتی هەن کە لێکەوتەی بەردەوامی جەنگ و ئاڵۆزبوونی دۆخە گەردوونییەکە بوون. رەنگە، ئەگەر جەنگ نەبوایە و ئەگەر سەرکێشی سیاسی لە دونیادا نەبوایە کە خەڵکێکی زۆری کردە قوربانی و خۆڵەمێش، پرۆگرامەکانی پەرەسەندن و گەشەسەندنی ئابووری و کۆمەڵایەتی و کەلتووری لە دونیادا دارێژرابایە، ئەمە بەو بودجانەی بۆ جەنگ تەرخان کران، بەڵام ئەفسوس.

لەم دە ساڵەدا، نەوەیەک پێگەیشتووە کاری سەختییان ئەوەیە چۆن لە دونییایەکی چەوتدا هەنگاوی راست بنێن؟

دە ساڵ لە تەمەنی سەدەیەکی دیکە، رۆچوون بوو بەناو جەنگ و وێرانی لە جۆرێکی دیکە، بەرجەستەی ئەوپەری قێزەوەنی و وەحشیەتگەری و بێباکی و فۆبیا و هەڵتەکاندنی کۆمەڵگەو  بێ ماناکردنی بەها سەرەکییەکانی مرۆڤایەتی بوو، زۆر جار لەسەر رۆخ و لێواری جەنگێکی ئەتۆمی فراواندا بووین و بەخۆمان نەزانیووە، بە کێڵگەیەکی مینرێژدا پیاسەمان کردووە و جەستەیەکی سڕ و بێ باک بووین، لەگەڵ بوومەلەرزەدا سەمامان کردووە و ئاسایی بوو  گولەیەکی نادیار لە تاریکییەوە کۆتای بە تەمەنێکی خێر لەخۆ نەدیوو بێنێت، لەناو لافاوی خوێندا راکشابووین و بە بێدەنگی چاومان نووقاندوە و خەوتووین.

لەم دە ساڵەدا، نەوەیەک پێگەیشتووە کاری سەختییان ئەوەیە چۆن لە دونییایەکی چەوتدا هەنگاوی راست بنێن؟ چۆن لە دونیایەکدا کە بەها سیاسی و کەلتووری و کۆمەڵایەتی و دامەزراوەیی خۆی نەوەک ناپارێزێت بەڵکو وێران دەکات، ئەوان لەم دۆخەدا ناچارن بڕوایان بە بەها مرۆیی و گشتییەکان بمێنێت، بڕوایان بە شتێک هەبێت ناوی پرۆسەی بیناکردنی لێبنێین، لە دونیایەکدا بژێن سەری زمان و بنی زمانی لێبوردەیی و راستگۆیی و بەهای مرۆیی و مافەکانی مرۆڤ و جەندەر بێت بەڵام لەسەر ئەرزی واقیع بوونیان نەبێت، بەداخەوە هەموو ئەو دروشمانە چیدی لە گوێیاندا نازرینگێتەوە.

لە قەیرانە هەرە کوشندەکانی ئەم دە ساڵەی رابردوو کێشەی شوناسی سیاسی نەوەک نەتەوەکان و میللەتەکان بوو بە تەنها بەڵکو دەوڵەتەکان و دامەزراوە شەرعیەکانیش بوو. ئەو سەرکێشییە سیاسییە کە ئێستا باوە زۆر لەو دۆخە دەچێت کە فاشیەت و نازییەت لە ساڵانی سییەکانی سەدەی رابردوو پەرەی سەند و رەوایەتی خۆی لە پشتگیری ئەو تەوژمە سیاسییە باوانەوە بەدەست هێنا کە بەهۆی شکست لە جەنگدا بە دوای شوناسێکی نوێ بۆ خۆی دەگەڕا تاوەکو نەخشەرێگای سیاسی و مەرامی سیاسی خۆی رەوا بکات.

لەم ساڵەدا ژمارەی ئەوانەی تەمەنیان ٦٥ ساڵە لەسەر ئەم کەوکەبە دەژێن زیاتر دەبێت لە رێژەی ئەو منداڵانەی خوار تەمەن ٥ ساڵانن

لەراستیدا، ئەم قەیرانە سیاسییە و ئەم دۆخە شپرزەیە نەوەک تەنها قەیرانی پارتی سیاسییە لە سەرانسەری دونیادا بەڵکو قەیرانێکی بونیادی کۆمەڵگەیە کە توانای پیادەکردن و چالاک کردن و بەرهەم هێنانی فیکرێکی میانرەوی سیاسی هاوشان بە گۆرانکارییەکان نییە، بەداخەوە، ئەوانەی بەرەنگاری ئەم تەوژمە توندرەوانە دەبنەوە دەستەڵاتیان سنووردارە. بۆ نموونە پارتە راسترەوەکان چیدی ناتوانن نوێنەری ئەدەبیاتی سیاسی خۆیان بکەن بەوەی کە خۆیان بە پارتی نەتەوە دەزانن یاخود پارتە چەپرەوەکان دەناڵێنن بە دەست نەبوونی نوێنەرایەتی و سەرکردایەتی سیاسی بۆ بەرجەستەکردنی پرۆگرامە کۆمەڵایەتییەکانیان، هەر بۆیە سەرهەڵدانی ئەو تەوژمە سیاسییە توندرەوانە بە هۆی چەندان هۆکارەوەیە و تەنها یەک پارتی سیاسی لێی بەر پرسیار نییە. بەداخەوە توندرەوی لە هەندێ دۆخدا گەیشتۆتە رادەیەک کە هەندێ لە پارتە سیاسییە ناسیۆنالیستەکان بۆ نموونە لە بریتانیادا دەخوازن بگەرێنەوە سەردەمی ئیمپراتۆریەتی کۆنی بریتانیا.

هەر بۆیە کە ساڵی ۲٠۲٠ لە دەرگا دەدات یەکەم پرسیاری جەوهەری ئەوەیە ئایا دەکرێت ژیانێکی نوێ لەسەردەم و چەرخێکی کۆندا بهێنینە ئاراوە؟ ئایا دەکرێت حیکایەتێکی دیکە بنووسینەوە لە سەردەمێکدا کە دونیایەک گۆرانکاری دیموگرافی، بۆ نموونە، بەرێژەی دانیشتوانەوە بەدی دەکرێت و کاریگەری لەسەر ئابووری و بڕیارە سیاسییەکان هەیە. لەم ساڵەدا ژمارەی ئەوانەی تەمەنیان ٦٥ ساڵە لەسەر ئەم کەوکەبە دەژێن زیاتر دەبێت لە رێژەی ئەو منداڵانەی خوار تەمەن ٥ ساڵانن. بە مانایەکی دیکە رێژەی منداڵ کەمترە و تەمەن درێژترە، واتە رەنگە لە ماڵێکدا چەند نەوەیەک پێکەوە بژێن کە تێکەڵەیەک لە تێروانین بۆ دونیا و بۆ کارکردن و  بۆ خێزانیان هەبێت. هەر بوونی ئەم دابەشبوونە دیمۆگرافییە نوێیە بوونی مرۆڤ و مەبەستی مانەوەی بە بەهاوە دەخاتە بەرپرسیارەوە و ململانێی نەوەکان تۆخ دەکاتەوە.

ئایا لە ۲٠۲٠ کاتی ئەوە نەهاتووە حیکایەتە راستەقیینەکان بگێرینەوە، ئەوانەی پەیوەندییان بە رابردووە هەیە و ئەوانەی کە بۆ ئاییندە دەشێن؟ ئایا لە نێوان بەرداشی شەپۆلی خێرایی رووداوەکان ونۆستالجیایەکی بریندار خۆمان لە دروشمە سیاسییە چەواشەکان دەپارێزین؟ بۆ ئەوەی دونیا راستگۆیانە بینابکەینەوە پێویستمان بەسەرگوزشتەیەکی راستەقیینە هەیە، سەرگوزشتەی سەرکردایەتییەکی بەتوانا و راستگۆ، پێویستمان بەو دامەزراوانە هەیە لە دونیادا کە رەوایەتی بەرجەستە دەکەن و بەهای مرۆڤایەتی دەپارێزن، پێویستمان بە ئاشتبوونەوەیە لەگەڵ یەکتردا بۆ ئەوەی رێ لە دیاردە نارەوا و قێزەوەنەکان بگرین.

ئەگەر نا ... دونیا هەر خەراباتە...