لە نێوان تاعون و ڤایرۆسی کۆرۆنادا: نەهامەتی و فەنابوون

13/04/2020

لاوک سەلاح


هێشتا پێشبینکردن بۆ ئەوەی لە پاش ڤایرۆسی  کۆرۆنا دونیا چ فۆرمێک و شێوەیەک وەردەگرێت زووە هەرچەندە چەندان لێكۆڵینەوە لە ئێستاوە لە لایەن ناوەندەکانی شیکردنەوە و ئەوانی پسپۆرن لە  لێکۆڵینەوەکانی "دۆخی قەیران" دەستی پێکردووە. 
هەموو دەزانین کە قەیرانی رادیکال رێرەوی مێژوو دەگۆرێت و ئاییندەش بە فۆرم و شێوەیەکی دیکە  دەستنیشان دەکات و رێ خۆش دەکات بۆ هاتنە پێشەوەی شێواز و فۆرمی دیکە لە تێگەیشتن بۆ هەموو بوارەکانی دونیا، هەر ئەمەش ناچارمان دەکات میتۆدی جیاواز بگرینە بەر، لە بەرئەوەی ئاراستەکان جیاواز دەبن، مەرجیش نییە هەموو کات میتۆدەکان خراپ بن یان باش بن، بەڵام بەداخەوە لە دۆخی قەیران و بڵاوبوونەوەی پەتایەکی فراوانی وەک ڤایرۆسی کۆرۆنادا مەوداکانی گەشبینی بە نیگەرانییەکانی فەنابوون لێڵ دەبن بە تایبەتی کە ململانێی بیرورا جیاوازەکان رەنگدانەوەی سەختی کاریگەری ئافاتەکان دەبن.  

کە پەتا فراوانەکان بڵاو دەبنەوە و سەرتاسەر دونیا دەگرنەوە، کە هەموو لە بەردەم زیاندا یەکسان دەبین، کە هەموو وەک مەخلوقاتی خوا بە رووتی دەگەرێینەوە لای یەزدان، وا چاوەڕوان دەکەین لە پاش پەتا و ئافات بگەرێیینەوە سەر چەمکەکانی یەکسانیبوون، یەکسانیبوون لەسەر بنەما ئایینییە پیرۆزەکانی دونیا و لەسەر بنەمای هەموو ئەو ئایدۆلۆژیانەی کە بەمەزەنەی خۆیان بۆ مرۆڤایەتی تێکۆشان، بگەرێینەوە بۆ بەرجەستەکردنی چەمکەکانی بەجیهانیبوون و نێودەوڵەتیبوون، لۆجیک وا دەڵێت، بەڵام زۆر جار کەلێنێکی گەورە لە نێوان ئەوەی روودەدات و لۆجیکدا هەیە. ئەو کەلێنەش هەمیشە دەگۆردرێت و سیما و خەسڵەتی جیاوازیان دەبێت بە جیاوازی سەردەمەکان .

تەماشاکەن، ئەگەر بەر لە چەند مانگێک بووترایە رۆژانە لە هەر وڵاتێک هەزاران کەس دەمرن، ئەگەر بووترایە سەرتاپا ژیان دەوەستێت، ئەگەر بووترایە بستێک زەوی نامینێت بۆ ئەوەی مردووەکان بە شکۆوە بنێژرێن، کەس باوەڕی نەدەکرد، بەدڵنیایەوە کەسەکە بە شێت ناو دەبرا، ئەگەر بووترایە سەردەمی تاعون لە بەرگێکی مۆدرێن و نوێدا خۆی دەکاتەوە بە ماڵەکاندا کەس باوەڕی نەدەکرد. تاعون لە سەدەی چواردەهەمیندا بە مەرگی رەش ناسراوە، ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سەدەی بیست و یەکدا بەچی ناوببەین؟ ئەگەر ئەو کات تاعون نیوەی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بە گەڕ و بە تاوانبار ناساند بێت بە تایبەتی جوولەکە، ئەی ڤایرۆسی کۆرۆنا چیینییەکان و پێست رەشەکان و کۆچکردوەکانی دونیای بەچی لە قەڵەمدا؟ بەداخەوە ئەوەندەی پەتا و درم و ئافات، ئەگەر وریا نەبین، لە سەر ئاستی سیاسی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی دابەش دەکەن، ئەوەندە نابنە خاڵی هاوبەش بۆ بیناکردنەوە و پێکەوە ژیان، بێگومان، با رەشبین نەبین، هەندێ نموونەی جیاواز هەن کە شایانی باسکردنن وەک پەتای ئەنفلۆنزای ساڵی ١٩١٨ کە بووە ئەزمونێک و سیستمی تەندروستی نیشتمانی لە ئەوروپادا هێنایە کایەوە، یاخود جەنگی دوومی جیهان و قەیرانی ئابووری لەو ماوەیەدا بووە هاندرێک بۆ هێنانە کایەی سیستمی پاراستن و سەرپەرشتیکردنی کۆمەڵایەتی، بەڵام با کارەساتی "١١ سپتێمبەری ٢٠٠١"مان لە یاد بێت کە حکومەتی ئەمریکی ناچارکرد سیستمی چاودێری لەسەر هاوڵاتیان توند بکات و ئەمەریکا بخزێنێتە ناو کۆمەڵێک جەنگی بێ کۆتاییەوە. لە ئێستادا، پاشەکشەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفگانستان بەهۆی پەتای کۆرۆناوە، ئەگەر دوانەخرێت، خاو بۆتەوە.

نموونەیەکی دیکەی ئاشکرا، لە کاتی قەیراندا دەبێت سەرمایەکانی دونیا وەک پێداویستییە سەرەکییەکان بە هەموو لایەک بگات، وڵاتە دەوڵەمەندەکان و وڵاتە هەژارەکان. ئەمە لۆجیکێکە کە بەداخەوە لە واقیعدا روو نادات بە تایبەتی ئەگەر دۆخی قەیران ئاڵۆزتر بێت، لە بری ئەوەی وا مامەڵە لەگەڵ جەنگە بکرێت کە هی هەمووانە و هەموو پێکەوە دەبێت بەرەنگاری ببینینەوە، تا دێت کۆمەڵگەکان و حکومەتەکان بەرەو گۆشەگیری پەلکێش دەبن هەر لە دوورکەوتنەوەی دوومەتر لە یەکتری و داخستنی سنوورەکان و دەستگرتن بەسەر پێداویستییە تەندروستییەکان کە لە وڵاتیکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە چووە و بەکارهێنانی دۆخەکە و قەیرانەکە وەک پاساوێک بۆ وەرنەگرتی پەنابەر. سەرۆک وەزیرانی هەنگاریا زۆر بە راشکاوی لەم دواییەدا وتی ئەوان واتە هەنگاریا لە جەنگی دووبەرەدان:  یەکەمیان کۆچبەرییە و ئەوی دیکەیان پەیوندی بە ڤایرۆسی کۆرۆناوەیە.

لەو نیگەرانیانەی کە ئێستا لە ئارادایە ئەوەیە کە دواتر، کە ڤایرۆسی کۆرۆنا هێوربووە، حکومەتەکانی دونیا ئەو زانیاریانەی کە لە کاتی کۆرۆنادا کۆیانکردۆتەوە بۆ مەبەستی دیکە بەکاریدەهێنن، بەتایبەتی لەو وڵاتانەی کە سیسمتی حکومڕانیان تۆتالیتاریانەیە، یان بە پاساوی شکستی سیستمە دیموکراسییەکان پەنا بۆ میکانیزمەکانی ئەوان دەبەن، نیگەرانییەکی توند هەیە کە رێکارەکانی کاتی ئیمێرجنسی ببنە دۆخێکی هەمیشەیی و لانەبڕێن. لە دۆخی پەتا و ئافاتدا خەڵک تایبەتمەندێتی خۆی لە بیر دەچێتەوە و تەنانەت بەهۆی مانەوەی زیاتر لە ماڵەوە وەک بەشێک لە رێکارەکانی دوورپەرێزی کۆمەڵایەتی فرسەتێک بە کۆمپانیا و حکومەتەکان دەدات کۆنترۆڵی زانیارییە تایبەتییەکان بکەن.

 پوختەی قسە، چەند نیگەرانییەکانی پاش هێوربوونەوەی کۆرۆنا هەرەشەبن، ئەوەندەی ڤایرۆسەکە کوشندە نیین! مادام لە ژێر رکێف و ئیرادەی مرۆڤدایە هەر چارەسەر دەکرێن. ئەوەی، ئێستا، گرنگە دۆزینەوەی چارەسەرکێکە بۆ ڤایرۆسەکە، هەرەشەکانی دیکە بۆ نەوەکانی ئاییندە، ئەوانەی دەمێننەوە بەجێ دەهێڵین!