تیمە نوێکەی بایدن بۆ کاروباری دەرەوە چیمان پێدەڵێت؟

25/11/2020

لاوک سەلاح

 رۆژی 20/1/2021 سەرۆک بایدن و کابینەکەی دەستبەکار دەبن، هەموویان ئەو کەسانەن کە پۆستی جیاوازیان هەبووە لە کابینەی ئۆبامادا، واتە نامۆ نین بە کاری حکومەت و ململانێکانی ناو کۆشکی سپی و ئالەنگەرییەکانی ناوەوە و دەرەوەی ئەمریکا. ئەو کەسانەی کە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لەم حکومەتەدا بەڕێوەدەبن لە دەرەوەی واشنتۆن ناسراو نیین، بەڵام لە ناوەوە ناسراون:

- ئەنتۆنی بلینکێن ، ٥٨ ساڵ، بۆ زیاتر لە ٢٠ ساڵ کار لەگەڵ بایدن دەکات و دەبێتە وەزیری دەرەوە.

- لیندا تۆماس گرین فیلد، یەکێکە لە ئافرەتە رەشە دیارەکان لە بواری دیبلۆماسیەتدا، چەندان ساڵ کاری لەسەر ئەفریقا کردووە و دەىێتە باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان.

- جەیک سولڤیان یاریدەدەری هیلاری کلنتۆن بووە و رۆڵی گرنگی هەبووە لە رێکەوتنامەی ئەتۆم لەگەڵ ئێران ساڵی ٢٠١٥، کە بایدن جێگر بوو، ئەم راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی بوو.

ئەمانە، لە کەسە هەر دڵسۆزەکانی بایدنن و بڕوایان بە ناوەندێتی سیاسەتی دەرەوە هەیە. ئەم هەڵبژاردنە کەم تا زۆر دیدی دیموکراتییەکان دەردەخات بۆ هاتنەوە بۆ ناو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.

لە قسەکانیاندا جەختیان لەسەر بەهاکانی نێو خێزان و نموونەیی خێزان و سارێژکردنی گرفتە زۆرەکانی ئەمریکایان دەکرد، هەر بۆیە دەستبەچێ بایدن ئامادەی دەربڕیوە بۆ ئەوەی سەرلەنوێ ببێتە ئەندام لە دەزگا و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، هەر لەئەندامێتی رێکەوتنامەی پاریس بۆ ژینگە تا دەگاتە پێداچوونەوە و بژارکردنی رێکەوتنامەی ئەتۆم لەگەڵ ئێران بۆ کەمکردنەوەی کاریگەری چیین لەسەر ئاستی سیاسەتی دەرەوە، بەڵام ئایا ئەم ئامادەییە بۆ خۆی بەسە بۆ ئەوەی شتەکان بچنەوە شوێنی خۆیان لە ماوەیەکی کەمدا، لەبەرئەوەی هەموویان دەیانووت رێکخستنەوەی جیهان کاری هەموو دەوڵەتەکانە، نەوەک بەتەنیا ئەمریکا، واتە لە ئێستاوە دەزانن تا چ مەودایەک دەتوانن سەرکەتووبن.

 

ئەم کارە، هیلاکی زۆر دەوێت لەبەرئەوەی گۆرانکارییەکان لەپڕ دێن. ئەم تیمە ماوەیەکی زۆر کاریان لەگەڵ یەکتر کردووە، یەکتر باش دەناسن، وەک دەردەکەوێت، هەڵبژاردنیان لەسەر ئەم بنەمایە بۆ ئەوەیە کە هارمۆنی حکومەت وەک یەک تیم لە کارەکاندا رەنگبداتەوە. ئەمەش بەمانای ئەوەیە کە هەڵبژاردنەکە تەنیا لەسەر بنەمای پێشەیی نییە، بەڵکو هەڵکردنە لەگەڵ یەکتر. پێکەوە کارکردن و پاراستنی بەرژوەندییەکان لەسەر یەک هێل کاری ئاسان نییە.

 

با چاوەڕوانبین بزانین لە سێ مانگ یان شەش مانگی یەکەمدا چی روودەدات. راستە پێکەوە کاریان کردووە، بەڵام ئێستا هەریەکەیان سیفەت و دەستەڵاتی جیاوازیان هەیە. بەدەر لەوە، هەندێ جار چەند ئەندامێکی پارتی سیاسی جیاواز، لە یەک تیمدا یەکدەگرن کە رەنگە پارتەکانیان رازی نەبن بەڵام رۆڵ و بەرپرسیاریەتی و بەرژەوەندی ئەرکی دیکەی نوێ دەستنیشان دەکات.

لەم کارەشدا ئەو کەسە سەرکەوتووە کە دیدێکی واقیعی بۆ گرفتەکان هەیە. هەڵبژاردنی ئەم تیمە گەرانەوەیە بۆ ئاساییبوونەوەی مەنهەج و عورفی ناسراوی دیبلۆماسیەت، بەڵام ئالەنگەری سەرەکی ئەم تیمە ئەوەیە ئایا کڕیاری دەرەکیان بۆ سیاسەتەکەیان دەبێت؟ واتە کێ سەرلەنوێ دەچێتە ژێر باڵی سەرکردایەتی ئەمریکا بۆ جیهان؟