ئەم ساتە مێژووییە.. کوشندەیە

29/06/2020

لاوک سەلاح


بۆ ئـێمە، گرژی ئەم دۆخە ئەمنییە، ئەم گەمارۆدانە بێ ویژدانییە، ئەم هەرەشە شەرانگێزییە، ئەم بێ مروەتیە، هیچی کەمتر نییە لە هەرەسی کۆماری مهاباد و نسکۆی ٧٤ و شکستی ٨٤ و پرۆسەی بەدناوی ئەنفال و کارەساتی هەڵەبجە، ئەم ساتە هەمان حیکایەتی لەعنەتی مێژووە، هەمان سەرگوزشتە و برین کە پێویست بە زانیاری زۆر ناکات تاوەکو دڵ و ویژدان هەست بە بەرپرسیاریەتی بکات.

ئەم ساتە، سەرلەنوێ دۆخێکە و پرۆژەیەکە بۆ نەمان و فەناکردنی نەتەوەیەک، هەمان موئامەرە و هەمان ئەکتەر و هەمان لاوازی خۆشمان لە نەبوونی نوێنەرایەتییەکی سیاسی رەوا کە لەگەڵ دونیا و قیامەتدا بێتە گۆ و راستگۆیانە گرفتە لاوەکییەکان وەلا بنێت و پلانێک بۆ مانەوە و بۆ بەرگریکردن ئامادە بکات.

لە ماڵێکدا ئەگەر ئەندامێکی خێزان لاساری بکات هەموو سەرزەنشتی دەکەن تا دێتەوە هۆش خۆی، کۆمەڵگەی کوردی خێزانێکی گەورەیە، پڕ لە گروپی خۆرسکە کە تەنها بۆ ئەمرۆ دەژێت، ئێمە نە خاوەنی دەزگای بیکردنەوەی گەورەین، نە خاوەنی ژێرخانی ئابووری پتەویین و نە هێزێکمان هەیە کە فیشەک و بەنزینی لێ نەبڕێت، نە دەوڵەتین. ئێمە تەنها خاوەنی جوگرافیا و کۆڵەکە سەرەکییەکانی مرۆڤین، ئەگەر ئەم جوگرافیایە باش بەکار نەهێنین و هەریەکە لە نێو ماڵی خۆی و گروپی خۆیەوە هەست بە مەترسی نەکات ئەوە وەک ئەوە وایە دەرزیەک لە دەماری بوونی درابێت.

ئەم ساتە دەخواێت پلانێک بۆ دەرچوون لەم گەمارۆدانە لە هەموو لایەکەوە ئامادە بکرێت. ئەرکی سەرشانی هەموو پارتە سیاسییەکانە کە پلانێکی هاوبەش ئامادە بکەن و ئەرکەکان  بە نوێنەرایەتییەکانیان و پەرلەمان و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بسپێرن، دەبێت ئەرکی سیاسی مێژووی خۆیان ئەنجام بدەن. لە پلانەکەدا دەستنیشان رۆڵی هەر یەکێک کرابێت، دەستنیشانی ئەوە کرابێت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی پەیوەندی بەکێوە بکەن، لۆبی کردن لەگەڵ کێ بکەن، لە هەمان کاتدا لە ئاستی ناوەوە کەڵێنەکان کەم بکەنەوە. ئەم ساتە تەنانەت لە بەرژەوەندی گەندەڵکارانیش نییە، دواتر هیچ نامێنێتەوە ببرێت!

گرەوکردن لەسەر پایتەختەکانی دراوسێکانمان دادمان نادات، ئەمە سەرەتاترین دەرسە لە مێژووە. ساتی دروستبوونی بەرەی کوردستانی وەک ساتی ئەمرۆ وایە، هەموو پێویستمان بەیەکترە، ئەوەی بە پێچەوانەی ئەم عیبرەتەوە رەفتار دەکات ماڵی خۆی وێران دەکات و لە کۆمەڵگەکەی نەگەیشتووە. ئەوەی داوای نەمانی قەوارەیەک دەکات کە بروخێت بەرلەوەی لە دایک بێت بێ توانایی خۆمان دەردەخات، ئەوە دەردەخات ئێمە هێشتا لە ئاستی هەرەشە دەرەکییەکاندانین. ئەو هەرەشانە ئەم کۆمەڵگەیە دەکەنەوە کۆیلە مێژوویەکەی سوڵتانە قەدیمەکان کە هەموو شتێک بۆیان حەڵاڵ دەکات بە خوشک و ژن و کەسەکانمانەوە. 

لەگەڵ زیندووبوونەوەی تەماعە کۆنەکان، میکانیزمە کۆن و نوێکان دەبێت ئاوێزانی یەکبن، یەکگرتن وشەیەکی کۆن و رەونەقی نەماوە، زۆربەی هەرە زۆری هۆنراوە و پەندە کوردیەکانی گرتۆتەوە و هەر سوودی نییە، ئەوەی باسی بكات وەک ساویلکە تەماش دەکرێت، بەڵام ئەم چەکە سەرەتاییە وەک چەکی مانەوە لە ماڵەوە بۆ بەرنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا وایە. 

ئامادەکردنی پلانێک لەلایەن پارتە سیاسییەکانەوە بە کۆی دەنگ شەرعیەتە. پلانێکە ئەم جارە بە دونیا دەڵێت لەپاڵ یەکگرتندا کاری سیاسی دەزانم و چەکێکی سەردەمییانەم پێیە بە چالاکردنی پەرلەمان و بە بەکارهێنانی سەرۆکایەتی هەرێم وەک نوێنەرایەتییەک بە رووی دونیادا. پاراستنی قەوارەی سیاسی لە بەکارهێنانی دروستی دەزگاکاندا دەبێت و لە هەوڵی گەشەسەندنیاندا دەبێت، تا ئەوکاتەی ئەرکەکە بە نەوەی داهاتوو دەسپێرێت.
ئەمە هاوارێک و دەستپێشخەریکە، خەمخۆرانە و دڵسۆزانەیە، هیوادارم سەدای هەبێت.