بەدامەزراوەیکردنی پارتی سیاسی: چی پێشینەیە؟

11/10/2020

لاوک سەلاح

چاوەڕوانیکردن بۆهێنانەکایەی میکانیزمێک بۆ بەرپاکردنی گۆرانکاریەکی سەردەمیانەی خێرا و دەستبەجێ لە مێژوویەک کە سەرتاپای بەرگری بووە لە بوون و وجودو هەمیشە لە دۆخی جەنگدا بووە کارێکی سەختە، تەنانەت ئەگەر خەونی سیاسی مەزنیش لە ئارادا بێت.


مێژووی ئێمە، هەر وەک ئاشکرایە، ئەوەندەی رەنگدانەوەی ئیرادەی مانەوە بووە بە فۆرمە خۆرسکەکەی، ئەوندە مەودایەک نەبووە بۆ دامەزراندنی دەزگایەک کە ئیدارەی دونیای سیاسەت و حکومڕانی بکات، هەر لەبەرئەوە پێوەر و تێگەیشتنەکانی ئەمڕۆ پێویستی بە فراوانکردنی زیاتر هەیە تا بە ویژدانێکی زیندوەوە، داواکارییەکی بابەتیانە بێتە بەرهەم. بەداخەوە، کۆکردنەوە و نووسینەوەی یادەوەری بە تەنها فریادرەس نییە.

داواکاریی بۆ بەدامەزراوەیبوونی حکومەت پێشین و زەمینەی پێشوەخت دەخوازێت. دەبێت بڕوانینە هەر فۆرمێک یان دامەزراوەیەکی دیکەی کۆمەڵگە کە بەر لە دامەزراندنی حکومەت مێژووی هەبووە و خەڵک زیاتر ئاشنای میکانیزمەکانی بووە و ژیانی خۆی لەسەر ئەو پێکهاتانە گونجاندووە و بۆتە خەسڵەتی ژیانی.


ئاسانتر قسە بکەین:
خەڵک ئاشنای ئەو فۆرمە خۆماڵییە بووە لە (پارتی سیاسی کوردی) کە گوزارشت بووە لە گردبوونەوەی خەڵک بۆ بەرگریی لە ژیان و بوونی خۆیان و پاراستنی ناوچەکانی تایبەت بە خۆیان، ئەم فۆرمە خۆماڵییە لە پارتی سیاسی ئەو تاقە دەزگایە بووە کە خەڵک چاویان پێهەڵێناوە و هەموو ئاسۆی ژیانیانی تەنیبوو، بۆ ئەوان ئەمە تاقە شێوازێکی پتەوکردنی پەیوەندییە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی ناو کۆمەڵگە بووە لە سەرەتاترین فۆرمیدا.

ئەگەر کۆکبین لەسەر ئەوەی کە ئەوە پارتی سیاسییە، لالەی خۆمان، پێویستی بە دامەزراندن و دامەزراندنەوە هەیە بەر لە حکومەت، دەبێت بپرسین پرۆسەکە لە کوێوە دەست پێبکەین؟


ئایا، یەکەمجار، لە دامەزراندنی سیستمێک لەناوخۆی پارتی سیاسییەوە یاخود لە ریفۆرمکردنی کۆی سیستمی کاری سیاسی پارتە سیاسییەکانەوە.
بەداخەوە، ئەم دوو ئاستە هەردووکیان کاری پێشینەیە بۆ ئێمە و تەواوکەری یەکن. بە بێ بوونی یاسایەک بۆ رێکخستنەوەی کاری سیاسی، پێداچوونەوە بە سیستمی ناوخۆی پارتی سیاسیدا زەحمەت دەبێت.


لە هەمان کاتدا، ئەگەر داواکاریی جیدی لەناوخۆی پارتی سیاسی سەرهەڵنەدات و فشاری راستەقینەی پراگماتیکانە و واقیعانە نەکرێت ئەو چوارچێوەو هێڵە گشتییانە نایەنەدی.
 بەمانایەکی دیکە، دەبێت پرۆسەیەکی بەرفراوان  بۆ دامەزراوەییکردنی پارتی سیاسی  بێتە کایەوە، ئەم پرۆسەیە یارمەتی سەقامگیری رێکارە ناوخۆییەکانی نێو پارتی سیاسی دەدات و هانی ئەندامان دەدات کە پابەندی بنەما سەرەکییەکان بن و لە کاتی هەر گۆرانکارییەکدا پەنا بۆ ئەو رێکارانە بەرن بۆ چارەسەرکردنی هەر گرفتێکی ناوخۆ.

بە شێوەیەکی گشتی:
پارتی سیاسی بێ جیاوازی ، لە هەر کوێیەک بێت ، بۆ ئەوەی لە ئاست چاوەڕوانی دەنگدەرانی و مێژووکەیدا بێت، بەردەوام پێویستی بە پێداچوونەوەیەکی ریشەیی هەیە، پێداچوونەوە بە هەیکەلی کارکردن و پەیرەوی ناوخۆ وئەدای سیاسی و ئیداری، هەربۆیە پارتە سیاسییە ئەوروپییەکان ساڵانە کۆنفرانس دەبەستن تاوەکو بەردەوام لەبەر رۆشنایی گۆرانکارییەکان ستراتیژیەتی کاریان دارێژنەوە.


 بەداخەوە، کاری سیاسی کەلە وێستگەیەکدا یان قۆناغێکدا دەچەقێت، ئیتر نابێتە خاوەنی هەڵگری دیدێکی ستراتیژی بۆ ئاییندە.


زۆر جار، گۆرانکارییە سیاسەکان خێران و پێویست بە کاری دەستەجەمعی دەستبەجێ دەکات. بۆ ئەنجامدانی ئەو کارەش پێویستت بە سەرمایەیەکی مرۆیی نوخبەوی هەیە کە تا رادەیەک خاوەنی یەک دیدی ستراتیژی بن بۆ ئەوەی شان بەشانی گۆرانکارییە سیاسییەکان مانفێستەکان دارێژرێنەوە، هەروەها، لانی کەم، کار لەسەر ئەوە بکرێت کە پرسە جەوهەرییەکان نەبنە قوربانی کێشە لاوەکی و لۆکەڵییەکان و کەسایەتییەکان.

کارکردن لەناو مێژوویەکدا کە دامەزراوەیی نەبووە (بە مانا ستاندەردەکەی) مێژوویەک کە پێویستی بە یاسایەک هەیە بۆ کۆبەندکردنی ململانێکان و چاودێریکردنی ئاراستە جیاجیاکان، مێژوویەک کە پێویستی بە توانایەک هەیە بۆئەوەی پارسەنگ و سنووری بەرژوەندییەکان بپارێزێت، مێژوویەک کە پێویستیبە چالاکردنی ناوەندەکانی لێکۆڵێنەوە هەیە تا کاریگەرتربن و رۆڵی زانکۆکان لە گۆشەگیری قوتاربکات ویارمەتی پرۆگرامەکانی پەروەردە بدات تا پانتاییە سنووردارەکان تێپەرێنێت، بەداخەوە، تا ئەم زەمینانە دێنە ئاراوە، ململانێ لاوەکییەکان بەردەوام دەبن.


ئێستا با بە کورتی و پوختی دەروازەیەک واڵا بکەین بۆ ئەو دوو بابەتە گرنگە کە دوو کۆڵەکەی قۆناغی گواستنەوەن بۆ دامەزراندنی سیستمێکی دیموکراسی گشتگیر لە مەودای دووردا:

ا) بەدامەزراوەیکردنی پارتی سیاسی:
لە پێوەرە هەرە سەرەکییەکانی بەدامەزراوەیکردنی پارتی سیاسی لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و لای ئێمە ئەوەیە کە نەوەی یەکەمی پارتی سیاسی کۆچ دەکەن، تا چەند پارتی سیاسی دەتوانێت مەودای تواناکانی فراوان بکات بۆ بەردەوامبوون واتە تا چەند دەتوانێت بەهای نوێ بخاتە سەر خەرمانی نەوەی یەکەم، ئەمە پێوەر و ئاماژەیەکی زۆر دیارە بۆ توانای هەر پارتێکی سیاسی لە کارکردن لەسەر میراتی سیاسی خۆی و فراوانکردنی لەهەمان کاتدا، لەبەرئەوەی هەمیشە گۆرانکاری سیاسی چەمک و مانا و ئاڵەنگاریی و دەرفەتی نوێ دێنێتە کایەوە کە پێویستی بە مامەڵەی نوێ و چارەسەری نوێ دەبێت.

خاڵێکی دیکەی گرنگی بەرجەستەکردنی بەدامەزراویبوون، بوونی جۆرێک لە توندوتۆڵی وتۆکمەیی Coherence”“ی پارتی سیاسییە کە لە کاتی چارەسەرکردنی ململانێ ناوخۆیەکان و هەڵسەنگاندنی ئادای کەسەکاندا دەردەکەوێت.


بۆ بەرجەستەکردنی دامەزراوەیبوون، دەبێت هەڵسەنگاندنی بەردەوام هەبێت بۆ ئەو دوو کۆڵەکەیە کە دواتر یارمەتی هێنانەکایەی کۆدەنگی دەدات.
نەبوونی کۆدەنگی، نەبوونی پرۆسەی بەدامەزراوەیبوون دەگەیەنێت.


بەمانایەکی دیکە،  بۆ ئەوەی پارتی سیاسی دامەزراوە بێت، دەبێت خاوەنی خیتاب و دیدێکی ستراتیژی بێت کە نوێنەرایەتی ئەندامەکانی بکات، لەم دۆخەدا پارتی سیاسی تەنها ئامرازێکی سیاسی نییە بەڵکو پارتە سیاسیەکە خۆشی دەبێتە بەها بۆ بەدیهێنانی خیتابە سیاسییەکە. بێگومان چەندین خاڵی دیکە هەن، کە دەکرێت لە بۆنەیەکی دیکەدا تیشک بخرێتە سەریان.


ب)بەدامەزراوەیکردنی کۆی سیستمی سیاسی:
بێگومان بەدامەزراوەیکردنی سیستمی سیاسی پارتە سیاسییەکان خۆی لە خۆیدا ئاماژە و پێوەرە بۆ دامەزراندنی دیموکراسی لەو دەوڵەتانەی کە تازە دیموکراسیەت تیایدا سەرهەڵدەدات. 


بۆ ئەوەی پرۆسەی دیموکراسی پرۆسەیەکی تەندروست بێت، دەبێت کۆی سیستمی سیاسی بە پرۆسەی دامەزراوەیبووندا بڕوات.


مەبەست لە سیستمی پارتی سیاسی ئەوەیە کە پارتە سیاسییەکان بەیەکەوە دەبەستێتەوە و وەک چەتر لە ژێر ئەو سیستمە چالاکی سیاسی دەکەن، سەقامگیری ئەم سیستمە یارمەتی پەرسەندنی پرۆگرامی سیاسی پارتی سیاسی دەدات، مەرج نییە زۆری ژمارەی پارتی سیاسی رەنگدانەوەی بوونی سیستمێکی سیاسی سەقامگیر یان گەشەسەندوو بێت، باشترین نموونە پاکستان و لوبنانە، کە هەرچەندە پارتی سیاسییان زۆرە بەڵام سیستمە سیاسییە یاساییەکە لاوازە، لە راستیدا ئەمە خەسڵەتێکی سیاسی دیارە، پتەوکردنی سیستمی سیاسی کلیلی پەرینەوەیە بۆبەدامەزراوەکردنی پرۆسەی دیموکراسی بەتایبەتی لە وڵاتەکانی جیهانی سێهەمدا.

نموونەیەکی دیکە، ئەنجامەکانی ئەم پێداچوونەوەیەی کە ئێستا بە پرۆسەی هەڵبژاردندا لە عێراق دەکرێت دەریدەخات تا چەند رەنگدانەوەی داواکاری هەموو لایەکە بۆ هێنانەکایەی سیستمێکی سیاسی رەوا،  لێرەدا مەودای هەردوو کۆڵەکەکە، چ کاریگەری پارتە سیاسییەکان و چی سیستمە سیاسییەکە زۆر روون و دیارە.
ئەگەر ئاراستەیەکی تەندروست و شیاو پەیرەو بکرێت، رەنگە، ببێتە سەرەتایەک بۆ هێنانەکایەکی گۆرانکارییەکی دادپەروەرانە لە نوێنەرایەتیکردنی هەموو چین وتوێژەکانی کۆمەڵگەی عێراقی بە هەرێمی کوردستانیشەوە، ئەگەر نا هەر بە لاوازی دەمێنێتەوە و پارتە سیاسییەکان کەمتر خۆیان بەرپرسیار دەبین و کەمتر پابەندی یاساکان دەبن.

بە کورتی؛ پارتی سیاسی رۆژهەڵاتی، بەشێوەیەکی گشتی، وەک رۆمانە بەناوبانگەکەی رۆمان نووسی رووسی، دۆستۆڤیسکی، "برایانی کارامازۆڤ" وایە، هەموو کوڕی یەک باوکن و هەڵگری خەسڵەت و ململانێ جیاوازەکانی یەک کۆمەڵگەن کە گوزارشت لە قەیران و گرفتەجیاوازەکان دەکەن.


رەنگە پارتە سیاسییەکان هەڵگری ئایدۆلۆجیا و بیروباوەری جیاوازبن بەڵام دواجار رووبەرووی ئەو خەسڵەت و میراتە کەلتووری و سەرچاوە مرۆیی و توانا تەکنیکیانەی کۆمەڵگە دەبنەوە کە ناچاریان دەکات لە یەک فەلەکدا بسوڕێنەوە.


ئەو خەسڵەتانە، زۆر جار دەبنە رێگر لەبەردەم بەدامەزراوەیکردنی سەرتاپا سیستمی سیاسی و پارتی سیاسی.


ئەو خەسڵەتانە ئەگەر خۆرسکانە بمێننەوە، خەونی بەدامەزراوەیبوون دوا دەخات، ئەوە ئەگەر ئیفلیجی نەکات.