هاوڵاتییەکی رەخنەگر و پەرلەمانێکی کارا

24/03/2021

لاوک سەلاح

دەرس و عیبرەتێک لە نارەزایی و تەوژمە سیاسییەکانی تشرینی ساڵی ٢٠١٩ وە لە عێراق پێمان دەڵێن پەیوەندی نێوان پەرلەمان و هاوڵاتی هێشتا کەڵێنێکی فراوان لە نێوانیاندا هەیە و پەرلەمان لەم بارەیەوە لە قەیرانێکی قووڵدایە.

پەلاماردانی هاوڵاتیان بۆ فەرمانگەکانی ناو پەرلەمان کاردانەوەی لاوازی و سیستبوونی ئەو پەیوەندییە بوو، پەیامی هاوڵاتیان ئەوە بوو کە پەرلەمان وەک دامەزراوەیەکی دەستووریی لە ئاست ئەرکەکانی خۆیدا نییە و گوزارشت لە داخوازییە سیاسی و یاساییەکان ناکات.

پەرلەمان بەو جۆرەی کە هەبوو، وەک ئەوەی کە هەیە لە بری ئەوەی ببێتە فاکتەری سەقامگیری سیاسی دەبێتە هۆکارێک بۆ روودانی پەشێوی سیاسی.

ئەو نارازیی و هەڵوێستانەی بەرامبەر پەرلەمان وەرگیرا، زۆر بە ئاسانی پێمان دەڵێن ئێمە لە بەردەم وەچەرخانێکی ترسناکی پرۆسەی سیاسیداین لەبەرئەوەی هێشتا کاریگەرییەکانی درێژەیان هەیە و ماون، هەر بۆیە پەرلەمان پێویستی بە پێداچوونەوەی راستەقینە هەیە بە مەبەستی بیناکردنەوە و کاراکردنی  ئەرک و کارەکانی.

لەو کٶڵەکە سەرەکیانەی کە دەبێت پەرلەمان لە ئاییندەدا کاری لەسەر بکات، پتەوکردنی ئەو پەیوەندییە ستراتیژییەیە کە بە هاوڵاتیانەوە دەیبەستێتەوە، ئەرکی ئەندامانی پەرلەمان لەوەدا تەواو نابێت کە قسە بۆ کەناڵەکانی میدیا بکەن  و پەیامێک شۆر بکەنەوە بۆ هاوڵاتی، پەیامێک کە پێشتر لە هاوڵاتییەوە نەهاتووە، تەنانەت ئەگەر مەبەستەکەش بەخشینی هۆشداری بێت لەسەر بابەتێکی دیاریکراو بۆ هاوڵاتی، کاری لەم جۆرە، بەداخەوە، ئەرکی ئەندام پەرلەمان بچووک دەکاتەوە، لە بری ئەوەی ئەندام پەرلەمان پرۆسەی تەشریع چالاک بکات، رۆڵی لاواز و سنووردار دەکات. هەربۆیە چەندین ئامراز هەن کە دەکرێت بەکار بهێنرێن تاوەکو پەرلەمانتار باشتر لە دۆخی سیاسی و داخوازییەکانی هاوڵاتی تێبگات و هەوڵی لۆبی کردنی سیاسی و یاسایی بۆ بدات بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی هاوڵاتی بۆ هەر یاسایەک یان سیاسەتێک، کە پێشوەخت پێویستی بە زەمینەسازی هەیە.

سیاسەتێکی ستراتیژی ئینگلیزی کۆن هەیە کە بۆ هەموو کات و سەردەمێک دەشێت ئەویش ئەوەیە دەبێت کار بۆ بەدەستهێنانی دڵ و عەقڵی هاوڵاتی بدرێت، لە ئێستادا، گەڕانەوەی متمانەی سیاسی وەک بەشێک لە پەیمانێکی کۆمەڵایەتی فراوان لەگەڵ هاوڵاتی یەکێکە لەو شێوازانەی کە متمانەی هاوڵاتی بە کاری سیاسی بە گشتی و پەرلەمان بە تایبەتی دەگەرێنێتەوە.

گەرانەوەی متمانەی سیاسی بە کارکردن لەسەر پرسە جەوهەرییەکان دەبێت، لە خۆپاراستن لە چەواشەکاری و پەرەپێدانی توانای یاسایی و ئیداری و کارکردنی بەردەوام لەسەر پرۆژەیاساکان دەبێت.

رەنگە بووترێت پەرلەمان لە شارەکاندا ئۆفیسیان هەیە و پەیوەندی بە هاوڵاتییانەوە دەکەن، بەداخەوە ئەم ئۆفیسە خۆی لە خۆیدا کاریگەر نییە ئەگەر بە شێوەیەکی کارا بەکارنەیەت.

لە بریتانیا، بۆ نموونە، لە هەر ناوچەیەک و شارەوانییەک ئەو ئۆفیسانە هەن و هاوڵاتیان روویان تێدەکەن و بۆ هەر گرفتێکی یاسایی پەیوەندیدار پشتگیری دەکرێن.

لەگەڵ ئەمەشدا، پەرلەمانتاران لە زۆر بۆنەدا سەردانی گەڕەکەکان دەکەن یان پەیوەندی لە رێگەی ئیمێلەوە بە دانیشتووانی ناوچەکە دەکەن یان بانگهێشتیان دەکەن بۆ کۆبوونەوەی گشتی بۆ هەر مەسەلەیەکی گشتی پەیوەندیدار بە گەرەکەکەیان یان ناوچەکەیان، لە یادمە، لە لەندەن، کە حکومەت پلانی هەبوو بۆ داخستنی خەستەخانەیەکی گەورەی گەرەکەکەمان، ئەندام پەرلەمانتاری ناوچەکە لەسەر لیستی پارتی کار، لۆبییەکی چالاکی کرد تا بڕیار و پلانەکەی حکومەتی گۆڕی و خەستەخانەکە لە ناوچەکەدا مایەوە.

ئەم کارە بە پشتیوانی هاوڵاتیان بوو، لەگەڵ شێوازی کاری یاسای و سیاسی پەرلەمانتارەکە، هەروەها، لە یادمە لە کۆتایی ساڵانی نەوەدەکان کارم بۆ رێکخراوی کۆمەڵگەی کوردی لە رۆژئاوای لەندەن دەکرد، ئەندام پەرلەمانەکانی ناوچەکان زۆر یارمەتیان دەداین بۆ رۆشنای خستنە سەر مافە یاسایی و تەندروستییەکانی رەوەندی کوردی لە ناوەوە و دەرەوەی شاری لەندەن.

نموونەیەکی دیکە کە بۆ خۆمان شیاوە: دەکرا بەر لە یادی ساڵانەی جینۆسایدی هەڵەبجە لە ١٦/٣ ئەندام پەرلەمانتارەکانی عێراق و کوردستان، پرۆژەیەکی خزمەتگوزاری و یاسایی، ماوەیەک بەر لە یادەکە، بۆ هەڵەبجە ئامادە بکەن، دەکرا سەردانی هەڵەبجە بکەن و لەگەڵ دامودەزگا و خەڵکەکە کۆببنەوە و پرۆژەیەک لە داخوازییەکانیان ئامادە بکەن و دواتر لە ناو هۆڵی  پەرلەمان و لەگەڵ حکومەت لۆبی بۆ بکەن.

ئەم جۆرە کارانە باشترن لە وتار خوێندەوە و خولانەوە لە ناو بازنەی ململانێ کۆنەکان کە هیچی لێ سەوز نابێت.

پەیوەندی نێوان پەرلەمان و هاوڵاتی لە ئەدەبیاتی سیاسی پەرلەماندا لە زانیاری بەخشین و رۆشنبیریکردن و راوێژکردن و بەشدارکردن کۆکراوەتەوە.

ئەم چوار کۆڵەکەیە لە ئەرکە سەرەکییەکانی پەرلەمانتارە بەرامبەر هاوڵاتی.

لەسەر بنەمای ئەم کۆڵەکانە ئاستی ئادای پەرلەمانتار هەڵدەسەنگێنرێت، کەواتە تەنیا قسەکردن بۆ کەناڵەکانی میدیا و بڵاوکردنەوەی زانیاری لەسەر سۆشیال میدیا هەموو ئەرکەکە نییە.

هەر بۆیە لە پاش ئەم هەموو ساڵە لە ژیانی پەرلەمانتاری لە عێراق کاتی ئەوە هاتووە پەرلەمانتار بیر لە کاراکردنی رۆڵی خۆی بکاتەوە بۆ گەڕاندنەوەی متمانەی هاوڵاتی بە دامەزراوە یاسایی و دەستوورییەکە تا وەکو بەشدار دەبێت لە پرۆسەی بڕیاری سیاسی و پتەوکردنی، لە بری پەلاماردانی دامەزراوەکە.

ئەوەی کە ئێستا پەرلەمانتارەکان سەرقاڵیین، شۆرکردنەوەی پەیامە لە سەرەوە بۆ خوارەوە، نەوەک نوێنەرایەتیکردنی داواکارییەکانی خوارەوە واتە پەیامەکانی هاوڵاتی و خەڵک.

پەرلەمانتار دەبێت توانای شەن و کەوکردنی ئەو داواکارییانەی هەبێت و وەک پرۆژە یاسا بۆ مەبەستی  تەشریعکردن ئامادەیان بکات.

تەماشاکردنێکی خێرا بە ماڵپەرەکانی پەرلەمانی بەغدا و کوردستان زۆر لەو راستییانە دووپات دەکاتەوە کە لێرەدا باسیان دەکەین.

ئەم نووسینە بانگهێشتە بۆ پتەوکردنی پەیوەندی نێوان پەرلەمان و هاوڵاتی.