قارەمانی درۆ

28/03/2020

لاوک سەلاح


لە قەیراندا جەوهەری کەسەکان دەردەکەون، ئاراستە و نییەتەکان دەردەکەون، کەسانێکی کەم ویژدانیان دێتە گۆ، زیندوو یان، خوانە خواستە، مردوو، نامانەوێت وەک مەرگ مردوو بێت. مەرگمان زۆر بینی، هەموو جۆر و فۆرمەکانمان دی، لە مەرگی پێشمەرگەوە تا مەرگی کیمیاوی تا مەرگی بایلۆجی دیمان، چ مەرگێک نەماوە نەیناسین، ئێمە بە مەرگەکان نامۆ نیین. ئێمە شایەتی هەموو مەرگە پەرتەوازەکانین. شایەتی ئەوانەی داهاتووشین. مەرگێک کە لە دواترین داهێنایندا بێ گۆرە. مەرگێک ناتکاتە خاوەنی بستێک لە نیشتمان، بە مردویەتی بۆ دانای گوڵێک.

لە قەیراندا، رەوشتەکان بە باش و بە نەباش دەردەکەون، ئەوەی نان و ئاو بە حەمە گیان دەدات نەمرە، ئەوەی نان بە گیانلەوەرەکانی شار دەدات هەستی نیشتمانی بەرزە لەبەرئەوەی نایەوێت نیشتمان شەرمەزاری گیانلەبەرەکانی ببێت. ئەمەش ئەرکی ئێمە و ئەمەش ئەرکی نیشتمان. 

لە بەرامبەردا، ئەوانەی زانیاری چەواشە دەدەن و هێندەی بە شەرێک و مرۆڤێک لێبوردەییان نییە، ئەوانەی بۆ نمایشکردنی خۆیان، گەمێ بە چارەنووسی هەموومانەوە دەکەن، ئەوانەی ئێمە لەگەڵ خۆیان دەسوتێنن، ئەوانەی شەری یەکتر دەکەن، ئەوانەی خێزانەکانین دەکوژن، هەر کەسێک بن، رەنگە ئێمە نەزانین، نەوەک دڵۆپێک گریان و مروەت و خەمخۆرییان بۆ ئەم ساتە مێژوویە نییە، بەڵکو سست و مردوون لەبەردەم ئاییندە. کامیان چاکە؟ نامەیەک لە ئاییندەوە بنووسیت ومەترسییەکان بەیان بکەیت یان رابردوو بە کوشتارییەوە زیندوو بکەیتەوە؟

لە قەیراندا سەرکردە دەردەکەوێت. لە هەموو رۆژێک زیاتر پێویستمان بە سەرکردەیەک هەیە نەتەوەیەک لە ئافاتدا کۆبکاتەوە، نەوەک لە ملمڵانێی سیاسیدا پەرتمان بکات، ئەمە دەرسێکە لە مێژووە. خۆ زۆر داوا ناکەین!

قەرەمانی درۆ ئەوانەی دڵیان رەشە، دەزانن نەتەوەیەک لە بەردەم نەمان و فەنابوون و قەڵاچۆکردن و ئافاتدایە؟ ئەم قارەمانانە لە هەموو سەنگەرێک و لە هەموو پۆستێک و لە هەموو بەرەیەک و هەموو سوچ و پەنایەکدا بن دیوار و تارماییەکی تۆخن، پەیوەندی بەوە نییە سەر بە چی پارتێکی سیاسین، ئەوان بەشێکن لە ئێمە، ئەوان ئێمە و هەموومانن بۆیە ناتوانین چاکسازی بکەین، ئەوان لە هەموو پارتەکانداهەن، پەتاییەکن وەک کۆرۆنا هەموومان کرمێ دەکەن.
  
دەزانن. قارەمانی درۆ نانمان لەگەڵ دەخۆن و بەشێوەیەکی پەنهان نەخشەیەکیان بۆ تێکدانی راستگۆیی بوونی ئەم بەشەرەیە هەیە کە پێی دەڵێن کورد لەم هەرێمەدا. دوور لە ناسیونایزمی سیاسی و نزیک لە مافی مرۆڤ. دەزانن، قارەمانی درۆ زۆر لە ئێمە باشتر دەزانێت هەموو جومگەکانی کۆمەڵگە بۆ بەرژوەندی خۆی بەکار بهێنێت دەزانن بێ باکانە لە راپەڕیندا ئاردی دەدزی؟ دەزانن لە پەرلەماندا ژەهر بڵاو دەکەاتەوە؟ دەزانن لە بیانکردنی ساختماندا چێمەنتۆ دەدزێت؟ راستە سەردەمەکان جیاوازن بەڵام رەفتارە نابووتەکان و دێزەوەکان سەردەمەکان پێکەوە دەبەستن و میراتی پیشمەرگە و بەها رەسەنەکانی کۆمەڵگە تا دێت کاڵ دەکەنەوە و گاڵتە بە گەمژەیی ئێمە دەکەن.

بۆ ئەوەی لە قارەمانی درۆ قووتار بین، با لە ئاوێنەدا قارەمانی دۆر خۆی ببینێتەوە،  دەتوانیت لێبوردە بیت، بەڵام نا بێت بهێڵیت قارەمانی دۆر زیان بە کۆمەڵگە و بە چارەنوسی ئایندە ببەخشیت.

 لە کۆرۆنای قارەمانی دۆر بەدوور بن..