لە نێوان جیهانگیری و موحافەزکاریدا: پێکوتەی گلۆپاڵ

30/04/2020

لاوک سەلاح

بەر لە هاتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا، سیاسەتی دەوڵەتەکانی رۆژئاوا بە هەنگاوی خێرا هەنگاویان دەنا بۆ رەتکردنەوەی هەموو رابردوویەک کە سیاسەتی دەوڵەتی و ئابووری  و تەنانەت میراتی سیاسی لەسەر بینا کرابێت، تەنانەت خۆیان لەهەموو پلانەکان و ئەزموونەکان تەبەرا دەکرد. لە کۆتا هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا و بریتانیا بە روونی و بە ئاشکرا و بێ شەرم باسی نەتەوەپەرستی و مەزنی نەتەوە و زیندووبوونەوەی شێوازە میکافیلیەکان لە مامەڵەکردن لەگەڵ کێشەکان و بەرژوەندییەکان و دەوڵەتەکانی دونیا دەکرا. ئەوەی کە کاری لەسەر کرا بە گۆشەگیرکردنی دەوڵەت بوو، سڕینەوەی زۆر لە بەهاکانی مرۆڤدۆستی بوو، گۆرینی سەرتاپا ئەو پەیوەندییە بووە کە دەیخواست هاوسەنگییەک لە نێوان چەمکە لۆکەڵییەکان (ناوچییەکان) و گلۆپەلەکان (جیهانییەکان)ی هاوڵاتیبوون بکات.

 نوخبە و خوێنەواری ئەمەریکا، لە ئێستادا، وەک نموونە وەربگرە، بە ئاشکرا دەڵێن ئێمە دوژمنی لیبرالیزمە نوێکانین، ئەوان پێیان وایە کە دیموکراسیەتی لیبرال تەواو نییە.  گومان لە بازرگانی ئازاد دەکەن و پێیان باشە حکومەت دەستبخانە ناو ئابوورییەوە. پرسیاری سەرەکی، ئەمانە کێن؟ ئەمانە مامۆستاکانی زانکۆن کە کاسۆلیکن یان ئەو نووسەرە ئەمریکیانە کە بۆ گۆڤارە موحافیزکارەکان دەنووسن یان ئەوانەی کە کۆمپانیاکانی تەکنەلۆجیا بەرێوە دەبەن یان کار بۆ سیناتۆرە کۆمارییەکان دەکەن. ئەمانە بەرەی راسترەوی ئەمەریکان کە بەداخەوە لە ئێستادا لە برەودان. بۆ ئەوەی لە نێو ئەمانەدا جێت بێتەوە دەبێت خۆت بە  موحافیزکاری نیشتمانپەروەر بناسێنیت، یان لەو کەسانەی بیت کە بیرکردنەوەت لیبرالیزم رەتدەکاتەوە. ئەگەر بڵێیت مارکسیت قبووڵە، بەڵام نەکەی بڵێیت من لیبرالیم.

بەر لەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا سەر‌هەڵبدات، سنورەکان داخران، سیاسەتەکانی کۆچبەری توندکران،  دیوارەکان لە نێو کۆمەڵگەکاندا بیناکران و دەوڵەتان بە تاریفەی گومرگی بەردەباران کران،  لە سێ ساڵی رابردوودا بەرەو کۆمەڵگەیەکی شەرانگێز هەنگاویان نا، کۆمەڵگەیەک بە خەیاڵ و وەهمی ناسیونالیزمێکی نوێوە، کە ئەوەندەی بەرهەمی فیکری سیاسی بەرێوەبردنی گروپی سیاسی راسترەو بووە، ئەوەندە بەرهەمی فیکری سیاسی ئەکادیمی هەمەلایەنی بێلایەن نەبووە کە نەوەک جەوهەری پلانەکان بۆ دابینکردنی پارسەنگی لە نێوان بەرژوەندییە ئابوورییەکان و جلێسی تاکەکەسەکان لەگەڵ پێداویستە زۆرەکانی دونیادا بگرێت، بەڵکو لەمەودا درێژدا کۆڵەکەیەکی پتەو دامەزرێنێت بۆ پاراستنی کۆمەڵگە لە چڵێسی و تاکەرەوی سیاسەتی راسترەوی ئێستا. کار گەیشتە ئەوەی هەر دەوڵەوتێک دەیووت من خۆم یەکەم دێم و ئەوانی دیکە بە دوای مندا، چیین دەیوت من، هیندستان دەیووت من، ئەمەریکا پێش هەموویان دەیوت من لە هەمووتان مەزنترم.
راستە جیهانگیری لە قەیرانێکی کوشندەدایە، بەڵام راستر ئەوەیە بڵێن قەیرانێکی جیهانی هەیە، هەموو دونیا لە قەیراندایە، قەیرانەکە تەنیا قەیرانی ئابووری نییە بەڵکو قەیرانی سەرکردایەتکردنی جیهانە.  قەیرانی بەناسیونالیزمکردنی مەنهەجە پۆپیۆلیستەکانە کە دەبێت خۆمان لێی بپارێزین. 

خۆشبەختانە، ڤایرۆسی کۆرۆنا هەموو ئەو تێگەیشتانەی رەتکردەوە و وتی جیهان هێشتا پێویستی بە یەکتر هەیە و ناتوانێت لە گۆشەگیریدا بژێت، بۆ ئەوەی ڤاکسین (پێکوتەی نەخۆشیەکە) بدۆزینەوە پێوستە سەردانی تاقیگەی دەوڵەتان بکەین، پێویستمان بە ئەزموونی دەوڵەتان هەیە، پێویستمان بە ژێرخانی دەوڵەتان هەیە. پێداویستی فریاگوزاری هەموومان دەخاتە بەردەم یەک هەرەشە، بە مانایەکی دیکە هەموومان لەبەردەم مەرگدا یەکسانین، ئەو کاتەی گۆڕی بەکۆمەڵ هەموومان وەک یەک کۆ دەکاتەوە. 

ڤایرۆسی کۆرۆنا حەقیتەتێکی زیندووی ساغ کردەوە ئەویش مرۆڤدۆستییە، پێوستمان بە هاریکاری و هاوکاری یەکتر هەیە و گۆشەگیری دادی کەس نادات. نموویەکی دیکە، ئایا دەکرێت وڵاتێک پێکوتەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەرهەم بهێنێت و بەشی کەسی لێنەدات؟ ئایا ئەگەر وا بکات هەرەشەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە کەم دەبێتەوە یان زیاتر بڵاو دەبێتەوە! کەواتە ئێمە پێ دەنێینە ناو سەردەمێک کە  پێکوتەکە گڵۆبەڵمان (بەجیهانییمان) دەکاتەوە نەوەک ناسیونالیزمی راستەرەوەکان کە چلێسییە.