لامەرکەزیەت و چاودێری و هەڵسەنگاندن

04/07/2020

لاوک سەلاح

تێگەیشتنێکی باوی هەڵە بۆ لامەرکەزیەتی ئیداری و دارایی و تەنانەت سیاسیش هەیە کە پێیوایە ئەگەر لامەرکەزیەت یان هەر فۆرمێکی دیکەی سەربەخۆیت بە دەست هێنا، ئەوە ئیتر بە تەواوی سەربەخۆ دەبیت لە وەرگرتنی بودجە و دارایی و ئازدانە دابەشی دەکەیت بێ بوونی چاودێری و هەڵسەنگاندن و گەرانەوە بۆ بنەماکانی سەروەری وڵاتەکە یان هەرێمەکە یان ئەو یاسا و رێسایانەی کە سیستمی حکومڕانی وڵاتەکە رێک دەخات.

راستییەک هەیە کە دەبێت هەمیشە بە هەند وەربگیرێت؛ نابێت گەمێ بە بنەماکان و ئامرازەکانی دیموکراسیەت بکرێت، دەبێت راستگۆیانە کاریان لەسەر بکرێت. ئامرازەکانی وەک چاودێری و هەڵسەنگاندن بوونەتە کۆڵەکە و کەلتوورێکی سیاسی دامەزراو و چەسپاو لە دونیای رێکخراوە نێودەوڵەتی و کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت و دەزگا گشتییە دەوڵەتییە پێشکەوتوەکان و بەشێکن لە سیسمتی ئیدارەدان و حکومڕانییەکی دادپەروەر. لە پاکێچی جێبەجێکردنی لامەرکەزیەتدا هەر چۆن لە رووی سیاسییەوە ناکرێت بەندێک یان خاڵێک هەڵبژێریت و دانەیەکی دیکە فەرامۆش بکەیت، هەمان میتۆد بۆ لایەنە تەکنیکییەکانی لامەرکەزیەتیش دروستە. لە راستیدا، چەمکی لامەرکەزیەت بە مانا گشتییەکەی بە تەواوی پێچەوانەی ئەم تێگەیشتنەیە کە لە ژێر کاریگەری بەرژەوەندییەکی سیاسی و کەلتوورێکی سیاسی دیاریکراودایە.

پەیوەندی لامەرکەزیەت و چاودێری و هەڵسەنگاندن پەیوەندییەکەی توندوتۆڵ و تەواوکەری یەکدین، بە بێ بوونی میکانیزمێکی راشکاوی چاودێری و‌ هەڵسەنگاندن، بە هیچ جۆرێک ئامانجە ستراتیژیەکانی لامەرکەزیەت نایەنە دی. لە ئەزموونی کاری عەمەلی خۆمەوە لەگەڵ رێکخراوە بیانییەکان بۆ زیاتر لە ٢٥ ساڵ و لە کارکردن لە پرۆژەی هاوبەش لەگەڵ دەزگا حکومییە جیاوازەکان لە سەرانسەری عێراقدا ئەو راستییە تاڵە سادەیەم زوو بە دیکردووە کە چاودێریکردن و هەڵسەنگاندن بەر لەوەی ببێتە کۆڵەکەی سەرەکی لامەرکەزیەت، پێویستە بۆ پڕکردنەوەی کەڵێنی گەورەی حکومڕانی، واتە نەوەک هەر بۆ لامەرکەزیەت پێویستە بەڵکو دەبێت بەشێکی سەرەکی سیاسەتی گشتی حکومرانی دەبێت و کاریگەر بێت. بێگومان لە چەندین بۆنەدا باسمان لە هۆکارەکان کردووە، وڵاتێک کە هەمیشە لە ململانێدا بوو بێت لەگەڵ خوێن و رابردوویەکی ناسەقامگیری سیاسی و نەبوونی حکومرانی مەدەنی میراتی بێت نابێت چاوەڕوانییەکانمان بۆی زۆر بەرز بێت، بەوەی لە زەمەنێکی کورتدا شتەکان راست دەبنەوە و بینادەکرێنەوە، هەر بۆیە لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم مەسەلەیەدا زۆر بە ئاسانی هەست بە نەبوونی توانای تەکنیکی و ئیداری لەم بوارەدا دەکەیت، سەرباری نەبوونی ئیرادەیەکی سیاسی. نموونەیەکی سادە و ساکار لە ئەزموونی وڵاتێکی وەک عێراقەوە، کۆکردنەوە و ئامادەکردن و شیکردنەوەی ئامار و داتا و زانیاری یەکێکە لە هەرە گرفتە کوشندەکان، ئەم تەکنیکانە لە هیچ لە قۆناغەکانی خوێندندا لە سەرەتاییەوە بۆ زانکۆ  ناخوێنرێت و خوێندکار راهێنانی لەسەر ناکات، واتە هێشتا بەشێک نییە لە بەرنامەی ستراتیژیی خوێندنی کەرتی پەروەردە و خوێندکار ئامادە ناکات لە ژیانی پیشەییدا توانای نووسینی راپۆرتی تەکنیکی یان یاسایی بە زمانە جیاوازەکان هەبێت. راپۆرت نووسینی تەکنیکی و یاساییش رەگەزێکی دیکەی گرنگی بواری چاودێری و هەڵسەنگاندنە. 
مەبەست لە چاودێری و هەڵسەنگاندن چییە؟
ئەم کۆڵەکەیە وەک ئاوێنەیەک وایە ئادای کەسەکان لە ناو پرۆژەیەکی دیاریکراودا دەردەخات، چاودێری  قۆناغەکانی جێبەجێکردن دەکات، کەلێنەکان  دەستنیشان دەکات و یارمەتی چاودێریکردنی جێبەجێکردنی  پرۆژەکە دەدات بە بەراوردکردنی بەو مەرجانەی کە پرۆژەکەی لەسەر بیناکراوە، بیرۆکەی سەرەکی چاودێری و هەڵسەنگاندن لەسەر مێژوویەکی قووڵی فیکر و فەلسەفە و عەقڵیەتێکی رەخنەئامێزی بیناکراو دامەزراوە کە شۆربۆتەوە بۆ ناو کایەکانی ئیدارە و حکومرانی. لەلایەکی دیکەشەوە، پرۆسەی چاودێری و هەڵسەنگاندن ماراسۆنییە و پێویستی بە بڕوای تەواو بە پرۆسەکە هەیە، پێویستی بە توانا و کارامەیی تەواو هەیە و هەروەها بە حەوسەڵەی دوورو درێژ هەیە. 

بۆ چاودێری و هەڵسەنگاندن گرنگە؟
لەبەر چەندین هۆی زۆر، بەکورتی باسیان دەکەین: چاودێری و هەڵسەنگاندن بەشێکە لە مەسەلەی ئیدارەدانی لامەرکەزیەت و دڵنیا بوون لەوەی تا چەند پرۆژەکان رەنگدانەوەی کرۆکی ئامانجی بەرنامەکەیەکی دیاریکراوە. نموونەیەکی سادە، مەزەنەی پرۆژەیەک بکە کە لە جێبەجێکردندایە، ئەم پرۆژەیە چەند لایەنێکی هاوبەش هەن کە بەرپرسیاریەتی جێبەجێکردنی پرۆژەکەیان گرتۆتە ئەستۆ. ئەمە خاڵانەی لای خوارەوە روونی دەکاتەوە بۆ میکانیزمی چاودێری و هەڵسەنگاندن گرنگە و چۆن یارمەتی ئەم لایەنانە دەدات و چۆن دەتوانن سود لەم میکانیزمە وەربگرن. سوودی چاودێری هەڵسەنگاندن بۆ لایەنەکانی هاوبەشی پرۆژەکە بەم جۆرەی خوارەوەیە:
• لایەنی بەخشینی دارایی پرۆژەکە: بەهۆی میکانیزمی چاودێری و هەڵسەنگاندەوە، دڵنیا دەبێت لە ئیدارەدانی باشی پرۆژەکە و تێجوونی دروستی پرۆژەکە و ئاگاداری قۆناغەکانی جێبەجێکردن دەبێت، هەروەها بە شێوەیەکی بەردەوام شەفافانە چاودێری جێبەجێکردنی پرۆژەکان دەکات و لە پێگەیەکی باشتردا دەبێت بۆ ئەوەی راپۆرت لەسەر قۆناغەکانی پرۆژەکەی بە دەست بگات و زانیاریی دروست بۆ شوێنی پەیوەندیدار بنێرێت و ئاگاداری کەڵێنەکان و ئالەنگەریەکانی پرۆژەکە بێت.
• لایەنی جێبەجێکاری پرۆژەکە: ئیدارەدانی پرۆژەکە بە باشی و چاودێریکردنی ئاستی ئادای کارمەندان و بەراوردکردنی بە ئامانجە سەرەکییەکانی پرۆژەکە. ئەگەر پرۆژەکە رووبەرووی هەر مەترسییەک بۆوە بە زووترین کات هۆشداری دەدات و راپۆرت نووسینی بەردەوام بۆ لایەنی پەیوەندیدار و بە بەڵگەکردنی ئەزمونی کار و ئەو وانە و عیبرەتانەی کە دەبێت بە هەند وەربگیرێن.
• رێکخراوێکی ناوخۆ یان هەر هاوبەشێک: باشترکردنی ئادا و تەرخانکردنی پارەی پرۆژە و ئاگاداربوون لە ئەنجامی جێبەجێکردنی پرۆژەکە و باشتر ئیدارەدانی زانیاری و توانای شیکردنەوە.
• هاوڵاتی: باشتر لە پرۆسەکانی پرۆژەکە تێدەگات و هەروەها شێوازی بەکارهێنانی بودجە و ئالنەگاریەکان. یارمەتی دەدات کە چاوەڕوانیەکانیان واقیعی بێت و بڕیار لەگەڵ یان دژی پرۆژەکە بدەن و بەراوردی ئادای جێبەجێکردنی پرۆژەکە بدەن لەگەڵ شوێنەکانی دیکە.
• بەرپرسیاریەتی شارەوانی: شارەزابوونی زیاتر لەوەی ئایا پرۆژەکە رێچکەی خۆی گرتووە و تەرکیزکردنە سەر کواڵیتی پرۆژەکە و پڕکردنەوەی کەلێنەکان و دەستبەرکردنی داخوازیەکانی هاوڵاتی لە ئاستی دروستدا و باشترکردنی پەیوەندییەکان لە نێوان هاوڵاتی و خاوەن پرۆژەکان.
• بەرپرسیاریەتی یاسایی پرۆژەکە: پەسەندکردنی دارایی شیاو و بەکارهێنانی راپۆرتەکان و باشترکردنی ئامانجەکانی پرۆژەکە و یارمەتی دەستنیشانکردنی پێشینی  پرۆژەکە.

لەم پۆلینکردنەوەی سەرەوە تێدەگەین کە هیچ بەرنامەیەک بە بێ چاودێری و هەڵسەنگاندن سەرکەتوو نابێت. با ئەم پۆلینکردنە وەک دەستپێشخەریەکی ئەنجومەنی پارێزگاکان تەماشا بکەین. ئایا جۆرێک لە هاوشێوەی ئەم پۆلینکردنە ستاندەردە نییە کە پەیرەوەبکرێن، یان داواکارییەکی سادە و ساکارە و دەخرێتە بەردەم رای گشتی بۆ زیادکردنی دەستەڵاتی ئیداری و دارایی و داواتر سیاسی بە بێ بوونی میکانیزمێکی لەم جۆرە کە سووڕی ژیان بۆ پرۆژەکان و چاودێریکردنی دەستەڵاتەکان و ئاستی ئادای هاوبەشەکانی پرۆژەکان دەستنیشان بکات. هەر پرۆژەیەک لە لایەن ئەنجومەنەکانی پارێزگاکانەوە ئامادە دەکرێت دەبێت رەچاوی ئەوە بکات کێ لایەنە هاوبەشەکانی بەرنامەکەیە؟ کێ ئەم کارە دەگرێتە ئەستۆ؟ و چۆن و بە چ میکانیزمێک دڵنیا دەبن کە بەرنامەکەیان سەرکەتوو دەبێت؟

پوختەی قسە: هەر پرۆژەیەک بۆ لامەرکەزیەت کە ئامادە دەکرێت دەبێت مافی کاتی پلاندانی خۆی پێبدرێت، پەلەکردن، پرۆژەیەکی کرچ و کاڵ دەهێنێتە ئاراوە و ئەوەندی دیکە بێ متمانەیی هاوڵاتی قووڵ دەکاتەوە.  دەبێت هەر پرۆژەیەک، لە سەرەتاوە، وەڵامی ئەم جۆرە پرسیارانە بداتەوە: چی چاودێری بکرێت وچی هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت؟ بەرپرسیاریەتی یاسایی و سیاسی لە بەردەم کێدایە؟ ئایا دەستوورە یان پەرلەمانە یان حکومەتە یان پارتی سیاسییە؟ ئایا میکانیزمەکانی هەڵسەنگاندن شەفاف وئاشکران؟ ئیرادەی سیاسی هەیە بۆ بەرجەستەکردنی چاودێری و هەڵسەنگاندن؟ کێ خۆی بە خاوەنی پرۆژەکان دەزانێت؟ بۆ نموونە، ئەنجومەنی پارێزگاکان دەتوانن پرۆژەیەک بۆ ئیدارەدانی دارایی داهاتی سنوورەکان بسەپێنن؟ یان لانی کەم رۆڵیان هەبێت لە رێکخستنەوەی، بەمانایەکی دیکە، دەبێت، لە سەرەتاوە، دەستنیشانی ئەوە بکەن کە پرۆژەکەیان ئاراستەی کێ کراوە؟ 

لامەرکەزیەت خۆی پرۆژەیەکی شەفافە و کەمتر پێویستی بە مانۆری سیاسی هەیە، زیاتر پێویستی بە لۆبی و بڵاوکردنەوەی وشیاری سیاسیی پیشەیی هەیە.