پەرلەمان و ئۆپۆزیسیۆن: بەرنامەیەکی سیاسی نوێ

13/04/2021

لاوک سەلاح

 کە جەنگ بەرپا دەبێت، مۆراڵ و بەهاکان و دامەزراوەکان دادەڕمێن، پشووی سیاسی کاتی و مۆڵەتی رێکەوتنە کاتەییەکانی ئاشتی یارمەتی بیانکردنەوە نادەن، لەبەرئەوەی کە بەتووڕەیی ئاوڕدەدەینەوە، بەدەر لە وێرانە و و نیشتمانێکی خاپوور هیچی دیکە شک نابەین تاوەکو هانا و پەنای بۆ بەرین یارمەتی بیناکردنەوە بدات بۆئەوەی سەرلەنوێ بە ئاسانی دەست پێبکەینەوە.

دونیای ئێمە دونیایی "ئەفسانەی یۆنای سیزفە، بەڵام هەر دەبێت لەگەڵی بژیین، بەها و تامی ژیان لە بەردەوامی جووڵەی مانەوەدایە.

عێراق، وڵاتێک، بۆ زیاتر لە حەفتا ساڵە، لە مێژووی هاوچەرخیدا لە جەنگدا بووە، جەنگی دەرەکی و جەنگی ناوخۆی قڕکردنی رۆڵەکانی و جەنگی خۆخۆیی، حەفتا ساڵ لە خوێن رشتن و دووربوون لە ئەلف و بای دامەزراندنی دامەزراوە هاوچەرخ و مۆدێرنەکانی دونیای دیموکراسی، دووربوون لە پرۆسەیەکی زۆر سەرەتایی بەدامەزراوەکردن.

پارادۆکسەکەش، کە دواتر روویدا، هەرچەندە ئەوە تەنها چارەسەربوو، لە رێگەی بەکارهێنانی هێز و بە تۆبزی رژێمەکەی لابرا و دامەزراوە دەستوورییەکان بەهۆی سوپا و ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانەوە دامەزران.

بەمانایەکی دیکە، ئەوەی دامەزرا دەرەنجامی نەشتەرگەرییەکی خێرا و بێ پلان بوو، بەرهەمی گەشەسەندنێکی سروشتی و ئاسایی دامەزراندنی پرۆسەیەکی سیاسی ئاسایی نەبوو، هەر بۆیە پڕ هەڵە بوو، هەموو کارەکان بە پەلە بۆ هێنانەدی مەبەستی دیکە هاتنە دی. سەرباری ئەم راستیانەش، هەردەبوو لەگەڵ ئەم دەرهاویشتە سیاسییانە وەک دۆخێکی دیفاکتۆ مامەڵە بکەین، ئێستاشی لەگەڵ بێت.

ئەو ژینگە و دۆخە سیاسییەی کە لە سەرەوە باسمان کرد کاریگەرییەکی راستەوخۆی لەسەر هەموو پەیوەندییەکانی نێو ئەو پرۆسە سیاسییە هەبوو و هەیە، لە نێوانیاندا پەیوەندی نێوان سیاسەتە رەسمییەکان کە گوزارشت لە بەرژوەندی دەوڵەتە جیاوازەکان دەکرد، بە بەرژەوەندی گروپە نوێکانی ناو دەستەڵاتی نوێی عێراق کە لە پاش ٢٠٠٣ هاتنە مەیدانی سیاسەتەوە، لەگەڵ ئەو گروپە جیاوازانەی کە خۆیان بە ئۆپۆزیسیۆن لە قەڵەمدەدا و لە سەرەتادا لە پرۆسەی سیاسی و بەتایبەتی لە ژیانی پەرلەمانیدا نەبوون، بەڵام دواتر کە فێری گەمە سیاسییەکە بوون، لە هەمان کاتدا، لە هەردوو سەنگەردا بوون بۆ بەدیهێنانی ئامانجە ستراتیژییەکانی گروپەکانیان.

ئەو دیمەنە سیاسەی سەرەوەش، تارمایی تۆخی بەسەر پەیوەندی نێوان دامەزراوە سیاسییە رەسمییەکانی وەک پەرلەمان و ئۆپۆزیسیۆن هەبوو کە تا ئێستاش پەیوەندییەکی تەماویی و ڵێڵە، نە دامەزراوە رەسمییەکانی وەک پەرلەمان هێشتا، وەک نموونە، خەسڵەتێکی دەستووری و دامەزراوەیی باو و دیاری هەیە، نە ئۆپۆزیسیۆن جارێ ئەرکە باوەکانی خۆی جێبەجێ دەکات وەک ئۆپۆزیسۆنی پەرلەمانی وڵاتان.

ئەمان ئەوەندەی رێگرن لە بیناکردنی پرۆسەی سیاسی، بەوەی دەترسێن و نیگەرانن لە بەرژەوەندی گروپێکی دیاریکراو بکەوێتەوە، ئەوەندە مانیفێستۆی هێزێکی ئەلتەرناتیڤی سیاسی نیین کە دەتوانن بیسەلمێنن بەرپرسیاریانە و دادپەروەرانە لە پرۆسەی سیاسیدا رۆڵیان هەبێت.

ئەم پەیوەندییە لەرزۆکەی نێوان هێزە سیاسییەکان لە عێراق کە پەرلەمان یەکێکە لە مەیدانەکانی ململانێی نێوانیان، کاری لەسەر  دامەزراندنی پەیوەندییەکی تەندروست نەکردووە.

بەداخەوە، بۆ چاکردنی ئەم پەیوەندییە کە بنەمایەکی سەرەکی پراکتیزەکردنی دیموکراسییە، دەبێت لە خاڵی سفرەوە دەست پێبکەینەوە تاوەکو تەوژمێکی نوێ لە نارەزاییەکانی تشرین دووبارە نەبێتەوە.

ئەم پەیوەندییە رەگ و ریشە و داینامیکی لە دەرەوەی پەرلەمانە نەوەک ناو پەرلەمان، کاریگەری ئەم پەیوەندییە ئاڵۆزە وەک جەستەیەکی نامۆ وایە بەڵام لە رەچەڵەکدا گوزارشتە لەو واقیعە سیاسییەی کە هەیە.

پەرلەمان لە باشترین دۆخیدا کۆرەپانێکە بۆ ململانێ لابەلاکان و ئەوانەی کە بە جەنگی وەکالەت دەژمێردرێن، واتە جەنگێک لایەنێک لە بری هێزێکی دیکە دەیکات پێبەپێی ئەو قۆناغانەی کە بەرژوەندییە سیاسییەکان دەستەبەر دەکات.

ئۆپۆزیسیۆنیش لە باشترین دۆخدا لە بازنەی سەرکۆنەکردن و ئیدانەکردن و رەتکردنەوە و هاورێک تێپەرناکات بۆ دامەزراندنی بەرنامەی هێزێکی سیاسی کە توانای دامەزراندنی سیستمێکی ئەلتەرناتیڤی هەبێت و کار لەسەر دامەزراندنەوەی پەرلەمان بکات، نەوەک رووخاندنی.

نموونەیەکی روون و ئاشکرا: ململانێکانی ناو گروپە سیاسییەکان لەسەر دارشتنی بودجە، ئەوان باڵا دەستن لە گۆرینی هەر رێکەوتنێک لە هەر کاتێکدا بێت کە پێشتر لە نێوان نوێنەرانی حکومەتدا ئامادە کرابێت یان لە ناو پەرلەماندا پێی گەیشتبن، ئەگەر لەلایەن نوێنەرەکانیشیانەوە بێت. دوا قسە و دوا هەڵوێستی سیاسی هی ئاستی یەکەمی هێزە سیاسییەکانە کە لە دەرەوەی دامەزراوە رەسمییەکاندان، نەوەک بنەما و بەرنامە سیاسییەکان. ئەمە وا دەکات پەیوەندییە سیاسییەکان لە نێو دامەزراوە رەسمییەکاندا ونبن و نەناسرێنەوە و دواتر کار دەکاتە سەر ئادای سیاسی پەرلەمانتاری بە باش و خراپ، و دواجار سەرتاپا پرۆسە سیاسییەکە.

لەم جۆرە دۆخە سیاسیانەدا کە هەرگیز سەقامگیری سیاسی جێگیر نییە، تەرکیز لەسەر گەشەسەندی سیاسی وەک پلانی ئاییندە نییە، بودجە دەبێتە ئامرازێک بۆ بەردەوامی جەنگ، نەوەک بۆ بوژانەوەی کەرتەکانی کشتوکاڵ و ئاوەدانکردنەوە و تەندروستی و رێگاوبان و.. هتد، کەس ناپرژێتە سەر ئەوەی پەرلەمان دامەزرێنێت و بەرپرسیاریەتی یاسایی و دەستووری پەرلەمانتار بنووسێتەوە، یاخود هەوڵی رێکخستنی ژیانی یاسایی بدات و پاراستنی ئاسایشی دەوڵەت بکاتە ئامانج.

لەم دۆخانەدا، پێشینی کار بۆ مانەوەیەکی خۆرسکانەی گروپە سیاسییەکانە تا رادەی سەرکێشی سیاسی، رەنگە وەک دیکۆر هەندێ پارە بۆ ئەو پرۆژانە تەرخان بکرێت بەڵام پێشینەی ستراتیژی نیین.

ئەم نووسینە بانگهێشتە بۆ دارشتنی بەرنامەیەکی سیاسی نوێ بۆ دامەزراندنی پەیوەندییەکی سیاسی نوێی تەندروست لە نێوان پەرلەمان و ئۆپۆزیسۆن.