نەوشیروان مستەفا: سێبەری سیاسەت.

18/05/2021

لاوک سەلاح

پەیڤێک بۆ ساڵیادی: 
نەوشیروان مستەفا: سێبەری سیاسەت.


لەسەر هەر مەسەلەیەک سەبارەت بە مێژووی سیاسی و ئەدەبی و رۆژنامەنووسی و تەنانەت کەسایەتی کاک نەوشیروان مستەفا جیاواز و ناکۆک بین، هەمیشە لەسەر  توانا و تێگەیشتن و ئاستی باڵای کارکردنی ئەو کۆک بووین. هیچ سیاسییەکی ئەو نەوەیەم نەدیووە ئەوەندەی ئەو توانای پێداچوونەوەی بە مێژووی خۆی و هەڵەکانی خۆی و ئاستە جیاوازەکانی کۆمەڵگەکەی هەبووبێت، هەروەک چۆن کاک شێرکۆ بێکەس بۆ دونیای ئەدەبی ئێمە لە نەوەی خۆی جیاوازە، ئەو بەهەمان شێوە و  زیاتر.


نەوشیروان مستەفا خاوەنی شوناسێک و پرۆژەیەکی جیاوازە لە نەوەی خۆی کە تا چەندان ساڵی دیکە دەبێتە سێبەری ناو دونیای سیاسەتی ئێمە. ئەو کوردناس بوو، بۆ ئەو مێژوو و کارەساتە سیاسییەکان ببوونە چەتر و سێبەری رەفتاری سیاسی و ئیلهامی ئیدارەدانی پارتی سیاسی و کۆمەڵگە بە شێوەیەکی گشتی. 


هەر هەوڵدان بۆ نووسینەوەی رووداو و کارەساتە سیاسی و مێژووییەکان خۆی لە خۆیدا دروستکردنی گۆرانکارییە لە شێوازی گێرانەوەی شەفەهی و زارەکی مێژوو بۆ گێرانەوی مێژوو بە رێگای تۆمارکردن و نووسینەوەی، کە ئەمە لەراستیدا ئەرکی مێژوونووسە ئەکادیمییەکانە. ئەمە کارێکی هەر وا ئاسان نییە بۆ کەسێک کە بەشێکی گرنگی رووداوەکان بووبێت و هەمیشە لە ژێر فشارە جیاوازەکاندا بووبێت و لە ژینگەیەکدا ئەم کارەی ئەنجام دابێت کە هەرگیز یارمەتیدەر نەبووە، ژینگەیەک پر مەترسی بەردەوام و نەبوونی بەردەوام و ململانێی سیاسی سەختی بەردەوام لە ناوەوەی پارتە سیاسییەکەی کە کاری تیاکردووە و لە دەرەوەی پارتەکە خۆشی.


لەو خاڵانەی کە جێگای تێرامان و سەرنجە، کاک نەوشیروان توانی لە پاش راپەرین و هاتنە ناو شارەکانەوە خیتابی سیاسی و بەهای سیاسی و تەنانەت رەفتاری سیاسی خۆی پەرە پێبدات و فراوانتر بکات بە جۆرێک  پرۆژەیەکی پر مەترسی بێنێتە کایەوە کە بەرامبەر مێژووی کۆمەڵگەکەی دەوەستێتەوە و دەخوازێت ببێتە سەرەتای پرۆژەیەکی مەدەنی بۆ ئاییندە. ئەم وەچەرخانە بە دەگمەن لە مێژووی نەتەوەکاندا روودەدەن. 


ئەو کۆڵەکەکانی ناو کۆمەڵگەکەی خۆی بۆ مەرامی سیاسی بەکار نەهێنا، ئەو دەستکاری ئەو کۆڵەکانەی کرد بۆ ئەوەی ئامانجی سیاسی فراوانتر بێت  تا زیاتر رەوایەتی بەکاری سیاسی بدرێت.


گرنگە لە ئێستادا لێکۆڵینەوەی جیددی لە رەوتی مێژووی خۆیدا بۆ کارەکانی و پرۆژەکانی و نووسینەکانی بەشێوەیەکی بابەتیانە بکرێت و پێداچوونەوە بە مەبەستی  سوود وەرگرتن و دەوڵەمەندکردنی ئەو میراتە سیاسییە بدرێت بەجۆرێک کە برژێتە پرۆسەی بەدامەزراوەیی بوونی سیاسیی و حکومڕانی باشەوە .


 تا چەندان ساڵی دیکە کاریگەری و سێبەری نەوشیروان مستەفا بەسەر سیاسەتەوە دەمێنێتەوە.