لەشەڕی تویت و سەرۆکایەتیەوە، بۆ شەڕی لێسەندنەوەی متمانە

13/10/2019

هێرش عەبدولڕەحمان

گەورەترین کێشەی ترامپ ئەوەیە کە لەخێزانێکی سیاسیەوە نەھاتوە، چی بەخەیاڵدابێت بێ بیرکردنەوە تویتی دەکات. ھەر ئەو شیوازی کارکردنەی وایکردوە  بەتویت قیامەت ھەڵسێنێت.! لە سەرەتای یەکەم ساڵی سەرۆکایەتیەکەی، کۆماریەکان بەس فریای ئەوە دەکەوتن خەریکی تویتە ھەڵەکانی ترامپ بن، پاساو و لێکدانەوەی جیاواز پینەیان دەکرد تا ڕای گشتی و ئەنداماکانیان توڕەنەبن و، لەسەر حزبەکەیان نەکەوێت. بۆ ماوەیەک توانیان، بەڵام دوای ئەوە وازیان ھێنا، کە ھەوڵدان لەگەڵ ترامپ بێ سودە و، ئەو لە تویتی خۆی ناکەوێت.

 دیموکراتەکان دەمێکە لە بۆسەدابوون تا کەیسکی یاسایی بدۆزنەوە تا ترامپ لە سەرۆکایەتی دوور بخەنەوە، لەیەکەم ڕۆژی دەسبەکاربونی ترامپ کەوتنە دوای خاڵە لاوازەکانی، کۆمەڵی دۆسێیان جوڵاند، گەورەتریان لێکۆڵینەوەی " مۆلەر " بوو کە جگە لە کەیسی ڕوسیا کە لەکەناڵی جیاوازەوە دەستی خستۆتە ھەڵبژاردنەکانی ئەمریکاوە، ڕاپۆرتێکیشی ئامادەکرابوو کە بە دە خاڵ ترامپ تاوانبارکراوە بەشکاندنی یاسا، پێویستە متمانەی لێوەرگیرێتەوە. بۆ ماوەیەک دیموکراتەکان بێدەنگیان لێکرد، تا ئەو پەیوەندیە تەلەفۆنییەی نێوان ترامپ و سەرۆکی ئۆکرانیا ئاشکرابوو، ئیتر دیموکراتەکان بەهەلیان زانی کە ئێستا کاتیەتی  ترامپ دوورخرێتەوە.

سێ ھەفتە پێش ئەوەی کە کۆنگرس و ئەنجومەنی پیران بۆ دوو ھەفتە بچنە پشووە، سەرۆکی کۆنگرس " نانسی پلۆسی " بڕیاری لێسندنەوەی متمانەی لە کۆنگرس واژۆکرد، ئەوە وای لە ترامپ کرد دوو ھەفتەی پشووی ئەو دوو دەزگایە بە ھەل بزانێت، تا بڕیار و کۆمەڵێک یاسا واژۆ بکات، تا ئەوان نەگەڕاونەتەوە واشنتن و ، کێشەی بۆ دروست بکەن، لە یەکەم ڕۆژی گەڕانەوەی کۆنگرسمانەکان بۆ وویلایەتەکانی خۆیان، ترامپ لێدوانیدا کە ھەر پڕۆژە یاسایەک بێتە بەردەمی واژۆی دەکات و، پێویست ناکات بە فلتەری کۆنگرس و ئەنجومەنی پیراندا بڕوا. بۆیە کۆمەڵێک بڕیاریدا،،تەواوی دامودەزگاکان و ڕای گشتی ئەمریکی توشی کاردانەوەکرد.

 بڕیاری پاشەکشەی سەربازە ئەمریکیەکان لە ڕۆژئاوای کوردستان، وە ڕێگادان بە تورکیا تا ئۆپەراسێۆنەکە بکات، کە چەندین مانگە ئەردۆغان داوای دەکات  بە تەلەفۆنێک ئەردۆغان ڕازیکردبوو، ترامپیش ڕەزامەندی نیشاندابوو، دواجار ئەو کارەساتەی ئێستای لی کەوتوە. لەو ڕۆژەوە ئەمریکیەکان بە تویت و نوسین وەک نوکتەیەک دەڵێن کەسێک نیە ئەو تەلەفۆنەی لێ بسێنێت و تەلەفۆنێکی مناڵانەی بداتێ ؟! تا بە تویت و تەلەفۆنیتر توشی کارەساتی قوڵتری نەکردوین.!

 سەرەڕای ئەو کەیسانەی ترامپی پێ تۆمەتبار دەکرێت، دیموکراتەکان بەڵگەی پشتکردن لە کوردەکانی ڕۆژئاواشیان کردوە بە کارتێکی تازە بۆ لێسندنەوەی متمانە لە ترامپ، وە دەڵێن ھاوپەیمانێکی ئەمریکای داوەتە دەست گورگێک کە ھاوشانی ئێمە شەری جیھانی تیرۆریکردوە، دەبێت باجی ئەوەش بدات.

ھەفتەی داھاتودا مانۆڕی لێسەندنەوەی متمانە لە ترامپ دەست پێدەکات، ئێستا وەک گاڵتەکردن دیموکراتەکان دەڵێن ھەرچی دەوروبەری ترامپە یان دەست لەکاردەکێشێتەوە، یان زیندانییە یان لەژێر لێکۆڵینەوەدایە، خۆشی زۆری نەماوە، تا ڕاستیەکان بە دەنگدەر بڵێن و کۆتایی بەسەرۆکایەتیەکەی دێنن.