حەشد و شەڕێکی دۆڕاو

01/01/2020

هێرش عەبدولڕەحمان

ئەو دۆخەی ئێستا لەعێراق دروست بووە ھاوردەی دەرەوەنیە، بەڵکو توڕەیی خەڵکە. سەرکردە و حزبە عێراقیەکان لەبری ئەوەی دەستبەرداربن دێن لەهەر جارە و یەکێک لەحزب و کارێکتەرە شیعەکان لە سوچێکی خۆپێشاندانەکانەوە دەیەوێت بە ئاڕاستەی بەرژەوەندییەکانی خۆیان سواری شەپۆلەکە بێت، بەڵام کۆی ئەوشتانەی لەعێراقدا ڕوودەدات بەندن بە یەکەوە، ئەویش دەستێکی خراپی ئێران و بونی میلیشاکانە، کە لەلایەن تارانەوە پاڵپشتی دەکرێن و، ستراتیژی ئەوان لەناوچەکەدا جێبەجێدەکەن.

ئەمریکا دەیزانی لەگەڵ قوڵبونەوەی کێشەکانی ئەمەریکا و ئێران ئەو هێزانەش زیاتر دەبنە هەڕەشە

لە ستراتیژی ئەمریکیدا نابێت ھیچ ھێزێک ھەبێت لە ناوەند بەھێزتربێت، بۆیە چەندین جار داوایکردوە حەشد تێکەڵی سوپا بکرێتەوە ھەر جارە و بە پاساوێک دواخراوە یان سەکردەکانی حەشد گوێیان بە داواکاری ئەمریکییەکان نەداوە، بەڵکو ھەڕەشەشیانکردوە کە دەبێ ئەمریکا تەنها لەسەر ئاستی باڵوێزخانە لەعێراقدا بوونی ھەبێت، ئەگەر هەر هێزێکی دیکەیان لێرە بمێنێ ئەوا دەکرێنە ئامانجی داهاتوی هێزەکانی حەشدی شەعبی.

 ئەمریکا دەیزانی لەگەڵ قوڵبونەوەی کێشەکانی ئەمەریکا و ئێران ئەو هێزانەش زیاتر دەبنە هەڕەشە و وا بەئاسانی پاشەکشێ ناکەن، بەڵام بونی شەڕی داعش و گیروگرفتە سیاسیەکانیی ناوخۆیی عێراقی داپۆشیبوو، بۆیە ڕاستەخۆ ئەمریکا دژایەتی نەکردن چاوەرێ بوو حەشد ھەڵەی بەرامبەر بکات، دەیزانی حەشد بۆ بەردەوامی خۆی پێویستی بەکاردانەوەیە.

ئەوەی وایکردوە ئەمریکا پەلە ناکات لە لێدانی یەكجارە حەشدی شەعبی، ئەوە نایەوێت ڕایگشتی عێراقی ڕوبەروی خۆی بکاتەوە

 ئەوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو ڕویدا ئاڕاستەیەکی ناو حەشدی شەعبی بوو، تا بنکەیەکی ئەمریکی بکرێتە ئامانج، بۆ ئەوەی ئەمریکا کاردانەوەی ھەبێت و ئەوانیش ڕایگشتی بجوڵێنن بۆ دژایەتی بونی ئەمریکا لەعێراقدا، ئەمریکاش ئەوەی وایکردوە پەلە ناکات لە لێدانیان بەیەکجاری نایەوێت ڕایگشتی عێراقی ڕوبەروی خۆی بکاتەوە، ئەگینا سنوردانان بۆ میلشیایەکی لۆکاڵی وەک حەشد لە لایان ئەمریکاوە کاریکی زەحمەت نییە و، دەزانن دۆخێکی تازەی ئاڵۆزاوی ھاتۆتە پێشەوە ئەگەر ئێستا سنوریکی بۆ دانەنرێت  ڕووبەڕووبونەوە و کۆنتڕۆڵکردنی لە ھاتودا بۆ ئایندەی عیراق قورسە.

ئەگەر حەشد بەڕێگاکانی گفتوگۆ نەچێتەوە ناو سوپا، ئەمریکا سەرەتا لاوازیان دەکات، دواتر لەشارە گەورەکان بارەگا و بنکەکانیان پێ چۆڵ دەکات و دوریان دەخاتەوە، جارێکیتر ناھێڵێت ھیچ یەک لەپێکھاتەکانی عێراق لەڕێگای ھێزو میلشاوە ببن بەهەڕەشە بۆ بەغداد.