یان ترامپ یان ئەمریکا، کامیان ؟!

09/06/2020

هێرش عەبدولڕەحمان

ئەمە یەکێکە لە سلۆکۆنی ھەڵمەتی دیموکراتەکان بۆ ھەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی، بۆیە ئەو چەند مانگەی ماوە تا ڕۆژی دەنگدان ترامپ ڕێگایەکی پر کێشەی لەبەردەمدایە، ئەگەر بە ئاسانی ڕابردوو لەبەردەم دیموکراتەکان دەربازی بوبێت ئەم جارە زۆرینەکەی ئەنجومەنی پیران فریای ناکەوێت.

ھاتنی کۆرۆنا تەنیا ڤایرۆسێک نەبوو بۆ ترامپ، بەڵکو ئەوەی دروستی کردبوو لێی ڕوخاند، ئەو بەردەوام باسی زیرەکی خۆی دەکرد کە ئابوری ئەمریکای گەیاندۆتە لوتکە، لەوایا ڕاستگۆبوو، ھەلی کاری باشی رەخساندو کۆمپانیا ئەمریکیەکانی ناچارکرد کارو کۆمپانیاکانیان بھێننەوە ناو ئەمریکا، ئەوە یەکێک لە شانازیەکانی ترامپە، بەڵام کۆرۆنا ئەو شانازیەشی لێ سەندەوەو ٤٠ ملیۆن کەسی بێ کارکرد.!

ئەو کەیسانەی وەک خاڵی لاوازی ترامپ لە ھەڵبژاردنەکاندا ڕووبەرووی ترامپ دەبنەوە:

 ھەر پێش ھاتنی ترامپ وەک کەسێکی ڕەگەزپەرست تۆمەتباردەکرا، بەس بەبونی بەسەرۆک یٔەو کەیسە ڕونتر و تۆختر دەبینرا، کە ترامپ بەڕاستی کار لەسەر دابەشبونی ڕەنگەکان دەکات، چەند کارەساتێک  ڕوویدا لەبری لۆمەکردن وەک لاینەگر دەرکەوت کەپەسەندی ئەو ھەڵسوکەوتانە دەکات، تازەترینیان کارەساتی کوشتنی " جۆرج فلۆید " بوو، جاریکی تر ئەمریکای گەڕاندەوە سەردەمی ململانێی رەش و سپی.! ھەموو تیرەکان تۆمەت و ڕوو لە ترامپە، کە ئەمریکای بەو ڕۆژە گەیاندوە و کەسێکی ڕەگەزپەرستە.

 کاریکێ تری سەرۆک ئەوەیە سەردەمی ئەو زۆرترین پارە بۆ دەوڵەت کۆبکاتەوە، لەوەی پارەی دەوڵەت بەکاربێنێت بۆ کاتی قەیرانەکان کە ڕووبەرووی دەبێتەوە. راکێشانی ئەو تریلۆن دۆلارانە کە دوور نیە بگاتە ٥ تریلۆن بۆ ڕزگارکردنی ئابوری ئەمریکا لەڕمان یەکێک دەبێت لەو خاڵە لاوازانەی ترامپ کە ھەڵبژاردنەکاندا بەرۆکی دەگرێت.
 
ئەنجامی سەرژمیری یٔەمساڵی یٔەمریکاش لە بەرژەوەندی ترامپ نیە.

 بەپێی راپۆرتی سەرژمێری ئەمساڵ کە لە ئەمریکا کرا ژمارەی لایەنگرانی دیموکراتەکان بە ئاستێکی زۆر بەرز بۆتەوە، ئەوەش ترسی لای کۆمارییەکان دروست کردوە، دوور نیە ترامپ بە تویتێک بڵی ئەو سەرژمیریە ڕاست نیە و دەستکاری کراوە.


 ژمارەی ئەندامانی دیموکراتەکان:  ٤٥,٧١٥,٩٥٢
ژمارەی ئەندامانی کۆماریەکان : ٣٣,٢٨٤,٠٢٠

دیموکراتەکان بەو سەرژمێرییە تازەیەی ئەمسال ١٢,٤٣١,٩٠٥ دەنگ لە پێش کۆمارییەکانەوەن، واتا مانگی ١١ ئەگەر تەواوی دیموکراتەکان بەشداری ھەڵبژاردن بکەن بەدەنگی گشتی بە جیاوازی ١٥ ملیۆن دەنگ ترامپ لە ھەڵبژاردنەکاندا شکست دێنێت.

ئێستا کۆماریەکان دابەش بوون بە سەر دوو بەرەدا، بەشێکیان پێیان وایە ترامپ شکۆی بۆ ئەمریکا گەڕاندۆتەوە و پێویستە بمێنێتەوە بۆ تێرمی دووەم، تا کارەکانی تەواو بکات. بەشیکیان وەک عەیبەیەک سەیری دەکەن، دوای ئەو لێشاوە خۆپێشاندانانە دەڵێن مانەوەی ترامپ ئەمریکایەکی وێران بە دوای خۆیدا دێنێت، بۆیە دەبێت تا کاتی ھەڵبژاردنەکان ترامپ موعجیزە بخولقێنێت ئەگینا ڕزگاربوونی ئەستەمە.