ئەمریکا لەعێراق جێگیر و داکوتراوە

29/05/2020

هێرش عەبدولڕەحمان

ئەمریکا و عێراق مانگی داھاتوو گفتوگۆ دەکەن لەسەر پاشەکشەی ھێزەکانی ئەمریکا بەڵام ئێستا لەجاران عێراق پێویستی بە مانەوەی ئەمریکایە و، حکومەت و سوپاکەی توانای وەرگرتنەوەی ئەو ئەرکەیان نیە، کە ئەمریکیەکان لەئەستۆیان گرتوە بەنەبوونی ئەوان داعش تا بەغداد دەڕوات.

ئەو ڕاپۆرتانەی لەدەزگای جیاوازەوە بڵاودەکرێنەوە نمونەیان ئەوەی ڕەند فاوندیشن، ڕاپۆرتەكە مەترسی كشانەوەشی خستوەتە ڕوو، ھەر زوو لە مێدیاکان بڵاوکرایەوە، بێ لێ تێگەیشتن لەوەی ئەو دەزگایە تەنیا بۆچونێ خۆی نوسیوە و گرێبەستێکی لەگەڵ وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ھەیە و گوزارشت لە ڕای وەزارەتی دەرەوە و پلانی ستراتیژی بونی ئەمریکا لە عێراق ناکات.

ئەوەی داوای ڕۆشتنی ئەمریکا دەکات چەند سەرکردەیەکی میلیشاکانن، بەدەر لەوە لای ئەمریکیەکان ڕوونە کە گەلی عێراق پێوستی بەمانەوەی ئەوانە و ئێرانیەکانیش حەز ناکەن. ئەمریکا بڕیاری وا بدات (کە نایدات) چونکە ھێزە ئەمریکیەکان عێراقێکی ئارامی بۆ ئێران مسۆگەرکردوە، کە لە توانای ئێراندانییە خۆی ئەوە بکات سەرەڕای رۆچونی خۆی لەناو قەیرانەکان نایەوێت عێراق نائارام بێت تا ئەو ئاسان ڕاوی بەرژەوندیەکانی لی بکات، ئەوەش کاتیە و بە بەرنامە دەستەکانی ئێران لە عیراق دووردەخرێتەوە. دوای ھەڵبژاردنەکانی ئەمریکا لەو تەراتێنە ئەیوەستێنن.

ھاتنی ئەمریکا بۆ عێراق بۆ ڕوخانی ئێران نیە کە زۆر جار خوێندنەوەی ھەڵەی بۆ دەکرێت، بەڵکو بەشی زۆری بۆ ئەوەیە بازاڕێكی ئارام بۆ نەوت دروست بکات بۆ سی ساڵی داھاتو و سەرچاوەی نەوتی عیراق لە خزمەتی خەڵک و پیشەسازیی و پێویستی مرۆیدا بێت، نەک ببێتە کەرەستەو سەرچاوەی داھات بۆ کاری تیرۆر.

ھیچ سەرۆکوەزیرانێکی عێراق جورئەتی واژۆکردنی ئەو بریارەی نیە کە لە پەرلەمان دەنگی لەسەردرا کە داوا لە ئەمریکا بکات ھێزەکانی لە عێراق بۆ یەکجاری پاشەکشە پێ بکات، چونکە وێنەکە ڕونە کە گەورەترین بۆشایی ئەمنی دروست دەبێت، بۆیە بە ڕۆیشتنی ئەمریکا ئاشوبێک دروست دەبێت کۆنترۆڵکردنی ئاسان نابێت.

ئەمریکا ئاگاداری حکومەتی تازەی عێراقیکردوە کە بە ھیچ شێوەیەک دانوستان لەسەر پاشەکشە ناکات، بەڵکو دانوستاندن بۆ چاوخشاندنەوەیە بە ڕێكەوتنامەی ئەمنی نێوانیان، حکومەتی تازەش حەز ناکات ئەو ڕیسکە بکات لە کاتێکدا بە قەیرانێکی زۆر دەوری دراوە، دواجار ئەمریکا تەنها بەشێك لە هێزەكانی وەك تاكتیك شوێن گۆڕکی پێ دەكات، ڕێکەوتنامەکە وەک خۆی دەمێنێتەوە.